دوو شه‌ممه‌ 29 نیسان 2024

شەشمین خەڵاتی ماملێ بخشرایە گۆرانیبێژ “زۆزان گولەر”

خەڵاتی ساڵی 2014 ی گۆرانیبێژی ناوداری كورد “محەمەد ماملێ” لە ڕێوڕەسمێكدا لە شاری «هاگن»ی وڵاتی ئاڵمان پێشكەش بە گۆرانیبێژی كورد “زۆزان گولەر” كرا.

بە پێی راپۆرتەكان لەمبارەوە، لێژنەی ڕاوێژكاری مەڵبەندی هونەریی ماملێ وەكوو نەریتی ساڵانە  بڕیاری دا كە شەشەمین خەڵاتی گۆرانیبێژی ناوداری كورد “محەمەد ماملێ” بە ناونیشانی “خەڵاتی ساڵی 2014” بە هونەرمەندی كوردی باكووری كوردستان “زۆزان گولەر” پێشكەش بكات.

ڕێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتی مەڵبەندی ماملێ بە خولەكێك بێدەنگیی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان دەستی پێكردو پاشان بەڕێوەبەری بۆنەكە “كاكشار ئۆرەمار” كورتە باسێكی لە سەر قۆناغەكانی ژیانی هونەرمەند “محەممەد ماملێ” پێشكەش كرد.

ئۆرەمار لە وتارەكەیدا ئاماژەی بە هونەر و خەباتی هونەرمەند “محەممەدی ماملێ” كرد و پاشان خاڵە هاوبەشەكانی ژیانی هونەری‌و خەباتی نەتەوەیی ماملێ و زۆزانی دەستنیشان كرد. بەشێكی دیكەی قسەكانی كاكشار گێڕانەوەی چەند بیرەوەرییەكی خۆی لە هونەرمەند “محەممەد ماملێ” بوو.

لە بڕگەیەكی دیكەی بەرنامەكەدا مافناس “عەزیز ماملێ” بە نوێنەرایەتی مەڵبەندی هونەری ماملێ‌و نوێنەرایەتی بنەماڵەی ماملێ چەند قسەیەكی لەسەر خەڵاتی ناوەندی هونەریی ماملێ پێشكەش كردو، سپاسی ئەنستیتۆی كورد لە ئاڵمانی كرد كە بۆ بەڕێوەبردنی كۆڕەكەو هەڵبژاردنی هونەرمەندی ساڵی ٢٠١٤ بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ماملێ هاوكاریی كردوون.

عەزیز ماملێ لە درێژەی قسەكانیدا بە ئاماژەی بە مێژووی هونەریی بنەماڵەی ماملێ و بەتایبەتیی هونەرمەند محەممەد ماملێ، رۆڵی محەممەد ماملێی لە سەردەمی كۆماری كوردستاندا بەرز نرخاند كە بە شانازیی پێشمەرگایەتیی لە كۆماری كوردستاندا گەیشت.

“عەزیز ماملێ” سەبارەت بە وەرگری خەڵاتی ٢٠١٤ی ماملێ گوتی: «ئەمساڵ بەهۆی هەلومەرجی تایبەتیی شۆڕشی كوردستان، هونەرمەندێكی تایبەتیشمان هەڵبژاردووە كە گەلێك بەلامانەوە بەڕێز و قەدر و حووڕمەتە، چ لە بواری هونەری و چ خەباتی سیاسییەوە. هەر بەم بۆنەشەوە بەڵێن دووپات دەكەینەوە كە لەم ڕێبازەی خۆمان شل نابینەوە و هیوادارین شۆڕشی كۆبانێ ببێتە سەرەتایەك بۆ رزگاریی هەموو كوردستان و ئیمەش بتوانین لە كوردستانێكی سەربەخۆدا ئەم بۆنەیە ساز بكەینەوە».

دواتر هونەرمەند “زۆزان” كە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ماملێ دەستنیشان كرابوو، لە چەند قسەیەكدا پاش دەربڕینی هەست‌و سۆزی خۆی بۆ خزمەتەكانی هونەرمەندانی بەرەی پێشوو، بە خوێندنەوەی سروودی «خوایە وەتەن ئاواكەی»‌و چەند سروودێكی دیكەی نەتەوەیی كۆڕەكەی ڕازاندەوە.

موهەندیس حاجی ئەحمەدی،  عەلی قازی، خەلیل خەمگین”، حوسێن بەخشی، شێخ عەلی نەوەی شێخ “سەعید پیران” و شارەداری باژاڕی «تەكمان» لە باكووری كوردستان‌و “ئەحمەد ئاكتاش” بە نوێنەرایەتیی ئەنستیتۆی كورد لە ئاڵمان، حەسەن شەتەوی، شاهۆ حوسێنی وتاریان پێشكێش كردو هونەرمەند “جۆمێرد” دوایین كەس بوو كە وتاری پێشكەش كرد لەسەر ڕۆڵی هونەر دوا بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوژمنان و ناحەزانی كورد.

بڕگەی كۆتایی بۆنەكە بەخشینی خەڵاتی ٢٠١٤ی ماملێ بوو كە لە لایەن “عزیز ماملێ”،”عەلی قازی” و “حەسەن شەتەوی”‌یەوە پێشكەش بە هونەرمەند “زۆزان” كرا.

شایانی باسە لە ساڵانی ڕابردووشدا خەڵاتی گۆرانیبێژی كورد “محەمەد ماملێ” بە چەندین هونەرمەند وگۆرانیبێژی ناودار و بەئەزموونی كورد پێشكەش كراوە، لەوانە: لە ساڵی 2009 بە ژەنیاری بەتوانای شمشاڵ مامۆستا “قاڵەمەڕە”، لە ساڵی 2010 بە گۆرانیبێژ و موزیكزانی كورد مامۆستا “باكووری”، لە ساڵی 2011 بە گۆرانیبێژی كورد “عەزیز شاهرۆخ”، لە ساڵی 2012 بە گۆرانیبێژی كورد “عەبباس كەمەندی” و لە ساڵی 2013 بە هونەرمەندی بەناوبانگی كورد “ناسر رەزازی”.

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.