شه‌ممه‌ 21 تشرینی یه‌كه‌م 2017
ماڵەوە / وتار / شەڕی نێوان ڕژیمی ئیسلامی ئێران‌، ئەمریکاو سونییەکانی ناوچەکە/محەمەد حەكیمی

شەڕی نێوان ڕژیمی ئیسلامی ئێران‌، ئەمریکاو سونییەکانی ناوچەکە/محەمەد حەكیمی

شەڕی ئەمڕۆکەی ڕۆژهەڵاتی ناوین ئایا لەنێوان ئەمریکا‌و ڕژێمی ئیسلامی ئێراندایە؟ ئەم شەڕە بەرەو کام ئاراستە دەچێت؟ ڕاستە ئەمڕۆ ڕژێمی ئیسلامی‌و ئەمریکا لە بەرانبەر یەک لە یەک سەنگەردا نین، بەڵام دەستێوەردانی ئێران لە نێو کاروباری عێراق، سوریە، یەمەن‌و لوبنان، ئێرانی لە بەرانبەر ئەمریکادا قەرار داوە.
ئایا ئەمریکا‌و ڕژێمی ئیسلامی ئێران دەسەڵات لە ڕۆژهەڵاتی ناوین لەنێوان خۆیاندا دابەش دەکەن، یان وڵاتانی سونیش دەکەونە ناو شەڕێکەوەو ناوچەکە زیاتر بەرەو ئاڵۆزیی دەبەن. ئەمە لەلایه‌کەوەو لەلایه‌کی دیکەشەوە وڵاتانی سونی وردە وردە خەریکە دێنەوە خۆیان‌و نایانەوێ چیدی دەسەڵاتی ڕژێمی ئیسلامی لەمە زیاتر بێت. یەمەن داوای لە وڵاتانی عەرەبی کردوە کە یارمەتی نیزامی ئەو وڵاتە بدەن لە بەرانبەر حوسیەکاندا  کە ”شیعە” ن و هەر بەو هۆیەوە عەرەبستانی سعودی هەر ئێستا هێزیکی زۆری لەسەر سنووری ئەو وڵاتە کۆکردوەتەوەو ئەگەری ئەوە لە ئارادیە کە پشتیوانی ئاسمانی دەسەڵاتی یاسایی یەمەن بکات‌و هێرش بکاتە سەر حوسیەکان‌و ئەمەش کۆی قەزیەکە دەگوڕێت‌و ئەو شەڕه‌ی کە ناوچەکە چاوەروانی دەکات، هێدی هێدی دەست پێدەکات.

بەڵام دوای نەمانی هێزی نیزامی ئەمریکاو کشانەوەی هەموو هێزەکانی لە وڵاتی عێراق‌و هەروەها سەرکەوتوو نەبوونی ئەمریکا لە شەڕی سوریەو مانەوەی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لەو وڵاتەو هەروەها حیزبوڵڵای لوبنانیش کە تا ڕادەیەکی بەرچاو گوێڕایەڵی ڕژێمی ئیسلامییە، ئەمە نیشاندەری ئەوەیە کە دەسەڵاتی ڕژێمی ئیسلامی ئێران تا ڕادەیەکی بەرچاو لە ناوچەکە زیادی کردوەو ئەمریکاش دەیەوێت بە شێوەیەک بگەڕێتەوە بۆ ناوچەکە. ئەم گەڕانەوەو هاتنەوەیه‌ بە شێوەیەک ئەم دوو هێزە لە بەرانبەر یەکدا قەرار دەدات، هەر بۆیە ڕژێمی ئیسلامی ئێران بە هەموو هێزیەوە بەرگری لە هاتنەوەی دووبارەی ئەمریکا دەکات بۆ عێراق، بە دروستکردنی حەشدی شەعبی‌و ناردنی پیاوی ژمارە یەکی خۆی “قاسم سولەیمانی” دەیەوێت دۆخەکە بە قازانجی خۆیی بگۆڕێت.

