دوو شه‌ممه‌ 10 كانونی یه‌كه‌م 2018
ماڵەوە / وتار / ڕه‌گ‌وڕیشه‌ی ئه‌فسانه‌یی به‌پیس‌زانین و قه‌ده‌غه‌کردنی گۆشتی به‌راز / سەروەر پێنجوێنی

ڕه‌گ‌وڕیشه‌ی ئه‌فسانه‌یی به‌پیس‌زانین و قه‌ده‌غه‌کردنی گۆشتی به‌راز / سەروەر پێنجوێنی

نزیکه‌ی ١٣ ساڵ له‌مه‌و پێش، ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌ کورته‌م ده‌رباره‌ی ڕه‌گ‌وڕیشه‌ی ئه‌فسانه‌یی به‌پیس‌زانین و قه‌ده‌غه‌کردنی گۆشتی به‌راز له‌ قورئاندا، نوسیوه‌.

وه‌کو به‌شێک له‌ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌، به‌ ناوی “ڕه‌خنه‌ له‌ لێکدانه‌وه‌ی زانستی بۆ قورئان”، که‌ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی ڕه‌خنه‌یی بو له‌سه‌ر لاف‌وگه‌زافه‌کانی ته‌وژمی (لێکدانه‌وه‌ی زانستیی قورئان) و (“ئیعجاز” ی زانستیی قورئان).
و سه‌ره‌تا به‌و نیازه‌ نوسرا که‌ له‌ ناوه‌ندی (ڕوناکبیر) ه‌که‌ی (دکتۆر صه‌باح به‌رزنجی) بڵاو ببێته‌وه‌، که‌ ئه‌م ناوه‌نده‌ ـ به‌ ڕواڵه‌ت ـ ده‌زگایه‌کی ڕۆشنبیری بو به‌ڵام زۆر جار کۆبونه‌وه‌ سیاسیه‌کانی باڵ و پارچه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی (یەک‌بون) ی ئیسلامیی تێدا ده‌به‌سران هەتا (کۆمەڵی ئیسلامی) دروست بو!
به‌ڵام له‌و ناوه‌نده‌ به‌و لێکۆڵینه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ییه‌ ڕازی نه‌بون و وتیان ئێمه‌ پێمان باش نیه‌ شتی وا هه‌ر بنوسیت!
بۆیه‌ کاتێک ته‌واو بو؛ له‌ گۆڤاری فیکریی (هه‌ژان) ی سه‌ر به‌ (یه‌کگرتوی ئیسلامیی کوردستان) بڵاو بوه‌وه‌ (ژماره‌ ٩و١٠، ساڵی ٢٠٠٢).
——————————————

