شه‌ممه‌ 18 تشرینی دووه‌م 2017
ماڵەوە / وتار / تەقەلا بێسودەکان / عەلی کەریمی

تەقەلا بێسودەکان / عەلی کەریمی

رەنگە یەک لەم شتانە یان رووداوانەی نەتوانم هەرگیز لە ژیانمدا ئینکار و حاشای لێ بکەم، لە سەرەتای ژیانی سیاسی و پێشمەرگایەتیم، کۆمەڵە بوونم بێت. بەڵێ و راستە هەر لە سەرەتای دەسپێکی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1979 منیش یەک لەوانە بووم لە دارەدارە کردن و پێهەڵگرتنی کۆمەڵە بەشدار بووم و چەکم بۆ هەڵگرت، نایشارمەوە و ئەمە راستییە دەبێ بگوترێت منیش و زۆربەی هاوتەمەنەکانی وەک من لەو رۆژگارە لە عاست ئایدۆلۆژی و بناغەی سیاسی کرچ و کاڵ بووین. دەمانزانی و دەبوو چەکی پارێزگاری بۆ کوردستان هەڵگرین. شێوەی خەبات حیزبایەتی بوو، بە خۆشییەوە سەردەمی سەرکردایەتی سەرۆک عێل و عەشیرە بەسەر چووبوو، حیزبی دیمۆکرات هەبوو، ناسراو بوو ئەمما لای ئێمەمانانی خۆ بە چەپزان مەقبوڵ و بەدڵ نەبوو، هۆکار زۆر بوون، جارێ نایڵێم. کۆمەڵەمان هەڵبژارد بە بێ ناسین و بە بێ هەڵکراندنی بنج و بنەوانی، بە بێ شەرت و مەرج و بە بێ هیچ داواکارێک لە بوونی بەرنامەیان، پەیرەوپرۆگرامیان، ئایدۆلۆژیان، ناسینی سەرکردایەتێکەیان، ستراتیژ و بۆچوونیان لە سەر کوردستان و زۆر شتی تریش، تەنیا ئەوەندە کە ئەوانیش بۆ بەرگری لە هێرشی کۆماری ئیسلامی ئامادەی پێکهێنانی هێزی پێشمەرگەن، ئێستاش دەیڵێمەوە هەر ئەوەش بوو کە لە سەردەمانێکدا کۆمەڵەی گەیاندە ئەو عاستە بەربەرەکانی دیمۆکرات بکات و دوژمن حیسابی تایبەتی بۆ بکات.

ئەو سەردەم ئێمەمانان 20 و 23 ساڵ بووین و ئەوانیش (سەرکردەکانمان) 27و 29 ساڵ بوون، ئێستێ ئێمە بەرەو 60 و ئەوانیش بەرەوە 70 رۆیشتون و دەرۆن.

لە ساڵی 83وە نەغمەی کراندنی کۆمەڵە بە حیزبی کۆمۆنیست لێدرا و نەنجام چەند کەسێکی نەناسراوی فارس هاتن و دەستیان بەسەر کۆمەڵەکەماندا داگرت و دوای چەندین هات و هاوار و کۆبوونەوە تەنیا من و چەند هاورێیەکم کە هەموویان بە پەنجەکانی دەست دەژمێردرێن، جێگەمان لەق بوو و کۆمەڵە و هاورێ فارسە تازە عەزیزەکانیانمان جێهێشت، ئەوانیش بە دەنگی زیاتر لە 95 لەسەتی ئەندام و پێشمەرگەکان لە مێشکەپە (موچەیەکە لە ئالانی سەردەشت) و بە سەرکردایەتی ئەم فارسە تازە گەیشتوانە ئالای حیزبی کۆمۆنیستیان هەڵکرد. ئیتر ئەستێرەی گەشی کۆمەلە رووی لە کزی کرد و گڵۆڵەی کۆمەڵە بەرەولێژی رۆیشت و هەتا ئێستا پتر لە هەشت نۆ دە ئینشقاق و جیابوونەوەی بە خۆیەوە دیوە و دەیبینە.