زۆر لە پسپۆڕانی بواری سیاسی باس لەوە دەکەن کە کاتێ ئەمریکا هێرشی کردە سەر عێراق جۆرێک لە ڕێکەوتن لەگەڵ ڕژێمی ئیسلامی ئەنجام داوە. ئەمریکا سەرەتا باسی لەوە دەکرد کە تا چەندین ساڵ لە عێراق دەمێنێتەوەو بەرنامه‌ڕێژیی بۆ مانەوەی دەیان ساڵەی خۆی لەو وڵاتە ئەنجام دابوو، بەڵام بە هۆی قەیرانی ماڵیی ساڵی ٢٠٠٨ەوە ئەو وڵاتە ناچار بوو عێراق بە جێبێڵێت. بە ڕای من ئەمە گەورەترین هەڵەی ئەمریکا بوو کە لە ناوچەکە ئەنجامی دابوو.

لەم ماوەدا کە ئەمریکا عێراقی بە جێهێشت، ڕژێمی ئیسلامی ئێران دەستی دایە کوشتنی فرۆکەوانان‌و نیزامیانی پێشووی عێراق، زانایانی سونی‌و زانستی ئەو وڵاتەو کێشەی ئایینی لەو وڵاتە پەرەپێداو بە شێوەیەک دەتوانم بڵێم کە تۆڵەی شەڕی هەشت ساڵەی لە عێراق بە تایبەتی لە سوننەکانی ئەو وڵاتە کردەوە.
ڕژێمی ئیسلامی بە پێی ئەوەی کە دەیەوێت پەرە بە دەسەڵاتی خۆی لە ناوچەکە بدات‌و دەیەوێت بە پێی ئەو دەسەڵاتە وڵاتانی جیهان لەگەڵیدا دانوستان بکەن‌و حسابی بۆ بکەن. لەم ڕێگەدا ڕژێمی ئیسلامی لە دوو ڕێکار کەڵک وەردەگرێت، یەکەم ئایینی شیعەیەو دووەم پرسی عێراق، لوبنان، فەلەستین‌و سوریەو یەمەنەو بەو پێوەرانە دەیەوێت لە نێوان خۆی‌و وڵاتانی جیهان‌و لەلایه‌کی دیکەشەوە لەگەڵ ئیسراییل کە خاوەن زۆرترین کڵاوه‌ی ئەتومییە لە جیهاندا هاوسەنگییەک دروست بکات.

بەڵام ئەم پیلانەی ڕژێمی ئیسلامی کە دەیەوێت بەهۆی ئەم سیاسەتانەوە وڵاتانی گرووپی پێنج زێدە یەک‌و ئەمریکا سەبارەت بە بەرنامەی ناوکی ئەو وڵاتە ڕێکبکەون، پیلانێکی شکستخواردوە، چۆنکە هەر ئێستا تا ٥ ڕۆژی دیکە مۆڵەتیان بۆ ڕژیمی ئیسلامی داناوە کە سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ڕێکبکەوێت، ئەگینا کۆنگرێسی ئەمریکا گەمارۆکان زیاترو زیاتر دەخاتە سەر ئەو وڵاتەو ئەمەش کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر ئەو پیلانانەی کە ڕژێم بۆ بە دەستەوەگرتنی ناوچەکە دایناوە. لەلایه‌کی دیکەشەوە ڕژێمی ئیسلامی دەبێت وه‌ڵامی خەڵکی ناوخۆی خۆیشی بداتەوەو ئەگەر بە سانایی واز لە بەرنامەی ناوکی بهێنێت ئەوا ڕەنگە خەڵک باس لەوە بکەن کە ئەو هەموو پولەو ئەو هەمو گوشارەی کە خراوەتە سەر خەڵک بۆ چی‌و لە پێناو چیدا بوە؟

