پێنج شه‌ممه‌ 28 ئازار 2024

ژمارەیەکی دیکە لە ئەندامانی کۆمەڵەی شۆڕشگێر دەستیان لە کار کێشایەوە

لە گەرماو گەرمی باس و دیالۆگی یەكگرتنەوەكانی نێو 3 لایەنی “كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، رەوتی سۆسیالیستی كۆمەڵە و ژمارەیەكی‌ بەرچاو لە ئەندامانی‌ “كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران” كە تیایاندا چەند ئەندامی‌ پێشووی‌ كۆمیتەی‌ ناوەندی‌ دەبنیرێت، دەست لە كار كێشانەوەی‌ خۆیان لەو حیزبە بە سەرۆكایەتیی‌ “عەبدوڵڵا موهتەدی”‌ راگەیاند.


ئەوان هۆكاری‌ دەستلە كاركێشانەوەی‌ خۆیان لەو حیزبە گەراندەوە بۆ: سەركردایەتیی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕو لە سەرووی هەموویانەوە خودی سكرتێری گشتی، كە دەست بۆ سەرجەم ئامرازو كەرەسەكانی كۆمەڵەی دەبات تا دەنگی رەخنەگران كپ بكات و لەم ئاراستەدا كردەوەكان زۆر جار سنوورە ئەخلاقییە باوەكانیشی بەزاندوە.
لە لایەكی دیكەوە بە سەدان كادر و ئەندامی دێرین و نوێی كۆمەڵە لە سەر ئەو بڕوایەدان، كە “موهتەدی” هۆكاری سەرەكیی هەموو نەهامەتیەكانی ئەو رەوتە چەپەی كۆمەڵگای كوردستان بووە و ساڵی پاریش بووە هۆی لەباربردنی رەوتی یەكگرتنەوەی نێو لایەنەكانی “كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان و كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستان”.
دەقی‌ نامەی ئەندامانی دابڕاو لە كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ بەمچەشنەیە:
نامەیەكی سەرئاوەڵا بۆ رای گشتی
بابەت: وازهێنان لە ئەندامییەتی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ
١ – كۆمەڵە بزووتنەوەیەكی سیاسی –كۆمەڵایەتی لە كوردستانی ئێرانە كە خاوەنداری لە چەندین دەیە ئەزموونی خەباتكارانە دەكا‌و لە پێناوی گەیشتن بە ئامانج و خەونە ئیسنانیەكانی خەڵكی كوردستاندا گەلێك شانازی‌و سەروەری تۆمار كردوە.
بزووتنەوەیەك كە لە هەناوی رەنج‌و ئازار‌و خەونەكانی كرێكاران‌و زەحمەتكێشانی كوردستان‌و گەلی چەوساوەی كورد لەدایكبووە‌و گەشەی سەندووە. بزووتنەوەیەك كە مانایەكی نوێ و سەردەمیانەی بە واتای حزب بەخشیوە‌و كۆمەڵێك چەمك‌و مەفاهیمی نوێی هێناوەتە ناو هەگبەی بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی كوردستان. بزاڤێك كە راشكاوانە‌و بێ رارایی بەرەنگاری كۆنەپارێزی‌و تاكگەرایی‌و ستەم و هەڵاواردنی چینایەتی‌و رەگەزی‌و نەتەوەیی بۆتەوە و شەپۆلێك لە هیوا بە جیهانێكی باشتری لە كۆمەڵاگا خولقاندوە. بەردەنگی ئەم جوڵانەوە تەنیا خەڵكی كوردستان نەبوون، كۆمەڵە مۆدێڕنترین‌و ئینسانیترین مۆدێلی كاری حزبی و رێكخراوەیی بۆ ناو ریزەكانیشی پێشنیار دەكرد‌و پراكتیزەی دەكرد. لە چوارچێوەی ئەم بابەتەدا رەخنەگرتن بڤە نەبوو، پێگەی بنەماڵەیی‌و كۆمەڵایەتی خەباتكارانی ریزەكەی بنەما‌و بەها نەبوون، سات‌و سەوداكردن‌و شاردنەوەی پرسەكانی پەیوەندیدار بە كۆمەڵە باو نەبوون، هاوڕییەتی‌و سەمیمیەت‌و یارمەتیدان غەریب نەبوون‌و هیچ كاتیش بەڕێوەبردنی حزب تەنیا موڵك‌و قۆرغكراوی یەك كەس یان چەند كەسی تایبەت‌و بە پێرۆزكراو نەبووە.
