سێ شه‌ممه‌ 19 تشرینی دووه‌م 2019
ماڵەوە / وتار / دروشمی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بارێکی قورسە لەسەر پشتی بزووتنەوەی کوردستان/هێرش عەلیزادە

دروشمی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بارێکی قورسە لەسەر پشتی بزووتنەوەی کوردستان/هێرش عەلیزادە

هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەکۆتایی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی (٢٢ی ڕێبەندان) و پاشان لە سەرەتاکانی ١٣٥٨ گەمەی ڕیفەراندۆمی سەرتاسەریی لە ئێران بە مەبەستی دەنگی “ئەرێ یا نا” بە “کۆماری ئیسلامیی باڵی شیعە مەزهەب لە ئێران (کە زۆرینەیشن)، توانییان لەژێر ناوی ریفەراندۆمێکدا، شەرعیەت بە هاتنەسەرکاری خۆیان وەکوو کۆماری ئیسلامیی ئێران بدەن.

هەر لەو سەردەمەدا گەلی کورد لە کوردستانی خۆرهەڵات تێکڕا (بە حیزبەکانیشەوە) دەنگی “نا”یان بە کۆماری ئیسلامیی ئێران دا، سەرەڕای ئەوەی کە بە هۆی رێژەی کەمی خەڵکی کوردستانەوە گەلی کورد نەیدەتووانی لەسەر سەرئەنجامی ڕیفەراندۆمەکە کاریگەریی ببووایە، بەڵام خەڵکی کوردستان بوێرانە لە رووانگای بەرژەوەندی خۆیانەوە دەنگی ”ئەرێ“ ی خۆ‌یان بە کۆماری ئیسلامیی ئێران نەدا. بۆ منێک کە ئەو کات گەنجێک بووم و دەنگی منیش وەکوو باقی خەڵکی کوردستان نا بە هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو، ماناکەی ئەوە بووە کە خەڵکی کوردستان بە دروست لە پێناو رزگاری خۆیدا ئەو بڕیارەی دا.

ئەوەی روون و ئاشکرایە، خەڵکی کوردستان لە ڕیفەراندۆمی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاویدا دەنگی‌یان بەهاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران نەدابوو، و هەر پاش ئەم نافەرمانیە جەماوەرییەی گەلی کورد بوو کە فەرمانی *جیهاد‌ی ٢٨ی گەلاۆێژی ١٣٥٨ بۆ سەر کوردستان لە لایەن “ئیمامی ئۆمەت”ەوە (خومەینی) بە پەشت‌ئەستوری زۆرینەی خەڵکی ئێران ئەنجام درا، و ئایەتوڵا خەڵخاڵی وەکوو نوێنەری خومەینی‌، دەسەڵاتی تەواوی لە پێناو کوشتاری ئەم گەلە کە دەنگی دژی لەدایکبوونی نیزامیی مەزهەبیی لە ئێران دابوو، پێدرا. ئاکامی هێرشی بەربڵاوی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی تازەپاگرتوو، بۆ سەر “کفار و چدی انقلاب و عوامل پالیزبان و عراق و …” (واتا بۆ سەر خەڵکی کوردستان!)، کوشتاری خەڵکی کوردستان و زەرەوزیانێکی قورسی ماڵی و گیانیی ئەم نەتوەیە لێکەوتەوە. کە ئێستایش ئەم سەرکوتە وەحشیانەیە لە هەموو کوردستان‌دا بەبەردەوامی درێژەی هەیە.

خەڵکی کوردستانی خۆرهەڵات رۆژانە لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە  دەست‌بەسەر و زیندانی دەکرێن/ لێدان و ئەشکنجە و ئیعدام دەکرێن/ و هێزە چەکدارەکانی ئەم رژیمە لە شارەکانی قوم و ئیسەفهان و تاران و مەشهەدەوە کە لە کوردستان موستەقرن، دەسەڵاتی تەواویان لە تەقەکردن و کوشتن‌ و دەستبەسەرکردنی خەڵکی کوردستان هەیە.

