چوار شه‌ممه‌ 27 ئازار 2024

ئایین چییە؟ / شاهۆ کرماشانی

دیاردەی ئایین لە ڕوانگەی کۆمەڵناسان و دەرونناسان یەکێکە لە سەرەنج ڕاکێشترین و ئاڵۆزترین دیاردەی کۆمەڵایەتی-ئینسانی.

حەزکردن بە لێکۆڵینەوەی زانستی لە بارەی ئایینەکان و مەزهەب لە سەدەی نۆزدەیەم و ـ بە تایبەت ـ سەرەتای سەردەی بیستەم پەرەی سەند و چەندین زانا و پسپۆڕ لە بوارەکانی جۆراوجۆردا کتێب و وتار و لیکۆڵینەوە تایبەت بە ئایینەکانیان خستە بەر دەستی خوێنەران، هەر لەم سەردەمە بوو کە زانستێکی نوێی بە ناوی زانستی “ئایینناسی” و “ئایینناسیی بەراوردکاری” سەری هەڵدا و تێیدا بە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی ناویان برد و شیکردنەوەی ئایینەکانی خستە بەر باس، لەم سۆنگەیەوە کە زانستی مرۆڤناسی یان ئەنترۆپۆلۆژی تایبەتە بە شیکردنەوە و خوێندنەوەی بیر و ئەندێشە و گۆڕانکاریی کولتووری مرۆڤەکان، بەڵام هاوکات ئەم زانستەش کە بایەخی دەدا بە دیاردەی ئایینی؛ زانستی دیکەش هاوکاری بوون کە ڕۆڵیان هەبوو لە لە شیکردنەوە و لێکۆڵینەوە لە سەر ئایینەکان، وەکوو زانستی دەرونناسی کە خۆی لە خۆیدا لە کاری لە ڕەفتار و کرداری مرۆڤەکان دەکۆڵێتەوە، بۆیە شیکردنەوە و ناسینی ئایینەکان بۆ هەموو زانستەکان و لە هەموو بوارەکاندا جێگای تایبەت و گرنگی خۆی هەیە.

لەم سەردەمە جگە لە هەندێ وڵاتی سۆسیالیستی و پێشکەوتوو ئایین و مەزهەب یەکێکە لە بەهێزترین دیاردەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی وڵاتان و کۆمەڵگاکان، بەو پێیەی جیهان ئەمرۆ جیهانێکی پێشکەوتوو و دونیایەکی ئەنفۆرماتیک و ئەلیکترۆنیە، و زانست چەندین جار هەڵەبوونی زۆربەی ئەندێشە ئایینەکانی دەرخستوە و سەلماندویەتی کە هەڵەن. بەڵام تەنانەت لە کۆمەڵگای ڕۆژئاوایی بە گشتی و بە تایبەتی وڵاتانی دواکەوتوو ئایین هێشتا پڕهێزترین و کاریگەرترین کارتێکی سیاسیە بە دەست ڕێبەران و گروپە توندڕەوەکاندایە.

لە وڵاتی ئێمەدا واتە کوردستانیش، ئایین ڕەگ‌وڕیشەی کۆنی هەیە و تەنانەت چەندین ڕێبەری سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئایینی هێز و کاریگەرییەکی زۆریان لە پێکهاتەی کۆمەڵگای ئێمەدا هەبووە و ڕۆڵیان دیار و بەرچاوو بووە. تەنانەت بە داخەوە هەر لەم سەردەمە لە ماوەیەکی کورتدا و لە باشووری کوردستان گروپی مەلا کرێکار بە ناوی ئایینەوە لە ناوچەیەکی دیارکراودا دەسەڵاتیان هەبووە و بە ناوی ئایینەوە کۆمەڵێک کردەوەی کوشتار و قڕکردنیان بە ناوی ئایینەوە کردەوە. هەنوکەش دیسانەوە بە ناوی ئایینەوە خەریکی ئاخنینی مێشکی تاکی کوردن بە ئایدیۆلۆجیای خۆیان بۆ بەهێزبوونی پێگەی کۆمەڵایەتی و سیاسییان، و خەریکە وەک نەخۆشییەکی شێرپەنجەی نەتەوەیی لێ دێت، هەرچەن بەشێکی دیکە لەمانە بە پاساوی ئەوەی کە گوایا گرووپە توندڕەوەکان لە ئایین تێنەگەیشتون و تەنیا بۆ مەرامی سیاسی وا دەکەن؛ بانگەشەی ئەوەی دەکەن کە ئایینی ئیسلام ئایینی خۆشەویستی و ئاشتیە و بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤەکان هاتووە و ئەو توندڕەوانە هەڵگری ئاینی ڕاستی نین و ئیمانداری ڕاستەقینە نین. بەڵام ئەوەی ڕونە ئەمەیە کە بەشێکی هەرە گەورەی کۆمەڵگای کوردی بە خوێنەوار و نەخوێنەوار تەنانەت ئاکادێمیستەکانیشەوە لە ئایینناسی هیچ زانیارییەکی ئەتۆیان نییە جگە لە زانیاری لە سەر چەند ئایەتی قورئان و هەندێ یاسای شەرعی.

