پێنج شه‌ممه‌ 25 نیسان 2024

خالید عەزیزی : ئێمە وەك حزبی دیموكرات دەبێ بە ڕاشكاوی ئاوڕێك بە ڕابردووی كار و تێكۆشان و شێوەی سیاسەت و حزبایەتیی خۆمان بدەینەوە

خالید عەزیزی، سكرتێری گشتیی حزبی دیموكراتی كوردستان، لەو چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ “وشە” تیشك دەخاتە سەر دوایین دانیشتنی دەفتەری سیاسیی هەردوو حزبی دیموكرات لەسەر یەكگرتنەوەیان و رای دەگەیەنێت، لەو دانیشتنەدا نەگەیشتوون بە رێككەوتنێكی نووسراو، هاوكات روونیشی دەكاتەوە كە بەهۆی بوونی چەندین سیناریۆی ناڕوون لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئاساییە لە هەموو شێوازەكانی خەبات كەڵك وەربگرن و دووپاتی دەكاتەوە: “بە مافی خۆمانی دەزانین لە هەموو بژاردەكانی وەك كاری دیپلۆماسی، خەباتی مەدەنی، شەڕی یاسایی و ئەگەر بە دروستمان زانی تەنانەت چالاكیی چەكداری و پێشمەرگانە كەڵك وەربگرین. زۆر ئاساییە لە گەرمەی شەڕ و چالاكیی پێشمەرگانە تەنانەت وتوێژیش لەگەڵ تاران بكەین”.

*  لە دوو مانگی رابردوودا لەلایەن ئەندامان و لایەنگرانەوە بۆ پرسی یەكگرتنەوە، فشارێكی زۆر خرایە سەر هەردوو حزبی دیموكرات و كەمپینێك بۆ ئەو مەبەستە دروست كرا كە لە ئەنجامدا وای كرد، هەردوولا لەسەر ئاستی باڵا پێكەوە كۆ ببنەوە. ئاكامی كۆبوونەوەی ئەو جارەتان بوو بەچی؟
 – ئێمە لەو دانیشتنەدا نەگەیشتین بە رێككەوتنێكی نووسراو، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ جاران، لەو دانیشتنەدا زۆر بە وردی چووینە نێو تاوتۆكردنی ڕیگەچارەكان و لەو پێوەندەدا هەردوو لا نیگەرانییەكان و دڵەڕاوكێیەكانی ئەو پرۆسەیەمان باس كرد. هەروەها وێڕای ئاماژە بەلایەنی باش و خراپی یەكگرتنەوەكەی پێشوو، هەوڵ درا بەرچاوڕوونیی پتر دروست بكرێت تا ئاستەنگەكانی یەكگرتنەوەی ئەوجارەمان بە جۆرێك بێت ئەندامانی حزبی دیموكرات بە هەردوو بەش، لەو یەكگرتنەوەیەدا هەست بە ئاسوودەیی بكەن، “ئێمە” و “ئەوان” نەمێنێ، كەس خانەخوێ و كەسیش میوان نەبێ، هەموو لایەكمان هەست بە ئاسایشی حزبی بكەین و میكانیزمی پراكتیزەكردنی ئەو بنەمایانە داڕێژین كە رێبەری و ئیدارەی حزب بە جۆرێك بێت كەس پەنا بۆ دەستەبەندی و ناوچەگەری و شتی لەو بابەتە نەبات. 
لەبەر ئەوەی حیزبی دیموكرات جیاواز لەو لێكدابڕانە، لە ڕابردووشدا لێكدابڕان و كێشەی نێوخۆییمان زۆر بووە، ئێستە زۆر پێویست و گرینگە كە هەموو لایەكمان  بە یەكەوە قۆڵی لێ هەڵماڵین و حزبی دیموكرات وا ئیدارە بدەین كە بۆ كاری گەورە و سیاسەتی گەورە بۆ داهاتووی رۆژهەڵاتی كوردستان ئامادەی بكەین. بۆ ئەو مەبەستەش دەبێ ئەندامانی هەردوولا لەو كێشە چەقبەستووانە دەرباز بین و گەورە بیر بكەینەوە. 
 