پرسیار ئەوەیە ئایا ئەم ریتم و نۆرمە لە قەلاچووکردنی خەڵکی کوردستان تا کەی بەردەوام دەبێت؟ ئایا ئێمە تا کەی هەر چاوەروانی قەزاوقەدەرەکان دەبین؟ ئەگەر ئێمە رژیم‌مان پێی نارووخێت (کە هەموومان دەزانین بە ئێمە نارووخێت) پاش سی‌وچوارساڵ، خۆ دەتوانین دەست لە وەلانانی یەکتر هەڵبگرین و لە پراکتیکدا دژی کوشتار و قەلاچووکردنی خەڵکی کوردستان هیواوهۆمێدێک بە بزووتنەوەی ئەم گەلە داگیرکراوە بدەین! ئەگەر ئێستا لەم کاتە بەرفراوانەی کە ئۆپۆزیسیۆن لەبەردەستی‌دایە و کە لەبەردەستییدا بووە، چارەسەر بۆ گرفتەکانی خۆمان پەیدا نەکەین، ئایا لە ئەگەری قەزاوقەدەرەکاندا، چۆن دەتوانێت چارەسەری بۆ پەیدا بکەین؟

ئایا دەکرێت پاش سی‌وچوار ساڵ لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەسەر خۆرهەڵاتی کوردستاندا و لانیکەم بیست ساڵ مانەوە ئۆپۆزیسیۆنی کورد لە باشووری کوردستان لە پێناو “پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئەم هەرێمە”و ….، بیرێکی جیددی لە “پاراستن ژیان و ئەمنیەتی” خەڵکی کوردستان لە خۆرهەڵاتیش نەکرێتەوە؟ تا کەی کوردی خۆرهەڵات چاوەرێی دەستی یارمەتی ئەم و ئەو دەبێت، لە کاتێکدا ئێمە دەتوانین دەست لە نێو دەستی یەکتر شمشێری ژهراوی و کوشندەی داگیرکەرانی کوردستان لەسەر سەروگەردنی لاوانی کوردستان کۆتایی پێبێنین!

حوکمەتێک کە زۆربەی خەڵکی ئێران لە هەڵبژاردنێکدا (دروست یا نادروست) دەنگیان پێداوە، و بەشێکی بەرچاو لە ئۆپۆزیسیۆنی کورد هەر لە یەکەم رۆژەکانی هاتنە سەرکاری ئەم حکومەتە دروشمی رووخاندنیان دژی هەڵگرت بەبێ ئەوەی پارادوکسەکانی ئەم دروشمە لەهەموو ئاستێکدا تاوتوو کرابێت، بۆ نموونە ئایا دروشمی ڕووخاندنی ئەم حکومەتە دەتوانێت پێوه‌ندی به‌ ناوەرۆکی سیاسیی بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازیەوە بێت کە لە پێناو رزگاری و چارەنووسی خۆیدا خەبات دەکات؟

ئاشکرایشە کە له‌ پرۆسه‌ی ڕزگاركردنی خاكی داگیركراویشدا له‌ مێژوودا نه‌بووه‌ كه‌ نه‌ته‌وه‌ی بنده‌ست به‌ دوای ڕووخانی حکومەتی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست كه‌وتبێت. بڕوواننه‌ خه‌باتی ئازادیخوازیی گه‌لانی هه‌موو ئه‌مه‌ریكای لاتین، ئه‌فریقا و ئاسیا و ته‌نانه‌ت وڵاته‌ عه‌ره‌به‌كان و ئه‌وانه‌ی ده‌راوسێشمان. بروواننە بزووتنەوەی رزگاریخوازی ئیرلندیەکان و باسکەکان و ….

لە مێژوودا نموونه‌یەکیش نابینیت كه‌ نه‌ته‌وه‌ی بنده‌ست داوای ڕووخاندنی حکومەتی ناوه‌ندی کردبێت. نه‌ته‌وه‌ی بنده‌ست هه‌میشه‌ داوای ڕزگاركردنی خۆی كردووه‌ و ئه‌و ڕزگاربوونه‌ی له‌ ده‌رچوون یان ده‌ركردنی سوپای داگیركاردا بینیووه‌. هەموومان دەزانین هەر وەکوو ئێرانیەکانیش دەزانن کە کورد لە کوردستانی خۆرهەڵات کیانی خۆی دەوێت و لە هەر حاڵتێکدا فێدراڵی یان سەربەخۆیی بێت، یەکێک لە پایەکانی ئەم سەروەریە بە مانای رۆیشتنە دەرەوەی سپای ئێران لە کوردستان دێت، لە هەر هەل و مەرجێکدا ئەگەر سپای ئێران لە کوردستان چووە دەرەوە ئەو کات کورد چی بە سەر بە حکومەتی ناوەندی داوە؟ نیزامی سیاسیی لە ئێران ئیسلامیی بێت، پاشایەتی یان کۆماریی یان حکومەتی جەبهەی ملیەکان یا شورای مەقاومەتی موجاهیدەکان بێت؟ چ پێوەندیەکی بە کوردەوە وەک دەراوسێیەک دەبێت؟