 

ئایین چیە ؟

پێناسەی ئایین و وەڵامی پرسیاری “ئایین چییە؟” بە ڕاستی زۆر قورس و دژوارە، هۆکارەکەشی بۆ بوونی ئەو هەموو ئایینە دەگەڕێتەوە کە لە فیکر و ئەندێشەکانیاندا جیاوازن.

هەندێک لە زانایان کە بڕوایان بە ئایین هەیە پێیان وایە ئایین دیاردەیەکی ئاسمانیە و لە لایەن خوداوە ئیلهام کراوە، بەڵام ئەم لێکدانەوەیە ناچێتە خانەی لێکۆڵینەوەی زانستیەوە، چونکە ئەم پێناسەیە تووشی وەستان دەبێت کاتێک دەبینین هەندێک لە ئایینەکان خۆیان بە ئایینی ئاسمانی نازانن و وەک ئایینی زەمینی شوناسی خۆیان پێناسە دەکەن، تەنانەت نکۆڵی لە خوداش دەکەن وەکو ئاینی بوودایی و و کۆنفوشیوسی. یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی ئەوەی کە ناکرێت ئەو پێناسەیەی زانایانی ئاینی بە زانستی بدرێت قەڵەم؛ ئەوەیە کە زانایانی دیکەی بوارەکان وەکو مرۆڤناسەکان و کۆمەڵناسەکان و دەرونزانەکان بە پێی بوارەکانی خۆیان پێناسە لە ئایین دەکەن و هەندێک جاریش ڕای تایبەتی و شەخسیی خۆیان تێکەڵ بەم چەمکە دەکەن، بۆ وێنە لاهوتیەکان یان تیۆلۆژیستەکان ئایین بە زانستی خوایی ناو دەبەن، واتە لە لایەن خولقێنەرەوە بۆ پێغەمبەرەکانی ئیلهام کراوە، ئەوانیش بۆ خەڵک باسیان کردەوە بە شێوەی جۆراوجۆری زارەکی و نوسراو. بە پێچەوانەشەوە هەندی زانای ماددیگەرا وای بۆ دەچن ئایین تەنیا لە کۆمەڵێک ئەندیشە و خورافە پێک‌هاتووە. بەپێی هەندێک لە کۆمەڵناسەکانیش ئایین تەنیا پێک‌هاتوە لە بەها ئینسانیەکان، و لە بەرامبەردا فرۆید دەرونزانی گەورەی نەمساوی پێی وایە کە ئایین تەنیا شێوەیەکە لە نەخۆشیی دەرونیی بەکۆمەڵ، لە بەرامبەردا ڕێبەرانی هەر سێ ئایینی گەورەی تاک‌خودایی: یەهوودیەت و مەسیحیەت و ئیسلام، دیاردەی ئایین وەکو هۆکاری گەشەی مرۆڤ دەزانن، و لە بەرامبەریشدا هەندێک فەیلەسوف ئایین بە ستۆپی شارستانیەت دەزانن، یان مارکس فەیلەسوفی ئەڵمانی کە لە وتە بەناوبانگەکەی ئایین بە مادەی سڕکەری جەماوەر پێناسە دەکات.