*  ناوەڕۆكی دانیشتنەكانی هەردوولا باس لە شێوازی ئیدارەكردنی ناوخۆیی حزب دەكات، پێت وانییە لەپاڵ ئەوەدا گفتوگۆ لەسەر بنەمای داڕشتنی پلان و ستراتیجێكی نوێ بۆ كاركردن لە ئەمڕۆی  رۆژهەڵاتدا بكرێت تا ئەوەی كە بە تەنیا لەسەر چۆنیەتیی ئیدارەدانی حزبی بێت؟
-ئەگەر لەتبوونی حزبی دیموكرات لەسەر ئیدارەی حزب بوو، با یەكگرتنەوە بكەین بە دەرفەتێك بۆ ئەوەی حزبی دیموكراتی یەكگرتووی داهاتوو، بتوانێ لە گۆڕەپانی سیاسیی داهاتووی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان و ناوچەكە، ئەوەندەی پێوەندی بە ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستانەوە هەیە، دەورێكی گەورە ببینێت. بۆیە ئەندامانی حزبی دیموكرات دەبێ بەو تێگەیشتن و عەقڵییەتەوە پێداویستی یەكگرتنەوەیان بەلاوە گرینگ بێت. ئەو جۆرە بیركردنەوەیە رێبەری داهاتوو بۆ كار و پڕۆژەی گەورەی سیاسی ئەركدار دەكات. لە دانیشتنەكانی داهاتوودا ئەو باسانەش دێنە گۆڕێ. 
 
 *  كاتێك ئێوە بوون بە سكرتێری حزبی دیموكرات، تا ئەوكات بەڕوونی قسەكردن لە شێوازی خەباتی مەدەنی لەناو زۆرینەی حزبەكانی رۆژهەڵاتدا تا رادەیەك بڤە بوو، ئێوە بە ئاشكرا باستان لەوە كرد كە باوەڕی تەواوتان بەو شێوازە خەباتە هەیە و لەلایەكی تریشەوە گرووپێكتان پێك هێناوە كە خەباتی چەكداری دەكات، هاوكات باس لە  وتوێژ دەكەن، بەڕای ئێوە ئەوانە لەگەڵ یەك لە پارادۆكسدا نین، چۆن دەتوانن هاوسەنگییەك لە نێوانیاندا دروست بكەن؟
-سروشتی گۆڕەپانی سیاسیی ئێران و كۆماری ئیسلامی و رێكخستنی هێزەكان لەناو كۆماری ئیسلامی و هەروەها كێشەكانی ناوچەكە و ژیانی سیاسیی حزبی دیموكرات، بە هەموویانەوە راستییەك بە ئێمە دەڵێن كە ئێمە لە ناوچەیەكدا سیاسەت دەكەین كە رووبەڕووی كۆمەڵێك سیناریۆی ناڕوون بووەتەوە، ئێمە لە شوێنێكدا سیاسەت دەكەین كە هەموو لایەك چەكدارن. لەبەر ئەوەی كۆماری ئیسلامی هیچ دەرفەتێك بە كوردی ئێران و حزبی دیموكرات نادات، ئێمە بە مافی خۆمانی دەزانین لە هەموو بژاردەكانی وەك كاری دیپلۆماسی، خەباتی مەدەنی، شەڕی یاسا و ئەگەر بە دروستمان زانی تەنانەت چالاكیی چەكداری و پێشمەرگانە كەڵك وەرگرین. زۆر ئاساییە لە گەرمەی شەڕ و چالاكیی پێشمەرگانە تەنانەت وتوێژیش لەگەڵ تاران بكەین. مەبەستم ئەوەیە هەموو ئەوانە بۆ ئەوەیە ئێمە زەمینە و بەستێن پێك بێنین بۆ چارەسەری كێشەی كورد لە ئێران. 
 
