یه‌ك شه‌ممه‌ 19 تشرینی دووه‌م 2017
ماڵەوە / کوردستان / یەزدان پەنا:”یەكێتی”بۆ رازیی كردنی دڵی ئێران رێگریی لە لایەنەكانی رۆژهەڵات دەکات

یەزدان پەنا:”یەكێتی”بۆ رازیی كردنی دڵی ئێران رێگریی لە لایەنەكانی رۆژهەڵات دەکات

“حسێن یەزادنپەنا” جێگری سكرتێری پارتی ئازادیی كوردستان، وتووێژێكی لەگەڵ رۆژنامەی هاوڵاتی ئەنجامداوە و لە چەند شوێندا “یەكێتی نیشتمانی كوردستان” دەداتە بەر رەخنە و باس لەوە دەكات كە یەكیەتی پەیوەندیی چڕ و پڕی لەگەڵ ئێران هەیە و بۆ رازیی كردنی دڵی ئێران پشتی لە هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كردووە و لە هەمان كاتدا *كۆمەڵە و دیمۆكرات* لە بواری سیاسی و سەربازییەوە بە لاواز دەزانێ.

دەقی وتووێژیەكەی رۆژنامەی هاوڵاتی لەگەڵ حسێن یەزدانپەنا بەمچەشنەیە:

پارتی ئازادی کوردستان (پاک)، پارتێکی ئۆپۆزسیۆنی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌و له‌ساڵی 1991دا دامه‌زراوه‌، له‌ئێستادا ژماره‌یه‌ک له‌پێشمه‌رگه‌کانیان له‌سنوری شه‌ڕی دژه‌ داعشی پارتیدان.
حسێن یه‌زدان په‌نا له‌چاوپێکه‌وتنێکی ‌هاوڵاتی-دا، پێیوایه‌ لێدوانی به‌رپرسانی ئێران سه‌باره‌ت به‌وه‌ی سوپای ئه‌و وڵاته‌ قه‌زای مه‌خموریان له‌ده‌ست داعش ئازادکردوه‌ «سوکایه‌تیکردن بوو به‌خه‌ڵک‌و حکومه‌تی هه‌رێم»، جه‌ختیشیکرده‌وه‌ که‌ یه‌کێک له‌کارته‌کانی ئێران داعشه‌، شه‌ڕی کورد‌و داعشیش به‌یه‌کێکه‌ له‌پرۆژه‌کانی قاسم سلێمانی سه‌رۆکی سوپای قودس داده‌نێت.
‌هاوڵاتی: سه‌ره‌تا له‌وه‌وه‌ ده‌ستپێده‌که‌ین، پێشمه‌رگه‌کانی ئێوه‌ له‌و سنورانه‌دا شه‌ڕ له‌دژی داعش ناکه‌ن که‌ یه‌کێتی تیایدا باڵاده‌سته‌، ئه‌مه‌ بۆ؟
حسێن یه‌زدان پەنا: ئه‌م دابه‌شکاریه‌ که‌ سنوری یه‌کێتی‌و پارتیه‌ شتێکی ناخۆشه‌، کوردستان بۆ من هه‌ر کوردستانه‌، هیچ سنور‌و سه‌نگه‌رێک له‌باشور بۆ پارتی ئازادیی کوردستان جیاوازی نیه‌، له‌هه‌ر کوێ هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر کوردستان بێت ئه‌وه‌ به‌دڵنیایه‌وه‌ هێزه‌که‌ی ئێمه‌ ئاماده‌یه‌. به‌ڵام لێره‌دا یه‌ک شت هه‌یه‌، ئه‌ویش بونی هێزی سوپای پاسداران‌و سوپای ئێرانه‌ له‌و سنورانه‌ که‌ یه‌کێتی تێیدا باڵاده‌سته‌، ئێمه‌ ئاماده‌نین له‌سه‌نگه‌رێکدا شه‌ڕ بکه‌ین که‌ هێزی ئێرانی تێدایه‌.
هاوڵاتی: به‌ڵگه‌ی ئێوه‌ له‌سه‌ر ئه‌و تۆمه‌ته‌ چیه‌؟
حسێن یه‌زدان پەنا: له‌ڕاستیدا ئێمه‌ زانیاری وردمان نیه‌، به‌ڵام سه‌رکرده‌کانی یه‌کێتی ئاماژه‌یان به‌بونی هێزی ئێرانی داوه‌ له‌سنوره‌که‌یان، ته‌نانه‌ت کۆمه‌ڵێک وێنه‌ی قاسم سلێمانیمان بینیوه‌ که‌ پێشمه‌رگه‌ی له‌گه‌ڵدایه‌، ئه‌مانه‌ به‌ڵگه‌ی ته‌واون بۆ ئه‌وه‌ی بڵێین له‌سنوری یه‌کێتی، هێزه‌کانی ئێران بونیان هه‌یه‌.