جۆرێك له‌ لێكدانه‌وه‌ و “إعجاز” ی زانستی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بۆ ڕونكردنه‌وه‌ی ئامانجی (تشریع) باس ده‌كرێن. به‌ڵام نوسه‌رانی بواری لێكدانه‌وه‌ی زانستی به‌ شێوه‌یه‌ك قسه‌ له‌ بابه‌ته‌كه‌ ده‌كه‌ن له‌ ڕوی زانستیه‌وه‌ ناڕاسته‌. بۆ نمونه‌، ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ قورئان خواردنی گۆشتی به‌رازی قه‌ده‌غه‌ كردوه‌؛ ده‌ڵێن ئه‌مه‌ “إعجاز” ێكی زانستیه‌ چونكه‌ به‌پێی ئه‌وه‌ قورئان هه‌واڵی داوه‌ له‌ زیانه‌كانی گۆشتی به‌راز واته‌ ئه‌و نه‌خۆشییانه‌ی كه‌ لێیه‌وه‌ په‌یدا ده‌بن و پزیشكیی نوێ‌ ده‌ستنیشانی كردون(١).
ئه‌مه‌ قسه‌یه‌كی هه‌ڵه‌یه‌، چونكه‌ ده‌قه‌كه‌ ته‌نها قه‌ده‌غه‌كردنی تێدایه‌، ئیتر مه‌به‌ستی له‌ قه‌ده‌غه‌كردنه‌كه‌ ڕون نه‌كردوه‌ته‌وه‌ و له‌ هیچ زیانێكی گۆشتی به‌راز نه‌دواوه‌. له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ وه‌نه‌بێت له‌پێش قورئاندا له‌ هه‌مو كۆمه‌ڵگه‌كاندا گۆشتی به‌راز به‌بێ‌ هیچ سڵێك وه‌كو خۆراك به‌كار هێنرابێت پاشان قورئان بۆ یه‌كه‌م جار قه‌ده‌غه‌ی كردبێت، به‌ڵكو ـ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ـ ئاڕامیه‌كان و عیبرانیه‌كان و عه‌ره‌ب و زۆر له‌ گه‌لانی تری ناونراو به‌ “سامی”، هه‌ر له‌ زوه‌وه‌ گۆشتی به‌رازیان لا قه‌ده‌غه‌ بوه‌، بۆ نمونه‌ هه‌ر له‌ ته‌وڕاتدا: (و به‌راز… ئه‌وه‌ پیسه‌ پێتان، له‌ گۆشته‌که‌ی مه‌خۆن و ده‌ست له‌ جه‌سته‌ی مه‌ده‌ن..) (کتێبی “لاویه‌کان”: ١١: ٨) (کتێبی “دوباره‌خوێندنه‌وه‌ی شه‌ریعه‌ت”: ١٤: ٨). هۆكاری ئه‌م قه‌ده‌غه‌بونه‌ش چه‌ند شتێكه‌:
هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ مرۆڤی ده‌شته‌كی ـ به‌گشتی ـ له‌ ئاستی به‌رازدا هه‌ستیار و بێزاره‌، چونكه‌ به‌راز وه‌كو ئاژه‌ڵ و مه‌ڕوماڵات ملكه‌چی شوانكاره‌یی نیه‌ و ڕانێكی لێ‌ پێك نایه‌ت كه‌ مرۆڤی كۆچه‌ر بۆ هه‌مو لایه‌ك پێش خۆی بدات، به‌ڵكو زیاتر له‌گه‌ڵ ژیانی نیشته‌جێیی و كێڵگه‌ و گوندی كشتوكاڵیدا هه‌ڵده‌كات.
ئینجا به‌راز به‌ گیاندارێكی پیس دانراوه‌: له‌ ته‌وڕاتدا: (ئه‌وه‌ پیسه‌ پێتان) (کتێبی “لاویه‌کان”: ١١: ٨)، له‌ قورئانیشدا: (… أَوْ لَحْمَ خِنْزِيرٍ، فَإِنَّهُ رِجْسٌ) (الأنعام: ١٤٥)، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ زودا مرۆڤی نیوه‌دورگه‌ی عه‌ره‌بی شێوه‌یه‌ك له‌ پیرۆزیی داوه‌ به‌ به‌راز، ئه‌وه‌ش له‌وه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ بۆ قوربانی بۆ خواوه‌ند به‌كار هێنراوه‌، پاشان ئه‌و شێوه‌ پیرۆزیه‌ بوه‌ته‌ شێوه‌یه‌ك له‌ پیسی، چونكه‌ به‌ بۆنه‌ی پیرۆزیه‌كه‌وه‌ وه‌كو خۆراك به‌كار نه‌هێنراوه‌ و ئه‌وه‌ش بوه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌ دواییدا قێزی لێ بكرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كاتێك گیاندارێك بۆ قوربانیی خواوه‌ند به‌كار هاتوه‌؛ ئیتر بوه‌ته‌ شتێكی تایبه‌ت به‌ خواوه‌ند و له‌به‌ر ئه‌وه‌ش قه‌ده‌غه‌ بوه‌ له‌ مرۆڤ.
له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ بابه‌ته‌كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و گیانداره‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا گیاندارێكی ته‌وته‌مه‌ (واته‌ په‌رستراوێكی سه‌ره‌تاییه‌)، كه‌ به‌شێكیش له‌ ته‌وته‌میزم قه‌ده‌غه‌بونی خواردنی ته‌وته‌مه‌كه‌یه‌، بۆیه‌ له‌ زمانیشدا وشه‌ی وه‌کو “احترام” و “حرام” پێكه‌وه‌ په‌یوه‌ستن، و “حرمة” واتای “ڕێز” و “قه‌ده‌غه‌بون” یش ده‌گه‌یه‌نێت.
هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌ گیاندارێكی مه‌سخكراو دانراوه‌.
به‌ هه‌مان شێوه‌ سه‌گ و خوێن به‌هۆی به‌شداربونیانه‌وه‌ له‌ سروتی قوربانیدا و تایبه‌ت‌بونیان به‌ خواوه‌نده‌وه‌؛ پیرۆزییه‌كیان وه‌رگرتوه‌ و پاشان وه‌كو شتێكی پیس ته‌ماشایان كراوه‌.
هه‌ر یه‌كه‌ له‌ به‌راز و سه‌گ و خوێن له‌ سروتی قوربانیدا به‌كار هێنراون.
ئیتر ـ بۆ نمونه‌ ـ خه‌ڵكی (حەڕڕان) [(ئورفە) ی ئێستە] و په‌رستشكارانی خواوه‌ند (ئه‌دۆنیس) Adonis و ئه‌فرۆدیتێ Aphrodite له‌ قوربانیدا به‌رازیان به‌كار هێناوه‌، و لای هه‌مو سوریاییه‌كان پیرۆز بوه‌، به‌ڵكو زۆر جار خواوه‌ند (ئه‌دۆنیس) له‌ شێوه‌ی به‌رازدا وێنا كراوه‌. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ به‌راز ته‌وته‌م بوه‌، جگه‌ له‌وه‌ی باوه‌ڕێكیش له‌ عه‌ره‌بدا هه‌بوه‌ كه‌ به‌راز گیاندارێكی مه‌سخ‌کراو “ممسوخ” ه‌.
له‌به‌ر ئه‌وانه‌ لای گه‌لانی نیوه‌دورگه‌ی عه‌ره‌بی به‌گشتی و لای سوریاییه‌كان و لای جوله‌كه‌ گیاندارێكی پیس بوه‌ و خواردنی قه‌ده‌غه‌ بوه‌، هه‌روه‌كو لای یۆنانیه‌كانیش قه‌ده‌غه‌ بوه‌ به‌ بیانوی ئه‌وه‌ی به‌رازی کێوی خواوه‌ند (ئه‌دۆنیس) ی كوشتوه‌! لای ڕۆمانیه‌كانیش به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بەرازێکی کێوی خواوه‌ند (ئه‌تیس) Attis [لای فریگیەکان] ی كوشتوه‌! هه‌روه‌كو هیندۆسه‌كانیش گۆشتی به‌رازیان لا قه‌ده‌غه‌یه‌ چونكه‌ به‌ پیسی ده‌زانن. به‌ڵام لای مه‌سیحیه‌كان له‌ سوریانیه‌كان و له‌ عه‌ره‌به‌ مه‌سیحیه‌كان قه‌ده‌غه‌ نه‌بوه‌.
به‌ هه‌مان شێوه‌ سه‌گیش له‌ قوربانیدا به‌كار هێنراوه‌ و لای خه‌ڵكی (حەڕڕان) پیرۆز بوه‌، لای عه‌ره‌ب و عیبرانیه‌كانیش ته‌وته‌مێكی دێرین بوه‌، بۆیه‌ لای جوله‌كه‌ به‌ پیسترین گیاندار دانراوه‌.
وه‌نه‌بێت ئه‌مه‌ تایبه‌ت بێت به‌ به‌راز و سه‌گ و خوێنه‌وه‌ كه‌ زانستی نوێ‌ له‌ زیانه‌ ته‌ندروستیه‌كانیان ده‌دوێت، به‌ڵكو ـ بۆ نمونه‌ ـ ماسی لای هه‌مو سوریایيه‌كان قه‌ده‌غه‌ بوه‌ چونكه‌ ده‌یانپه‌رست و وه‌كو ته‌وته‌میه‌كان پێیان وابو هه‌ر كه‌س گۆشته‌ پیرۆزه‌كه‌ی بخوات؛ توشی برین ده‌بێت. لای كه‌لتیه‌كان و جێرمانیه‌كان و لاپیه‌كانی باكوری سویدیش گۆشتی كه‌روێشك قه‌ده‌غه‌ بوه‌ چونكه‌ پیرۆز بوه‌ به‌لایانه‌وه‌. هه‌روه‌كو ته‌وڕات گۆشتی حوشتر و كه‌روێشك قه‌ده‌غه‌ ده‌كات. (کتێبی “لاویه‌کان”: ١١: ٤، ٦) (کتێبی “دوباره‌خوێندنه‌وه‌ی شه‌ریعه‌ت”: ١٤: ٧).
به‌گشتی هه‌ر گیاندارێك په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ خواوه‌ند یان مرۆڤه‌وه‌ له‌ هزردا هه‌بوبێت؛ به‌ پیس دانراوه‌ و قه‌ده‌غه‌ بوه‌(٢).
لێره‌دا مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی له‌ ده‌قه‌ قورئانیه‌كه‌دا هه‌یه‌ ته‌نها قه‌ده‌غه‌كردنی شته‌كه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ته‌نها به‌هانه‌یه‌ك كه‌ ئه‌ویش پیسیه‌، له‌ كاتێكدا بینیمان كه‌ قه‌ده‌غه‌كردنه‌كه‌ و چه‌مكی پیسیه‌كه‌ش له‌ پێش قورئاندا هه‌بوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ بواری چه‌مكی (إعجاز) ی زانستی نامێنێته‌وه‌. ئیتر مشتێكیش نمونه‌ی خه‌روارێكه‌.