دروشمی رووخاندنی رژیم دروشمێكی ناكوردیی و ناكوردستانیی و نائازادیخوازانە و تەنانەت لە هەندێک رووەوە کۆنەپەرستانەیشە چون دەستوەردەداتە خواستی نەتەوەیەکی دیکە لە هەڵبژاردنی حکومەتی خۆیدا (لە نموونەی ئێراندا فارسەکان!) و له‌ ڕاستییدا لە ڕێگای سه‌ڵته‌نه‌تته‌ڵه‌بان و ئێرانچیه‌كان کە شەڕی ئەوان ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکومەتدا و لەسەر کورسیی دەسەڵاتە، گه‌یشتووه‌ته‌ كوردستان، چونكه‌ ئه‌وان كێشه‌كه‌یان ڕاستەوخۆ له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ڵاتی ناوه‌نددا هه‌بووه‌، نه‌ك له ‌گه‌ڵ سپا و دامەزراوە و مێژوو و کەلوپەل و ئامرازی چەوساندنەوەکەی بۆ نموونە لە کوردستان یان بەلوچستان و ئەحواز وعەرەبستانەکەی. لەراستیدا ئه‌م دروشمه‌ به‌ سه‌ر كورددا سه‌پێندراوه‌ کە بە داخەوە خوێنی زۆر و گران و قورسمان له‌سەری داوه‌.

ئه‌گه‌ر كولتوری دیموكراسیی و فره‌گه‌رایی و پلورالیزم له‌ ئێران هه‌بووایه‌ ئه‌وا ئه‌م دروشمه‌ ئه‌سڵه‌ن نه‌ده‌بوو و له‌به‌رئه‌وه‌ش نه‌ده‌گه‌یشته‌ كوردستان. به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی هەر هه‌موو هێزکی تا ئێستا حاكم و ناحاكمی ئێران جا بچووک بن یان گەورە، گه‌ره‌كیانه‌ به‌ ته‌نها و هەر خۆیان بێنه‌ سه‌ر حوكم، ئه‌وا هه‌ر یه‌كه‌یان گه‌ره‌كیه‌تی حکومەت بڕووخێت و ئەوجا خۆی بێته‌ جێگای و بێتە سەر کار. هەر لەبەرئەوەیش گرینگ نییە کێ بۆی دەیڕووخێنێت، ئەمریکا و خۆرئاوا بۆی دەڕووخێنن یان ”مەرزبانانی غیوری“ کورد و بەلوچ. نموونەیەکی ساکار بۆ ئەم مەسەلەی ڕووخاندنە ئەوەیە کە ئایا ئەم هێزگەلە بە ناو ئۆپۆزیسیۆنە ئێرانیەی داوای ڕووخاندنی ڕژیمی ئیسلامیی ئێران دەکەن لە عەمەلدا لە ٣٤ ساڵی ڕابردوودا چەند کەسیان لە شەڕی سەربەخۆی رووبەڕووبوونەوەدا لە سپای پاسداران و ئەرتش حکۆمەت پێ‌کوژراوە و توانیویانە چەند کەس قەناعەت پێ بهێنن کە لە مانگرتن یان خۆبرسیکردن یان خۆپیشاندان یان چالاکیەکی دروستحیسابیدا بەشدار بن؟

ڕاستیەکەی ئەوەیە کە ئەمانە بە چاوەڕووانی ئەمەریکا و خۆرئاوا وردەوردە تەمەنی خۆیانی لە سەر دابنێن، یان بە سات و سەودا لەگەڵ سەرانی ئەحزابی کورد ئەویش لە سەر حیسابی خوێنی گەنج و لاواونی کوردستان، داوای ڕووخاندنی ڕژیم بکەن. ئەگەر بە ٣٤ ساڵ هەر دوو هەنگاویش وەپێشبکەون بۆ ئەوان هەر باشە، خۆ ئەوان زەرەرێکی لێ ناکەن! خۆ ئەوان نیین کە خۆین دەدەن و کە زەرەریان لێ دەکەوێت! تەنانەت ئەگەر قوربانیشی تێدا بدەن حکۆمەتی داهاتوو هەر لەخۆیان دەبێت، بەڵام بۆ کورد و گەلانی بەندەستی وەکۆ بەلۆچ و عەرەبی ئەحواز و… گرانتییەک نیە کە بەشدار بن!

