یه‌ك شه‌ممه‌ 19 تشرینی دووه‌م 2017
ماڵەوە / وتار / کوبانی ـ ناسیونالیزم ـ یوتوپیا / بەختیار عەلی «بەشی دووەم»

کوبانی ـ ناسیونالیزم ـ یوتوپیا / بەختیار عەلی «بەشی دووەم»

ژیانی ڕووت / مەرگی ڕووتکە دەڵێین کوبانی بەرگرییە لە ژیان، واتە دۆزینەوەی ژیانە بۆ توانایەکی مەزنی بەرگری لە خۆیدا بێئەوەی مۆتیڤی ئایدۆلۆژی بیجوڵێنێت، ئەو قسەیەی کە دەڵێت گەر جەنگی کوبانی تەنیا مەسەلەی ژیان بووایە ئەوا کوبانییەکان دەچوون لە شوێنێکی تر دەژیان، قسەیەکی نادروستە، چونکە قسە لێرەدا لەسەر ژیان نییە وەک ئەکتی خواردن و هەناسەدان، قسە لە مانەوەی ڕووت نییە. ژیانی ڕووت و مانەوەی ڕووت دوو چەمکی تەواو جیاوازن، دوو چەمکی دژن، مانەوەی ڕووت قووڵ بە مۆراڵی کۆیلەوە گرێدراوە، بەڵام ژیانی ڕووت هێزی بەرگریکردنی مرۆڤە لە خۆی بەرامبەر بە ئامێرێکی دڕندە کە تەنیا مەرگی ڕووت بەرهەمدەهێنێت، واتە مەرگ لە سەنتەری ئارەزوو و کەرەستەکانیدایە. ژیانی رووت ئەو گووتارەیە کە کۆی گووتارەکانی تر دەکەونە پەراوێزییەوە و مانا لەو وەردەگرن. لە وتارەکەی مندا ئەوە ڕوونە کە لەو ساتەدا ئاغا بڕیاردەدات مانای ئاغایەتی خۆی لە کوشتنی کۆیلەدا ببینێتەوە، مانای وشەگەلی وەک «ئازادی، سەربەستی، سەروەری» بە مانای خودی ژیانەوە گرێدەدرێنەوە… زیندوێتی لێرەدا دەبێتە ئاماژەیەکی کراوە بۆ هەموو ئەو ئەگەرانەی وشەی ژیان هەڵیدەگرن، دەبێتە دەلالەت لەسەر نەبوونی کۆیلە بە کۆیلە، لەسەر ڕاپسکانی کۆیلە لە سیستمی ئاغا. لەم وێناکردنەدا، ژیانی هەموو منداڵێک لە کۆبانی دەبێت بەو چوارگۆشە نەگیراوەی گوزارشت لە ئازادی مرۆڤ دەکات. کاتێک ئاغا گرەو لەسەر کوشتنی کۆیلە دەکات تا ئاغایەتی خۆی ڕابگەێنێت، ژیان خۆی دەبێتە سەمبولێکی سەرەکی دژ بە کۆیلەبوون. لێرەدا دابەشکردنی ژیان بۆ ژیانی پر و خاڵی هیچ نییە جگە لە دابەشکردنێکی ڕیتۆریکی بێسوود بۆ پێچکردنەوە بە دەوری مانای ژیان خۆیدا، دەبێتە پۆڵینکردنی بوون و دابەشکردنی ژیان بەسەر چەند نرخێکی بەرز و نزمدا. دەبێتە بێنرخکردنی جۆرێک لە ژیان و بەرزکردنەوەی جۆرێکی دیکە، کەمکردنەوە لە نرخی ژیانێک کە ناچێتە ناو شوناسی یۆتۆپیای ناسیونالیستییەوە و بەرزکردنەوەی جۆرە ژیانێکی دی کە گوزارشت لەو یۆتۆپیا ناسیونالیستییە دەکات. زاراوەی ژیانی ڕووت لای من بەرامبەر ژیانی پڕ ڕاناگیرێت، بەڵکو بەرامبەر مەرگی ڕووت ڕادەگیرێت. «ژیانی ڕووت / مەرگی ڕووت» وەک دوو تێزی سەرپەڕن کە مرۆڤ بوون لە ئاژەڵ بوون، یان ژیاندۆست لە بەربەری جیادەکەنەوە.