دوای رۆیشتون و جیا بوونەوەی زۆربەی فارسەکان لە نەوەدەکان و هاتنە کایەی کۆمونیستی کارگری و کرێکاری و حیکمەتیست و چی و چی لە ساڵی 2000 باڵی عەبدوڵلای موهتەدی لە حیزبی کۆمۆنیستی ئیبراهیم عەلیزادە جیا بۆوە و دیسان سازی بوونەوە بۆ کۆمەڵەی سەردەمی زوو لێدرا، ئەوجار ساڵی 2007 باڵی عومەر ئیلخانیزادە لە عەبدوڵلا موهتەدی جیا بۆوە و باڵی ساعد وتەندوست و شوعێب زەکەریایی لە ئیبراهیم عەلیزادە و دواتر باڵی مینەی حیسامی و جەعفەر ئەمینزادە لە ساعد و شوعێب جیا بوونەوە و چەند وردە ئینشقاقی تری وەک بارام رەزایی و عەبە دلێر و چی و چی تریش.

بە راشکاوی و بە تێرادیوی دەڵێم هەر لە ساڵی 2000وە چاودێر و چالاک و دۆستیان بووم لە هەموو ئەم ئاڵۆگۆری و قەیرانانەی بەرۆکی ئەم کۆنە هاورێیانەمی گرتووە و زۆرجاریش توشی گلە و گازەندەی لایەک بۆ دیفاع لە لایەکی دی بوومەوە، ئەوەی راستیش بێت جا کێ بروای پێ دەکا یان نایکا هیچ بەلامەوە گرنگ نەبووە و نییە تەنیا یەکگرتنەوەی هەموو بنەماڵەی کۆمەڵە بووە و ویست و داخوازیم لییان یەکێتی و دەست لەناو دەستیان بووە. دیارە لەم رێگەیەشدا زۆر جار رەخنە و هەڵویستی خومم بووە کە بە دڵی کەسێک یان لایەنێک نەبووە، هەمووشیان باش دەزانن بە درێژایی ئەم ساڵانە روو بە دەرەوە و میدیا بێدەنگیم هەڵبژاردوە و لە بەر رۆشنایی ئەوەی کە دەڵێن [تفی سەر بەرەو ژوور یان دوژمنت پێخۆش نەبێ] بە ئومێدی یەکگرتنیان و هەستانەوەی کۆمەڵە زوبان و قەڵم لام کەلەپچە کرابوون و زۆرتر قسە باش و خۆشەکانیانم نەقڵ دەکرد.

لە ماوەی ئەم 10-15 ساڵەدا بە دەیان حەول و دەسپێشخەری کراوە بۆ یەکگرتنەوەی کۆمەڵەکان و خەڵکی تریش لە نزیکەوە ئاگادارم کاریان بۆ کردووە، تا ئێستا هەمووی بێسود بووە، تەنانەت بە نووسراو و بە رەسمی داوام لێکردن ئەگەر یەکگرتنەوەش ناکرێت، بەرەیەکی چەپی کوردی لە رۆژهەڵات پێک بێت، گاڵتەیان بەوەش هات، گوتم ئەگەر ئەم بەرەیە پێک بێت کار دەکاتە سەر نزیک بوونەوەی دیمۆکراتەکانیش، ئەو کات دوو بەرەمان دەبێت و ئاسانتر دەبێت بۆ بەرەیەکی یەکگرتووی هەموو رۆژهەڵات، هەموو بە قسە زۆریان پێ باش بوو بەڵام بە کردەوە هیچ.

