دوو شه‌ممه‌ 25 حوزه‌یران 2018
ماڵەوە / سیاسی / هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی توركیا چارەنوسی كوردی باكور دەگۆڕێت

هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی توركیا چارەنوسی كوردی باكور دەگۆڕێت

7ی مانگی ژوئەنی ئەمساڵ هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی توركیا بەڕێوەدەچێت كە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر پرۆسەی ئاشتی كورد لەتوركیا‌و چارەنوسی كوردی باكور دەبێت.
ئا: زاگرۆس پۆست

هەڵبژاردنەكانی 7ی ژوئەن گرنگترنی هەڵبژاردن لەمێژووی ئەو وڵاتە بۆ كورد‌و خەڵكی توركیایە. ئەوەی ئاشكرایە لەم هەڵبژاردنەدا لەناوچە كوردییەكان ململانێیەكی سەخت لەنێوان پارتی دیموكراتیكی گەلان (هەدەپە)‌و پارتی داد‌و گەشەپێدان (ئاكەپە) لەئارادایە‌و بەپێی راپرسییەكان هەدەپە لەم هەڵبژاردنانەدا دەتوانێت رێژەیەكی زۆرتر لە ئاكەپە دەنگەكان بەدەست بێنێت.

هاوكات ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بۆ پرۆسەی ئاشتی لەتوركیا چارەنوسساز دەبێت‌و پێدەچێت بەدەستهێنانی رێژەیەكی زۆر لەدەنگەكان لەلایەن هەدەپە هاوسەنگی هێز لە توركیا لەبەرامبەر حیزبی باڵادەستی ئەو وڵاتە بگۆڕێت.

لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی توركیا حەوت هەزار كەس لەلایەن ٣١ پارت و لیستی جۆراوجۆرەوە، خۆیان پاڵاوتووە. لەو حەوت هەزار پاڵێوراوە، ٥٥٠ كەسیان پاڵێوراوەكانی پارتی دیموكراتیكی گەلان (هەدەپە)ن. ئەوەش لەكاتێكدایە كورد یەكەمجارە لە مێژووی توركیادا بە لیست بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا دەكات.

پێشتر كورد بە هۆی بەربەستی ١٠% هەڵبژاردنەكانەوە نەیتوانیوە بە لیست یان وەك حزب بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی توركیادا بكات، چونكە تێپەڕاندنی بەربەستی هەڵبژاردن لە توركیادا پێویستی بە پێنج ملیۆن دەنگ هەیە. بڕیارەكەی هەدەپە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا وەك حزب بڕیارێكی چارەنووسسازە بۆ كورد لە باكووری كوردستان و توركیا. ئەگەر هەدەپە نەتوانێت بەربەستی هەڵبژاردن تێپەڕێنێت، ئەوا كورد هیچ پەرلەمانتارێكی لە پەرلەمانی توركیادا نابێت.

لیستەكەی هەدەپە لەلایەن دەتەكە، دەبەپە و هەدەكە و ١١٥ سەرۆكایەتیی شارەوانی لە باكووری كوردستان و توركیا پشتیوانیی لێدەكرێت.

