سێ شه‌ممه‌ 23 نیسان 2024

سێ‌ گوندی كوردنشین لەسەر سنووری وڵاتی چین

لەسەر سنووری نێوان چین و قەزاقستان، 3 گوند هەن كە تەواو لە گوندەكانی باكووری كوردستان دەچن. دانیشتووانی ئەو گوندانە نە چینین و نە قەزاقی، بەڵكو لە بنەڕەتدا خەڵكی ناوچەی سەرحەدی باكووری كوردستانن و 80 ساڵە لە زیدی باب و باپیرانیان دوورخراونەتەوە، كەچی بەهیچ جۆرێك دەستبەرداری داوونەریتی باب و باپیرانیان نەبوون.

لەو ناوچە سنوورییە كە نزیكەی 5 هەزار كیلۆمەتر لە باكووری كوردستانەوە دوورە، ژمارەیەك گوندی كوردی هەن، بەڵام دەكرێت تەنیا بە گوندەكانی “كاراسای، كارابولاك و ئاشیبولاك” بوترێت گوندی كوردی، چونكە دانیشتووانەكانیان جگە لەوەی هێشتا بە زمانی كوردی قسە دەكەن، وەك ئەوەیە تازە لە كوردستانەوە كۆچیان كردبێ‌ بۆ ئەو ناوچەیە و ژیانێكی تەواو كوردەواریانەیان هەیە.

سەرجەم كوردەكانی دانیشتووی ئەو سێ‌ گوندە لە  ناوچەی سەرحەد و دەوروبەری گۆلی “وان”ەوە لە لایەن دەسەڵاتدارانی توركەوە راونراون بۆ وڵاتانی قەفقاز، ساڵانی دواتر بە فەرمانێكی “ئستالین” راگوێزراون بۆ قەزاقستان و قرقیزستان و ئۆزبەكستان.

ئەو كوردانەی لە كازاخستانن سەر بە هەردوو عەشیرەتی بروكان و جەلالین، بروكانییەكان لەساڵی 1937 لە ئەرمەنستان و نەخجەڤانەوە راگوێزراون بۆ قەزاقستان. لە دەوروبەری شاری چیمكەنت 7 گوندی كوردی هەن، لە شاری جامبولیش 8 گوندی كوردی هەن، هەروەها لە دەوروبەری شاری ئالمائاتاش ژمارەیەك گوندی كوردی هەن كە دیارترینیان گوندەكانی كەراسای، كارابولاك و ئاشیبولاكن.
وا هەست دەكەی كوردستانە

گوندی كاراسای یەكێكە لە گوندە دڵگیرەكانی كازاخستان كە 50 كیلۆمەترێك لە ئالمائاتا دوورە. لە وەرزی زستاندا هاتوچۆ بۆ گوندەكە زۆر زەحمەت دەبێت، چونكە بەفرێكی زۆر دەبارێت، دانیشتووانی ئەو گوندە بەشێكیان لە ساڵی 1937 لە ئەرمەنستانەوە راگوێزراون، بەشەكەی دیكەش لە ساڵی 1944 لە جۆرجیاوە راگوێزراون. بەڵام ئەوانەی لە ئەرمەنستانەوە هاتبوون پاشان گوندێكی دیكەیان ئاوا كرد بە ناوی ئاكباستاو.

نزیكەی 500 خێزان لەو گوندەدا دەژین كە 350 لەوانە كوردن، ئەوانی دیكەش رووس و كازاخین. سەرجەم كوردی ئەو گوندە موسڵمانن، مەلای مزگەوتی گوندەكەش كوردێكە بەناوی ئاپێ‌ رزگۆ.
لەو گوندەدا قوتابیانی كورد جگە لە وانە زانستییەكان و زمانی كازاخی، زمانی كوردیش دەخوێنن، لە كۆی 320 قوتابی گوندەكە تەنیا 15 قوتابی رووسی و كازاخین، ئەوانی دیكە كوردن. قوتابی هەتا پۆلی 11 لەو قوتابخانەیە دەخوێنن.

سینەم مورتەزایێ‌ كۆرۆخل كە چەندین ساڵە لەو قوتابخانەیە مامۆستایە، گوتی قوتابیان دوای تەواوكردنی خوێندن لەو قوتابخانەیە، دەچنە زانكۆ و پەیمانگای شارەكان. سینەم گوتی “كوڕەكەم و نەوەكەم لێرە خوێندنیان تەواو كردووە”.

زیاتر لە 80 ساڵە كورد لەو گوندە كازاخییە دەژین، بەڵام نەریتەكانیان، شین و شاییان تەواو كوردییە و هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە. كە دەچیتە ئەو گوندە وا هەست دەكەی لە گوندێكی كوردستانی.

كرمانجەكانی كارابولاك یەك نین

سەرجەم گوندە كوردنشینەكانی قەزاقستان لە وەرزی بەهار و هاویندا سەوز دەچنەوە، بەڵام كارابولاك لە هەموویان دڵگیرترە، هەرچەندە گوزەرانی خەڵكەكەی زۆرباش نییە و زۆربەیان لەدوای رووخانی یەكێتی سۆڤیەت لەبەر بێكاری روویان لە شارە گەورەكان كرد.

