چوار شه‌ممه‌ 17 نیسان 2024

كوردستان و گۆرانكارییەكانی رۆژهەڵاتی ناوراست / شاهۆ كرماشانی

رووداوەكانی ئەم دوایانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی‌و سەرهەڵدانی گروپی تیرۆریستی جیهانی ناسراو بە “داعش” قۆناغێكی نوێی لەناوچەكەدا هێناوەتە ئاراوە، كوردستان وەك بەشێك لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەر نییە لەو گۆڕانكارییە نوێیانە، بەڵام هاوكات ئەم گۆڕانكارییانە بەبێ كێشە‌و بەبێ ئاستەنگ بۆ گەلی كورد لەهەر چوار پارچە نییە.

باشوری كوردستان
كورد لەباشوری كوردستان، سەرباری دەسكەوتی نەتەوەیی هەنووكە رووبەڕووی گەلێك قەیران بۆتەوە لەلاێكەوە شەڕكردن لەگەڵ “داعش”‌و لەلاێكی دیكەوە ناكۆكییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغدا لەسەر پرسی (نەوت‌و پێشمەرگە)‌و شێوەی حكومڕانی‌و هتد..، ئێخەی كوردی گرتووە كە بۆتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانێكی قووڵی ئابووری‌و دوا كەوتنی مووچە‌و بودجە هتد…، سەرباری یارمەتی هەندێك وڵاتی رۆژئاوایی‌و دەرو هاوسێ، بەڵام كورد لەشەڕێكی قوڕسدایە‌و پێشبی دەكرێت، شەڕێكی دیكە دیسانەوە تووشی كورد ببێت، ئەوەی روونە لەكورت خایاندا، پێشبینی چارەسەری ئەم گرفتانە ناكرێت‌و پێدەچێت تا ماوەیەكی دوور كوردستان لەگەڵ ئەم قەیرانانە دەست‌و پەنجە نەرم بكات، بۆیە پێویستە سەركردایەتی كورد لەو بەشەی كوردستان بە پەلە بیر لەستراتیژ‌و پلانی نوێی‌و خوێندنەوەی وردی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە دووبارەنەكردنەوەی هەمان ستراتیژ‌و كاركردنی رابردوو لەزۆربەی بوارەكانی (سەربازی، سیاسی، ئابووری)‌و تەنانەت كەلتووریشەوە. هاوكات هەرئەگەرێك یان دەست بردن بۆ هەر گۆڕانكاریێك پێویستی بە رێكخستنی ماڵی كورد‌و یەكتر قبوڵكردنە.

باكووری كوردستان
پەیامەكەی ئەم دوایەی ئاپۆ بۆ قەندیل سەبارەت بەپێداچوونەوە لەخەباتی چەكداری هەنگاوێكی مێژووییە‌و سەرباری ئەوەیە جارێكی دیكە تۆپەكە دەخاتە ناو زەوی ئەردۆغان جۆش‌و خرۆشێكی گەورە لەسەر شەقامی كوردی وەگەڕ دەخات یەكگرتوویی قەندیل –ئیمڕاڵی – شەقام لەباكوری كوردستان موژدەی بەهارێكی گەورە‌و نەورۆزێكی ئۆمێد بەخشمان پێدەڵێت . ئەوەی ئاشكرایە پڕۆسەی ئاشتی‌و دانوستانەكان دەبێت، هاوكات بێت لەگەڵ زیندویی شەقامی كوردی‌و ئامادەیی ئەوەی تیا هەبێت لەهەچ گۆڕانكاری یان كەمتر خەمێكی كە ببێتە هۆی پەك كەوتووی پڕۆسەكە پێشبینی ئازادكردنی ئاپۆ لەساڵی ٢٠١٥ ئەگەرێكی بەهێزە‌و گۆڕینی دەستووری بنەڕەتی كۆماری توركیا لەلایەن ئەنكاراوە هەنگاوێكی گەورەیە‌و براوەی ئەم یارییەش كورد و تورك دەبن.

رۆژئاوای كوردستان
داستانی كۆبانێ، نەك تەنیا رۆژئاوای كوردستان بگرە هەموو كوردستانی سەربەرز كرد، بەرخۆدانی گەلی كورد لەرۆژئاوای كوردستان ئەو بەشەی لەكوردستان لەحاڵەتی پەراوێز بوون لەرابردوو كردە رۆژەڤی سیاسی‌و پِرسەكەی لەكوردستان گەیاندە كۆشكی فەڕەنسە‌و جگە لەوەی رۆژئاوا‌و راگەیاندنی كانتۆنەكان ببونە نموونەیێكی نوێ‌و مۆدێلێكی سیاسی بۆ ناوچەكە. هەرچەند مەترسی تیرۆر لەو بەشەی كوردستان دوور نەخراوەتەوە‌و كیژ‌و كوڕانی ئەو بەشە هەر لەشەڕدان لەگەڵ داعش‌و رەنگە دواتر شەڕێكی گەورەتریشیان تووش بێت، بەڵام گەورەكردنی ماڵی كورد‌و بەشداری هەموو لایەنە سیاسییەكانی دیكەی رۆژئاوای كوردستان‌و پتەوكردنی پەیوەندی‌و هاودەنگی لەگەڵ باشوری كوردستان فاكتەرگەلێكی بەهێزن كە پێویستە رۆژئاوا كاری بۆ بكات.

رۆژهەڵاتی كوردستان
بەداخەوە، بە هێز بوونی كۆماری ئیسلامی ئێران بەتایبەت دوای بە هاری عەرەبی و ناوچەكە هەروەها لەت بوون‌و كەرت بوونی هێزە سیاسیەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان هۆكارگەلێكن كە پرسی كوردی لەو بەشەی كوردستان جۆرێك لەبێدەنگی‌و نا ئەكتیف بوون بەخۆیەوە ببینێت، بەڵام نزیكبوونەوەی ئێران‌و ئەمریكا‌و رێكەوتنی نێوانیان كە ئەگەرێكی بەهێزە دەكرێت خویندنەوەی جیاوازی بۆ بكرێت‌و بەهەلێك بۆ بەدەستهێنانی بەشێك لەماف‌و داخوازییەكانی گەلی كورد لەرۆژهەڵاتی كوردستان سەیربكرێت، ئەوەی پێویستە لەسەر هێزە سیاسیەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان خۆیان بۆ گۆڕانكاریی نوێ ئامادەبكەن‌و دەست لەسیاسەتی چاوەڕوانی هەڵبگرن‌و پێداچوونەوە بە سیاسەتی رابردووی خۆیان بكەن. لەكۆتاییدا، سیستمە كۆنەكانی ناوچەكە بەگشتی‌و ئەوانەی كوردی تیا دەژێت گۆڕانیان بەسەردا دێت، دەتوانین بڵێین تاڕادەیەك ئەم گۆڕانكارییانە بە قازانجی كوردە‌و پێویستە هەموو بەشێك لەكوردستان بە میكانیزم‌و تایبەتمەندی خۆیەوە كار بۆ بە دەستهێنانی مافەكانی بكات لەپارچەكەی خۆی، هەرچەندە ئەم گۆڕانكاریانە بێ كێشەو بێ لەمپەڕ نییە، بەڵام گەر ئەزموون لەهەڵەكانی رابردوو وەربگرین، بێگومان بەرچاو رونتر دەبینەوە.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.