سێ شه‌ممه‌ 26 ئازار 2024

گەڵاڵەی ٨ ماددەیی مەهاباد و بەرژەوەندییەکان / حیشمەت مستەفا سوڵتانی

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا دیسان باسی خاڵی ٨ ی گەڵاڵە ی ٨ ماددەیی مەهاباد کەوتۆتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. پێشتریش لە ساڵی ٢٠٠٦ کاک سەلاح موهتەدی لە دیمانەیه کدا لە گەڵ ڕۆژنامەی”دیمانە” باسی ئەم گەڵاڵەیەی کردەبوو. دەمەوێت بە کورتی باسی سێ خاڵی سەرەکی سەبارەت بەم گەڵاڵەیه بکەم: زەمینە وبنەمای نووسینی خاڵی ٨ لە چی دابوو؟ کاک سەلاح موهتەدی چی دەوێت؟ هەڵوێستی کۆمەڵە کان و سەرکردایەتی پێشووی کۆمەڵە لە پێناو چی دایە؟

 

زەمینە و بنەماکانی نووسینی خاڵی ٨

 

جێگای پرسیار و سەر سووڕمانە کە پارتی دێموکرات و مێدیاکانی لە خۆیان ناپرسن بۆچی کوردی ڕۆژهەڵات بە گشتی و ڕۆشنبیرانی بە تایبەتی ئاوها دژایەتییان ئەکردن؟ له راستیدا هەر ئەو دەم ئەو خەڵکە، باوش وماڵیان بەرانبەر به هێزی پێشمەرگەی یەکیەتی نیشتمانی کراوە بوو. یەکیەتی نیشتمانیش لەو سەردەمەدا، بەوپەڕی توانا و‌ هێزیانەوە لە جوولانەوەی گەڵی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشتیوانیان ئەکرد.

بە کورتی خاڵی ٨ی ئەو گەڵاڵەیە، ئاوێنەی باڵانوێنی ڕق و بێزاری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرانبەر بە کردەوەکانی پارتی و قیادە موەقەت بوو. پارتی خولقێنەری شەڕی ناوخۆ، خنکێنەری بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ساڵەکانی ١٣٤٦ – ١٣٤٧ی هەتاوی کوردەکانی ڕۆژهەڵات بوو. باشمان له بیره کە ئەودەم قیادە موەقەت ببووه داردەستی رژیمی پاشایەتی حەمەرەزا شا و بو رازی کردنی ساواک و دەوڵەتی ئێران، کوردە شۆڕشگێڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ئێعدام ده کرد و دواتریش بووه هۆی ئاشبەتاڵی شۆڕشی باشووری کوردستان..

 

بەڵێ، کاتی نووسینی ئەو گەڵاڵەیە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان:

هێشتا تەرمەکەی کاک سولێمانی موعینی، کە بە دەستی پارتی و ساواک ئێعدام کرابوو و لە سەر شەقامەکانی سەقز و مەهاباد ڕایاندەکێشا، لە بەر چاو ون نەببوو؛

هێشتا خوێنی ٨٠٠ پێشمەرگەی شۆڕشی نوێی کوردستان لە سەر بەندەنەکانی “هەکاری” وشک نه ببووە؛

هێشتا دو کچە گەنجە “نودشەییەکان” کە لە “دزڵی” مەریوان بە دەست قیادە و بە بێ تاوان کوژرا بوون، کفنەکانیان زەرد نەکردەبوو؛

هێشتا جێگای زام وئەشکەنجەی شۆڕشگێران لە سنەومەریوان بەدەستی چەکدارەکانی قیادە ساڕێژ نە ببوو؛

جەماوەری خەڵکی رۆژهەڵات هێشتا بۆیان پرسیار بوو کە بۆچی قیادە موەقەتی میوان، پۆستی تەفتیش وپشکنین لە سەر ڕێگاکان دادەنێن وبەر بە خەڵک دەگرن و داوای «پێناسە» لە ساحێب ماڵ دەکەن؟!