٢ – رەوتی چالاكی سیاسی كۆمەڵە هاوشێوەی سەرجەمی حزب و لایەنە سیاسیەكانیتر پڕە لە بەرەوپێشچوون و پاشەكشە، رێگابڕین‌و وەستان، سەركەوتن‌و نوشستی‌و هەروەها پڕە لە ئومێد‌و نائومێدی. لەم پرۆسەدا گەلێك فیداكاری تۆماركراوە، زۆربەی حیماسەكان لە هەناوی خوێن و لە هەناوی گیانبازیدا لەدایكبوون‌و لە پێناو گەیشتن بە ئاواتەكان باشترین كوڕان و كچانی كوردستان گیانی خۆیان پێشكەش كردوە. مێژووی كۆمەڵە وەك هەموو رەوتێكی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی بە قۆناغی جیاجیادا تێپەڕیوە و باسكردن لە چۆنایەتی‌و چەندایەتی هەریەك لەم قۆناغانە پێویستی بە لێكدانەوە‌و لێكۆڵینەوەیەكی گشتی‌و زانستیانە هەیە‌و بەڵام مەبەستی ئێمە لە ئاماژەكردن بەم پرسە هەڵسەنگاندن‌و خەسارناسی مەسەلەكە نیە. تەنیا ئەوندە پێویستە بوترێ كە ئینشعاب‌و لێكدابڕانە یەك لەدوای یەكەكان، لادان‌و خۆدزینەوە لە بنەما‌و ئامانجە سەرەكی‌و دیارەكان، كورتكردنەوەی كۆمەڵە بە كۆمەڵێك تێرمی بێ سەرەوبەرەی بەرژەوەندیخوازانە‌و تاكگەرایانە‌و چەندین نموونەی لەمشێوە بەشێك لە تایبەتمەندییەكانی قۆناغی ئێستای كۆمەڵەیە.
٣ -كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران یەكێك لە لایەنەكانی كۆمەڵەیە كە لە دڵی جیابوونەوە، پێداویستی‌و بەرزی‌و نزمی‌و گۆڕانكارییەكانی رەوتەكەدا لەدایك بووە. لایەنێك كە بە درووشمی گەڕانەوە بۆ هێڵە سەرەتایی‌و گشتییەكانی كۆمەڵە‌و دووركەوتنەوە لە سكتاریزم‌و گەڕانەوە بۆ خەڵك‌و بردنەپێشەو برەودان بە سیاسەتی خەڵكی‌و رادیكاڵ خۆی ناساند. ئەم درووشم‌و ئەم بانگەشانە لە رەوتی چالاكی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ وردە وردە كاڵ بوونەوە‌و لەئێستادا كار بە شوێنێك گەیشتووە كە ناساندنی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ بە بەردەوامبوون‌و درێژەی رەوتی ناسراو بە كۆمەڵە گوناح و بگرە خەتایەكی گەورەشە. سەرجەمی ئەو باتانەی كە لەرابردوودا بۆ كۆمەڵە وەك هێڵی سوور وابوون، لەئێستادا بۆ كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ وەك بنەما و وەك بابەتگەلێكی پیرۆز پێناسە ئەكرێن‌و ئەم مەسەلانە بوونە پرەسیب‌و سوننەت. نەبوونی هیچ سیستەمێك لە ناو حزب بۆ كار‌و چالاكی، نەبوونی هیچ ئایدۆلۆجیا و جیهان بینیەكی رۆشن‌و دیاریكراو، حاشاكردن‌و پشتكردن لە چەپایەتی‌و مەسەلەكانی پەیوەندیدار بە بنەما‌و ستراتجیەكانی كۆمەڵە، دیپلۆماسی ژێر بە ژێر‌و بێ سەرەوبەرە، پەراوێزخستن‌و وەلانانی پرسی ژن و گرنگی ئەم مەسەلە، یەك بان‌و دوو هەواكردن لە مەسەلە هەستیارە سیاسیەكان‌و بەتایبەت مەسەلەی نەتەوەیی‌و چەندین نموونەیتر بەشێك لە كارنامەی ئەم سەردەمەی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێرانە.
