چوار شه‌ممه‌ 17 نیسان 2024

400 كەس لە 900 زیندانیی سیاسی لە ئێران، كوردن

22كۆمەڵە و رێكخراوی داكۆكیكاری مافی مرۆڤ لە راگەیێندراوێكدا داوا لە حكومەتی كۆماری ئیسلامی دەكەن، كە هەرچی زووترە بە دەنگ داواكاری زیندانیانی سیاسی بەندیخانەی ورمێ بچێ، كە ماوەی مانگێكە دەستیان بە مانگرتن كردووە و دۆخی تەندروستییان لە مەترسیدایە. هەروەها داوا لە حكومەتی ئێران دەكەن كە بە دۆسێی ئەو زیندانیانەدا بچێتەوە.

راگەیێندراوەكە بە دەستپێشخەری كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستانی ئێران – ژنێڤ بڵاوكراوەتەوە و  22 رێكخراوی ئێرانی و نێودەوڵەتی وەكوو رێكخراوی پارێزەرانی مافی مرۆڤ، رێكخراوی نەهێشتنی سزای لەسێدارەدان، رێكخراوی سویسی نەتەوە مەترسی لە سەرەكان و ناوەندی تەبایی نێونەتەوەیی واژۆیان كردووە.

لە راگەیێندراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، بە پێی مادەی 39 ی دەستووری كۆماری ئیسلامی ئێران، هەڵسوكەوتی دژ بە كەرامەتی كەسانی بەندكراو قەدەغەیە. جگە لەمەش هەندێك بەند و یاسای دیكە داوای جوداكاری لەنێوان بەندكراوەكاندا دەكەن بەپێی ئەو تاوانانەی كە ئەنجامییان داوە.

ئەو رێكخراوە نێودەوڵەتییانەی پارێزەری مافی مرۆڤ هەروەها دەڵێن بە پێچەوانەی بەڵێنەكانی دەوڵەتی روحانی، ژمارەی ئەو كەسانەی كە سەر بە نەتەوە جیاوازەكانن و لەگەڵ زیندانیكردن، ئە‌شكەنجە و لەسێدارەدان رووبەروون لە زیادبووندایە. بە پێی زانیارییەكانی رێكخراوەكانی داكۆكیكار لە مافەكانی مرۆڤ، ئێستا 900 كەس بە هۆكاری سیاسی یان لەسەر بیروڕای جیاواز گیراون، كە 400 یان كوردن.

ئەوان هەروەها دەڵێن بارودۆخی بەندكراوانی سیاسی بەندیخانەی ورمێ نموونەیەكی بەرچاوە لە باردۆخی مەترسیداری زیندانیانی دیكە لە ئێراندا و ئەو تووندوتیژیە جەستەییانە و مەترسیانەی كە لەسەر ژیانی بەندكراوان هەیە، ‌‌دژی یاسا نێودەوڵەتییەكان، بەتایبەت مادەی 7ی كۆنڤانسیۆنی مافە سیاسیی ومەدەنییەكانن كە ئێران واژۆی كردووە و هەموو چەشنە ئەشكەنجە و هەڵسوكەوتێكی نامرۆڤانە و تووندوتیژانە قەدەخە دەكات.

لە كۆتاییشدا ئەو 22 رێكخراوە داوا دەكەن، هەرچی زووتر و بەبێ مەرج زیندانیانی سیاسیی بەندیخانەی ورمێ لە كەسانی دیكە كە بە تاوانی جیاواز‌ سزادراون، جیا بكرێنەوە و خزمەتگوزاری تەندروستی و پێویستیان بۆ دابینبكرێ. داواش دەكەن زیندانیانی سیاسی بەهیچ شێوەیەك ئەشكەنجە نەدرێن و دووبارە چاو بە پەروەندەی زیندانیانی سیاسیی ورمێدا بخشێنرێتەوە و سزای لەسێدارەدانیان لەسەر لاببرێ. هەروەها هەموو ئەو كەسانەی كە تەنیا بەهۆی پێشێلكردنی مافە سەرەتاییەكانیان وەك ئازادی رادەربرین و یان ئازادی پێكهێنانی كۆرو كۆمەڵە بەندكراون، ئازاد بكرێن.

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.