*  لە دوای ساڵی ١٩٩١ حزبەكانی رۆژهەڵات بەناوی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی هەرێم دەستبەرداری چالاكی چەكداری بوون، ئێستەش وای كردووە رۆژهەڵات ببێت بە بێدەنگترین پارچەی كوردستان. مەبەست لە رۆژهەڵات تەوەری چییە؟ دەتانەوێ لەو رێگەیەوە خۆ لەو تەنگژەیە دەرباز بكەن؟، پێت وانییە حزبەكانی رۆژهەڵات لە ئێستەدا پێویستیان بە سەركردەیەكی رادیكاڵ هەبێت كە بتوانێ لەناو خەڵكەكەی خۆی چالاكییەكانی دەست پێ بكاتەوە؟
-باسی رۆژهەڵات تەوەری لە پێوەندی لەگەڵ ئەو راستییەدا بوو كە لە روانگەی ئێمەوە هەر پارچەیەكی كوردستان، بەگوێرەی تایبەتییەكانی خۆی ئەرك و بەرپرسیارێتی دیاریكراویش دەخاتە سەر خەڵك و حزبی ئەو بەشە. حزبی دیموكراتی كوردستان لە رۆژهەڵاتی كوردستاندا دروست بووە و گۆڕەپان و شوێنی چالاكیشی هەر رۆژهەڵاتە. لەبەر دوو هۆ ئێمە دەمانەوێ بەو باسە سەرنج بە ڕۆژهەڵات بدەین. یەكەم،  ئێستە كە پرسی كورد لە ناوچەكەدا كەوتووەتە بەرباس، كۆماری ئیسلامی دەیەوێ بە دۆستایەتی لەگەڵ هەندێ لە حزبەكانی پارچەكانی تری كوردستان خۆی بە خەمخۆر و دۆستی ئەو بەشانە نیشان بدات و بەو جۆرە كوردستانی ئێران و كێشەكەی بێ دەنگ بكات و پەراوێزی بخات. دووەم، دەمانەوێ بە خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بڵێین باشترین پشتیوانی لە پارچەكانی تر، ئەوەیە ئێمە لە رۆژهەڵاتی كوردستان چالاك و بەهێز بین. من لەو باوەڕەدام ئێمە وەك حزبی دیموكرات دەبێ بە ڕاشكاوی ئاوڕێك بە ڕابردووی كار و تێكۆشان و شێوەی سیاسەت و حزبایەتیی خۆمان بدەینەوە، كێشەكانی ئێمە بە ڕادیكالیزم و حەز و ئارەزوو چارەسەر نابن.  بەڵكو بە ڕیالیزم و واقیعبینی دەتوانین چارەسەر بدۆزینەوە. گرفتی ئێمە ئەوەیە دەیان ساڵە زۆر لە وڵاتەكەی خۆمان دوور كەوتووینەتەوە، ڕادەی نیزیكبوونەوەی ئێمە لە واقیعەكانی ئێران و كوردستانی ئێران، دەستەبەری سیاسەتگوزاری دروست لای ئێمە دەكات.
*  ئێوە بەرژەوەندییەكانی هەرێم دەپارێزن و دەستبەرداری كۆمەڵێك چالاكیی سیاسی بوون لە ناوخۆی رۆژهەڵات، لەو پێناوەدا چیتان لە هەرێمی كوردستان وەرگرت، ئایا جارێك لە جاران پارتە دەسەڵاتدارەكانی هەرێم داوایان لە كۆماری ئیسلامی كردووە لەگەڵ حزبەكانی رۆژهەڵات دابنیشن، ئەوە لە كاتێكدایە ساڵانە ئەو حزبانە لەسەر ئاستی باڵا لەگەڵ كۆماری ئیسلامی دانیشتن ئەنجام دەدەن؟
– ئێمە پێوەندی خۆمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای دانووستان دانەناوە. سیاسەتی ئێمە ئەوەیە لە رادەی توانایی خۆمان بەرژەوەندییەكانی ئێرە بپارێزین و ئێمە نەبین بە بیانوو بۆ ئێران لە دژی باشووری كوردستان. حكوومەتی هەرێم هەرگیز بە ئێمەیان نەگوتووە لە ناوخۆی كوردستانی ئێران خەبات و چالاكی نەكەین. ئێمە دەبێ خەڵك لە ناوخۆی وڵات فێری ئەوە بكەین خۆیان لەوێ چالاكیی خۆیان بكەن، نەك چاوەڕوانی ئەوەبن كە پێشمەرگە لێرەوە رەوانەی نێوخۆ بكرێتەوە. ئێمە دەبێ چاوەڕوانییەكانی خۆمان لە هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكانەوە بخەینە نێو بازنەی  هەڵسەنگاندنی پێگە و توانایی و گیروگرفتەكانی باشووری كوردستان لە سیناریۆی ئاسایشی ناوچەكەدا، هەروەها دەرفەت و ئاستەنگەكانی بەردەم هەرێمی كوردستان لە چۆنیەتیی پێوەندییەكان لەگەڵ تاران وەك واقیعێك ببینین. زۆر بە باشی دەزانین ئەگەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆی بكرێ و بگونجێ هاندەر و ڕێكخەری وتوێژی نێوان ئێمە و ئێران دەبێت. 
 