دۆزینه‌وه‌ی بکوژانی سه‌عیدی برام ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆی یه‌کێتی

هاوڵاتی: ئه‌گه‌ر دوژمنی هاوبه‌شتان له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه‌ که‌ داعشه‌، کێشه‌ چیه‌ بۆ پێکه‌وه‌ شه‌ڕ له‌دژی ئه‌و گروپه‌ ناکه‌ن؟
حسێن یه‌زدان پەنا: هه‌رگیز شتی له‌و شێوه‌ رونادات، له‌ڕاستیدا قاسم سلێمانی سه‌رۆکی سوپای قودسی ئێران دژ به‌داعش شه‌ڕ ناکات، هاتنی قاسم سلێمانی‌و هێزی ئێران ته‌نیا بۆ ئیداره‌ی قه‌یرانێکه‌ که‌ خۆیان له‌ناوچه‌که‌دا دروستیان کردوه‌، سلێمانی ده‌یه‌وێت له‌م ناوچه‌دا کارتی سیاسی خۆی به‌کاربێنێت.
هاوڵاتی: کام کارت؟
حسێن یه‌زدان پەنا: یه‌کێک له‌کارته‌کانی ئێران داعشه‌.
هاوڵاتی: له‌گه‌ڵ یه‌کێتی قسه‌تان کردوه‌ که‌ له‌سنوره‌کانی ئه‌وانیش هێزی خۆتان جێگیر بکه‌ن؟
حسێن یه‌زدان پەنا: له‌به‌ر بونی مه‌سه‌له‌ی ئێران که‌ بۆ ئێمه‌ هه‌ستیاره‌، هه‌وڵمان نه‌دا که‌ سه‌ربه‌خۆ بڕۆینه‌ شه‌ڕه‌وه‌، نوێنه‌رایەتی پارتی ئازادیی کوردستان له‌سلێمانی به‌ڕه‌سمی داوای پشتگیری سه‌ربازی له‌مه‌کته‌بی په‌یوه‌ندیه‌کانی یه‌کێتی کردوه‌، به‌ڵام له‌کاتێکدا بوو که‌ هێزی ئێرانی به‌فیزیکی هێشتا نه‌هاتبوه‌ ناو کێشه‌ی سیاسی‌و سه‌ربازیه‌کانی هه‌رێمی کوردستان، به‌تایبه‌ت له‌سنوری یه‌کێتی.
هاوڵاتی: وه‌ڵامی یه‌کێتی چی بوو؟
حسێن یه‌زدان پەنا: له‌سه‌ر داواکاری ئێمه‌ بۆ ئاماده‌بون له‌شه‌ڕدا له‌سنوری یه‌کێتی، مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی سوپاسی کردوین‌و وتویه‌تی ئه‌گه‌ر پێویستمان پێتانبێت ئه‌وه‌ به‌دڵنیایه‌وه‌ ئاگادارتان ده‌که‌ینه‌وه‌.
هاوڵاتی: ئه‌ی بۆ له‌سنوری پارتی بونتان هه‌یه‌؟
حسێن یه‌زدان پەنا: بونی ئێمه‌ له‌سنوری پارتی‌و ئاماده‌نه‌بونمان له‌سنوری یه‌کێتی په‌یوه‌ندی به‌ئێمه‌وه‌ نیه‌، به‌ڵکو په‌یوه‌ندی به‌و دۆخه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ بوه‌ به‌ئه‌مری واقیع.

