ماڵەوە / کوردستان / پەرەسەندنی نیگەرانیەكان سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی زیندانیەكی سیاسی

پەرەسەندنی نیگەرانیەكان سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی زیندانیەكی سیاسی

زیندانیەكی سیاسی كورد كە ماوەی 9 رۆژە گواستراوەتەوە بۆ ژووی تاكەكەسی زیندانی شاری “میناب” بە هۆی نەبوونی جل و بەرگی گەرم و پەتوو(بەتانی) لە دۆخێكی تەندروستی مەترسیداردایە.

بە پێی هەواڵی كەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی، “محەمەد حسێن رەزایی” (خوسرۆ) هاوڵاتیی كوردی خەڵكی شاری “دیواندەرە” كە رێكەوتی 16ی مانگی سەرماوەز لە بەندی زیندانیانی سیاسی زیندانی ناوەندیی شاری “میناب” پاش ناڕەزایی بە پێڕانەگەیشتنی پزیشكی و دەستبەسەراگرتنی هەزینەی چارەسەریی پزیشكیەكەی، بە بڕیاری كاربەدەستانی زیندانی گواسترایەوە بۆ ژووری تاكەكەسی، ئێستاكە لە دۆخێكی جەستەیی مەترسیدار دایە و پێویستی بە فریاگوزاریی خێرا هەیە.

ئەو زیندانیە سیاسیە كوردە، مانگی جۆزەردانی ساڵی 92یش لە ناڕەزایی بە حوكمی زیندان و هەروەها دوورخرانەوەی بۆ زیندانی “میناب” ماوەی یەك هەفتە دەستی دایە مانگرتن و لێوەكانی خۆی دووریەوە و رۆژی شەممە 23ی مانگی سەرماوەز بە هۆی تێكچوونی باری تەندروستیەوە گواستراوەتەوە بۆ بێهداریی و پاش لێدانی چەند دەرزیەكی ئارام بەخش گەڕێندراوەتەوە بۆ نێو ژووری تاكەكەسی

محەمەد حسێن رەزایی (خوسرۆ) ساڵی 1390ی هەتاویی هاوڕێ لەگەڵ چەنگیز قەدەم خێری، فەخرە فەرەجی و ئەیوب ئەسەدی لە لایەن هێزەكانی كۆماری ئیسلامی لە نزیك شاری سنە دەستگیر كران و لە كاتی دەستگیر كردنەكەیدا لە لایەن چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامیەوە درایە بەر دەستڕێژیی گوللە و بریندار بوو، بەڵام هیچكات برینەكەی دەرمان نەكرا و ئێستا لە دۆخێكی زۆر مەترسیدار و نیگەرانی خولقێندایە.

“محەمەد حسێن رەزایی (خوسرۆ)” خەڵكی شاری دیواندەرە بە 30 ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی میناب “چەنگیز قەدەم خێری” خەڵكی شاری كامیاران بە 40 ساڵ زیندان و دوور خرانەوە بۆ زیندانی مەسجد سولەیمان، “فەخرە فەرەجی” خەڵكی شاری مەریوان بە 25 ساڵ زیندان دوور خرانەوە بۆ زیندانی تەبەس و “ئەیوب ئەسەدی” خەڵكی شاری مەریوان بە 20 ساڵ زیندان دوورخرانەوە بۆ زیندانی كاشمەر حوكم دران.

بابەتی هاوپۆل

شەپۆلی نوێی مانگرتنەکان، داخستنی بازار وپاساژەکانی تاران