چوار شه‌ممه‌ 17 نیسان 2024

سەربازیی دێوزمەی خەیاڵی لاوانی ئێران / فیروز مامۆیی

سەربازی لە زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی جیهان وەكوو پیشەیەك سەیر دەكرێت كە مرۆڤەكان و بەتایبەت توێژی لاو لەسەر مەیل و رەزامەندی خۆیان ئەو پیشەیە هەڵدەبژێرن و لەو رێگایەوە هەم بە ئاواتەكانی منداڵی كە پیشەی سەربازیی و پۆلیسی بە پیشەیەكی هەست بزوێن، وروژێنەر و سەرنج راكێش دەزاندرێ، دەگەن و هەمیش وەكوو رێگایەك بۆ دابینكردنی بژیوی ژیانی خۆیان و بنەماڵەكەیان سەیری دەكەن.
جگە لە وڵاتانی پێشكەوتووی ئۆرووپایی لە وڵاتانی دراوسێ ئێرانیش لەوانە: عێراق، ئەفغانستان، پاكستان، عەرەبستان، قەتەر، بەحرەین و ئێمارات، بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای سەربازیی زۆرەمڵێ هەنگاوەكانیان بۆ راهێنان و رێكخستنی سپایەكی بە نەزم و نەسەق و حرفەیی، قایمتر و پتەوتر كردووەتەوەو هەر ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەیكە ئەو سەربازانەی كە بە دڵخوازی خۆیان لە نێو ئەرتش و سپاكاندا بەشداریی دەكەن، بۆ ئەوە دەبێ كە متمانەی زۆرتریان پێ بكرێت و لە كاتی پاراستنی ئاو و خاكی وڵات یان لە كاتی سەرهەڵدانی شەڕ ئەركی زیاتر بخرێتە ئەستۆیان و زیاتر لە سەر ئەو هێزە حیساب بكرێ كە بە شێوەی خوازراو و بە رەزامەندی و شوور و شەوقەوە رووییان كردووەتە پیشەی سەربازیی. ئەمەش لەحاڵێكدایە كە تەنیا 28 وڵاتی جیهان لەوانە: بۆركینافاسۆ، گینە، سومالی، زامبیا، موزامبیك، كۆنگۆ و زیمبابوە یاسایی سەربازیی و خزمەتی زۆرەملێیان تێدایە و لاوان بە شێوەی نەخوازراو رەوانەی سەربازخانەكان دەكرێن و بە زۆرەملێ مەشق و راهێنانی نیزامییان پێ دەكرێت. ئینجا ئەو هێزەی كە بە زۆرەملێ و ئیجبار و بە نەبوونی هیچ جۆرە مەیل و رەغبەتێك دەست دەبات بۆ چەك چلۆن دەتوانێ شەڕكەرێكی ئازا و ئەمەگناسا بێت و لە بەرانبەر ئەو ئەرك و بەرپرسیاریەتیە قورسەی كە دەكەوێتە ئەستۆی بە سەربزێوی و بوێرییەوە بەرگری بكات. بۆیە هەر ئەم راستیە ئەوەش دەسەلمێنێ كە یاسای سەربازیی زۆرەملێ تا بە ئێستا یاسایەكی شكست خواردوو و بێ بنەما و ناسەركەوتوو بووە و ناتوانێت وەكوو پیلان و پرۆژەیەكی بەسوود بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی و سەروەری وڵات كەڵكی لێ وەربگیردرێت.
ئەو بەناو خزمەتی سەربازیەی كە دەگوترا لە لاوانی ئێرانی پیاوانێكی مەزن و بەتوانا و پۆڵایین ساز دەكات، لە عەرزی واقێعدا بووە گەورەترین مەشغەڵە و كۆسپ و لەمپەری سەر رێگای سەركەوتنی زۆرتری لاوان لە سەردەمێكدا كە توانا و بەهرەكانیان لە حاڵی گەشەسەندن و پەڕ و پۆپ دەرهێناندایە. سەربازیی وایی لە كوڕانی لاوی ئێرانی كردووە كە هەر لە یەكەم ساتەكانەوە كە خۆیان دەناسنەوە بیر و زەینیان بە لای نزیك بە 2 ساڵ پیشەی زۆرەملێ و نەخوازراودا رابكێشرێت و بۆ هەڵهاتن لە دەست ئەم دێوزمە و مۆتەكە تۆقێنەرە هانا بۆ هەموو فرت و فێڵێك ببەن. یەكێك هەموو ددانەكانی خۆی دەردەهێنێت، ئەویتر خۆی بە گەوج و بێ مێشك و شێت و كەم ئەندام لەقەڵەم دەدات، ئەویتر هەوڵ دەدات بە جۆرێ باوك و دایكی بە تەڵاق گرتوو بناسێنێت و بەو چەشنە خۆی وەكوو دابینكەری بژیوی بنەماڵە دەربخات و لەم رێگایەوە 2 ساڵ لە ژیانی خۆی كە بڕیارێكی بێ ئەملاو ئەولایە و دەبێ لەخۆڕایی بەفیڕۆی بدات بكرێتەوە و لەو 2 ساڵە بە نەوعێكی باشتر و بەهرەمەندتر كەڵك وەربگرێت.