بۆیە گەیشتن بە پێناسەیەکی دیار و ڕاست کە بە دڵی فەیلەسوفەکان و زانایانی زانستی ئایینناسی و لە هەمان کات قبوڵی زانایانی ئایینی بێت؛ قورسە و ڕەنگە ئەستەمیش بێت. بە هەر حاڵ لە هەر هەشت ئایینە گەورەکانی جیهان واتە مەسیحیەت و هیندۆسی و بوودایی و شینتۆ و کۆنفوشیوسی و تاویەت و یەهودیەت و ئیسلامدا خاڵی هاوبەشی زۆر هەیە یەکێک لەو خاڵە هاوبەشانە بڕوابوونە بە جیهانی نادیار و..هتد و ئەندێشەی تایبەت بە ڕۆح.

 

لە‌دایک‌بوونی ئایین

دەکرێت سەردەی نوزدەیەم بە سەدەی لێکۆڵینەوە لە بارەی ئایینەوە ناو بنێین. لە سەرتای ئەم سەدەیە بوو کە زانایانی زانستە مرۆڤایەتیەکان و بە تایبەت کۆمەڵناسەکان و دەرونزانەکان، بە شیکردنەوە و لێکۆڵینەوەی قووڵ لە بارەی چۆنیەتی لە‌دایک‌بوونی ئایین لە سەردەمی پێش مێژووی مرۆڤایەتی و ڕۆڵی لە ژیانی مرۆڤەکان دەست‌پێ‌کرد. زانایان بە پشت‌بەستن بە زانستێکی نوێ بە ناوی “مرۆڤ‌ناسی” ـەوە، بەرە-بەرە لە ڕێگای لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتیی ژیان و هزر و بیری هۆزەکان و کولتورەکان، سەرداوی لە‌دایک‌بوونی ئایین و مەزهەبیان بۆ ڕون بوەتەوە.

زانایەکی ئەڵمانی بە ناوی ماکس مۆلەر دەکرێت بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئایین‌ناسیی بەراوردکاری ناوی لێ بنێین.. ئەم زانا ئەڵمانیە پێی وایە بۆ دەرکەوتنی چۆنیەتیی له‌دایک‌بوونی ئایین پێویستە بگەڕێینەوە بۆ مرۆڤەکانی پێش مێژوو ، ئەو دەڵێت مرۆڤەکانی پێش مێژوو مرۆڤی نیمچە وەحشین، کە تەنانەت هەنوکەش لە بە‌شێکی ئەم جیهانە هێشتا ماون. ئەوان بڕوایان بە هێزی سروشت هەیە و کەسایەتیی پێ دەبەخشن. بۆ وێنە بۆ دیاردەکانی سرۆشتی وەکو شاخ و ئاسمان و دەریا، هێزێکی خەیاڵی لە بەرچاو دەگرن و ئەو هێزە خەیاڵیە بە خاوەنی سەروتر لە هێزی مرۆڤ دەزانن. ئەو لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: ئەو مرۆڤانەی سەرەتایی بە‌جیددی هێزانەیان لەبەر چاو گرتەوە و تەنانەت پەرستوویانن. مۆلەر هەروەها پێی وایە ئەم مرۆڤانە هەر لە کۆنەوە بڕوایان بە ڕۆح هەبووە کە بەپێی ئەم بڕوایە مردووەکان بە شێوەی ڕۆح سەرگەردانن و دەژین.

فەیلەسوفێکی ئینگلیزییش بە ناوی سپێنسێر، دەڵێت سەرەتای لە‌دایک‌بوونی ئایین و بیری ئایینی دەبێت لە مەسەلەی خەو و خەیاڵ بە دوایدا بگەڕێین. ئەو دەڵێت مرۆڤە سەرە‌تاییەکان لە کاتی خەون‌بینیندا بە مردووەکانی خۆیانەوە لەو بڕوایەدا بوون کە ئەمانە نەمردون بەڵکو تەنیا بونی جەستەییان نییە و بە شێوەی ڕۆح دەژین. هەروەها ئەم فەیلەسوفە پێی وایە ڕوحی مردوەکان لە چیرۆکە یۆنانیەکانەوە هەبووە و تەنانەت ئەو سەردەمە خەڵک لە مردووەکان ترساون و ترس بە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی لە‌دایک‌بوونی ئایینەکان دەزانێت.

