سێ شه‌ممه‌ 19 تشرینی دووه‌م 2019
ماڵەوە / دیمانە / ناجی سه‌لیمی، لاوی هونه‌رمه‌ندی بۆکانی بۆ زاگرۆس‌ پۆست ده‌دوێت

ناجی سه‌لیمی، لاوی هونه‌رمه‌ندی بۆکانی بۆ زاگرۆس‌ پۆست ده‌دوێت

زاگرۆس پۆست: زیاتر چ شێوازێکی گۆرانی بۆ ئاوازه‌کانت هه‌ڵ ئه‌بژێری؟

ناجی سه‌لیمی: من زیاتر وه‌ک خۆم گۆرانی ده‌ڵێم، حه‌ز ده‌که‌م شێوازێکی تایبه‌ت به خۆمم هه‌بێت، یانی وه‌ک ناجی بمناسن.

زاگرۆس پۆست: موزیکت به شێوه‌ی ئه‌زموونه‌گه‌رایی (تجربی) ده‌ستپێکرد یا به شێوه‌ی ئاکادێمیک؟

ناجی سه‌لیمی: به ته‌جروبه ده‌ستم پێکرد، هه‌رچه‌ند زانیاریم له‌سه‌ر موزیک‌و ناسینی ده‌ستگاکان هه‌یه، به‌ڵام به‌رهه‌می کارم زیاتر ته‌جروبی بووه.

زاگرۆس پۆست: زیاتر له ژێر کاریگه‌ریی کام مامۆستادا بوویی؟
ناجی سه‌لیمی: مامۆستاکانم زۆرن‌و له هه‌ر مامۆستایه‌ک شتێکم وه‌رگرتووه‌و له هه‌ر کامیان شتێک فێر بووم، فێربوونێک که تا ئێسته‌ش به‌رده‌وامه.

زاگرۆس پۆست: له ناو مامۆستاو هونه‌رمه‌ندانی هاوڕێتا زیاتر له کامیانه‌وه نزیکی؟ هه‌م وه‌ک که‌سایه‌تی‌و هه‌م وه‌ک ستایلی گۆرانی وتن.

ناجی سه‌لیمی: ڕێزم بۆ هه‌موویان هه‌یه‌و له‌گه‌ڵ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێک دۆستایه‌تیی نزیکم هه‌یه‌و سه‌ردانی زۆربه‌یان ده‌که‌م‌و پڕ به دڵ خۆشم ده‌وێن. به‌ڵام تا ئێسته نه‌متوانیوه له هیچیان وه‌ک ستایلی خۆیان که‌ڵک وه‌ربگرم، ئه‌گه‌رچی هه‌میشه حه‌ز ده‌که‌م خۆم بم، وه‌ک ناجی؛ به‌ڵام زۆر که‌ڵکم له گۆرانیه‌کانی هایده(ی فارس) وه‌رگرتووه. زۆر که‌س منیان به گۆرانییه‌کانی ئه‌ودا ده‌ناسییه‌وه، له به‌ر ئه‌و‌ه‌ی ده‌نگی هایده‌م زۆر پێ خۆشه‌و زۆربه‌ی کات لاسایی ئه‌که‌مه‌وه، له به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌نگم نزیک له ده‌نگی ئه‌وه‌و تا ئێسته‌ش چه‌ند گۆرانیم له گۆرانییه‌کانی گوتووه‌ته‌وه.

زاگرۆس پۆست: تا ئێسته چه‌ند به‌رهه‌مت ئاماده کردووه‌؟ به‌رنامه‌ت له ئێستادا چییه؟

ناجی سه‌لیمی: به‌هۆی ئه‌وه‌ی له رۆژهه‌ڵات ئه‌ژیم‌و کاری سینه‌ما ده‌که‌م‌و به تازه‌یی ده‌ستم به گۆرانی وتن کردووه، تا ئێسته توانیومه 6 گۆرانی‌و 2 کلیپ تۆمار بکه‌م. ده‌مه‌وێ به زوویی ئه‌لبومێکی تازه بڵاو بکه‌مه‌وه، چونکه هه‌ر ئێسته خه‌ریکی به‌رهه‌م هێنانی فیلمێکی درێژم‌و ده‌بێ کاتێکی زیاتریان بۆ ته‌رخان بکه‌مه‌وه، هه‌روه‌ها خه‌ریکم خۆم بۆ چه‌ند کۆنسێرتێک له ده‌ره‌وه ئاماده ده‌که‌م‌.