لێرەدا قسەکردن لەسەر «ژیانی پڕ» وەک ژیانێک تێیدا خەڵکی کوبانی لە بەردەم کۆمەڵێک ئەگەر و هەڵبژاردە و ئومێد و پڕۆژە و خەون و فەزای یۆتۆپیدابن، هیچ نییە جگە لە وێناکردنێکی نادروست بۆ دۆخی کوبانی، بریتییە لە مەکیاژکردنی برینێکی سەخت بە ئەمپوڵی فەنتازیا و یۆتۆپیا. ئەمە جۆرێکە لە نەغمەی ئاهەنگساز «احتفالی» بۆ دوان لە کارەساتێکی سەپێنراو. وێناکردنی کوبانی وەک جێگایەک کە بەهەشتی ئەگەرەکانی مێژوو و ژیان بێت، نەوەک شارێکی وێران و بریندار، دەستبردنە بۆ دوان لە کارەسات بە زمانێکی غەمڕەوێن کە دەشێت دواتر لە خزمەت کارەساتدا تەواوبێت. هەر ئاوازێکی ئاهەنگساز بۆ وەسفی کوبانی، ئاوازێکی ترسناکە. کوبانی، خەڵکانی کوبانی دروستیان نەکردوە، بەڵکو ئامێرە بەربەری و دڕندەکانی سیاسەت لە خۆرهەڵاتدا دروستیانکردوە. جەنگ هەمیشە مرۆڤی پڕ ترس و تراوما دروستدەکات. ئەوەی خەڵک لە کوبانی خەریکی بەرگریکردنن لە ژیان، هەڵبژاردنێکی ئازادی خودی کوبانی نییە، ئەوە جەنگاوەرەکانی کوبانی نیین کە ڕایانگەیاندبێت «بەڵێ ئێمە هیچ داواکارییەکی ترمان نییە و تەنیا ژیانی خۆمان دەپارێزین». ئەم دۆخە دۆخێکی سەپێنراو و نائینسانییە کە لەوەوە هاتووە ئەمڕۆ سیستمێکی دڕندەی کەپیتالیستی هەیە، تێیدا ئاغاکان ژیانی ملیۆنەها مرۆڤ، وەک ژیانی زیاد، وەک ئۆرگانی بێسوود، وەک ڕووبەری «ئەنیمالیزەکراو ـ بە ئاژەڵکراو» دەبینن. ئەوە سیستمی ئەمڕۆیە کە مەرگی ڕووت بە ملیۆنەها مرۆڤ دەبەخشێت، مرۆڤ لە کارگەکانەوە بەرەو قەسابخانەکان و مەیدانەکانی جەنگ دەبات، وەک ئاژەڵی رووت سەیری بەها و مان و نەمانی ملیۆنەها مرۆڤ دەکات. لێرەدا ژیانی ڕووت تێزێکە بەرامبەر مەرگی ڕووت ڕاوەستاوە کە داعش و ماشێنە فاشیستییەکانی تر بەرهەمیدەهێنن. ژیانی ڕووت گووتارێکی دژ بە گووتاری مانەوەشە کە ناسیونالیزمی کوردی ئیشی پێدەکات، گووتاری مانەوە گووتاری خۆ گونجاندنی زەلیلانە و هەڵهاتن و نەفیکردنی ئیرادە و چاوەڕوانی مەهدییە. بەڵام ژیانی ڕووت، نەوەک ئاماژە نییە بۆ بەتاڵی، بەڵکو تەنها هێزێکە دەتوانێت بەرامبەر بە کاڵای سەرەکی سیستم کە مەرگی ڕووتە، بوەستێتەوە. لە سیستمێکدا کە «ئەنفال، کیمیایی، شەڕی ناوخۆ، دەیان هەزار خۆکوژ، داعش، رۆبۆسکی، سبایکەر ، کوبانی… هتد» بەرهەمدەهێنێت، کە بوونی ئینسانی ئێمە وەک ژیانێکی زیاد سەیردەکات، کە کۆیلە چیتر ناکرێت بە کرێکار، بەڵکو سەردەبڕدرێت، لە جۆرە سیستمێکی وادا وشەگەلی وەک «ئازادی، نەتەوە، سەربەخۆیی … هتد» تەنیا کاتێک مانایان هەیە کە داتاشراو و «ئیشتیقاقی» وشەی ژیان خۆی بن. وزەی ڕاستەقینەی گۆڕان و ڕادیکالیزەبوون لە شتێکەوە نایەت نرخی ژیان بۆ ڕەگەزێکی دووهەم فەرامۆشبکات و دایبەزێنێت و بیکات بە ڕەگەزێکی لاوەکی، چونکە خودی بەربەرییەت، خودی داعش لەسەر ئەو کولتوورە ڕاوەستاوە کە تێیدا ژیان کراوەتە ڕەگەزی دووهەم یاخود بۆتە فاکتەرێکی لاوەکی. لە سیستمێکدا کە بە بەربڵاوی ستاتیکای مەرگ بەرهەمدەهێنێت، گەڕانەوە بۆ ستاتیکای ژیان، بۆ ئەو هێزە گەورەیەی دەکەوێتە پێش ناونانە ئایدۆلۆژییەکانەوە شاڕێگای هەر سەرەتایەکە بیەوێت بە هەمان ئەو تونێلە ئایدۆلۆژی و دینییانەدا نەڕوات کە ئەم هەموو کارەساتە سامناک و دڵتەزێنانە دروستدەکەن.