خەڵک بۆیان پرسیار بوو کە بۆچی قیاده جووتیارەکانیان چەک و سەرکوت ئە کا و بۆچی بەم چەشنه ببوونه داردەستی ئاغا و دەرەبەگەکان؟

به بڕوای من شاردنە وەو چاوپۆشی لەم کردەوه دزیوانەی قیادە و هەروەها تەنیا زەق کردنەوەی مادەی ۸ ، نەک هەر بێ ئەخلاقی، بەڵکوو هەلپەره ستییەکی ڕوون و ئاشکرایه.

بە پێی لێکدانەوەی ڕێباز و مێژووی خەباتی سیاسی نووسەرانی ئەو گەڵاڵەیە، ئاشکرایە کە بەرژەوەندییەکانیان لە سەر مادەی ۸ ناتوانێت یەک بووبێت. بەڵام ئەو گەڵاڵەیە بە گشتی و خاڵی ٨ یشی بەتایبەتی، لە دڵی ئەو کەش و هەوایە دا هاتەوتەدەر. بە بێ له بەرچاوگرتنی ئەوه یکه کێ ئەم خاڵەی پێشنیار کردبێت، بێ گومان تەوافقی هەمووانی لەسەر بووە . هەروەها ئەو خاڵه ئەگەر لە لایەن کاک فوئادی مستەفا سولتانیەوه پێشنیارنەکرابێت، لانی کەم تەوافقی ئەوی لەسەر بووه.

بەڕێز کاک ئەحمەدی ئەسکەندەری لە نووسراوەیه کی بە نرخ و بە بەڵگەوە بە ناوی ” گەڵاڵەی 8 ماددەیی مەهاباد، قیادە موەقەت و رۆژهەڵاتی کوردستان”، زۆر بە باشی و بە تێرو تەسەلی باسی هۆییەکان ، کەش وهەوای سیاسی ئەو سەردەم و هەڵسووکەوتەکانی قیادە موەقەتی کردووە. پێشنیاری خوێندەوەی ئەو نووسراوەیە بە هەموو خوێنەران دەکەم.

 

کاک سەلاح موهتەدی دەیهەوێت کێ فریو بدات؟

 

سەلاح موهتەدی لە نریک بە دە ساڵ لەمه و پێشەوە هەوڵی داوه کە پاکانە بۆ خۆی بکات. کاک فوئادێک کە ئیتر له نێوماندا نەماوه دەکاته بەرپرسی خاڵی ٨ی گەڵاڵەی ٨ ماددەیی مەهاباد. بە دڵنیایەوه ئەگەر کاک فوئاد ئەمڕۆ لە ژیاندا مابایەت و ئێستاش باوەڕی بە و خاڵە ببوایەت، بە شەهامەتەوە دیفاعی لە بیر و باوەڕی خۆی ئەکرد و مل کەجی هیچ هێزو دەسەڵاتێک نەدەبوو.

بارودۆخی تەواو گۆڕاوی ئێستای کوردستانی باشوور، نەخۆش بوونی مام جەلال تاڵەبانی، لاواز بوونی جێ و پێی سەلاح موهتەدی لە ناو ڕیزەکانی یەکیەتی نیشتمانی وبزووتنەوەی گۆڕاندا و هەروەها بە دەسەڵات گەیشتنی پارتی، سەلاح موهتەدی بەم ئاقارەدا بردووە.

سەلاح موهتەدی نە تەنیا لە و کۆبوونەوە یه دا، بەڵکوو لە دەیان بۆنە و و شوێنی تردا نووسەرو رێکخەری جووڵانەوەی دژی قیادە و پارتی بووە. بەم جورە کاک سەلاح پێی وایە دەتوانێت پارتی فریو بدات. ئەم کەسانە کە خۆیانیان پێ “ڕێوی سیاسی”ه و دەیانەوێت خەڵک فریو بدەن، بە گوێرەی ڕۆژ و قورسایەتی هێز، جێگای حەق و ناحەق و ڕاست و ناڕاست دەگۆڕن، نە تەنیا لە لایەن نەیارانیانەوە بەڵکوو لە لایەن یارانی کۆن و تازە شەوە بە ڕێزەوە چاو لێ ناکرێن. ئەمە یەکەم جار نیە کە سەلاح موهتەدی خۆی لە بەرپرسایەتی کارەکانی ئەکێشیتەوە و رەفیقەکانی، هاوپەیمانەکانی و هاوحیزبیەکانی ئەکاتە قوربانی مەسڵەحەتی شەخسی خۆی.