ئێستا ئیتر گەیشتووم بەو قەناعەتە هەر لە دەسپێکی سەرهەڵدانی کۆمەڵە رۆژێک لە رۆژان ئەوان (سەرکردایەتی کۆمەڵە) هاوبیر و باوەر و یەکگرتوو نەبوون، ئەوان هەرگیز لە رێکخراوی سیاسی نەگەیشتوون و زۆرتر سۆسیال عەشایری بیریان کردۆتەوە، هاو مەبدە و خاوەن یەک ستراتیژ نەبوون و دەتوانم بڵێم تەنانەت یەکتریشیان بەدڵ نەبووە و لە ناخەوە زۆربەیان رقیان لە یەکتر بووە، تەنیا یەک شت کە ئەوانی بە یەکەوە هێشتبۆوە خەباتی چەکداری و پێشمەرگایەتی بوو، بوونی ئەو هەمووە پێشمەرگەی قارەمانی لاوی گیان لەسەردەست لە دەوریان بە بێ تەماح و هیچ چاوەروانێک و هاتنە ژێر رکێفیان خۆبەخشانە، پێشی بە هەموو ئەو جیاوازیانەی ناوخۆیان گرتبوو، سەلماندنی ئەم قسەیەش زۆر سادە و ساکارە، ئەوەتا هەر لە ساڵانی نەوەدەکان و دوای نەمانی خەباتی چەکداری و جموجۆڵی پێشمەرگە ئەوە بەسەر کۆمەڵە هات کە دەبوو بێت.

چەند رۆژێکە دیسان لە دوو لای جیاوازی کۆمەڵەکان لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید چەند کەس سەریان بەسەر یەکەوە ناوە، گۆیا کۆمەڵە ساغ دەکەنەوە، پرسیار ئەوەیە بۆ کێ و چۆنی ساغ دەکەنەوە؟! دڵنیام دوو لای تری کۆمەڵە لە ئێستاوە پێیان وایە بۆ دژایەتی ئەوانە ئەم کۆبوونەوانە، ئەوە نێ تەنیا ئەم کەسانەن کە بە تەواوی دژی دوو لایەکەی تری کۆمەڵەن ( کۆمەڵەی حیزبی کۆمونیست و کۆمەڵەی شۆڕشگێر)، ئایا لە خۆتان پرسیوە بە بێ ئەم دووانە کۆمەڵە ساغ دەبێتەوە؟ ئەدی ئەم بە سەدان و هەزاران کادر و پێشمەرگەی کەم ئەندام و ئاوارەی هەندەران هیچ پرسیان پێکراوە، یان ئەوەتا بۆ خۆتانی ساغ دەکەنەوە و کە قەیرانی فیکری و ماڵی و بەرپرسیارێتی بینەقاقای گرتوون و بەهۆی سیاسەتی چەوتی چەندین ساڵەتان هەست بە دیلی و دەسبەسەری دەکەن لە باشوری کوردستان!

نا هاورێیان! ئیتر چیتر باوەرم بەم حیزبگەلەی رۆژهەڵات نەماوە کە مەشروعییەتی سیاسی خۆیان لەم چەند پێشمەرگەی ئۆردوگاکاندا دەبینێتەوە، دەبوو ئێوە ئەم مەشروعییەتە لە کاری رێکخراوەیی، جەماوەری و مەدەنی، سیاسی، مەبدەئی، فیکری، ستراتیژی، هەڵوێست، داهاتووی کوردستان و خۆ داماڵین لە هەموو ئەم سیاسەتانەی بەرامبەر بە چارەنووسی کوردان هەتانبووە بە دەست بێنن. پێشمەرگە دەبێ هێز و بازوی گەل بێت و پارێزەری خاک و نیشتمان، نەک مەشروعیەت پێدان بە سیاسەتی ئەم حیزبانە کە لەسەر ویست و خواست و خولیای چەند کەسێک دامەزراون بۆ گوزەران و بژێوی ژیان. ئەوانەی لە رۆژهەڵات ناوی پیرۆزی پێشمەرگەیان لە خۆ ناوە ئیتر کاتێتی حورمەت و کەرامەتی وشەی پیشمەرگە بە کردار بگەرێنەوە بۆ خۆیان و بە قوڵی بپرسن ئەرێ بەراست ئێمە پێشمەرگەی چین و کێین؟!

تازە واز لەم داستانە ناهێنم و درێژەی دەبێت…

 

بابەتی هاوپۆل

پایان مهتدیسم آغاز فوادیسم / مام رحمان

مهتدی هیچگاە میراث بجاماندە ازبینش فکری وخصلتهای مبارزاتی واخلاقی وهژمونی سیاسی کاک فواد را که …