دوو شه‌ممه‌ 28 ئایار 2018
ماڵەوە / کوردستان / مانگرتن لە بەردەم نووسینگەی پارلمانی كوردستان بۆ پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی

مانگرتن لە بەردەم نووسینگەی پارلمانی كوردستان بۆ پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی

ژمارەیەك لە چالاكانی سیاسی و مەدەنی رۆژهەڵاتی كوردستان، بە مەبەستی پشتیوانی و لە هەمان كاتدا ناڕەزایی بەرامبەر بە كەمتەرخەمی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی سەبارەت بە تێپەڕ بوونی 20 رۆژ مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسی لەو بەشەی كوردستان، دەستیان دایە مانگرتن و رێكخستنی متینگێكی هێمنانە.

بە پێی هەواڵێ كە بە *زاگرۆس پۆست* گەیشتووە، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 18ی مانگی سەرماوەز، ژمارەیەك لە چالاكانی سیاسی و مەدەنی رۆژهەڵاتی كوردستان، بە هەڵواسینی پلاكارد و وێنەی زیندانیانی سیاسی گیانبەختكردوو و هەروەها ژمارەیەك لە زیندانیانی سیاسی كە ئێستاكە لە زیندانەكانی كۆماری ئیسلامیدان و هەڵكردنی دروشم و پلاكارت و تراكت، پشتیوانیی خۆیان لە زیندانیانی سیاسی مانگرتوو لە زیندانی ناوەندیی شاری “ورمێ” (دەریا) و هەروەها لە چەند زیندانی دیكەی ئێران، دەستیان داوەتە مانگرتن و وەڕێخستنی كۆبوونەوە لە بەردەم نووسینگەی پارلمانی هەرێمی كوردستان لە شاری “سلێمانی”.

بە پێی هەواڵی هەواڵنێرمان، لە كۆبوونەوەكەدا ژمارەیەك لە چالاكانی سیاسی و مەدەنی بە پاڵپشتیی 3 حیزب لەوانە “كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان(ك زك)، پارتی ئازادیی كوردستان(پاك) و پارتی ژیانی ئازادی كوردستان(پژاك)” بەشدارییان لەو كۆبوونەوە ناڕازییانەیەدا كردووە و پشتیوانیی خۆیان بۆ زیندانیانی سیاسی لە زیندانەكانی كۆماری ئیسلامی دەربڕیوە و مانگرتنەکه ئێستاكەش بەردەوامە.

جێگای وەبیرهێنانەوەیە، تا ئێستا “كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان” 2 راگەیەندراو، “حیزبی دیموكراتی كوردستان” راگەیەندراوێك و “پارتی ژیانی ئازادی كوردستان” بە راگەیەنراوێك پشتیوانی خۆیان لە زیندانیانی سیاسی مانگرتوو، كە 20 رۆژە درێژەی هەیە، دەربڕیبوو.

بابەتی هاوپۆل

شەپۆلی نوێی مانگرتنەکان، داخستنی بازار وپاساژەکانی تاران