ئێران یارمه‌تی حزبه‌ ئیسلامیه‌کانی باشور ده‌دات

هاوڵاتی: بۆچی له‌ئێستادا جگه‌ له‌ئێوه‌، هێزه‌کانی کۆمه‌ڵه‌‌و دیموکراتی ئێرانیش له‌شه‌ڕه‌کانی دژ به‌داعشدا نابینرێن؟
حسێن یه‌زدان پەنا: له‌کاتی خۆئاماده‌کردنی دیموکرات‌و کۆمه‌ڵه‌ بۆ به‌شداریکردنیان له‌شه‌ڕی دژ به‌داعش، ئێمه‌ له‌سنوری موسڵ له‌شه‌ڕدا به‌شداربوین، به‌وته‌ی کۆمه‌ڵه‌و دیموکرات حکومه‌تی هه‌رێم داوای لێیانکردوه‌ له‌شه‌ڕدا به‌شداربن، ئه‌وه‌بوو هاتن‌و دواتریش گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نێو که‌مپه‌کانیان.
هاوڵاتی: ئه‌و پاشه‌کشێیه‌ی ئه‌وانیش به‌فشاری ئێران بوه‌؟
حسێن یه‌زدان پەنا: پێموانیه‌ ئێران راسته‌وخۆ داوای له‌حکومه‌تی هه‌رێم کردبێت، به‌ڵام پێده‌چێت یه‌کێتی بۆ رازیکردنی دڵی ئێران ئه‌و هێزانه‌یان پاشه‌کشێ پێکرد.
هاوڵاتی: ئێوه‌ وه‌ک لایه‌نه‌ کوردیه‌کانی رۆژهه‌ڵات هێزی ئه‌وه‌تان هه‌یه‌  شانبه‌شانی پێشمه‌رگه‌ شه‌ڕی داعش بکه‌ن؟
حسێن یه‌زدان پەنا: ئێمه‌ دوو ساڵ له‌وه‌ پێش خۆمان ئاماده‌کردبوو بۆ شه‌ڕێکی له‌م شێوه‌، ئێمه‌ ده‌مانزانی له‌م ناوچه‌یدا شه‌ڕ سه‌رهه‌ڵده‌دات، نه‌ک به‌دیاریکراوی بزانین‌و ئاگادار بین که‌ هێزێک وه‌ک داعش روو له‌م ناوچه‌یه‌ ده‌کات، هه‌ر بۆیه‌ ئێمه‌ خۆمان ئاماده‌کردبوو، به‌ڵام به‌ڕاگه‌یاندنی کۆمه‌ڵه‌‌و دیموکراتدا‌و خوێندنه‌وه‌ی بۆ دۆخی سیاسی له‌دوای هاتنی داعش دیاره‌ که‌ ئاماده‌یی شه‌ڕیان چ له‌ڕوی سه‌ربازی‌و چ له‌ڕوی سیاسیه‌وه‌ زۆر لاوازه‌.
هاوڵاتی: که‌ ئێوه‌ ده‌ڵێن ئێرانی رۆڵی خراپه‌ له‌شەڕی داعشدا به‌ڵام هێزه‌ سه‌ربازیه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ رۆڵی سه‌ره‌کیان هه‌بوو له‌گرتنه‌وه‌ی قه‌زای مه‌خموردا؟
حسێن یه‌زدان پەنا: بونی که‌سانێک یان چه‌ند که‌سێک له‌سنورێک ناتوانین پێیبڵین رۆڵی ئیجابی، به‌ڵێ بونیان بوه‌، به‌ڵام هێنده‌ نه‌بوه‌ که‌ گرنگی بێت، پێموایه‌ په‌لاماردانی کوردستان له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ بۆ سیاسه‌تی ئێران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، چونکه‌ هێزێکی نوستو‌و له‌ناو داعش له‌ژێر ئه‌مر‌و فه‌رمانی سوپای قودسی ئێراندایه‌.