قسە لای من لە ژیانە وەک وزەیەک کە بەبێ موتیڤی سیاسی تەقلیدیی دەتوانێت ئیرادەی خۆی تاقیبکاتەوە، لە مرۆڤە کە خۆی وەک تەنها ڕزگارکەری خۆی دەدۆزێتەوە، یان بە تێرمێکی «سلۆتەردایک» قسە لە «سوبێکتێکە» کە لە ناکاو و لە کتوپڕدا خۆی وەک سوبێکت دەدۆزێتەوە. تێزەکەی من قسەیە لە دۆزینەوەی ژیانی ڕووت بۆ هێزە ناوەکییەکەی، بۆ خۆشەویستییە تایبەتییەکەی بۆ خۆی، بۆ زیندووبوونەوەی ئەو وزە شۆڕشگێڕییەی کە مارکۆزە پێی لەسەر دادەگرێت و لە نەرجسییەتی مرۆڤدا هەیە، لە خودئەڤینی ئینساندا هەیە بۆ خۆی و دەتوانێت وەک وزەیەکی شۆرشگێڕ و ڕادیکال کاربکات «بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە مانای شۆڕشگێڕانەی خودئەڤینی، تکام لە خوێنەرە بگەڕێتەوە بۆ ئەو بەشانەی وتاری ـ جوانییەکانی ناڕێکی ـ کە سەبارەت بە هەمان کێشەن». ژیانی ڕووت ژیانی خواردن و بەتاڵی نییە، ژیانێک نییە بێهێز و بێخەون و بێئیرادە هەناسەبدات، بەڵکو ژیانە بەر لە ناونانی ئایدۆلۆژی، بەر لە پۆڵینکردنی شوناسی سیاسی، بەر لەوەی بوون و مانای بە کۆنتێکستێکی ئایدۆلۆژی دیاریکراوەوە ببەسترێت، ئەمە ژیانی ڕووت نییە بە مانا ئاگامبنییەکەی کە ژیانێکی بێ مافە، بەڵکو تەواو بە پێچەوانەوە مافی ژیانە بەر لەوەی هیح هێزێک یان فۆرمێکی کۆمەڵایەتی یان شێوازێکی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی داگیریبکات و پۆڵینیبکات و بیبەخشێت و زەوتیبکات، واتە ڕەتکردنەوەی قووڵی ژیانە بۆ بێمافی، زمانحاڵی ئەو بەشەی بوونمانە کە دژ بەو سیستماتیزەکردن و دابەشکردنەی ژیان دەوەستێتەوە بۆ ژیانی مافدار و ژیانی بێماف. لێرەوە خوێندنەوەی تێرمەکە بە چاویلکە ئەرستۆیی، داروینی، ئاگامبنی یان هۆبزیی، نیشانەی نەخوێندنەوەیەتی. لێرەدا قسەی من لە هێز و لە نرخی ژیانە بەرلەوەی لە فۆرمێکی سیاسیدا دیلیبکەین، قسەی من لە مرۆڤە بەر لەوەی بیکەین بە ئاژەڵێکی سیاسی. کوبانی ساتی زەقبوونەوەی ئەو چرکەساتەی ژیانە کاتێک خۆی راستەوخۆ بەرامبەر مەرگی ڕووت دەبینێتەوە. لێرەدا لە بەردەم ژیانێکدا نین کە خۆی بەرەو ئەو دیوی فۆرمە سیاسی و ئایدۆلۆژییەکان نەفیکردبێت، بەڵکو لە بەردەم ژیانێکی نەفیکراوداین، ژیانێک سیستم وەک زیاد وێنایدەکات، ژیانێک کە جگە لەوەی لەودیو ئەم سیستمەوە، لەو دیو ئەو