سێ شه‌ممه‌ 23 نیسان 2024

“مستەفا هیجری”بەردەوامە لەسەر سیاسەتی چاوەڕوانی بۆ گەڕانەوە بۆ رۆژهەڵات

مستەفا هیجری، سكرتێری گشتی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی “رووداو” دەڵێت پرۆسەی یەكگرتنەوەی دوو لایەنی حیزبی دیموكرات درێژەی هەیە و بڕیارە بۆ باسكردن لەسەر وردەكارییەكانی ئەو پرۆسەیە لە داهاتوویەكی نزیكدا كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی دەفتەری سیاسی دوو لایەنی حیزبی دیموكراتی كوردستان و حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بە بەشداری سكرتێرەكانیان بەڕێوەبچێت. هیوای خۆشی بە سەركەوتنی هەوڵەكانیان پیشاندەدا و دەڵێت تەنیا یەكگرتنەوە دەتوانێ برینی جیابوونەوەیان ساڕێژبكاتەوە.

مستەفا هیجری دەشڵێت زانیاریی هەیە كە كۆماری ئیسلامی ئێران لەهەوڵدایە كۆسپ بخاتە بەردەم پرۆسەی یەكگرتنەوەی لایەنەكانی دیموكرات و لەو چوارچێوەشدا هۆشداری دەداتە ئەندامانی دوو لایەنی دیموكرات كە وردەكارییەكانی پرسی یەكگرتنەوە لە راگەیاندنەكاندا باس نەكەن بۆ ئەوەی كە حكومەتی ئێران كەڵكی خراپی لێوەرنەگرێ. ئەگەرچی ئامادەنەبوو پلانەكانی حكومەت بۆ تێكدانی ئەو هەنگاوەیان ئاشكرا بكات، بەڵام ئاماژەی بەوەدا كە باسكردنی بەرپرسانی ئێران لەبارەی دانوستاندن لەگەڵ حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان هەوڵێك بووە بۆ تێكدانی یەكریزی حیزبەكانی رۆژهەڵات.

ئاماژە بەوەشدەكات كە دۆستانی حیزبی دیموكرات لە پارچەكانی دیكەی كوردستان و هەروەها چەندین وڵاتی ئەوروپایی داوایان لێكردوون ئەو حیزبە یەكبگرێتەوە. مستەفا هیجری دڵنیایی ئەوەش دەدات ئەگەر حیزبی دیموكرات ببێتەوە یەك حیزب، كاریگەرییان زیاتر دەبێ بۆ لێكنزیككردنەوەی سەرجەم حیزبەكانی رۆژهەڵات و یەكگرتنەوەیان بە هەنگاوێك بۆ دامەزراندنی بەرەیەكی رۆژهەڵاتی كوردستان دەزانێت. هاوكات پێشنیازێكی كۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران لەبارەی بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی رۆژهەڵات، لەباری سیاسییەوە بە لەبەرچاوگرتنی رەوشی ئێستای حیزبەكانی رۆژهەڵات بە پێشنیازێكی كردەیی نازانێ و دەڵێت سەرەتا دەبێ حیزبە لێكدابڕاوەكان لێكنزیكببنەوە یان یەكبگرنەوە.

 دەشڵێت پەكەكە داوای لێكردوون كار لەسەر زیندووكردنەوەی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد بكەن. لەبارەی وەڵامیان بەو داواكارییەی پەكەكەش دەڵێت تا ئەو كاتەی حیزبێك بیەوێ رێوشوێن بۆ حیزبێكی دیكە دیاری بكات یان بەشێكی كوردستان بیەوێ رێوشوێن بۆ بەشەكەی دیكە‌ی كوردستان دیاری بكات، ئەو جۆرە هەوڵانە سەرناگرن.دەشڵێت چاوەڕێی دەرفەتێك دەكەن كە كار و تێكۆشانی حیزبەكەیان ببەنەوە رۆژهەڵاتی كوردستان و باشووری كوردستان جێ بهێڵن.

لەبارەی دۆخی بزووتنەوەی كورد لە رۆژهەڵاتیش، مستەفا هیجری پێیوایە ئەو بزووتنەوە بەرەو پێشە و خەڵكی رۆژهەڵات ئامادەی گۆڕانكارین. لە بەرامبەریشدا باوەڕی بە بەڵێن و لێدوانەكانی بەرپرسانی ئێران نییە و دەڵێت دەیانەوێ بە دانیشتن لەگەڵ چالاكڤانانی كورد و باسكردن لە جێبەجێكردنی بەڵێنەكانیان، بازاڕی هەڵبژاردنەكان گەرم بكەن.

ئەمەش لەحاڵێكدایە، كە چاودێرێكی سیاسی لەسەر ئەو بڕوایەدایە حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بەگشتی سیاسەتی چاوەڕوانیان گرتووەتە پێش هچ هەوڵێك بۆ خولقاندن و هێنانەئارای دەرفەتی شۆڕشگێڕانە نادەن بە دژی كۆماری ئیسلامی ئێران و لە هەمان كاتدا گەڕانەوە بۆ ئەو بەشەی كوردستان.

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.