دوو شه‌ممه‌ 9 كانونی یه‌كه‌م 2024

وردەكاریی زۆرتر لە سەر یەكگرتنەوەكەی “كۆمەڵە”

یەكگرتنەوەكەی لایەنەكانی “كۆمەڵە”، كە لە ماوەی رۆژانی رابردوو هەواڵەكەی بڵاو كرایەوە، وردەكارییەكی زۆرتری لێ روون بووەتەوە.

بە پێی ئەو هەواڵانەی بە “زاگرۆس پۆست” گەیشتووە، لایەنەكانی بەشداربوو لە پرۆژەی یەكخستنەوەی كۆمەڵە كە بریتین لە: “كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، رەوتی سۆسیالیستی كۆمەڵە و كۆمەڵێ كادر و ئەندامی ناڕازیی ناو كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران”، لەو پەیوەندەدا بڕیاریان لەسەر دیاریكردنی 2 كۆمیسیۆنی سەرەكی بۆ تاوتوێ كردنی پێڕەو و پرۆگرام دەركردووە، كە بەو پێیە و بە هاوئاهەنگی ئەو چەند لایەنە ئەندامانی كۆمیسیۆنەكە دیاریی دەكرێن.

ئەو بابەتانەی كە بڕیارە ببێتە ئەجیندانی كاری كۆمیسیۆنەكان، بەم چەشنەیە: پێكهاتەی حیزبی داهاتوو، روانین بۆ مەسەلەی چەپێكی كوردستانی، پرسی نەتەوەیی، مەسەلەی ژنان، خەباتی مەدەنی و رێكخراوەیی و روانین بۆ خەباتی چەكداریی.

سەرچاوەیەك لە زاری “ساعێد وەتەندوست” كە یەكێك لە ئەندامانی دامەزرێنەری كۆمەڵەیە، ئاماژەی بەوە داوە: ئێمە هەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی كۆمەڵە ببەینەوە سەر جێگە و پێگەی راستەقینەی خۆی.

هەروەها “عەتا ناسرسەقزی” بەرپرسی پەیوەندیەكانی “كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان” لە شاری سلێمانی، سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ لە دیمانەیەكی كورتدا بە كاناڵی رووداوی راگەیاند: مەبەست لەم یەكگرتن و یەكڕیزیە، گەڕانەوەی هێواو هۆمێدەكانی خەڵك بۆ “كۆمەڵە” و لە هەمان كاتدا بووژاندنەوەی كۆمەڵەیەكی بەهێز و كارامە و كاریگەر.

هاوكات “ئەحمەد ساڵحی” بەرپرسی پەیوەندیەكانی “رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران” (كۆمەڵە)ش بە رووداوی وت: تا ئێستا هەرچی جیابوونەوە و دابڕان لە كۆمەڵەی كۆمۆنیست ئەنجام دراوە سەركەوتوو نەبووە و ئەم یەكگرتنەوەیەش بە ئاكام ناگات.

ئەمەش لەحاڵێكدایە، كە لایەنەكانی بەشداربوو لە رەوتی یەكگرتنەوەی كۆمەڵە، پێداگریی و جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە، كە یەكگرتنەوە تەنیا بەمەوە ناوەستێت و پرۆژەكە ئارستەی “كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران و رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران (كۆمەڵە)” دەكەن.

“زاگرۆس پۆست” هەوڵ دەدات لە داهاتوودا وردەكاریی زۆرتر لە بارەی یەكگرتنەوەی كۆمەڵەوە ئاشكرا بكات.

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.