ماترێکسە ئاسنین و گەمارۆ هەمەلایەنەوە بۆ مانای خۆی بگەڕێت، جێگایەکی نییە تێیدا خۆی بپارێزێت. قسە لێرەدا لە هێزی سروشتی مرۆڤە کە بۆ خۆی و لە ناو خۆیدا چالاکدەبێت، دوای ئەوەی هەموو ئاسۆیەکی چالاکبوونی لێ زەوتدەکرێت. بە کورتی من قسە لە ڕاپەرینی ئەو هێزە دەکەم کە بە «ئیرادەی مایل بە هێز» ناودەبرێت. ئیرادەیەک، ناسیونالیزم یان چەپ یان هیچ ئایدۆلۆژیایەک تا ئێستا نەیتوانیوە ئازادیبکات. تا ئێستا سیاسەت لە بری ئەوەی ئازادیبکات، بەردەوام کۆتیکردوە، لەبری ئەوەی بتوانێت بەرەڵایبکات زنجیری خستۆتە دەست. بە بڕوای من ئازادبوونی ئەم هێزی ژیانەیە کە دیاردەی کوبانی دروستدەکات. ئایا لە چ جێگایەکدا مرۆڤی ئێمە لە کۆنتێکستی سیاسیدا چەقی بێت بەرگری زۆر گەورەی کردوە? بۆ لە ساتی ئەنفالدا دەیان هەزار مرۆڤ بەرگرییان لە خۆیان نەکرد? ئایا ئەوان مرۆڤی کەم و بوونەوەری بچوک بوون? لە خەڵکانی کوبانی نزمتر و نەویتر بوون? کوردایەتییەکەیان ڕەسەن نەبوو? کوردایەتی کۆبانی تۆختر و یۆتۆپیترە و کوردایەتی جێگاکانی تر کاڵ و پلە دووە?.

کەسانی ئەنفالکراو لە کۆنتێکستێکی هاوشێوەی کوبانیدا دەبن بە قوربانی، هەمان ئەو ڕۆحە ناسیونالیستییە لە هەردوو چرکەکەدا وەک یەک ئامادەن. بەڵام ئەوەی لە کوبانی ئامادەیە ـ سەیرکردنی شەڕڤانەکانە بۆ خۆیان وەک تاکە سوبێکتی ڕزگارکەر ـ. ئەوەی کۆبانی دروستکردوە، لەدایکبوونی زنجیرەیەکی گرێدراوی ژیانە کە هەر ئەڵقەیەک لە ئەڵقەکانی بەهای گەورەی لای ئەوی تر هەیە، بەرزنرخاندنی بەهای تایبەتی ژیانی هەر فەردێکە کە نرخ هەم بۆ خۆی و هەم بۆ ئەوانی تر دادەنێت، وە تێگەیشتنە لەو وزە ستاتیکی و شۆڕشگێڕەی ناو مانای ژیان خۆی کاتێک بەدەر لە چاوەڕوانی هیچ یۆتۆپیا و هیچ مەهدییەکی غەیبی ئیشدەکات. ئەوە ئەو ڕەگەزانەن کە وادەکەن کوبانییەکان بتوانن بەرگریبکەن و ئەنفالکراوەکان بێدەنگ بەرەو مردن بڕۆن. ئەوەی لە قوربانییەکانی ئەنفالدا نابینرێت و لە کۆنتێکستی سیاسی و مێژوویی ئەنفالدا مردوە، ئەم ئیرادەی ژیانەیە، نەوەک ئیرادەی کوردایەتی یان حەزکردن لە دادپەوروەری یان خواستی یەکسانی. لەم شەڕەدا نرخی شەڕڤان لەوەدا نییە چەند ناسیونالیستە، لەم شەڕەدا هیچ جەنگاوەرێک لە هاوڕێکەی ناپرسێت تۆ چەند ناسیونالیست یان دینی یان سۆسیالیستی، بەڵکو