سەرباری هەموو ئەو بۆچوونانە لە سەر ئایین زۆربەی هەر زۆری کۆمەڵناسان و دەروناسان و..هتد پێیان وایە ئایین سەرەتا بە شێوەیەکی سەرەتایی دەستی پێ‌کردەوە و پاش هەزاران ساڵ وەکو زۆربەی دیاردە ئینسانی و کۆمەڵایەتیەکان گۆڕانی بەسەردا هاتوە و بەرە-بەرە گەشەی کرتوە.

 

ڕیشەی ئەندێشە ئایینیەکان

لێکۆڵینەوە زانستیەکان دەریان‌خستوە کە شێوەی ژیان و جۆری بیرکردنەوەی مرۆڤەکان پێش مێژوو لە زۆر ڕووەوە لە شێوە‌ی ژیان و بیرکردنەوەی هۆزە نمیچە وەحشیەکان ـ کە ئێستا بونیان هەیە ـ دەچێت. لە ڕاستیدا دەتوانین خەڵکی هۆزە نیمچە وەحشیەکانی ئەمڕۆیی بە مرۆڤە زیندوەکانی پێش مێژوو ناو ببەین.

دەرونناسێکی ئەڵمانی پێی وایە سەرچاوەی زۆربەی ئەندێشە ئاینیەکان زاڵ‌بوونی ترس و داخوازیی میهربانییە لە هێزە ئەندێشەییەکان. دەرونناسێکی دیکە بە ناوی مارد سەرچاوەی ئەندێشە و بیری ئایینی لە عاتیفه و هەستە جیاوازەکانی مرۆڤە سەرەتاییەکاندا ـ بە تایبەت ترس ـ دەبینێتەوە. بەگشتی زۆربەی دەرونناسان پێیان‌وایە کە لە ناو سروشت کۆمەڵێک دیاردەی ترسناکی وەکو هەوەرتریشقە و زریان و بوومەلەرزە و مەرگ و نەخۆشیی کوشندە و…هتد بوونیان هەیە کە پێویستە بۆ زاڵ‌بوون بەسەر ئەو ترسانەدا مرۆڤ بڕوای بە هێزێکی دەرکیی یارمەتیدەر هەبێت، کە کۆنە دەکرێت سەرەتا و سەرچاوەی ئەندێشە ئایینیەکان لەوێوە دەست‌پێ‌بکات.

یەکێکی دیکە لە ئایین‌ناسان بە ناوی جەیمس فرەیزر، پێی وایە جگە لەو مرۆڤانەی سەرەتایی کە سەرچاوەی ئەندێشەی ئایینەکانن، دامەزرێنەری ئەم ئەندێشانە لە تاقمی ساحیرەکان و جادووگەران بوون. ئەم ساحیرانه جگە لەوەی کە هۆکارەکانی ترس و دەرونزانیی خەڵکیان دەناسی؛ هاوکات چارەسەریشیان بۆ ئەم دیاردە ترسناکانە دەدۆزییەوە. ئەم زانایە پێی وایە ئەم جادووگەرانە و ساحیرانە دواتر گەشەیان کرد و بوون بە پێشەوا و پیاوی ئایینی.. تەنات جگە لەوە جاروباریش خۆیان بە پزیشک و زانای پزیشکی دەناساند و لە ڕێگای خۆیانەوە خەڵکیان چارەسەر دەکرد (تەنانەت هە‌نووکەش هەندێ مەلا لە کوردستان خۆیان کردوەتە پزیشک و چارەسەر بۆ خەڵک دەکەن و دەرمانی میزی حوشتر و شتی سەیر‌و‌سەمەرە بەکار دێنن!). ئەم زانایە گەورەیە پێی وایە ئەم کەسانە پێشتر خۆیان بە پاسەوانی ئایین زانیوە، و باس لەوە دەکات کە لە هەندێ شوێن دەبوایە بۆ وەستانی زریان یان ڕەشەبا یان بوومەلەرزە ئەم ساحیرانە چارەسەری ئەو بارودۆخەیان بکردایە و بیانوەستاندایە! تەنانەت لە ئایینی ئیسلام گەورە پیاوانی ئایینیی ئایینەکانی تر بە ساحیر و جادوگەر ناو دەبەن.