٤ – خەسڵەت و تایبەتمەندییەكانی ئەم سەردەمەی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران یەك شەوەوە‌و بە‌بێ بەربەست‌و كێشە نەهادینە نەكراون. لە پرۆسەی ئینحراف‌و لادانی كۆمەڵەدا بەردەوام دەنگی رەخنەگرانە‌و ویژدانی زیندوو شان بە شانی رەوتەكە خۆیان نیشان داوە‌و وەك بەربەست لەبەردەم رەوتەكەدا دەوری نواندوە. بەڵام دەنگی رەخنەگر‌و نارازی بە بارودۆخەكە بەرەورووی رەفتارگەلێك بۆتەوە‌و دەبێتەوە كە زۆر نامۆ بە كاری حزبی‌و بە چالاكی لە كۆمەڵەدا بووە. سەركردایەتی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ‌و لە سەرووی هەموویانەوە خودی سكرتێری گشتی سەرجەمی ئامراز‌و كەرەسەكانی كۆمەڵەی بەكارهێناوە‌و بەكاردێنێ تا دەنگی رەخنەگران كپ بكا‌و لەم ئاراستەدا كردەوەكان زۆر جار سنوورە ئەخلاقییە باوەكانیشی بەزاندوە. تۆمەتباركردنی رەخنەگران بە كۆمەڵێك تۆمەتی بێ‌بنەما‌و دوور لە راستی، بەكارهێنانی كەسانی فاڵانژ‌و بەرژەوەندی تەڵەب بۆ لێدانی كەسایەتی رەخنەگران، هەڕەشە و چاوسووركردنەوە‌و دواجاریش دەركردن‌و ئێخراج بەشێك لەو رەفتارانە بوون‌و بێگومان ئەم رەوتە بەردەوامەو بەردەوام دەبێ. بەڕێوەبەرانی ئێستای كۆمەڵە بەنیازن هەموو ئاسەوارە باشەكانی كاری رێكخراوەیی كۆمەڵە لە مێژوودا بسڕنەوەو وەك خۆشیان چەندان جار باسیان كردوە، بەنیازن مۆدێلێكی هاوشێوە‌و كۆپیكراوی موجاهدینی خەڵق درووست بكەن. مۆدێلێك كە سكرتێری گشتی بە كەسێكی پیرۆزو بێ‌كەم‌و كوڕی وێنا بكاو وێنەیەكی هاوشێوەی ئەمیر‌و خەلیفەكانی سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی ئاراستە بكا. بەكردەوەدەرهێنانی ئەم پرۆژە و گەیشتن بەو خەونانە پێویستی بە سڕینەوە بووەو سەرەكیترین بەردەنگەكانی پرۆژەوی سڕینەوە، ئایدۆلۆجیای كۆمەڵە، سوننەت‌و بەها بەنرخەكانی كۆمەڵە و لە هەمووی گرنگتر مێژووی زیندووی رەوتەكە واتە كادرو ئەندامانی كۆن‌و پێشەنگی كۆمەڵە بوون. ئەوان سەركەوتوو نەبوون‌و هیچ كاتیش سەركەوتوو نابن، بچووك بوونەوە و بێكاریگەری رەوتەكە لە سەر رووداوە سیاسیەكان‌و پەراوێزكەوتنی بێوێنەی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ، دەست لەكاركێشانەوە و دووركەوتنەوەی باشترین و پاكترین ئەندامانی كۆمەڵە لە مانگەكانی رابردوو و دەركردنی پەیتا پەیتاو بەردەوامی رەخنەگران باشترین بەڵگە بۆ راستبوونی سەركەوتوونەبوونی پرۆژەكانی ئەوان بووە.