له‌به‌رئه‌وه‌ دیارە کە هه‌ر لایه‌نێك یان لایه‌نه‌كان پێیانخۆشه‌ كورد بكه‌ن به‌ مقاشی ده‌ستیان و كوردستان بكه‌ن به‌ سه‌نگه‌ری مقاوه‌مه‌ت، نه‌ بۆ كورد و نە بۆ کوردستان، به‌ڵكو بۆ ڕووخانی حکومەت و هاتنه‌سه‌ركاری خۆیان! هەروەکوو دەزانین کە شەستەکانی هەتاوی “کردستان سنگر مقاومت ایران” چ زەرەرێکی قورسی لە لەش و جەستی ئەم بزووتنەوەیە دا. ئەوانەمان کە بەشداربووین دەزانین چەند زەرەرمان لێ کەوت! و ئەمرۆ لە سەرتاسەری ئێران بەوانیشەوە کە ئەو دروشمەیان دەدا وەکوو تاک رەنگە خەڵکانێک بناسین و هەبن کە ددان بە جەرگی خۆیاندا دەنێن و تەحەموولمان دەکەن، ئەوانیش (وەکوو شادی سەدر و چەند کەسێکی تر).

هەموومان ده‌زانین كوردی زه‌ره‌رلێكه‌وتوو زۆرن، دایك‌وباوك و خوشك وبرای قوربانیان، هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ زینداندا بوون یان ئێستایش کە هەن و ئەوانی کە ئاواره‌ی دووره‌وڵات بوون هیواخوازن كه‌ حکومەتی ئێران بڕووخێت و ئێسک و پرووسکی ئەو کۆنەپەرستانەی سەر حوکم هەپروون بە هەپروون ببن و تەنانەت وه‌ك به‌فری قورس و گرانی خۆنه‌گرتوو هه‌ره‌س بكات. نزیکەی هەر هەموو ئەوانەی کە لەبەرەی بزووتنەوەی خەڵکی کوردستاندان کەس نییە کە دژی ئه‌و هیواخوازیی و ئه‌و هه‌سته‌ گه‌رموگه‌ڕه‌ ئینسانیه‌ته‌ بێت!

بەڵام بێشک ”ڕووخان و ڕووخاندن“ ڕه‌هه‌ندی سیاسیی و ئابووریی و عه‌سكه‌ریی ناوخۆیی و نێونه‌ته‌وه‌یی هه‌یه‌. مرۆڤی بنده‌ستی وه‌كوو كورد مافی خۆیه‌تی خوازیاری ئه‌وه‌بێت داگیركار و سه‌به‌بكاریی هه‌تا دۆزه‌خ سه‌ره‌ونگون بێت، به‌ڵام له‌ مانای پراكتیكدا ڕووخانی حکومەتێك توانای سیاسیی و سه‌ربازیی و ئاماده‌یی ناوخۆیی و نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌وێت‌، و ئاشکرایشە کە کورد وه‌کوو نه‌ته‌وه‌یه‌كی بنده‌ست له‌ ئێراندا كه‌مینه‌یە و هەرگیز ئەو توانایەی نابێت. هەروەها لە رووی دیموكراتیشەوە مافی ئێمە نییه‌ کە داوای ڕووخانی حکۆمەتی ناوەندیی بکەین، چون حکومەتی ناوەندی بە دەنگی زۆرینەی خەڵکی تاران و ئیسفەهان و قوم و مەشهد و شارەکانی تری ئێران یاخود لانی کەم بە بێدەنگیی ئەوان هاتووەتە سەرکار. بە هەڵگرتنی دروشمی رووخاندنی ڕژیم، مافی دیموکراتیکی زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی ئێران کە دەنگییان بە کۆماری ئیسلامیی ئێران داوە یاخود کە پێیانوایە زەرەرێک لە هەبوون و لە حوکمداریی ناکەن و نەکردووە، پێشێل دەکات.

