سێ شه‌ممه‌ 23 نیسان 2024

داوای یەكگرتنەوەی هەر دوو باڵەكەی حیزبی دیموكرات دەكرێت

ژمارەیەك چالاكوانی مەدەنی‌و سیاسی كوردستان لەكەمپینێكدا بەناوی “كەمپینی یەكی بەفرانبار” داوا لەهەردوو حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران‌و حیزبی دیموكراتی كوردستان دەكەن یەك بگرنەوە.
لەبەیاننامەی كەمپینەكەدا كە وێنەیەكی دەست زاگرۆس پۆست كەوتووە، هاتووە “ئێمە لەگەڵ ئەوەدا کە هەست بە دڵە ڕاوکێکانی ئێوە سەبارەت بە پرسی یەکگرتنەوە و دۆخی پاش یەکگرتنەوە دەکەین، پێمانوایە بەرژەوەندی نەتەوەیی و قوتار بوون لەم دۆخە ناسازگارە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی یەکگرتنەوە و دۆخی پاش یەکگرتنەوە، کەشوهەوایەکی ئاسایی و دیموکراتیکی هەبێ”.
دەقی بەیاننامەكە:

کەمپەینی یەکی بەفرانبار: بەڕێزان دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دیموکراتی کوردستان
لە بەرەبەرەی ٦٩هەمین ساڵی دامەزراندنی کۆماری کوردستان وەک گەورەترین دەسکەوتی نەتەوەیی وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی ئەم خاڵگۆڕانە لە مێژووی نەتەوەی کورددا، بە پێویستی دەزانین سرنجی بەڕێزتان بۆ چەند خاڵی پێویست ڕابکێشین.
هەروەک ئاگادارن بە گشتی هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچە و بە تایبەتی پارچەکانی تری کوردستان ئاڵۆگۆڕی جیددیان بە سەردا هاتووە. پرسی کورد ئێستا لە هەموو کاتێ بە زۆر هۆکار کە ڕەنگە لێرە مەجالی درکاندنی نەبێ لە ئاستی نێونەتەوەیی‌دا بۆتە مژاری ڕۆژ. باشوور و باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان بە هۆی ئەم زرووفە تایبەتییەی کە ئێستا وەک ئەمری واقیع هەیانە، کێشە مێژوویی‌یەکەیان واتە “کێشەی کورد” ئەوا بەرەو ئاقاری چارەسەری و دواجار یەکلاکەرەوەی بەرژەوەندی گەلی کورد لەم پارچانە دەچێ.
لەم نێوەدا ئەوەی جێگای داخ و نیگەرانییە بارودۆخی ڕۆژهەلاتی کوردستانە کە بە هۆی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر وەک کۆماری ئیسلامی، بارودۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، ئابووری و ژیانی پڕ لە چەرمەسەری خەڵک و… بڕستی لە خەڵکی بڕیوە، سەرباری ئەم هەمووە کۆسپە ئەوەی لەم بەینەدا زیاتر بۆتە هۆی دڵساردی و بێ‌هیوایی ڕۆژهەڵات، دابڕانی بنەماڵەی گەورەی دیموکراتە کە هەر هەموومان دەرئەنجامە نەرێنییەکانی ئەم لەتبوونەمان لە ئاستەکانی ناوخۆیی، هەردوو لایەنی دیموکرات، لە پارچەکانی تر و تەنانەت لە ئاستی نێونەتەوەییش‌دا دیوە. حەوجێ بە کوتن ناکا وەها یەکگرتنەوەیەک چەندین ئاکامی ئیجابی لە باری ڕێکخراوەیی، سیاسی فکری و ڕەوانی بۆ جەماوەری ناوخۆ و حیزبەکان دەبێ و بەهەمان ئەندازە زەبرێکی گورچووبڕە لە نەیارانی حیزبی دیموکرات و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد.
گومان لەوەدا نییە قورسایی حیزبێکی یەکگرتوو ئەوەندە بە هەند وەردەگیرێ کە هەر بژاردەیەک بۆ خەبات بگرێتە بەر بە هەر ڕووکارێک‌دا، دەسەڵاتی ناوەندی ناتوانێ وەک ئێستا سەیری بکا. لە لایەکی ترەوە یەکگرتنەوەی ماڵی دیموکرات دەبێتە یەکەم هەنگاو بۆ سازکردنی بەرەیەکی بەهێز و یەکگرتوویی سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ خەباتێکی تۆکمەتر و شوێندانەرتر.
ئێمە لەگەڵ ئەوەدا کە هەست بە دڵە ڕاوکێکانی ئێوە سەبارەت بە پرسی یەکگرتنەوە و دۆخی پاش یەکگرتنەوە دەکەین، پێمانوایە بەرژەوەندی نەتەوەیی و قوتار بوون لەم دۆخە ناسازگارە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی یەکگرتنەوە و دۆخی پاش یەکگرتنەوە، کەشوهەوایەکی ئاسایی و دیموکراتیکی هەبێ.
بەڕێزان:
با شانازی ئەم یەکگرتنەوەیە بە نەسیبی سەرکردایەتییەکەی ئێستای هەر دوولا بێ. هەر لێرەوە سپاسی سەرجەم ئەو کەسانە دەکەین کە بە دەم داواکارییەکەی ئێمەوە هاتن کە هەمان ویستی ڕەوای خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. دەستی ڕێز بە سینگمانەوە دەنێین بۆ هەڵوێستی نەتەوەیی بەدەنە و کادر و ئەندامان و کۆمیتەی ناوەندی هەردوو لا، کەسایەتییە ناسراو و سیاسی و بەئەزموونەکانی کوردستان، چالاکڤانانی سیاسی و مەدەنی و بە تایبەتی سکرتێرەکانی هەر دوو باڵی حیزبی دیموکرات. ئێمە لە قۆناغێکی مێژوویی داین کە بێ گومان هەڵی ئەوەی ڕەخساندووە کە بە یەکگرتنەوە دەستپێکێکی نوێ بۆ خەبات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مسۆگەر بکەین.
کەمپەینی یەکی بەفرانبار
چالاکڤانانی سیاسی و مەدەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.