 

هەڵوێستی کۆمەڵەکان و سەرکردایەتی پێشووی کۆمەڵە

 

دەڵێیت ئەم برادەرانە لە مەیدانی خەباتی ئەوساڵانەدا نەبوون! دەڵێیت ئەوان خۆیان ڕێکخەری خۆپیشاندان و ئێعترازی جەماوەری لە دژی کردەوە دزیوه کانی قیادەی موەقەت نەبوون! هەر دەڵێی کۆمەڵە ش نەبوون! سەردەمی خۆی کۆمەڵەییەکان ساحێب هەڵوێست وبڕیار، ڕاشکاو، بێ باک و نەترس، جێگای ڕێز و حورمەت بوون. مەزهەری نوێ خوازی و عەدالەت خوازی بوون. ڕێنیشاندەری مەسڵەحەت و بەرژەوەندی چەوساوەکان و گەڵی کورد بوون. بەڵام ئەمڕۆکه بەداخەوە ساڵیانی ساڵە کە ئەم کۆنە تێکۆشەرانە، خۆیان لە میژووی گەلە کەیان و رێکخرواەکەیان دەدزنەوە. ئەم بێ هەڵوێستییه کاسبکارانەیان، ئێعتبار و ئوتۆریتە و حورمەتی سیاسی ئەوانی لە ناو خەڵک وحیزب و که سایەتیه سیاسییەکاندا کەم کردوتەوە.

کاک سەید برایمی عەلیزاده لەم بارەوە لە سایتی “ئاشتی”دا لێدوانی کردووە. هەرچەن بە کورتی بەڵام بە دروستی باسی زەمینەکانی نووسینی ئەو گەڵاڵەی کردووە. ئەو لێدوانە دوو خاڵ و مەبەستی لاوازی تێدایە. یەکەم ئەوەیە کە بەداخەوە ئەویش بە جۆرێک هەر پاکانە دەکات و خۆی لێ لا دەدات. دەیهەوێت بە پارتی بڵێت ئەگەر خەتایەک بوو بێت و ئەگەر کاک فوئاد ئەو خەتایەی کردووە، دەبێت بمانبوورن چۆنکوو ئەوکات کاک فوئاد لاوێکی سی ساڵە بوو. جگە لەوەیش خۆ ئەو(کاک فوئاد) لەو کۆبوونەوە یه دا نوێنەرایەتی کۆمەڵەی نەکردووە بەڵکوو وەک نوێنەری شاری مەریوان بەشدار بووە. کاک فوئاد بە هەر ناوێکەوە بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە بووبێت و هەر بڕیارێکی ئیمزا کردە بێت هەموو کەس هەر وەک ئیمزا و بڕیاری کۆمەڵە چاوی لێ کردووە و لێی دەکات، جا چ ئەو بڕیارە دورست بووبێت یان نادروست.

مەبەستێکی تریشی ئەوەیە کە بە ئەنقەست، هەوڵ ئەدات کاک فوئاد و دەوری ئەو لەو سەردەمەدا کەم ڕەنگ بکاتەوە. ئەو هەوڵە لە گەڵ قسەکانی خۆێشی کە لە ساڵی ٢٠٠٩ دا بە بۆنەی سیهەمین ساڵیادی گیانبەختکردنی کاک فوئادەوه کردوویەتی، یەک ناگرێتەوە. سرنجی خوێنەران بۆ دیتنی دیمانەکەی کاک سەید برایم ڕادەکێشم.

http://kakfoad.com/index.php?id=113

 

