چوار شه‌ممه‌ 17 نیسان 2024

بڤەیە،بڤە! بۆ ئەو دەستانەی دەستی”سەحراروودی”یان گووشی / ئارام مودەریسی

هاتنی هەیئەتێکی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بۆ هەرێمی کوردستان و دیدار و کۆبوونەوە نهێنی و ئاشکراکانیان لەگەڵ گەورە بەرپرسانی سیاسی و حیزبی و حکوومی لە باشوور،هەم لە ئاستی میدیا و تۆرە کۆمەڵایەتییەکان و لە نێو چالاکان و هەڵسووراوانی سیاسی و مەدەنیدا و هەمیش تا رادەیەک لە ناوەندی هەواڵ و شرۆڤەی حیزبەکانی کوردستانی رۆژهەڵاتدا و لەوانەش حیزبی دێموکرات کاردانەوەی لێکەوتەوە.

لەو گۆشەنیگایەوە کە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دوژمنێکی سوێندخواردو و قین لە دڵە بەرامبەر بە گەلی کورد و کەمتر پیلانگێریی هەیە شوێنپەنجەی ئەو رژیمەی پێوەدیار نەبێ،بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەیکە هەرکات سەروگوێلاکی کاربەدەستانی ئەو رژیمە دەرکەوتبێ بۆنی پیلان و دوژمنکاری لێهاتووە،زۆر ئاساییە کە تێکۆشەران و چالاکانی کورد دڵگران و نیگەران بن بەرامبەر بەو جۆرە دیدار و سەردانکردنانە.بەڵام ئەو خاڵەی کە هەلوێستە و نیگەرانیی ئەو جارەی دڵسۆزان و خەمخۆرانی بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی گەلی کورد بە تایبەت لە کوردستانی رۆژهەڵات زیاتر بەرجەستە دەکا،پێکهاتەی هەیئەتەکەی حکوومەتی تاران و ئاست و شێوازی پێشوازی لێکردنیانە لە هەرێمی کوردستان.لەسەرووترین ئاست و پلەی سیاسی و حیزبی چوونە پێشوازیی هەیئەتی حکوومەتێک کە زیاتر لە سێ دەیەیە بە ئاگر و ئاسن گەلێکی بێ پشت و پەنای مافخواراو دادەپلۆسێ.حکوومەتێک کە بە ئاشکرا دژبەریی خۆی بەرامبەر بە ئیرادە و خواستی نەتەوەی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان دەرخستووە و بۆ فەوتاندن و بەلارێدابردنی ئەو خواستە رەوا و پیرۆزەی گەلی کورد لە هیچ پیلانگێرییەک و لەوانە لە تیرۆر سڵی نەکردووە.ئەوەی لێرەدا جێگای داخە لە کاتێکدا زۆر پێشتر و لە بۆنە و پێشهاتی تردا هەم دەگونجا و هەمیش پێویست بوو کۆماری ئیسلامی بەو پێشینە ناموبارەکەیەوە بکەوێتە بەر لۆمەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان،نەک وا نەبوو بەڵکوو گەورە تیرۆریستێکی وەک “سەحراروودی” بە نێوی دیپلۆمات زۆر بەگەرمی لە ئامێز دەگیرێ.

ئەم دیدارەی هەیئەتی کۆماری ئیسلامی و ئەم پێشوازییەی گەرمەی کاربەدەستانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە هیچ پاساوێکی دیپلۆماتێک هەڵناگرێ و بە قەولی کوردگووتەنی:ئەو کوونە بە سەهۆڵ ناگیرێ.

حکوومەتی کۆماری ئیسلامی هەتا ئەمرۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک پێکهاتەیەکی سیاسی و ئیداری کە هەڵقوڵاوی ئیرادەی گەلی کورد بێ لە کوردستانی باشوور بە رەسمی ناناسێ و هەربەو پێیەش بەردەوام لە دەلاقەی ئەمنییەتییەوە دەروانێتە کوردستانی باشور و سەردانی کاربەدەستانی ئەو حکوومەتی تەنها لە قاڵبی دیداری حیزبیدا بەرێوە دەچن و هەیئەتەکانی حکوومەتی ئێران زۆر بەمەبەست لە پلەدارە سەربازی و ئەمنییەتییەکان پێکدێن.هاتنی قاسم سولەیمانی و تیروریستێکی وەک سەحراروودی بە هەڵکەوت نییە بەڵکوو بێ رێزییەکی بەئەنقەست و ئامانجدارە بەرامبەر بە شعوور و ئیرادەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان.بەلەبەرچاوگرتنی ئەو راستییە نە شیاوبوو و نەپێویست بوو چەند کۆنەپاسدارێکی ئیران لەو ئاستە بەرزانەدا پێشوازییەیان لێبکرێ.

لەوجێیەوە کە بۆ کۆماری ئیسلامی تیرۆرکردن و سرینەوەی جەستەیی خەباتکاران و رێبەرانی سیاسی کورد باوەرێکی ئیدئۆلۆژیکە لە پێناو کپکردنی دەنگی حەقخوازانەی گەلەکەماندا،کەس ناتوانێ حاشا لەوە بکات کە تیرۆرکردنی دکتور قاسملوو تەنها سرینەوەی جەستەیی کەسێک و خەسارەتێک نییە لە حیزبی دێموکرات،بەڵکوو دووژمنکارییەکی قیزەون و پیلانێکی راستەوخۆیە بەرامبەر بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی گەلی کورد.هەربەو پێیەش “سەحراروودی” تەنیا بکووژی خەباتکارێکی کورد نییە بەڵکوو بەشێکی جیانەکراوەیە لەو سیستەمەی کە حاشا لە مافەکانی گەلی کورد دەکا و تا ئەژنۆی لە زەلکاوی دووژمنکاری لەئاست گەلی کوردا چەقیوە.بۆیە ئەرکی ئەخلاقی و نیشتیمانپەروەری بەرپرسانی حیزبی و حکوومی بوو لە هەرێمی کوردستان کە ئەو دەستانە نەگووشن کە ئێستاش خوێنی تێکۆشەرانی کوردی لێدەچۆرێ.ئەوە پرەنسیپێکی ئەخڵاقی و شۆرشگێرانەیە کە هیچ کەس و لایەنێک بۆی نییە لە پێناو مەسلەحەت و بەرژەوەندی خۆیدا و لەسەر حیسابی گەلی کورد لە هیچ پارچەیەکی کوردستان دەست بخاتە دەستی داگیرکەران.هاتنی بکووژی دکتور قاسملوو بۆ هەرێمی کوردستان و ئەو پێشوازییەی لێکرا،زۆر بە روونی و با ئاشکرایی سووکایەتی بوو بە ئیرادەی گەلی کورد.بۆیە دەسەڵاتی سیاسی بەو لە ئامێزگرتنە و “شەقام”ی کوردی بەو بێدەنگی و” لە گوێی گادا خەوتنە”خەتی سووریان بەزاند.

 

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.