بەشێکی دیکە لە دەرونناسان ئایین بە پێویستیی دەرونیی مرۆڤ دەزانن، بەتایبەت لە کاتی ترس و ڕووداوێکی سروشتی گەورەدا وەکوو پشتیوان سەیری ئایین دەکەن.

یەکێک لە دامەزرێنەرانی زانستی کۆمەڵناسی، بە ناوی دورکهایم، پێی وایە ئایین دیاردەیەکی جیهانیە، ئەم دیاردەیە کولتورێکی لە جیهان دروست کردوە کە بە شێوەی جیاواز و لە کاتی جیاواز بەرە-بەرە گۆڕانی بە سەردا هاتووە، تا گەشتوەتە ئەم قۆناخە و بەپێی ئەم کولتورە لە دەرەوەی ئەم جیهانە هێزێک حوکم بە سەر ئەم جیهانە دەکات.

فرۆیدیش پێی وایە مرۆڤ هەر لە کاتی لە‌دایکبوونی پێویستیی بە پشتیوان هەیە و ئەوەش دایک و باوکە، بەڵام وردە-وردە کە گەورە بوو بە دوای هێزی پشتیوانی دیکەدا دەگەرێت، ئەوەش خودایە. ئەو پێی وایە هەموو ئەمانە عاتیفە و هەستە و لە ڕووی عاتیفە و خۆی بە بچووک دەزانێت و، باوک و خودا بە گەورە.

 

خوادکانی پێش مێژوو

هەندێ لە مرۆڤ‌ناسان و ئایین‌ناسان مێژووی بیری ئایینی بۆ ٢ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار ساڵ پێش لە ئێستا دەگەڕێننەوە. ئەم زانایانە پێیان وایە لەو کاتەوە کە مرۆڤ بیری لە خۆی و ژینگەی تایبەتی خۆی کردوەتەوە؛ ئەندێشەی ئایینیش دەستی پێ‌کرد.

سومەرییەکان و بابلییەکان کە ئێستاکە ئاسەوارێکی بە‌جێ ماوە؛ بڕوایان بە خواکانی ئاسان، خۆر، زەوی، مانگ هەبووە و هەروەها میسرییەکانیش خواوەندە مرۆڤ‌شێوە و ئاژەڵ‌ڕەنگەکانیان و وەک خودای خۆیان زانیوە. فرەیی خواکان لە ئایینەکانی پێش مێژوو و سەردەمی کۆندا واقیعێکی گشتی بوە و بۆیە ئەو قۆناغە جیاوازە لە قۆناغی ئایینە یەکتاپەرستیەکان کە دواتر سەرهەڵ‌دەدەن.

 

گەشە و گۆڕانکاریی ئایینەکان

لێکۆڵینە زانستیەکان لە بارەی ئایینە جیهانیەکانەوە دەریان‌خستوە کە هەموو ئەو ئایینانە لە سەرەتاوە زۆر سادە و ساکار بوون و بەڵام دواتر بە‌پێی زەمەن و کات گەشەیان کردوە. هەزاران ساڵ پێش لە‌دایک‌بوونی ئەو ئایینانە سەرەتا وەکوو بنەما و بڕوای پەرت‌وبڵاو و سەرەتایی بوونیان هەبووە و بە تێپەراندنی کات گۆڕانیان کۆکراونەتەوە.