دروشمی رووخاندن لەسەر پشتی خەڵکی کوردستان و بزووتنەوەی کوردی خۆرهەڵات بارێکی قورس و زەحمەتە و لە گەمەیەکی نادیاردا چەقاندوویەتی! ئەگەر جمهوری ئیسلامیی ئێران له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆنی خۆی ڕێك ‌بكه‌وێت، کورد چ ده‌کات؟ كوردستان زیاتر له‌ سه‌دان كیلومتر له‌ ناوه‌نده‌وه‌ دووره‌، ئایا کورد به‌ چی حکومەت ده‌ڕووخێنێت؟ یاخود ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌ی فارس و تورك بڵێن: نه‌خێر ئێمه‌ نامانه‌وێت حکومەت بڕووخێت، به‌ڵكو ده‌مانه‌وێت له‌ ڕێگای پرۆسه‌ی ده‌نگدانه‌وه‌ حکومەت بگۆڕدرێت. ئه‌و كاته‌ كورد چی ده‌ڵێت؟ کە لە پراتیکدا تا ئێستا هەروەها خۆی نیشان داوە.

تەنانەت ئەگەر لەدەرەوەی هێزوتوانی کورد لە هەل‌ومەرجێکی نێۆنەتەوەیدا کۆماری ئیسلامیی ئێران بڕووخێت، ئایا گه‌ره‌نتی چییه‌ كه‌ مافه‌كانی گەلی کورد ده‌سته‌به‌ر بن؟ مه‌گه‌ر سه‌ددام نه‌ڕووخاوە، ئه‌ی بۆ ئه‌حزابی عه‌ره‌بی له‌ ئێراق و له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بیش، تا دێن زیاتر دژایه‌تی كورد ده‌كه‌ن؟ سوننه‌ و شیعه‌ به‌ شه‌و دژ به‌ یه‌ك شه‌ڕ ده‌كه‌ن و به‌ ڕۆژیش پێكه‌وه‌ له‌ پارله‌ماندا دژ به‌ كورد به‌ره‌ن. گه‌رانتی تۆی بنده‌ست چییه‌ كاتێك كه‌ ره‌جه‌وه‌یه‌كان و سه‌ڵته‌نه‌تیه‌كان و پانئێرانیستەکان هاتنه‌ سه‌ر حوكم؟

تەنانەت گریمان حکومەتێکی دیموکراتیک لە ئێران لە دایک‌*بوو چ گرانتیەک هەیە کە مافی کورد چارەسەر بکات و یان کورد بە مافەکانی خۆی بگات؟ مەگەر ئەو وڵاتانەی کە لە مێژوە دیموکراسی تیایاندا مسوەگرە مافە نەتەوەییەکان گەلانی بندەستیان تێدا پارێزراوە وا کە واقیعەن بێ گیروگرفت بن و هەمیشە دڵیان لای جۆرێک سەربەخۆیی و خۆبەرێوەبردن نەبێت؟

٢٠١٣/١١/٢٨

•   راستە فەرمانی ٢٨ی گەلاۆێژی ١٣٥٨ لە کاتێکدا درا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هانای مۆفتی‌زادە لە شاری سنە هات/ بە هانای ئاغا و دەرەبەگەکانی کوردستانەوە هات، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تەواوی مانا لە دەنگی نای خەڵکی کوردستان بە هاتنەسەرکاری خۆی تێگەیشتبوو، هەر بۆیە هەلی قوازتەوە و فەرمانی جیهادی دژی “کفار” لە کوردستان دەرکرد.

•    ئەوەی راستی بێت تەنها ئەوانی کە لە پەشتی قەزاوقەدەرەکاندا خۆیان حەشار داوە و خەوەنی دەسەڵاتی باڵادەستی خۆیان بە زەبری هێزی چەکدار دەبینن، خەتەری جیددین لەسەر سەقامگیری کۆمەڵگای کوردستانی خۆرهەڵات لە داهاتووی ئاڵۆگۆرەکاندا.

•    رەنگە لە سەدەی بیستوویەکدا خەونێک بێت چون یەکشەوە منداڵیکی دیموکرات لە باوک‌ ودایکێکی دیکتاتور و مەزهەبی لە دایک نابێت.

لەسایتی هەڵوێستەوە وەرگیراوە

بابەتی هاوپۆل

بورژوازی کورد از نگاه حکمتیست و جنبش دموکراتیک مردم کوردستان / مام رحمان سقز

بورژوازی اصطلاحی درمفعوم سیاسی و تاریخی آن به معنی طبقه حاکم که ابزار تولید را …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

This site uses Akismet to reduce spam. Learn how your comment data is processed.