ئاماده‌یی شه‌ڕی کۆمه‌ڵه‌‌و دیموکرات زۆر لاوازه‌

هاوڵاتی: به‌ڵام ئه‌وه‌ گومانێکی مه‌ترسیداره‌، به‌ڵگه‌ت هه‌یه‌؟
حسێن یه‌زدان پەنا: وه‌ک به‌ڵگه‌ نه‌خێر، به‌ڵام نابێ ئه‌وه‌مان له‌بیربچێت، سیاسه‌ت ته‌نیا به‌ڵگه‌ نیه‌، به‌شێکی لێکدانه‌وه‌‌و خوێندنه‌وه‌کانی واقعه‌، له‌چه‌ند سایتێکی نزیک له‌کۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کرێت که‌ په‌لاماردانی کوردستان بۆ سیاسه‌ت‌و پلانێک ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌ قاسم سلێمانی سه‌رپه‌رشتی کردوه‌، شه‌ڕی کورد‌و داعش به‌گژ کورداکردن یه‌کێکه‌ له‌پرۆژه‌کانی قاسم سلێمانی. پێمانوانه‌بێت ئێران شیعه‌یه‌ ئیتر یارمه‌تی هێزه‌ سوننه‌کان نادات له‌ناوچه‌که‌دا، بۆ نمونه‌ بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماس‌و هێزه‌ ئیسلامیه‌کانی باشوری کوردستان سوننه‌ن‌و ئێران بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی خۆی یارمه‌تیده‌ریانه‌.
هاوڵاتی: ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران، له‌وانه‌ ره‌فسه‌نجانی‌و خامنه‌یی ئاماژه‌یان به‌وه‌دا که‌ ٧٠ که‌س له‌هێزه‌کانی ئێران توانیان مه‌خمور‌و هه‌ولێر بپارێزن، ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی بۆچونه‌که‌ی تۆیه‌؟
حسێن یه‌زدان پەنا: ئه‌و قسانه‌ سوکایه‌تیکردن بوو به‌خه‌ڵک‌و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان.
هاوڵاتی: ئێستا هه‌رێم به‌سه‌ر دوو جه‌مسه‌ری یه‌کێتی نزیک له‌ئێران‌و پارتی نزیک له‌تورکیادا دابه‌شبون بونی ئێوه‌ له‌سنوری پارتی‌و نه‌بونتان له‌سنوری یه‌کێتی په‌یوه‌ندی به‌و جه‌مسه‌رگیریه‌وه‌ نیه‌؟
حسێن یه‌زدان پەنا: من بۆ خودی یه‌کێتی نیگه‌رانم، یه‌کێتی له‌سه‌ره‌تای شۆڕشه‌وه‌ خوێنی زۆری داوه‌‌و له‌مه‌یدانی خه‌باتدا به‌شدار بوه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ به‌سیاسه‌تێکی ناوهاوسه‌نگ زیانی به‌خه‌بات‌و رابردوی خۆی گه‌یاندوه‌، یه‌کێتی نه‌ده‌بوو مه‌جال به‌ئێران بدات که‌ بێته‌ باشوری کوردستان.
هاوڵاتی: به‌ڵام ده‌وترێت کوژرانی برایه‌کت له‌سنوری سلێمانی به‌ناوی سه‌عید یه‌زدان په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌نیگه‌رانیت له‌یه‌کێتی که‌ باڵاده‌ستی ئه‌و سنوره‌ بوه‌؟
حسێن یه‌زدان پەنا: مام جه‌لال (سکرتێری گشتی یه‌کێتی) بۆ شه‌هیدبونی سه‌عیدی برام زۆر به‌داخ بوو، کاتێک مام جه‌لام بینی وتی «حه‌یف بۆ کاک سه‌عید»، له‌ڕاستیدا ناسین‌و دۆزینه‌وه‌ی بکوژانی کاک سه‌عید ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆی یه‌کێتی، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌، سه‌رده‌می به‌ره‌ی کوردستانی بوو، به‌ڵام ناوچه‌که‌ ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی بوو، دوای 23 ساڵ له‌شه‌هید بونی کاک سه‌عیدی برام ئه‌و که‌یسه‌ له‌لای ئێمه‌ هه‌ر زیندوه‌.
هاوڵاتی: ئێوه‌ له‌سه‌ره‌تای شه‌ڕدا به‌جلی کوردیه‌وه‌ له‌سه‌نگه‌ر ئاماده‌بون، به‌ڵام ئێستا به‌جلی سه‌ربازیه‌وه‌ له‌سه‌نگه‌ره‌کان ده‌بینرێن، ئه‌م گۆڕانکاریه‌ بۆچی بوو؟
حسێن یه‌زدان پەنا: له‌به‌رکردنی جلی کوردی وه‌ک ناسنامه‌ی ئێمه‌ی لێده‌هات که‌ ئه‌مه‌ ده‌یتوانی مه‌ترسی بۆ ئێمه‌ دروست بکات، به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌.

بابەتی هاوپۆل

دوو حیزبی رۆژهەڵاتی كوردستان داوای یەكپارچەیی خاكی ئێران دەكەن

بەپێی ئەو بەڵگەنامەی لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوەتەوە، دوو حیزبی رۆژهەڵاتی كوردستان رێكەوتننامەیەك واژۆ دەكەن كە لەگەڵ …