*  ستراتیژی حزبی دیموكرات رووخانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە، هەمیشە هیوایەك هەبووە كە لە ئێراندا گۆڕانكارییەك روو دەدات و كۆماری ئیسلامیی ئێران نامێنێت، بەڵام ئێستە دەبینین لە دانیشتنەكانی 5+1 خەریكە هاوكێشەكە دەگۆڕێت، ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە ئێوەیش بەو ستراتیژییەی خۆتاندا بچنەوە و رووخانی كۆماری ئیسلامی مەرجی سەرەكی نەبێت، واتا میكانیزمێك دابنێن بۆ ئەوەی ویستەكانی كوردی لە رۆژهەڵاتی كوردستان پێ بەرجەستە بكەن؟
– پێشەكی، ستراتیژی ئێمە رووخانی كۆماری ئیسلامی یان دەوڵەتی ناوەندی نییە، ڕووخانی حكوومەتی ناوەندی زۆرتر وەك دروشم باسی لێ كراوە، ستراتیژی ئێمە ئەوەیە بە مافەكانی نەتەوایەتیی خۆمان بگەین، تەنانەت لە چوارچێوەی ئەو حكوومەتەشدا ئەگەر بگونجێ. ئێران نە كورد دروستی كردووە و نە بە كوردیش دەڕووخێ. بەڵام ئەگەر جووڵانەوەی خەڵكی ئێران و كێشەكانی نێوخۆیی بەرەو ڕووخانی ئەو ڕێژیمە چوو، بە دڵنیاییەوە ئێمە لێی وەدووا ناكەوین و كاریشی بۆ دەكەین. ئێمە بەرنامەی سیاسیی خۆمان هەرگیز لەسەر ئەگەری رێككەوتنی ئێران و ئەمەریكا دانەناوە، كێشەی ئەمەریكا و ئێران لەسەر بەرژەوەندیی خۆیانە و تا ئێستەش سیاسەتی ئەمەریكا وەك خۆیان دەڵێن گۆڕینی ڕەفتاری ئێرانە نەك گۆڕینی ڕژێمەكە. ئەگەر بڕیار بێ بە ستراتیژی خۆماندا بچینەوە، دەبێ ئاوڕدانەوەیەكی تێروتەسەل بەشێوەی سیاسەت و حزبایەتی خۆماندا بدەینەوە و لە ژێر ڕووناكایی ئەو هەڵسەنگاندنە، خوێندنەوەیەكی ترمان بۆ داهاتووی ئێران و كار و تێكۆشانمان هەبێت. 
 