پەراوێز:
(١) بۆ ئەم لێکدانەوە ـ بە ناو ـ زانستیەی ئیعجازیەکان؛ بڕوانه:
الشريف، د. عدنان، من علم الطب القرآني. دار العلم للملايين، بيروت، ١٩٩٩. ص‌ص. ٢١٣، ٢١٤.
حامد، د. حامد أحمد، رحلة الإيمان في جسم الإنسان. دار القلم، دمشق، الطبعة الأولى، ١٩٩١. ص‌ص. ٣٣٦، ٣٣٧.
الجميلي، د. السيد، الإعجاز الطبي في القرآن. مطبعة إشبيلية، بغداد، ١٩٨٢. ص‌ص. ١١٥، ١١٦.
لفته، د. جليل علي، علم الطب والصحة في الإسلام. دار الشهيد صدر، الطبعة الأولى، ١٩٩٠. ص‌ص. ١٢٥ ـ ١٣٠.
الظاهرة القرآنية والعقل، دراسة مقارنة للكتب المقدسة، علاء الدين المدرس. مطبعة العاني، بغداد، الطبعة الأولى، ١٩٨٦. ص‌ص. ٢٧٣، ٢٧٤.
الدهان، سعيد ناصر، القرآن والعلوم. الأعلمي للمطبوعات، كربلاء، الطبعة الاولى، ١٩٦٥. ص‌ص. ١٥٩، ١٦٠.
القرآن، محاولة لفهم عصري، مصطفى محمود. دار العودة، بيروت. ص‌ص. ١١٨، ١١٩.
العبادي، د. عبد الله، العلم الحديث حجة للإنسان أم عليه؟ (القسم الثالث). دار الثقافة، الدوحة، الطبعة الأولى، ١٩٨٦. ص‌ص. ٦٧ ـ ٧٩.