هەر بە وتەی کاک سەید برایم ئەو لاوە سی ساڵەیە لە تەمەنی ٢١ ساڵی دا ساخ کەرەوەی کۆڕە سەرەتاییەکانی کۆمەڵە بوو، لە تەمەنی ٢٦ ساڵی دا نە تەنیا قارەمانی زیندانەکانی رژیمی پاشایەتی، بەڵکوو ڕێکخەر و کۆکەرەوەی هاوڕێیانی زیندانی بوو، ڕابەری مان گرتنی ٢٤ ڕۆژەی زیندانی سنە و خوڵقێنەری یەکەمین خۆپێشاندانی شاری سنە لە دژی ڕژیمی پاشایەتی بوو. هەر چوار مانگ پێش ئەو کۆبوونەوەیە، لە کۆنگرەی یەکەمی کۆمەڵە دا ساخ کەرەوە و ڕێنیشاندەری ڕێکخراوەکەی بوو. ڕێکخەر و رێبەری دەیان خۆپیشاندان لە شارەکانی سنە ومەریوان بوو…

کاک عومەر ئیلخانیزادە لە دیمانەیەک لە گەڵ “ڕووداو تی.فی”دا هەر ئەوەندەی وت کە ئەرخەیانه کە مادەی ۸ لە لایەن کاک فوئادەوە پێشنیار نەکراوە. بەڵام ئەویش، هەر وەک چاوەڕوان ئەکرا، باسی زەمینەکانی نووسینی خاڵی ٨ و کردەوەکانی قیادەی موەقەتی نەکرد.

 

ئێستا چی؟

 

ئەوندەی وا دەگەڕێتەوه سەر هەڵوێستی کەسایەتیەکان و حیزبەکان، زۆر ئاساییە که هەر کەسێک و هەر حیزبێک لە کردەوەی پێشووی خۆی پەشیمان بێتە وەو ئێستا جۆرێکی تر بیر بکاتەوە، بەڵام دەبێت بە شەهامەتەوە بڵێت کە بۆ چی پێشتر جۆرێکی تر بیری ئەکردەوە و بۆچی ئێستا وەک جاران بیر ناکاتەوە؟ بۆ شی کردنەوەی ئاڵ وگۆڕە فیکرییەکانیان پێویست ناکات کەسی تر تاوانبارکەن.

ئەوندەی وا دەگەڕێتەوە سەر قیادە موەقەتی ئەوسا و پارتی ئێستا، ئەوەیە کە ئەوان بە هەموو گەلی کورد بە ‌گشتی و بە کوردی ڕۆژ هەڵات بە تایبەتی و بە هەموو ئەو بنەماڵانەی وا نزیکانیان بەدەس ئەوان تێدا چوون، لە بنەماڵەی کاک سولێمانی موعینی وە بگرە هەتا شەهیدانی دۆلی “بایزاوێ”ی شنو و دەیان گۆشە و قوژبنی تری ئەم کوردستانە، قەرزدارن. دەسەڵاتی ئەمرۆیان ناتوانێت کردەوەی پێشووی ئەوان بشارێتەوە. ئەوە زۆڵمێکی گەورەیە لە هەموو گەلی کورد کە پارتی لە بەرانبەری ئەو کارەساتانەدا جوابدەرەوە نەبێت.

داخوازی زۆربەی گەڵی کورد ئەوەیە کە حیزبەکانیان نەبنە داردەستی دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان. هەموو حیزبەکان و کەسایتەیە سیاسیەکان دەبێت بەرپرسی کردەوەکانیان بن و لە بەرانبەر نەتەوەکەیاندا بەرپرس بن.

دیالوگ و رەخنەی سیاسی شەفاف و نەپساوە و بەرانبەر بە یەک، زامن و پارێزەری ئەسڵی دێموکراسی ، ئازادی بەیان و بیرو بۆچوون لە هەموو کوردستان دایە.

ئەزموونی خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد بە گشتی نیشانی داوە کە ڕژیمە داگیرکەرەکانی کوردستان مەرجەعێک نین کە بتوانن و بیانهەوێت ئەم نەوعە کێشانە حەل بکەن. بە پێچەوانه بە قازانجی خۆیان کەڵکی لێوەردەگرن. هەروەها جمهوری ئیسلامی ئێران مەرجەعێک نەبوو کە داوای ئیجرای خاڵی ٨ی ئەو گەڵاڵەیەی لێ بکرێت. ئەو داخوازیە و زەختە دەبا ڕاستەوخۆ لە لایەن کوردی ڕۆژهەڵاتەوە بخرایەته سەر قیادەی موەقەت.

٦-٣-٢٠١٥

 

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.