بەیانییە / عەلیڕەزا قادری

بەیانییەو
پاییز ئاسەواری نیە .
تاریکایی شەوی پێشوو ،
پاییزی لە خۆیدا خنکاند .
پۆل پۆل ئەستێرەی ڕووناکی ،
بەسەر گۆی زەویدا باراند .
پەیکی زستان بەڕێوەیە :
کلوی بەفر ،
هەزار هەزار و بێ ئەژمار ،
بە بەر چاومدا دێنە خوار .
چ تابڵۆیەکی ناوازە ،
گەرووی سروشت پڕ ئاوازە .
موسیقایە :
قریوەی خۆشیی مناڵە ،
جریوەی پۆلە مەلێکە و
تێکڵاوی گڤەی بایە .
پروشەیە :
هێمای یاڵی ئەسپی سپی ناو چیرۆک و ئەفسانەیە ،
کلووی بەفر ،
مەستی باوەشی زریان و
سەمایەکی شێتانەیە .
دارستانێكی خامۆشم لەسەر ڕێیە ،
پڕ نەمامە و
ڕیزێک پیرەداری لێیە .
هەلی وێستان و ڕامانە :
دارستان تینووی ژیانە .
توێیەک سپێنیی ئاسمان ،
پۆشیویە قەد و سەر چڵان .
خەونی خاکەلێوە و گووڵان،
سڕیویە پاشماوەی خەزان .
سپای سپی پۆشی بەفر،
ڕەنگی لە سروشت بڕیوە ،
دار و دەوەنی تەنیوە،
شەشدانگی زەویی کڕیوە .
زستان هیوای پاش خەزانە :
وەرزی چاوەڕوانیی سروشت،
بەرخودانێک بۆ هەرمانە .
تۆوی بەهاری لە دڵدا،
ڕازی ژینی دوای نەمانە .
بۆ هەر گۆشەیەک ئەڕوانم،
خوداوەندی جوانیی لێیە .
شنەی فێنکی بەیانیش ،
عەتری هەناسەی تۆی پێیە .

بابەتی هاوپۆل

امید و مقاومت همگانی با ضرورت تداوم انقلاب زن، زندگی، آزادی

بازداشت و سرکوب و اعدام های گسترده در طول یک سال گذشته تا کنون، همگی …

یەک بۆچوون

  1. ئەگەر ماست نەخوات دەبێتە شاعیر :)

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.