زۆربەی دانیشتووانی ئەو گوندە لە گوندی كاشكابولاكەوە لە دەوروبەری ئالمائاتا هاتوون. 500 خێزان لەو گوندە دەژین كە 150 خێزانیان كوردن. گوندەكە جگە لە كورد، رووس و تورك و قەزاقی تێدایە. دانیشتووانی ئەو گوندە مژولی ئاژەڵدارین، بەهۆی ئەوەی لە شاریش نزیكە، هەندێك لە دانیشتووانی ئەو گوندە خەریكی كاری بازرگانین.

ماڵباتی موسا دومۆیێ‌ ئەلۆ، یەكێكە لەو خێزانانەی لە ساڵی 1991ەوە لەو گوندە دەژی. ئەوان لە ساڵی 1937 راگوێزراون بۆ قەزاقستان. ماڵباتی مام موسا 20 ساڵ لەمەوبەر لە گوندی ئاكباستاو بووە، خۆیان لە عەشیرەتی بەشكی ناوچەی وانن.  ئەو بە لاواندنەوە باسی ژیانی خۆی دەكات “من كوڕی دۆمۆیێ‌ عەلۆمە، عەلێی خەلۆ، خەلیلێ‌ بشۆ و بشۆیێ‌ كۆتین، ئەوە 80 ساڵە لە كازاخستان دەژین، من لێرە لەدایكبووم و لێرەش گەورە بووم، سێ‌ كچ و دوو كوڕم هەن، ئێرە وڵاتی ئێمە نییە، ئێمە لەژێر دەستی خەڵكداین، لەوێ‌ لەبن دەستی توركەكانداین، لێرەش لەبن دەستی قەزاقیەكان، بە داخەوە كرمانجەكان یەك نین، پێویستە یەك بن”.

سینەم موسا كە ژنێكی دانیشتووی گوندی كارابولاكە، دەڵێت راگواستنی ئەوان قەت لەبیر ناكرێت، چونكە جگە لەوەی مێژوونووسەكان باسیان كردووە، دەنگبێژەكانیش بە شێوەی لاوك و حەیران باسی ئەو راگواستنەیان كردووە و تاوەكو ئێستاش ئەو لاوك و حەیرانانە دەگوترێنەوە.

هەراتا حەسۆیێ‌ دەمۆ، تەمەن 60 ساڵ كە دانیشتووی گوندی كارابولاكە، لەسەر زاری باپیرانییەوە باسی راگواستنیان دەكات و دەڵێت “سەربازەكان خێزانەكانیان كۆكردنەوە، هێنانیانە بەردەم واگۆنی شەمەندەفەران، هەموویان خستنە نێو واگۆنەكان، لەوێ‌ نان نەبوو، ئاو نەبوو، جێگە نەبوو، تەنانەت ئاودەستیش نەبوو، كچ و بووكی كورد لە شەرمان نەیاندەتوانی دەست بەئاو بگەیەنن، بەو هۆیەوە سكیان ئاوسابوو. هەر كەسێك دەمرد، سەربازەكان لە شەمەندەفەرەكە فڕێیان دەدایە دەرەوە”.

ئاشیبولاك.. گوندی شاعیر و دەنگبێژان

زۆربەی دانیشتووانی گوندی ئاشیبولاك لەدوای شەڕی ئەرمەنستان و ئازربایجانەوە لەو گوندە نیشتەجێ بوون. لەو گوندەدا نزیكەی 700 ماڵی كورد هەن، ژمارەی كوردی ئەو گوندە زۆر لە ژمارەی كازاخییەكان پترە.

گوندی ئاشیبولاك نزیكەی 20 كیلۆمەتر لە شاری ئالمائاتا دوورە. بۆیە زۆربەی دانیشتووانی ئەو گوندە لەشاردا خەریكی كاری بازرگانین. جگە لەوەش هەندێكیان سەرقاڵی كاری كشتوكاڵی و ئاژەڵدارین.

ئەوەی ئەو گوندە لە دوو گوندەكەی دیكە جیادەكاتەوە، ژمارەیەك دەنگبێژ و شاعیرەكانیەتی كە دیارترینیان رۆژنامەنووس و هەڵبەستڤان حەسەنێ‌ حاجی سلێمان، هەڵبەستڤان باریێ‌ بالا، هەروەها دەنگبێژ مەجیدێ‌ سلێمانە. ئەو دوو هەڵبەستڤانە ژیانێكی تەواو كوردەواریان هەیە و منداڵ و نەوەكانیشیان لەسەر هەمان رێچكەی خۆیان پەروەردە كردووە.

لە وەرزی زستاندا بەردەوام چۆكێك بەفر دەبارێرت و مەجیدێ‌ سلێمان، كە كچەكەشی وەكو خۆی دەنگبێژە، وەكو رادیۆیەكی لێهاتووە بۆ خەڵكی گوندەكە، ئەو بەردەوام دیوەخانەكانی گوند بە لاوك و بەستە گەرم دەكات و بەسەرهاتی راگواستنی كوردی قەفقازیەكان دەگێڕێتەوە.

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.