لێیدەپرسێت چەند ئیرادەی بەرگری و ژیانت تێدا ماوە. پرسیار لە ئایدۆلۆژیا، لە ئیمان، لە مەزهەب ئەوە پرسیاری بەرەی داعشە. گەر ئەم پشکنینە ئایدۆلۆژییە بگوازرێتەوە بۆ ئەمبەر، گەر جەنگاوەری کۆبانی وەک جەنگاوەری داعش ببێتە نوێنەری ئایدۆلۆژیا و ئەفسانە و مەزهەبێکی دیاریکراو، گەر تەفتیشی عەقیدە مەرجی جەنگاوەربوون بێت، لێرەدا بڕی هەرە زۆری نرخ و بەها ڕەمزییەکەی کوبانی دەدۆڕێت و لەدەستدەچێت. نرخی کۆبانی لای من گرێدراوی ئەو بڵندبوونەوەیە بەسەر عەقیدەدا. لە ساتێکدا مێژووی خۆرهەڵات لە پەنجا ساڵی رابوردوودا مێژووی ئەو ماشێنە فاشیستیانەیە کە عەقیدە دەیانبات بەڕێوە. کوبانی نە ئەفسانەیە و نە یۆتۆپیا، بەڵکو ئەکتیڤبوونی ئەو سوبێکتە ئەنتی فاشیستییەیە کە خۆشەویستی ژیان و هێزی گەڕانەوە بۆ توانای جەستەی خۆی دەیجوڵێنێت. لێرەدایە کە پێداگری لەسەر زاراوەی ژیانی رووت بە مانای ئەوە نییە، مرۆڤەکان بۆ خواردن و خەوتن زیندووبن، ئەمە تەفسیرێکی ناکامڵ و سەتحییە، مەبەست لە ژیانی ڕووت بێدەنگکردنی هەر پۆڵینێکی ئایدۆلۆژییە کە مۆرێک لە ئینسانەکان دەدەن و نرخی ژیانیان بە ڕوانین و شوناسیانەوە دەبەستن.

ئەم ئیرادەی ژیانە لە هەناوی تراژیدیاوە هاتۆتەدەرێ، نەوەک یۆتۆپیاوە … ئەوەی ئەم ئیرادەی ژیانە ئەکتیڤ دەکات تراژیدیایە، ئەزموونێکی ترسناکە کە هیچ لەگەڵ ژیانی پڕ یان یۆتۆپیادا کۆی ناکاتەوە، هێزێکە لە هەناوی تەنیایی و بێکەسی جەنگاوەرەکانەوە هاتووە، نەوەک لە هەناوی ناسیونالیزم یان فیکری چەپەوە. لێرەدایە دەبێت بە ڕوونی ئەوە ببینین و بزانین بۆ نیتشە کاتێک وەسفی تراژیدیا دەکات، بە ساتی جیابوونەوەی مرۆڤی کۆیلەی دەزانێت لە مرۆڤی باڵا، تراژیدیا لێرەدا باوەشکردنە بە ژیاندا بە هەموو ترسەکانییەوە، بە هەموو کارەساتەکانییەوە «لە وتاری ـ نیتشە … تێبینییەکان ـ دا، لە پەرەگراڤی 14 دا بەدرێژیی لەسەر مانای تراژیدیا لای نیتشە وەستاوم، لەوێدا قسەم لە جیاوازی نێوان تراژیدیا و نائومێدیی کردوە لە فیکری نیتشەدا، تراژیدیا ساتەوەختێکی دژە نائومێدییە، ساتەوەختی تێگەیشتن و تێپەڕاندنی بوونە وەک ئەوەی هەیە»، بە بڕوای من مانای تراژیدیای نیتشەیی، وەک چەمکی باوەشکردن بە ژیاندا لە ترۆپکی کارەساتدا، لە هەر چەمکێکی دی زیاتر بۆ وەسفی کوبانی دەگونجێت .

