چوار شه‌ممه‌ 17 نیسان 2024

ناسری ڕەزازی مردبا باش بوو / ناسر حسامی

هەتا ئێستا گەلێک جاریان پێ گوتووە کاکە تۆ هونەرمەندی، باسی سیاسەت مەکە. بە قسەیان ناکا، ئەوانیش تووڕە دەبن. دەڵێن ئەوەتا دیسان شەکری شکاند. حەتمەن دیسان لە بەر تریاک ئاگای لێ نییە دەڵێ چی. دەڵێن لە خۆوە لە هەموو کاسەیەکدا دەبێتە کەوچک. مەعلووم نییە بۆچی گۆرانیش دەڵێ و باسی سیاسەتیش دەکا و تەنانەت جاری وایە باسی مێژوویش دەکا. ناسر ئاگای لەوە نییە کە کۆمەڵگەی ئێمە حەز ناکا شاعیر و نووسەر و هونەرمەندەکانی باسی سیاسەتی ناخۆیی بکەن و ڕەخنە بگرن. بۆچی؟ نازانم بۆچی، بەڵام وان. یانی هەموومان قەبووڵمان کردووە ئەو کەسەی دەنگی خۆشە یان شیعر دەڵێ نابێ هەڵوێستی سیاسیی هەبێ و نابێ ڕەخنە بگرێ. یانی خەڵکی دیکە، دارتاش و بەننا و کووتاڵفرۆش و نانەوا و خەیات و ئەندازیار و پزیشک و کرێکار و جلشۆر و کارمەند و ڕۆژنامەنووس، هەموو کەس باسی سیاسەت دەکا، حیزبایەتی دەکا و تەنانەت خۆی بۆ بەرپرسایەتیی حیزبی کاندید دەکا. کەس ناڵێ ئێوە بۆ سیاسەت دەکەن. بە کەس ناڵێن کاکە تۆ نانەوای چیت لە سیاسەت داوە. بەڵام دەڵێن کەسێک دەنگی خۆش بێ نابێ سیاسەت بکا. ناسری ڕەزازی پوورزایەکی هەیە دەنگی ناخۆشە، هەرچی لە بابەت سیاسەت و فەلسەفە و مێژوو بیڵێ کەس ناڵێ بۆ باسی ئەوانە دەکەی.
هەڵبەت واش نییە، بەوە لە کۆڵ ناسری ڕەزازی بینەوە کە باسی سیاسەت نەکا. دوو ڕۆژ لە کۆبانی شەڕ بێ و ناسر سروودی سیاسی نەڵێ دەڵێن ئەو خوێڕییە بۆ دەنگی نییە؟ قەندیل بۆمباران بکرێ یان لە کەرکووک تەقە بێ، هەفتەیەک ناسری ڕەزازی سروودی سیاسی نەڵێ، دەڵێن بابیشی جاش بووە ئەو بێ‌هەڵوێستە. ئەوە حاڵیەتی بە زیندوویی. کەچی مردنەکەی پڕە لە قازانج. دەبێتە هێمای نەتەوەیی. دەبێتە یەکێک لە پیرۆزییەکانمان. دوژمنی داگیرکەر حەدی چییە لە سەدا و سیمای مهاباد یان کورسان ڕاپرسی بکا و بڵێ ناسری ڕەزازی دەنگی خۆشترە یان ئەحمەدینەژاد؟ یەکجێ بە پلاکاردەوە دەخرۆشێین و دەڵێین سووکایەتییان بە موقەدەساتمان کردووە. یانی دوژمنانی ئێمە هێشتا نەیانزانیوە کە ئەوان بۆیان نییە سووکایەتی بە موقەدەساتی ئێمە بکەن، ئێمە تەنیا خۆمان بۆمان هەیە پێش ئەوەی ببنە موقەدەسات، وەک پەڕۆی پیس بە سەر چیلکەی قەراخ ڕێگەوە هەڵیانواسین. حەسەن زیرەکیش، کاتی خۆی …..
ناسری ڕەزازی بە قازانجیەتی هەرچی زووتر بمرێ.

تێبینی : ئەم نووسراوەیە لە سەر لاپەڕەی فەیسبوكی “ناسر حسامی” وەرگیراوە.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.