زاگرۆس پۆست: گه‌وره‌ترین ڕێگره‌کان له به‌رده‌م گه‌شه‌ی هونه‌ریتدا چیه؟ چۆن ئه‌کرێ ئه‌و گرفتانه که‌م بکرێنه‌وه؟

ناجی سه‌لیمی: نه‌ته‌نیا بۆ هونه‌ر، به‌ڵکو بۆ زۆر کار که ده‌مه‌وێ بیکه‌م گرفت دێته سه‌ر رێگا، به‌تایبه‌ت که ژنێکی هونه‌رمه‌ند بیت‌و له ئێراندا بژی، به‌تایبه‌تتر ئه‌گه‌ر گورانیبێژو ده‌رهێنه‌ر بیت به دڵنیاییه‌وه کێشه‌کان زۆرتر ده‌بن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئامانج گه‌یشتن به‌و به‌رهه‌مانه بێت، ده‌بێ گرفته‌کان نه‌بینین‌و به دڵێکی گه‌وره‌وه تا به‌دیهاتنی خه‌ونه‌کان به‌رده‌وام بین.

زاگرۆس پۆست: لاوی ئه‌مڕۆی کورد له رۆژهه‌ڵات خوازیاری چ موزیک و گۆرانییه‌که؟

ناجی سه‌لیمی: ناتوانم ده‌ست له سه‌ر شێوازێکی تایبه‌ت دابنێم، به‌ڵام ئێسته پاپ‌و پاپ‌ کالسیک‌و سۆنه‌تی لایه‌نگری زۆره، ئه‌توانم بڵێم لایه‌نگری موزیکی پاپ سۆنه‌تی زۆرتره.

زاگرۆس پۆست: هونه‌رو به تایبه‌ت گۆرانی کوردی تا چه‌ند کاریگه‌ری له سه‌ر ناسنامه‌ی لاوی کورد هه‌یه؟

ناجی سه‌لیمی: کاریگه‌ریی زۆره‌و ده‌توانێت هه‌م یارمه‌تیده‌ری بێت‌و هه‌میش ڕێگری بێ، به‌ڵام به داخه‌وه لای ئێمه زۆر که‌م ڕووده‌دا که بنه‌ماڵه‌کان (وه‌ک سه‌ره‌تاییترین پێگه‌ی ژیانی لاو) هه‌ستیان له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌نده‌کاندا ببێت، ئه‌وه به تایبه‌ت بۆ هونه‌رمه‌نده لاوه‌کانی قورساییه‌که‌ی زیاتره، ئێمه زۆرجار هه‌ست ئه‌که‌ین که‌س نییه ده‌ستمان بگرێت یان ماندوونه‌بینمان بکات؛ به گشتی هونه‌رو گۆرانیی کوردی له‌گه‌ل ڕاستیی ژیانی کورددا یه‌ک ده‌گرێته‌وه‌و تا ئێسته که‌مترین کاریگه‌ریی له دروستکردنی ئه‌و ناسنامه‌یه هه‌یه.

زاگرۆس پۆست: سنووردار بوونی ئازادی کچی کورد له ده‌رکه‌وتنی له هونه‌ری کوردیدا تا چه‌ند ڕێگر بووه له به‌رده‌م گه‌شه‌یدا؟ خۆت وه‌ک کچێک تا چه‌ند ڕێگری‌و به‌ربه‌ستت هه‌بووه له ده‌رکه‌وتن‌و پێشکه‌وتنتدا؟

ناجی سه‌لیمی: ئه‌گه‌ر بمه‌وێ باس له گرفته‌کانی خۆم له بواری هونه‌ردا بکه‌م کاتی زۆری ده‌وێ. به‌ڕاستی بۆ هونه‌رو هه‌موو ئاواته‌کانم شه‌ڕی زۆرم کردووه‌و خۆم ماندوو کردووه، زۆرم تانه بیستووه، زۆر دڵگیر بووم‌و زۆر بێهیوا کراوم، به‌ڵام چونکه ئاواتم سه‌رکه‌وتن بووه، هیچ گرفت‌و له‌مپه‌رێک نه‌یتوانیوه ڕێگرم بێت. به‌زۆری بنه‌ماڵه‌کان کێشه بۆ کچی هونه‌رمه‌ند سازده‌که‌ن، به‌ڵام بنه‌ماڵه‌ی من زۆر هاوکارییان کردووم‌و یارمه‌تیده‌رم بوون، به تایبه‌ت دایکی خۆشه‌ویستم.

بابەتی هاوپۆل

مێژووی زارەکی چەپ لە کوردستان .. گفتوگۆ لەگەڵ هاوڕێ گەلاوێژ قادر نەژاد

ئامادەکار: محەمەد خاکی

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

This site uses Akismet to reduce spam. Learn how your comment data is processed.