(٢) دەربارەی ئەم ڕەگ‌وڕیشانەی بەپیس‌زانین و قەدەغەکردنی بەراز و سەگ و هەندێک ئاژەڵی تر؛ بڕوانه‌:
علي، د. جواد، تأريخ العرب قبل الإسلام. مطبعة المجمع العلمي العراقي، بغداد، ١٩٥٦.جـ. ٥، ص‌ص. ٣٢، ٣٣، ٢٩٤ ـ ٢٩٧، جـ. ٦، ص‌ص. ١١٨، ٣٣٩.
سمث، روبرتسُن، محاضرات في ديانة الساميين. ترجمة: د. عبد الوهاب علوب. مراجعة وتقديم: د. محمد خليفة حسن. مطابع الأهرام، مصر، ١٩٩٧. ص‌ص. ٣١٣ ـ ٣١٥.
الأحمد، د. سامي سعيد، “رموز من عالم الحيوان”، مجلة (التراث الشعبي)، العدد (٢)، ١٩٨٩. ص‌ص. ٥٨، ٥٩، ٦٦، ٦٧، ٦٩، ٧٦، ٧٧.
البندر، د. رشيد، “لحوم الطواطم والمسوخ”. مجلة (الثقافة الجديدة)، العدد (٢٦٧)، ١٩٩٥، ١٩٩٦. ص‌ص. ٧٧، ٧٨، ٨٠، ٨١، ٨٣.

تێبینی: ئەمە ئەو دەقەیە لە کاتی خۆیدا نوسیومە، بەبێ نوێ‌کردنەوە، ئەگەرنا ئێستە یەک خەرمانەی تەواو زانیاری و وردەکاریی زیاتر لەلامان خەمڵیوە دەربارەی ئەم بابەتە، کە لێکۆڵینەوەیەکی تێروتەسەلیان لێ پێک‌دێت

وێنەکە:
“مردنی ئەدۆنیس”، پەیکەری پەیکەرتاشی ئیتالی (جوزێپپێ ماتزوۆلی)، ١٧٠٩
مۆزەخانەی ئیرمیتاژ، سانکت-پیتیربورک، ڕوسیا

بابەتی هاوپۆل

زنانِ میدان انقلاب، “زنان کارگر” / آناهیتا اردوان

  “رزمندگان طبقۀ کارگر”     اعتصاب کارگران صنعت نیشکر هفت تپه در عینیتی انکارناپذیر ثابت …

یەک بۆچوون

  1. ئەی وەڵامت جیە بۆ حەڵاڵی گۆشتی گا لە هەموو دینە ئاسمانیەکانا ؟ خۆ گا پێشینەیەکی خواوەندیی هەیەو ئێستاش لە هەندێ شوێن دەپەرسترێ !

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

This site uses Akismet to reduce spam. Learn how your comment data is processed.