بۆ وێنە ئایینی یەهودیەت “اليهودية” یان جولەکایەتی (بە ئینگلیزی: Judaism، لە وشەی Iudaismus ی لاتینییەوە، کە داتاشراوە لە وشەی Ioudaïsmos ی گریکییەوە، و ئەمەش دوا جار لە وشەی “یەهوداهـ” יהודה ی عیبرییەوە)، ئایین، فەلسەفە و ڕێگای ژیانی جوولەکەکانە. ئایینەکە لە کتێبی پیرۆزی عیبریەوە (کە ناویش دەبرێت بە “تاناخ”) سەرچاوەی گرتووە و دەقەکانی تری دوایی وەکوو تەلموود ڕوونی دەکەنەوە. یەهوودییەت لەلای پیاوانی ئایینی پێناسە دەکرێت بە پەیوەندییەکی پشتاوپشتی لەنێوان خودا و بەنو ئیسرائیلدا. یەهوودییەتی ڕەبانی “حاخامی” پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە خودا فەرمایشتەکانی خۆی بە مووسا لەسەر چیای سینای بە هەردوو ڕێگەی “تەوڕاتی نووسراو” و “تەوڕاتی زارەکی” ڕاگەیاندووە. ئەم چەمکەی حاخامەکان جەختیان بەدرێژایی مێژوو لەسەر کردوەتەوە؛ لەلایەن جولەکە قەڕڕاییەکان “القرائیون” ـەوە ڕەخنەی لێ گیراوە و ڕەت کراوەتەوە، کە ئەمەش جووڵەیەک بوو لە سەدەکانی ناوەڕاستدا دەرکەوت، کە لە ئێستادا هەزاران شوێنکەوتوویان هەیە، پێشیان وایە کە تەنها تەوڕاتی نووسراو درووستە، کە لە پرۆسەیەکی درێژخایەندا و بە درێژایی چەند سەدەیەک كۆ كرایەوە و گەشەی كرد و فۆرمی گرتوە. پێش ئەم شێوەگرتنەی ئایینی یەهودی و ١٧٠٠ ساڵ پێشتر کەسێک بە ناوی “ئیبراهیم” کۆمەڵێک بڕوا و داب‌ونەریت “تەقالید” وهەڵس‌وکەوتی ئەخلاقیی کۆ کردەوە و دواتر لەسەر دەستی مووسا گەیشت بەو ئایینی یەهوودیەی کە ئێستا دەیبینین. بە هەمان شێوەش ئایینی هیندۆسی کە یەکێکە لە کۆنترین و زیندوترین ئایینەکانی جیهان بێ ئەوەی پێغەمبەرێکی ئاسمانیی هەبێت، دوای هەزاران ساڵ ڕێگای گۆڕانکاری و گەشەی بە خۆیەوە بینیوە کە دواتر لەسەر دەستی بوودا ئایینی بوودایی دروست بوو.

بەکورت؛ لێکۆڵينەوەكان بەڕوونی دەریان‌خستوە كە بە‌گشتی دیاردەی ئایین دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی و ئینسانییە و بەردەوام لە حاڵەتی گۆڕاندایە .گەورەترین تایبەتمەندی هەموو ئەم ئایینانەش تایبەتمەندیی گەشە‌کردنیانە لە حاڵەتی سەرەتاییەوە بۆ حاڵەتی ئاڵۆزی و پێش‌کەوتن.

گەر بەدوای سەرچاوە مێژووییەکانی ئایینە هەرەکۆنەکاندا بگەڕێین؛ چەمکی خودا بە واتە ئەمڕۆییەکەی بەدی ناکرێت. مرۆڤە سەرەتاییەکان بڕوایان بە هێزی غەیبی و ڕۆح هە‌بووە و تەنانەت شاخەکان و بەردەکان وەکۆ ڕوح سەیریان دەکردن. دواتر کە ئایینەکان گەشەیان کرد؛ کران بە کاریزما و چیرۆکی ژیانی ئەم خودایانە بوون بە ئوستوورە و پاڵەوان. ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە ئەمەیە کە مرۆڤەکان سەرەتا لەسەر بێ‌خودایی و دواتر چەند‌خوادیی و لە کۆتایشدا تاک‌خودایی ڕۆشتوون و بەم شێوەیە باوەڕیان گەشەی کردوە. هەر ئەم پرۆسەیە دەری‌دەخات کە هەموو ئەم بڕوایانە دەستکردی خودی مرۆڤن و سەرچاوەکەی مرۆڤەکانن، بۆیە دەتوانین بڵێن ئایین دیاردەیەکی ئینسانیە. خواوەندیش لە هەر کۆمەڵگایەکدا ناوێکی هەبوە: خودای یۆنانییەکان “زیۆس” بووە، و خودای ئێرانیەکان “ئەهورا مەزدا”، و خودای موسوڵمانەکان “اللە” و خودای هیندۆسەکان “برەهما” بووە.