یەكێك لە مەسلە هەستیار و گرنگەكانیتری ئەم سەردەمەی كۆمەڵە مەسەلەی هێنانەئارای بارودۆخێك بۆ نزیكبوونەوەو یەكخستنەوەی باڵ‌و لایەنەكانی كۆمەڵە بووە. ئەم مەسەلە نەك هەر پێداویستیەكی عەینی گۆڕەپانی سیاسی كوردستان بەڵكوو هیواو ئومێدێكی گەورەی خەڵك و بەتایبەت دۆستان‌و لایەنگرانی كۆمەڵە لە ناوخۆی كوردستان بووە. بەڵام لە تەواوی ئەم ساڵانەدا كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستان نەك هیچ هەنگاوێكی لەم ئاراستەدا هەڵنەگرتووە بەڵكوو بەكردەوە وەك لەمپەرێك لە بەردەم ئەم مەسەلەدا رۆڵی گێراوە. بە واتایەكیتر كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران هیچ كات بڕوای بە مەسەلەی یەكگرتنەوەی باڵەكانی كۆمەڵە نەبووە‌و تەنانەت ئەگەر هەوڵێكیش لە دەرەوەی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ بۆ پرسی یەكگرتنەوەی كۆمەڵە لە ئارادابووبێ، كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ هەوڵیداوە كە تێكی بدا‌و پیلانگێڕی لە دژی پرۆسەكە ئەنجام بدا.
هەر بەو هۆكارانە‌و لە رێگەی ئەم نووسراوەوە ئێمەی ئیمزاكەرانی ئەم نامە رایدەگەینین كە چیتر خۆمان بە ئەندامی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران نازانین. ئێمە لەو بڕوایەداین كە هیچ مەجال‌و دەرفەتێك بۆ چاكسازی‌و ریفۆرم لە كۆمەڵەدا بوونی نەماوە‌و هەربۆیە مانەوەی خۆمان لە ناو ریزەكانی حزبەكەدا بە پێویست نازانین. هاوكات وازهێنان لە ئەندامییەتی كۆمەڵە بە مانای وازهێنان لە دۆستایەتی‌و نزیكایەتی لەگەڵ هاوڕێیانمان لە ناو ریزەكانی كۆمەڵەدا نیە‌و ئێمە هەر وەك رابردوو خۆمان بە دۆست و نزیكی ئەوان دەزانین. چالاكی و هەڵسووڕانی سیاسی ئێمە بە وازهێنان لە كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران كۆتایی پێنایە‌و لە پێناو گەیشتن بە ئاوات و ئامانجەكانمان درێژە بە خەبات و چالاكی دەدەین.
١ كاوە فەتاحی
٢ ئامانج عەزیزكەندی
٣ هیوا سەلیمی
٤ نەجمەدین گوڵپەروەر- ئەندامی پێشوی دەفتەری سیاسی
٥ هیدایەت قادری- ئەندامی پێشووی كۆمیتەی ناوەندی
٦ رەسوڵ عەلیدوست ( سپی كەمەرە)- ئەندامی پێشووی كۆمیتەی ناوەندی
٧ حامد جیهانی
٨ عەتا موحەمەد ئەمینی
٩ ئومید عەبدوڵڵاهی
١٠ موحەمەد كوردی (حەمە ریش) – ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی
١١ هێرش موحەمەدی
١٢ رێبوار ئەحمەدی
١٣ حاجی تاوانی
١٤ ئیبراهیم شەریفی
١٥ ئەحمەد فەروخی (ئەحمەد وێژە)
١٦ ئازاد كەریمی
١٧ شیوا ساعدی
١٨ ئارەزوو شەریفی ئازە

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …

یەک بۆچوون

  1. wa bezanem mabastan awa bo ka dar kerwen la komala….

    aw 18 kasa dar kerawen w xoyan dastian nakeshawata… estash labar barzhavandi xoyan lawanaya hande qesa pekan ka rast nya, law niwandash da nayarani komala sheti awa sayri wak ewa belaw akanawa :-)

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.