*  لە ناوخۆی رۆژهەڵاتدا كەسانێك هەن خۆیان بۆ پەرلەمان و بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێیەكان دەپاڵێون، پێشتر ئەو كەسانە لەلایەن حزبەكانی رۆژهەڵاتەوە بە چاوی گومانەوە سەیر دەكران و بەدناو دەكران، ئێستە نوێنەرانی كورد لە پەرلەمان هەندێكیان لە دەوری بەرەی یەكگرتووی كورد كۆ بوونەتەوە، بەڵام سەرباری ئەمەیش یەكگرتوو نین و پەرتەوازەبوونیان پێوە دیارە، هیچ پلانێكتان هەیە بۆ ئەوەی دنیابینی سیاسیی ئەو نوێنەرانە لە دەوری ویستەكانی كورد كۆ ببێتەوە، بۆ ئەوەی لانیكەم لە بەڕێوەبردنە خۆجێییەكاندا داوای ماف و بودجەی زیاتر بكەن بۆ ئاوەدانكردنەوە و بردنەسەری ئاستی ژیان و گوزەرانی خەڵكەكەیان؟
– بە باوەڕی من هیچ حزبێك نابێ لە خۆڕا و بێ بەڵگە و بە چاوی گومانەوە بڕوانێتە تێكۆشانی خەڵكی نێوخۆی وڵات. چاوەڕوانییەكانی ئێمە دەبێ بەگوێرەی ڕاستییەكانی نێوخۆی وڵات بێت و بە پێی ئەوە قەزاوەت لەسەر ئەوان بكەین. لەسەریەك ڕەنگە چۆنیەتیی بۆچوونی حزبەكان لەبارەی تێكۆشەرانی ناوخۆ جیاوازی هەبێ و هەر لایەنەی بەگوێرەی سیاسەتی خۆی هەڵوێستە بكات. بەشێك لە سیاسەتی ئێمە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەوە بووە كە پاڵپشت و هاندەری چالاكی و كار و تێكۆشانی مەدەنی و تەنانەت حزب و كۆڕ و كۆمەڵ دروستكردن لە ناوخۆی وڵاتدا بین. ئێمە پێمان وایە لە چوارچێوەی كۆماری ئیسلامیشدا ئەگەر دەرفەتێك هەبێت، دەبێ خەڵك كەڵكی لێ وەربگرێت. مادام حزبی دیموكرات حزبێكی یاسایی نییە و ناتوانێ بە ناوی خۆی بەدوای ئەو جۆرە پڕۆژانەدا بڕوات، دەكرێ خەڵكی تر لە نێوخۆی وڵات ئەو كارانە بكەن. سیاسەتی ئێمە ئەوەیە كە لە هەنگاوی یەكەمدا چالاكوانانی مەدەنی لە كۆڕ و كۆمەڵ جۆراوجۆری كۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، ئەدەبی، سیاسی، لاوان، خوێنكاران و ژناندا كار دەكەن، زۆر یەكگرتوو بن و بە دوای خاڵە هاوبەشەكاندا بڕۆن و لەسەر داواكانیان خاوەنی یەك قسە و هەڵوێست بن. زۆر گرینگە كە یەكگرتووی نەتەوەیی خۆیان بپارێزن و پرش و بڵاو نەبن. هۆیەكەشی ئەوەیە لەلایەك ئەزموونی كاری هاوبەش لە ئێراندا زۆر لاوازە و جێ نەكەوتووە و لێك هەڵبەزینەوە و كارنەكردن لەگەڵ یەكتر زۆر باوە. لەلایەكی تریشەوە، كاربەدەستانی رێژیم هەوڵ دەدەن بە كەڵك وەرگرتن لە جیاوازییەكانی ئاینی و ناوچەیی و شتی لەو بابەتە و بە بیانوو و شێوازی جۆراوجۆر بە گژ یەكیاندا بكەن و ناكۆكییان لە نێوانیاندا دروست بكەن. جیاواز لەوانە، هەموو هەوڵێك بۆ ئاوەدانكردنەوەی كوردستان و بودجە و پڕۆژەی جۆراوجۆر لە چوارچێوەی مەجلیس و ئوستانداری و شوورای شار و گوندەكان و هەر ئۆرگانیكی تر بە باش دەزانین. لەسەریەك مەبەست ئەوەیە كە خەڵك نابێ بێ تەفاوەت بن و چاوەڕوانی ئەوە بن و پاڵ بدەنەوە و پێیان وابێت تا ئەو ڕێژیمە نەڕووخێ، هیچ ناكرێت.

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.