لە هەڵبژاردنی خولی پێشووی پەرلەمانی توركیادا و لە ساڵی ٢٠١١ (ئاكەپە) ٣٢٤ كورسی، (جەهەپە) ١٣٥ كورسی، (مەهەپە) ٥٣ كورسی بەدەستهێنابوو. كوردیش بە پاڵێوراوی سەربەخۆ بەشداریی هەڵبژاردنەكەی كرد و توانی ٣٦ پەرلەمانتار بەدەست بهێنێت. دواتریش لە پەرمانی توركیادا فراكسیۆنیان پێكهێنا. كورد تاوەكو ئێستا لە باكووری كوردستان بەشێوەی پاڵێوراوی سەربەخۆ بەشداریی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی توركیای كردووە. لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا لە ساڵی ٢٠١١ ڕێژەی سەدیی لایەنەكان بەم شێوەیە بوو: (ئاكەپە) ٤٩.٩%، (جەهەپە) ٢٥.٩%، (مەهەپە) ١٢.٩% و سەربەخۆكانیش ٦.٥٨%ی دەنگی دەنگدەرانیان بەدەستهێنابوو.
سەركەوتنی هەدەپە دەبێتە هۆی ئەوەی كە ژمارەی پەرلەمانتارەكانی كورد لە پەرلەمانی توركیا لە ٣٦ پەرلەمانتارەوە بۆ دوو هێندە بەرز ببێتەوە. بەشداریكردن وەك حزب لە هەڵبژاردندا دەبێتە هۆی ئەوە دەنگی زیادەی پەرلەمانتارەكان بەر پاڵێوراوەكانی دیكە بكەوێت و هیچ دەنگێك بە فیڕۆ نەڕوات. لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا هەر پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ دەنگە زیادەكانی هەر بە ناوی خۆیەوە بووە نەچووە بۆ هیچ پاڵێوراوێكی دیكە.

هەدەپە لە ساڵی ٢٠٠٩ دامەزراوە. سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ هاوسەرۆكایەتیی دەكەن. هەروەها بە گەورەترین پارتی یاسایی كورد لە توركیا دەناسرێت. دوو پارتی دیكەی كورد بە ناوەكانی هەق پار و هودا پار بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا دەكەن، بەڵام ئەگەری ئەوەی ئەو دوو پارتە بتوانن بەربەستی ١٠% هەڵبژاردنی پەرلەمان ببڕن زۆر لاوازە.

بەپێی ڕاگەیاندراوی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا توركیا لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا ٥٦ ملیۆن و ٦٣٢ هەزار و ٦٥٨ كەس لە توركیا مافی دەنگدانیان دەبێت. لەو ژمارەیە ٥٣ ملیۆن و ٧٦٥ هەزار و ٢٣١ كەس لە ناوخۆی توركیا مافی دەنگدانیان دەبێت، هەروەها دوو ملیۆن و ٨٦٧ هەزار و ٦٥٨ هاووڵاتیش لە دەرەوەی توركیا، كە تەمەنیان لە سەروو ١٨ ساڵەوەیە مافی دەنگدانیان دەبێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا لە هاوینی ئەمساڵدا.
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا ١٧٢ هەزار و ٦٨٧ سندوقی دەنگدان ئامادە دەكرێت، تاوەكو دەنگدەران بتوانن لە ڕێگەی ئەو سندوقانەوە دەنگ بە پاڵێوراوەكان بدەن.

لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمار لە توركیا، كە لە ٣ی ئاگۆستی ٢٠١٤ بەڕێوەچوو، سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی هەدەپە پاڵێوراوی كورد بوو. لەو هەڵبژاردنەدا سەڵاحەدین دەمیرتاش نۆ پۆینت هەشتی دەنگی دەنگدەرانی توركیای بە دەستهێنابوو. ئەوەش بە ئاماژەیەكی گرنگ دەزانرێت بۆ تێپەڕاندنی بەربەستی ١٠% هەڵبژاردن لەلایەن هەدەپەوە.

پەرلەمانی توركیا ٥٥٠ كورسی هەیە. هەڵبژاردنەكان لە ٨١ پارێزگای ئەو وڵاتەدا بەڕێوە دەچێت. هەدەپەش بۆ هەر كورسییەكی پەرلەمان كەسێكی لە لیستەكەیدا پاڵاوتووە.

بەپێی ڕاپرسییەكی دامەزراوەی گەزیجی كە لە شاری ئەستەنبوڵ بەڕیوەچووە، لە هەڵبژاردنی داهاتوودا لە توركیا دەنگەكانی ئاكەپە ١٠% كەم دەكات، لە بەرامبەریشدا هەدەپە زیاتر لە ١٣%ی دەنگەكان بەدەست دەهێنێت.
دامەزراوەی گەزیجی، كە تایبەتە بە توێژینەوە و ئەنجامدانی ڕاپرسی لە توركیا، رۆژی ٦ی ئەپریل ٢٠١٥ ئەنجامی ڕاپرسییەكی خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا بڵاو كردەوە.