 

ژیانی ڕووت وەک تێزێکی دژە هۆبزی

کە قسە لە مرۆڤی سروشتی دەکەین، قسە لە دۆخی هۆبزی ناکەین. شوبهاندنی قسەکردن لە ژیانی ڕووت، بە دۆخی سروشتی لای هۆبز، ئێجگار نادروستە. لە دۆخی سروشتیدا، دڕندەیی مرۆڤ بۆ مرۆڤ وادەکات تاکەکان بۆ ژێر سەقفی دەوڵەت بگەڕێنەوە، بۆ فریادرەسێک بگەڕێن ئیرادەی خۆیانی پێببەخشن و مافی بەکارهێنانی توندوتیژیی پێبدەن تا لە بری ئەوان ئارامی و ئاسایش بپارێزێت. من تەواو بە پێچەوانەوە، قسە لە تێزێکی ئەنتی هۆبزی دەکەم. یەکەم/ دەوڵەت لە خۆرهەڵات لای من ماشێنێکی فاشیستی گەورەیە کە زۆرجار خۆی جەنگی پاککردنەوەی ژیانە زیادەکان لە ئەستۆ دەگرێت. دووەم/ من قسە لە مرۆڤێک دەکەم کە وەکیلێک بە کرێ ناگرێت شەڕی مان و نەمانی بۆ بکات، دەستبەرداری ئیرادەی خۆی نابێت بۆ دەزگا و ئەنستیوت و کەسانێکی تر لە بری ئەو بجەنگن، هەر وەختێک ئەم وەکیلە دووهەمە جێگای سەرەکی وەرگرت، بووە جێگری ئیرادەی مرۆڤی جەنگاوەر، لەو کاتەدا مرۆڤ دەستبەرداری ئیرادە و دەستبەرداری ئەگەری ئازادیی خۆی دەبێت. مرۆڤی سروشتی پێچەوانەی مرۆڤی هۆبزییە، دەتوانێت بەرگری لە ژیانی خۆی بکات، بێئەوەی چاوەڕوانییەکانی بخاتە ملی ئەوانی تر، بێئەوەی ئایدۆلۆژییەکانی کردبێت بە شائاماژ یان بە ئەویدی گەورەی خۆی. مرۆڤی سروشتی کەسێکە پێویستی بەوە نییە ئایدۆلۆژیایەک بانگیبکات تا بە فەرمانی خۆی هەستێت و بە تەنگ ژیانی خۆی و ئەوانی ترەوە بێت. هەموو شتێکی ئەم جەنگە، دیوە مەرگهێن و تاریک و ترسناکەکەی سیستم سەپاندوێتی، نەوەک حاڵەتێکی سروشتی کە بێهۆ تێیدا مرۆڤەکان بەربووبێتنە گیانی یەکتر، وە تاکە ڕەهەندێکی گرنگی ئەوەیە کە لە ناوەڕاستی ئەو جەنگەدا مرۆڤ خۆی وەک تاکە ڕزگارکەری خۆی دەدۆزێتەوە. ڕەنگە ئەو دۆزینەوەیە کورتخایەن بێت، هەر زوو ڕاپێچی ژێر قاڵبە ئایدۆلۆژییە باوەکان بکرێتەوە، بەڵام گوزارشتە لە توانای ئینسانەکان لەسەر دەستپێکردنەوە، نیشانەیە بۆ گێڕانەوەی بونیاد و سیستمە ڕەمزی و ئاماژەییەکان بۆ پلەی سفر. بە بڕوای من دۆخی هۆبزی لەو تێزەیەوە نزیکە کە پێیوایە جەنگاوەرەکانی کوبانی وەکیلی هێزێکی حیزبی یان ئایدۆلۆژی یان گەردونین و ئیرادەی خۆیان بەخشیوەتە پرۆژەیەکی لە خۆیان بەرزتر. بەڵام قسەی من لەسەرەتاوە تا کۆتایی لەسەر چرکەیەکی بەرچاو ڕوونییە کە تێیدا جەنگاوەر دەبینێت کە جۆرە وەکیلی وەها بوونی نییە، گەر هەشبێت ڕزگارکەر نییە، بەڵکو دڕندە و تێکشکێنە یاخود دیماگۆگ و درۆزنە.

