چوار شه‌ممه‌ 17 نیسان 2024

راپۆرتێك لە سەر سەلەفیەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان

چالاكی و جموجۆڵی سەلەفییەكان و گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەكان لە رۆژهەڵاتی كوردستان، ماوەی نزیك بە 10 ساڵە روویان لە زیادبون كردووە و بەتایبەت لە گوندەكانی دەورووبەری شاری سنە چالاكییەكانیان بوونەتە جێگەی نیگەرانیی هاووڵاتیان.

سەرچاوەیەكی شارەزا لە ناوچەی “ژاوەرۆی سنە” بە باسنیوزی راگەیاندووە، كە خۆی بۆ ماوەیەك ئەندامی ئەو سەلەفییانە بووە، لە لێدوانێكی تایبەت تا دەڵێ: “ئەو سەلەفییانە لە ساڵی 2006ەوە لەلایەن چەند كەسێكەوە كە هاتوچۆی پارێزگەی بەلووچستانیان دەكرد، چالاكییەكانیان لە سنە و بەتایبەت ناوچەی ژاوەرۆ و گوندی “وەسێ‌” پەرەیان سەند و بوونە كێشەیەكی گەورە لە نێوخەڵكدا و هەموو كەسێكیان بە كافر و لادەر لە دین لە قەڵەم دەدا.”

ئەو سەرچاوەیە ئاشكراشی كرد: “ناوەندە ئەمنییەكان و بەتایبەت ئیتلاعات و سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئاگاداری چالاكی و جموجۆڵی سەلەفییەكانی سنە هەن و پشتیوانیشیان لێ دەكەن، جاروبار بۆ چەواشەكاری دەیانگرن و زیندانیان دەكەن”.

سەرچاوە شارەزاكە دەشڵێ: “تەنیا لە گوندی “وەسێ‌ سەروو” لە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، نزیك بە 15 كەسی سەلەفی بە تۆمەتی شەڕی چەكدارانە و ئاژاوە و بشێوی لە زیندانی رەجایی شاری كەرەج” دەستبەسەرن كە بریتین لە:

1 ـ خوسرەو شەرەفی پوور كوڕی میرزا تەمەن ٦٠ ساڵ، مەحكووم بە 8 ساڵ زیندان 2 ـ عەبدوڵڵا موئمنی 3 ـ كەیوان موئمنی 4 ـ محەمەد قادری 5 ـ وریا قادری فەرد كوڕی محەمەد و تەمەن ٢٤ ساڵ 6 ـ تەیموور نادری كوڕی سەیفوڵڵا و تەمەن ٥٠ ساڵ 7 ـ كامران نادری 8 ـ ساڵح ساڵح نەژاد 9 ـ عالم ساڵح نەژاد (بەرماشتی) كوڕی ساڵح تەمەن ٣٥ ساڵ كە بە چەك و تەقەمەنییەوە گیراوە و لە مەیدانی ئازادیی سنە تەقینەوەیەكی ئەنجام دا. 10 ـ بەرزان نەسروڵڵازادە كوڕی حەمەسەلیم و تەمەن ٢٠ ساڵ، 11 – واحد شەرەفی كوڕی ئەمین، تەمەن ٣٥ ساڵ، 12- یاسر شەرەفی، كوڕی ئەمین و تەمەن ٢٣ ساڵ – ١٣ عیرفان نادری زادە كوڕی تەیموور تەمەن ٢٤ ساڵ، ١٤ – فواد بابایی تەمەن ٢٧ ساڵ.

زۆرینەی ئەو زیندانییانە حوكمی ئێعدامیان بۆ بڕاوەتەوە و لە زیندانی رەجایی شاری كەرەج دەستبەسەرن و زۆربەیان باوك و كوڕ، ئامۆزا، یان كەسوكاری نزیكی یەكترن.

2  كەس لەو سەلەفییانە بەناوەكانی “زانیار شەرەفی كوڕی خەسرەو و سیروان موئمنی” لە كاتی شەڕ لەگەڵ هێزەكانی سپای پاسداران لە دوو گوندی سەڵوات ئاوا و حەسەن ئاوا كوژراون  و كەسێكی تریش بە ناوی زوبەیر نادری كە هاوینی ئەمساڵ لەناو داعش لە عیراق كوژراوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوە باوەڕ پێكراوە، ئەم كەسانەش لە گوندەكانی ژاوەرۆی سنە ئێستا بە توندی لایەنگریی هێزە سەلەفی و توندڕەوەكان و بەتایبەت داعش دەكەن و بە ئازادانەش دەگەڕێن و كەسیش پێشیان ناگرێت كە ناوەكانیان بریتین لە:

(س. س)، (ل.س)، (ر.ن)، (س. ن)، (م.ن)، (م.ب)، (ف.ب) و بە وتەی هەمان سەرچاوە ئەو كەسانە لەڕووی مادی و داراییەوە دۆخیان باشە و بە بەربڵاوی پڕوپاگەندە و تەبلیغ بۆ داعش دەكەن و ناشگیرێن.

چالاكی و جموجۆڵی سەلەفییەكان، لە گوندەكانی دەورووبەری سنە وەك “وەسێ‌، دۆڵاو” و گەڕەكەكانی سنە لە كاتێكدا روووی لە زیادبوون كردووە و بە ئازادانەش دەگەڕێن، كەچی كۆماری ئیسلامی ئێران ئیدیعا دەكات كە شەڕی لەدژی تیرۆر و رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دەكات.

لە شارەكانی دیكەی وەك: جوانڕۆ، سەقز و مەهاباد، بانە و بۆكان لایەنگرانی گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەكانی ناسراو بە سەلەفی و داعش پەرەیان سەندووە و هەتا ئێستا زۆر لاوی كوردی رۆژهەڵات بە رێكخراوی داعش پەیوەست بوون.

لە دوو گوندی “ناچیت و یەكشەوە” و گەڕەكی میراوای بۆكان مەلا و پێشنوێژەكان لە لایەنگرانی داعش و هێزە توندڕەوەكانن لە ناردنی لاوانی رۆژهەڵات بۆ ناو ریزەكانی داعش دەوریان هەیە.

بەپێی زانیاریی چالاكانی مافی مرۆڤ لە ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان زیاتر لە 100 چالاكی مەزهەبی و لایەنگری هێز و گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەكان لە زیندانی رەجایی شاری كەرەج دەستبەسەرن كە 30 كەسیان كوردن و بەشێكیان حوكمی ئیعدام، یان زیندانی درێژخایەنیان بۆ بڕاوەتەوە.

هەروەها موختار هووشمەند توێژەری بواری ئیسلامی سیاسی، كە لەسەر هیزە مەزهەبی و توندڕەوەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان توێژینەوەی كردووە، لەو باوەرە دایە هەتا ئێستا زیاتر لە 100 كەس لە هاووڵاتیانی كوردی رۆهەڵات چوونەتە ناو داعشەوە و هەندێكیان ژن و منداڵێشیان لەگەڵە و چەند كەسێكیشیان لێ كوژراوە.

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.