ڕاپرسییەكە لە ٣٩ ناوچە و ١٢٨ گەڕەكی شاری ئەستەنبوڵ بەڕێوە چووە و چوار هەزار و ٨٦٨ كەس بەشدارییان تێدا كردووە.

بە گوێری ئەنجامەكانی ڕاپرسییەكە، دەنگەكانی ئاكەپە ١٠% كەم دەكات و دەنگەكانی هەدەپەش بەرز دەبێتەوە بۆ ١٣.٢٪. هەروەها ئاماژە بەوەش كراوە دەنگەكانی مەهەپە و جەهەپە بەڕێژەیەكی كەم زیاد دەكات.
موردا گەزیجی بەڕێوەبەری دامەزراوەی گەزیجی لە بارەی ئەنجامی ڕاپرسیی دامەزراوەكەیەوە ڕایگەیاند “كورد لە شاری ئەستەنبول ١٨% پۆینت نۆی دەنگەكان بەدەست دەهێنێت. هەروەها كورد لە پێنج دەنگ یەك دەنگ لە  ئەستەنبوڵ بەدەست دەهێنێت.

بەڕێوەبەری دامەزراوەی گەزیجی وتیشی “لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١١دا بۆ پەرلەمانی توركیا، ٧٥% دەنگدەرانی كورد دەنگیان بە ئاكەپە دابوو، بەڵام بە پێی ئەنجامی توێژینەوەكانمان لە ئێستادا ئاكەپە نزیكەی ٢٢%ی دەنگی دەنگدەرانی كورد بەدەست دەهێنێت.

بڵاوبوونەوەی ئەنجامی ڕاپرسیی دامەزراوەی گەزیجی لە كاتێكدایە پێشتر دەزگای سۆنڕای توركیا بۆ ڕاپرسی و توێژینەوە ڕایگەیاندبوو هەدەپە بەربەستی ١٠% تێدەپەڕێنێت. هەروەها بولەند ئارینج جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیاش ڕاگەیاندبوو هەدەپە نزیكەی ١٢% دەنگی دەنگدەران بەدەست دەهێنێت.

ئەوەش لەكاتێكدایە، یەكەمجارە كورد لە مێژووی هەڵبژاردنەكانی توركیادا بە لیست بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا دەكات. پێشتر كورد بەهۆی بەربەستی ١٠% نەیدەتوانی بە لیست، یان وەك حزب بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا بكات. چونكە بۆ تێپەڕاندنی بەربەستی ١٠% نزیكەی پێنج ملیۆن دەنگ پێویستە.
كورد لە باكووری كوردستان لە ئێستادا خاوەنی ١١٥ سەرۆكایەتی شارەوانییە و پشتگیری لە لیستەكەی (هەدەپە) دەكەن.

سەبارەت بە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی رۆژی 7ی ژوئەن، هاوسەرۆكی كۆما جڤاكین كوردستان (كەجەكە) پێیوایە هیچ هەڵبژاردنێكی بەئەندازەی ئەو هەڵبژاردنە گرنگ نیە‌و دەڵێت: بۆ سەركەوتنی هێزە دیموكراسیخوازەكان لە توركیا دەرفەتێكی مەزن هاتووەتە پێش، هەر بۆیە دەرفەتە شیاوەكان دەبنە سەركەوتنی مەزن‌و بارودۆخ بۆ ئەمە فەراهەمە.

بابەتی هاوپۆل

بریندار بوونی دوو کۆڵبەر ی دیکە لە ڕۆژهەلاتی کوردستان

کۆڵبەرێکی خەڵکی مەریوان بە هۆی کەوتنی کەل و پەلەکان بەسەریدا و کۆڵبەرێكی دیکە بە هۆی …