سەربازیی و بوونی سێبەری ئەم شەبەحە پڕ لە ترس و وەهمە لە سەر كۆمەڵگای ئێراندا زۆر جار وا دەكات كە لاوان بە لاڕێدا بكێشرێن، زۆر جار هیوا و هۆمێدەكانیان بەگۆڕ بسپێردرێت و زۆر جاریش بە هۆی دەرباز بوون لە دەست مۆتەكەی سەربازیی كە خەون و خەیاڵەكانیان دەزڕێنێت، كاری نەشیاو و درۆ و دەلەسەی زل و زەبەلاح بكەن، یان هەندێ جار بە هۆی ئەوەیكە لە باری دەروونی و جەستەییەوە تاقەتی هەڵگرتنی ئەو بارە قورسە كە دەبێ 2 ساڵ وەكوو بێگاریی كردن ژیانی خۆیان لە نێو كەش و هەوایەكی نیزامیی و چەكدارییدا بەسەر بەرن، كێوێك لە غەم و ئازاری تاقەت پڕوكێن لە سەر شانیان هەڵبگرن و هەر بەو بۆنەوە دەست بدەنە خۆكوژیی و كار و كردەوەی نەگونجاوی دیكە و ئەمەش لەخۆیدا لادانە كۆمەڵایەتییەكان لەوانە خۆكوژیی و نەبوونی هیوا و ئاسۆیەكی روون بە داهاتوویەكی گەش لە نێو جیل و توێژی لاوی ئێرانیدا دروست كردووە و ساڵانە بە دەیان لاو لە نێو پادگانە سەربازییەكاندا دەست دەدەنە خۆكوژیی و بە سەدان كەسی دیكەش بە هۆی گوشاری لە رادەبەدەری سەربازیی زۆرەملێ هەڵدێن و ژیانی خۆیان تووشی گرفت و كێشەی قورستر دەكەن و هەر ئەم بابەتەش كێشە و لەمپەر لە سەر درێژەدان بە ژیانێكی ئاسوودە و بێ مەشغەڵەیان لێ زەوت دەكات.
ئەم زۆرەملێ و بێگاریی پێ كردنە بە لاوان پێش لە هەموو شتێك بنەما سەربازییەكانی وڵات تێك دەدات و ناهێڵێت هێزێكی خۆبەخش و خۆڕسك كە بە هەموو جۆرێك ئامادەی فیداكاریین رێكبخرێت و لە هەمان كاتیشدا ژیانیان لە رووبەرە جۆراوجۆرەكانی وەكوو ئابووری و ئاسوودەیی و ئارامیەوە لەبار دەبات و هێزێك رێكدەخات كە بەشێكی زۆری بیر و زەینیان لای ئەوە بێت كە چۆن ماوەی سەربازییەكەیان كۆتایی پێ بێنن و بگەڕێنەوە بۆ ئامێزی بنەماڵە و داوێنی كۆمەڵگا و درێژە بە ژیانی پەسەندكراو و شیاوی خۆیان بدەن.
بەگشتی دەكرێ بڵێین سەربازیی لە ئێراندا بووەتە مۆتەكەیەكی گەورە بۆ لاوان بەتایبەت لاوانی كوڕ و ئەم مۆتەكەیە وای كردووە كە خەسارگەڵێكی بەرینی كۆمەڵایەتی، كەلتووری، بنچینەیی، ئابووریی بەدواخۆیدا بهێنێت و لە بەرانبەردا دەسەڵات بەردەوام پێداگریی لە سەر ئەم رەوتە هەڵەیە دەكات كە ژیانی لاوان بۆ ماوەیەك بەخۆیەوە سەرقاڵ دەكات و دەتوانێ بەدواهاتیی درێژخایەنی خراپ لە سەر ژیانی شارۆمەندان دروست بكات و ئەمەش لە خۆیدا پەرە بە جۆرەها لادان و گرفتی كۆمەڵایەتی دەدات كە راستەوخۆ یەخەی شارۆمەندان و بەتایبەت توێژی لاو دەگرێتەوە.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.