چوار شه‌ممه‌ 24 نیسان 2024

“د.قاسملوو”لە لایەن”مستەفا هیجری”یەوە بە شكاندنی بڕیاری حیزب تاوانبار كرا

دكتور عەبدولڕەحمان قاسملوو سكرتێری پێشووی حیزبی دێموكرات لە لایەن “مستەفا هیجری”یەوە بە ژێرپێنان و شكاندنی بڕیاری دەفتەری سیاسی ئەو حیزبە تاوانبار كراوە و گرینگترین هۆكاری ئەو بڕیارشكێنیەشی بۆ “بە قارەمان دەركەوتن” لە لایەن دكتور قاسملو خۆیەوە لێك دراوەتەوە.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی رۆژهەڵات تایمز، مستەفا هیجری سكرتێری حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران كە دوای كۆنگرەی ١٣ی ئەم حیزبە بوو بە سكرتێر و دوو ساڵ دواتریش حیزبەكەی لە ژێر رێبەریی ئەودا بوو بە دوو بەش، لە توێی كتێبێك دا بە ناوی “نسكۆ و دابڕان” كە بەشی زۆری بە مەبەستی هێرش بۆ سەر لایەكەی دیكەی ئەو حیزبە نووسیویەتی، لە بەشێك لە كتێبەكەیدا باسی كەسایەتی دكتور عەبدولڕەحمانی قاسملووی كردووە.

هیجری لە سەرەتای بابەتەكەیدا دەڵێ كە حیزبی دێموكرات گەلێك جار سەبارەت بە تیرۆری دكتور قاسملوو رەخنەی لە خۆی گرتووە كە نەیتوانیوە گیانی بپارێزێ، بەڵام پێی وایە ئێستا و دوای تێپەڕبوونی ٢٥ ساڵ بەسەر ئەو تیرۆرەدا، كاتێكی گونجاوە بۆ ئەوەی رابگەیەنێ كە دكتور قاسملوو بڕیاری حیزبەكەی شكاندووە و چووە بۆ وتووێژ. هەروەك پێشیوایە كە گرینگترین هۆكاری ئەو بڕیارشكێنییە دەتوانێ بگەڕێتەوە بۆ لە دەستنەدانی دەرفەتەكە و دەركەوتن وەك قارەمانی بوارەكە لە لایەن دكتور قاسملۆوە.

هەرچەند روونی نەكردووەتەوە كە پێویستیی دكتور قاسملوو بۆ بە قارەمان دەركەوتن و پێویستیی راگەیاندنی ئەم بابەتە لە دۆخی ئێستا دا چییە و چ قازانجێكی بۆ ئەو یان بۆ حیزبەكەی تێدایە. روونیش نییە بە چ هۆكارێك و لەسەر بڕیاری كام ناوەندی بڕیاردەر سیاسەت و لێدوانی رێبەرانی تا ئێستای ئەم حیزبە لەم بارەوە رەت دەكاتەوە كە دەگوترا وتووێژەكە بە ئاگاداریی رێبەری و بە پێی سیاسەت و بڕیارەكانی ئەو حیزبە بووە.

شیاوی ئاماژەیە كە پێشتر چەند كەس لە ئەندامانی رێبەریی ئەو كاتی حیزبی دێموكرات جەختیان لەسەر ئەوە كردبووەوە كە دكتور قاسملوو لەسەر بنەمای بڕیار و پەسەندكراوەكانی رێبەریی ئەم حیزبە رێگای وتووێژ لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێرانی گرتبووە بەر. سیاسەتێك كە تا ئێستاش لە لایەن هەردوو لایەنی حدك و حدكاوە وەك سیاسەتی فەرمی لە ئارادایە.

جێگای باسە كە ئەوە دووهەمین جارە دكتور قاسملوو لە لایەن مستەفا هیجرییەوە بە ژێرپێنانی بڕیار و پەسندكراوەكانی حیزبی دێموكرات تۆمەتبار دەكرێ. پێشتریش لە دیمانەیەكدا لەگەڵ رۆژنامەی “ئاوێنە” لە باسی چۆنیەتی پەیوەستبوونی خۆی بە حیزبی دێموكراتەوە، رایگەیاندبوو كە ئەو لە كاتێكدا كە ئەندامی حیزب نەبووەو وەك میوان لە لایەن دوكتور قاسملۆوە براوە بۆ كۆنگرەی ٤ی حیزبی دێموكرات، بە پێچەوانەی ئەساسنامەی حیزبەكە، بە زۆری و لەسەر داوای دكتور قاسملوو خۆی كاندید كردووە و بووە بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی. هەرچەند لە كتێبەكەیدا ساڵی بوون بە ئەندامی خۆی لە حیزبی دێموكراتدا بۆ ساڵێك پێش ئەو وادەیە و بۆ ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی دەگەڕێنێتەوە.

وتەكانی مستەفا هیجری پێچەوانەی ئەو قسانەیە كە تا ئێستا لە لایەن حیزبی دێموكراتەوە لە بابەت كەسایەتی دكتور قاسملوو دەگوترا و وەك “مامۆستای دێموكراسی” دەناسێندرا. شیمانەش دەكرێ تۆمەتباركردنەكانی دكتور قاسملوو لە لایەن سكرتێری “حدكا”وە لە كتێبی “نسكۆ و دابڕان”دا، ببێتە سەرچاوەو بەڵگەیەكی گرینگ بۆ ئەوانەی لە سەردەمی سكرتێریی دكتور قاسملوودا لەگەڵ ئەو یان لەگەڵ حیزبی دێموكرات لە كێشە و ململانێدا بوون.

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.