لەلایه‌کی دیکەشەوە، دوای هاتنی داعش‌و پیلانەکانی ڕژێم لە عێراق، ڕژێمی ئیسلامی بە گشتی خەریکە عێراق کاول دەکات‌و ئەم کاولکردنە تۆڵەسەندنەوەیه‌کە کە ساڵەها عێراق دەخاتە ناو گێژاوەوەو دوای ئەوەش کە ئەم وڵاتە یەکدەست یان ئەو شتەی کە مەبەستی ڕژێمی ئیسلامییە لێی دەربێت، لانیکەم ٥٠ تا ١٠٠ ساڵی دەوێت کە کاولکاریەکانی شەڕ چاک بکرێتەوەو ئەمەش دوو دەستکەوتی بۆ ڕژێمی ئیسلامی لە ناوچەکە دەبێت. یەکەم بریتییە لەوەی کە دەسەڵاتی شیعیی یان ئەو هیلالی شیعییەی کە خۆی مەبەستیەتی لە عێراق دادەمەزرێنێت‌و دووەم تۆڵەی ساڵەها شەڕی لەگەل ئەو وڵاتە کردوەتەوەو بە دەیان هەزار کەسی لە خەڵکی سونی ئەو وڵاتە دەکوژێت.

ئێستا ڕێککەوتنی ڕژێمی ئیسلامی‌و ئەمریکا تەنها سەبارەت بە بەرنامەی ناوکی نییە، بەڵکو سەبارەت بە ناوچەکەو دەسەڵاتگرتنی ئەو ڕژێمەیەو هەروەها بەرگرتن لە شەڕێکە کە ڕەنگە بەم زووانە ناوچەکە تووشی ببێت‌و قەیران لە دوای قەیران ئەم ناوچە لە خۆ دەگرێت.
لەلایه‌کی دیکەشەوە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بە یارمەتی روسیە پلانی بە ئاکام گەیشتنی بەرنامەی ناوکی ڕژێمی ئیسلامی ئێرانی داڕشتوەو نەگه‌یشتن بەم ڕێکەوتنە نە تەنها زۆربەی پلانەکانی ڕژێم پووچەڵ دەکاتەوە؛ بەڵکوو ڕژێم توشی تەنگژەی گەورەتر دەکات‌و لەوانەیە چەندین شتی نەخوازراو لە ناوچەکە بێتە ئاراوە.

سەرچاوەکان
•ایران میبرد یا میبازد: سەلامە کولیە
حداکپر سرعت پایانی برای یافتی توافقی در پروندە اتمی ایران
•سایتی بی بی سی و دەنگی ئەمریکاو دویچە وەلە

بابەتی هاوپۆل

پاسخ کوتاه‌ يک “ناسيوناليست کرد” به‌ ” حقيقت هاي تاريخي ضربدر ناسيوناليسم کرد ” آقاي ايرج فرزاد

کامران امين آوه‌

لێدوانه‌کان

  1. بە ڕای من تەواوی ئەم ناهێمناییەتیانەی رۆژهەڵاتی ناوین ئاکامی سیاسەتی نادروستی ئێران لە گەڵ جیهانە کە بە دەست درێژی چەکایەتی لەم وڵاتانە ، تەواوی ئاژاوەی ئاکام لە ئەم سیاسەتە نادروستانەی لە خۆی دوور خستوەتەوە و هەر جار ڕایدەکێشێتە وڵاتێک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. و ئەم سیاسەتانەی لە ئۆپۆزیت بونی ئایینی شێعە لە گەڵ بەرەو جیهانی بۆنی (Globalization)تەواوی وڵاتانی دونیا سەرچاوە ئەگرێت .و لە لایێکی دیکەیشەوە ئەمە بەو واتەیە کە تا کاتێک کە ئەم پاڕادۆکسەی ئێران لە گەڵ دونیا بمێنێت شتێک بە ناوی وتووێژ لە گەل وڵاتانی 5+1 هیچ مانا و ئاکامێکی نیە ، هەر وەها کە تائێستا نەیبووە.