 

پەیوەندیی ئایین و زانست

مەلاکان و لایەنگرانی ئایینی ئیسلام بەردەوام لە‌سەر پەیوەندیی پتەوی نێوان زانست و ئایین جەخت دەکەنەوە، پێیشیان وایە هیچ بەرکەوتنێک لە نێوان ئایین و زانستدا نییە. بەڵام سەروبەری ئەم تیزە پێچەوانەیە، چونکە بنەما و ئەندێشەی هەر دولا زۆر جیاوازن و تەنانەت دژی یەکیشن. هەرلە بنچینەدا پەیامی هەر دوو لا جیاوازە: زانست هەوڵ دەدات دیاردەکانی سروشت بناسێت و چۆن و پرسیاریان لە سەر بکات، بەڵام ئایین پێوەر بۆ ژیان و ڕەفتار و گوتاری مرۆڤەکان دادەنێت. جگە لەوەش بە دەیان بەڵگە زۆربەی بوچوونە ئاینیەکان سەبارەت بە سروشت و جیهان لە لایەن زانستەوە ڕەت کراونەتەوە، بەتایبەتی ئەو چیرۆکە ئایینیانەی باس لە پەیدابوونی جیهان یا مرۆڤەکان دەکەن، کە هەموو ئەمانە دوای مشت‌ومڕێکی زۆر کۆتاییان پێ‌هاتووە و تەنانەت لە خوێندن و پرۆگرامی قوتابخانەکان وڵاتانی پێشکەوتوو بە تەواوی سڕاونەتەوە و لە زانکۆکان و قوتابخانەکان تیۆریی پەرەسەندن “تطور” خرایە ناو میتۆدی خوێندنەوە. ئیت ئاستی زانست و زانیاریی خەڵک لە هەر کۆمەڵگاێک لەگەڵ ئاستی و زانیاری کۆمەڵگای ئایینی؛ زۆر جیاوازە. هەر ئەوەندە کۆمەڵگایەک خوێندەوار و ئاگادار و هۆشیار بێت؛ هەستی ئایینی لای ئەوان کزتر، و بە پێچەوانەشەوە هەر کۆمەڵگایەک نەخوێندەوار و دواکەوتوو بێت لە‌باری زانست و زانیارییەوە؛ ڕوو لە ئایین دەکەن. لە کۆتاییشدا لە ئاکامی پێشکەوتنی زانستی و گۆرینی سیستەمی پەروەردە و خەباتی بێ‌وچانی ڕوناکبیران و خەباتی دیمۆکراسی؛ دیاردەی ئایین دەچێتە کەناری دیمەنی گشتیی مرۆڤایەتی.

سەرچاوەکان:

١. علی دشتی، شيعگری.

٢. ارباب کیخسرو شاهرخ، زرتشت پیامبری که از نو باید شناخت.

٣. “خدايان دين”، ویکی‌پدیا، دانشنامهٔ آزاد.

 

 

هەر ئەوەندە کۆمەڵگایەک خوێندەوار و ئاگادار و هۆشیار بێت؛ هەستی ئایینی لای ئەوان کزتر، و بە پێچەوانەشەوە هەر کۆمەڵگایەک نەخوێندەوار و دواکەوتوو بێت لە‌باری زانست و زانیارییەوە؛ ڕوو لە ئایین دەکەن

 

جادووگەرەکانی کۆمەڵگای سەرەتایی مرۆڤ؛ خۆیان بە پزیشک و زانای پزیشکی دەناساند و خەڵکیان چارەسەر دەکرد.. تەنانەت هە‌نووکەش هەندێ مەلا لە کوردستان خۆیان کردوەتە پزیشک و چارەسەر بۆ خەڵک دەکەن و دەرمانی میزی حوشتر و شتی سەیر‌و‌سەمەرە بەکار دێنن!

 

 

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.