 

جاک دێریدا و ڕزگارکەرێک کە هەرگیز ناگات

قسەکردنی کاک مەریوان لەسەر مەهدیبوون بێ مەهدی، دەکرا گرنگ و سوودبەخش بێت گەر لە ناوکۆی ئەو تێکستەدا نەبایە، بەڵام هاتنی لەگەڵ ئەو کۆمەڵە تێزەیەی تردا تەواو لە نرخ و مانای دابەزاندوە. لە ڕاستیدا تێزی مەهدیبوون بێ مەهدی «کە من وەرگێڕانەکەی بە ورد نازانم» تێزێکی ناکۆکە لەگەڵ تەواوی تێزەکانی تری کاک مەریواندا کە لەم وتارەدا هاتوون. بۆ ئەوەی ئەم ناکۆکییە وردتر ڕوونبکەمەوە دەبێت کەمێک لەسەر خودی تێزەکەی دێریدا ڕابوەستم.

لە کاتێکدا کاک مەریوان لە وتارەکەیدا باس لە هاتنەدی و بەرجەستەبوونی یۆتۆپیایەکی ناسیونالیستی دەکات، مەبەستی دێریدا لە چەمکی «ڕزگاربوون بێ ڕزگارکەر» پێچەوانەی ئەم تێزەیەیە. بناغەی سەرەکی بیرۆکەکەی دێریدا لەوەدایە کە کەسی «فریادڕەس، رزگارکەر» نەگاتە لای ئێمە. دریدا دەڵێ چاوەڕوانی ڕزگارکەر لە بەرجەستەبوونی، لە گەیشتنی بایەخدارترە. بە کورتی «مەهدی» تا ئەو کاتە مەهدییە کە نەگەیشتووە، کە دوورە، کە چاوەڕوانیدەکەین، هەرکات گەیشت هەر کات هات و گووتی من خودی مەهدیم، لەوساتەدا وەک مەهدی کۆتایی دێت. مەهدی ئەو فریادڕەسەیە کە نابێت بگات. گەر ئەم تێزەیە بگێڕینەوە ناو وتارەکەی کاک مەریوان بە ڕوونی خراپ بەکارهێنانی ئەوان بۆ تێرمەکەی دێریدا دەبینین. «مەهدیبوون بێ مەهدی» واتە چاوەڕوانکردنی یۆتۆپیا بێئەوەی هیچ کات باوەڕمان بە هاتنەدی یان بەرجەستەبوونی یۆتۆپیا هەبێت، لە کاتێکدا کاک مەریوان لە کۆی بابەتەکەیدا پێچەوانەی ئەم زمانە و ئەم ڕۆحە قسەدەکات و پێداگری لەوە دەکات کە کوبانی بەرجەستەبوونی یۆتۆپیای ناسیونالیزمی باشە. یۆتۆپیا کە هاتەدی کە بەرجەستەبوو، کە ناوێکی بۆ خۆی دۆزییەوە، ئیدی مانایەک بۆ گەڕانەوە بۆ مەهدییەکەی دێریدا نامێنێت، کە کۆبانی بەرجەستەبوونی یۆتۆپیای ناسیونالیستییە، ئیدی بۆ دەبێت چاوەڕوانی مەهدی بکات? بەم پێیە بێت مەهدی گەیشتووە، مەهدی کوبانی خۆیەتی. هەر کات مرۆڤ لە چاوەڕوانی مەهدیبوون بێ مەهدیدا بوو، هێشتا دوورە لە یۆتۆپیا… هێشتا ڕزگاری تەنیا وەک ئەگەرێک، وەک چاوەڕوانی نادیارێک لە ئاسۆکاندا دیارە، لەم دۆخەدا یۆتۆپیا هێشتا ئەگەرێکی خەیاڵییە، ئەگەرێکە دەشێت مرۆڤ لە هەر جێگایەک و کونج و کولتوورێکدا چاوەڕوانیبکات، بێئەوەی پێویستی بە ناوهێنانی کوبانی هەبێت. لە تێزەکەی دێریدادا، چاوەڕوانی مەهدیی بێ مەهدی، بە جێگایەک یان دۆخێکەوە نابەسترێتەوە، بەڵکو مەرجێکی ناوەکی هەموو جۆرە چاوەڕوانکردنێکە بۆ ڕزگاریی، تێزێک نییە بڵێین بۆ مرۆڤێک لە کوبانی دەگونجێت بەڵام بۆ کەسێکی دی لە ئەستەمبول یان تۆکیۆ ناگونجێت . هەوڵەکەی دێریدا لە بنەڕەتدا بۆ ڕزگارکردنی چەمکی «ڕزگاربوونە» لەو کۆنتێکستە دیاریکراو و دەستنیشانکراوەکەی کە مێژوو پێیدەبەخشێت. بۆ نمونە لە کتێبی تارماییەکانی مارکسدا، ستراتیژی دێریدا ڕزگارکردنی مارکسە لەو تەپوتۆز و وێنە و شوناسە تایبەتیانەی لە مێژووی سەدەی نۆزدە و بیستدا پێی بەخشرا. لای دێریدا دوای مردنی خودی مارکس، دوای بێدەنگبوونی قووڵی مارکسیزم، ئیدی ساتی ئەوە دێتە پێشێ مارکس لە مارکسیستەکان و لە فیگەری مێژوویی و سیاسی مارکس خۆی ڕزگاربکەین. بە کورتی و بۆئەوەی زۆر دوورنەکەوینەوە، چەمکی «مەهدیبوون بێ مەهدی» تێزێکە ئاڕاستەی ئەو ئایدۆلۆژیایانە دەکرێت کە ناوێکی تایبەتی بە «ڕزگارکەرەوە» دەنوسێنن و ناوێکی تایبەتی بە ڕزگاریی دەبەخشن، واتە دەموچاو و شێوەیەکی دیاریکراوی دەدەنێ. ڕزگارکەر لەم چەمکەدا تا ئەو شوێنە مانای هەیە کە فۆرمێکی مێژوویی کۆنکرێت وەرناگرێت، لە پڕۆژەیەکی حیزبی و نەتەوەیی و مەزهەبیدا بەرجەستەنابێت. بەڵام کەسێک وتارێک بنوسیت سەرتاپای ستایشی «ناسیونالیزمی باش» «ناسیونالیزمی پاک و ئینسانی» بێت و دواتر قسە لە ڕزگاربوون بێ ڕزگارکەر بکات، ئەوە پارادۆکسێکی گەورەیە. قسە لای دێریدا لەسەر «وەعد یان پەیمانە Versprechen» نەوەک لەسەر «پرۆگرام» «بڕوانە جاک دێریدا. تارماییەکانی مارکس. چاپی فرانکفورت 1996. ل. 124». بەڵام ناسیونالیزم، ئایدۆلۆژیا و پرۆگرام و ئەنستتیوت و دەزگاگەلی کۆنکرێتە، ڕزگارکەر لای دێریدا ناوێکی نییە، لە ڕوخسارێکدا بەرجەستە نابێت، لە پرۆگرامێکدا جێگای نابێتەوە، بەڵکو پەیمانێکە کە ئاسۆی ڕوداوێکی جیاواز دەکاتەوە… دێریدا پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە ئەو پەیمانە، سروشتێکی دینی نییە «کاک مەریوان لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەم سروشتە نادینییەی چەمکەکە کردوە، بەڵام ئاماژەی بە دیوەکەی تری نەکردوە، ئەویش ئەوەیە ئەم پەیمانە سروشتێکی تەواو نا ناسیونالیستیشی هەیە. گەر کاک مەریوان ئاماژەی بەم ڕەهەندەی تریش بکردایە، ئەوا هیچ بەهانەیەک نەدەما کوبانی بە ناسیونالیزمەوە گرێبداتەوە». دێریدا زۆر بە ڕوونی پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە پەیمانێکی وەها، کارێکی بە ناسیۆنەوە نییە، لە بەر ئەوەی ئەو بڕوای وایە لە بنەڕەتدا ناسیونالیتەیت یان ناسیونالیزمێک بوونیان نییە بە دین یان ئەفسانەوە گرێ نەدرابن یاخود وەک خۆی دەڵێت «مستیک» نەبن. «بڕوانە. هەمان سەرچاوەی پێشوو. ل 147». لێرەوە لە لۆژیکی دێریدادا پەیمانێک کە ڕزگارکەر پێماندەدات کە دینی نەبوو، ئەوا حەتمەن ناسیونالیستیش نییە.

ئەم «چاوەڕوانییە بێ ئاسۆی چاوەڕوانی»، ئەم پەیمانە کە دێریدا باسیدەکات، ئاماژەیە بۆ شتێک کە وەک دریدا دەڵێت وێنەیەکی پێشینەی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا نییە، شتێکە بە گروپێک یان هێزێک یان پەیامێکەوە نابەسترێتەوە، دووبارەکردنەوەی پڕۆژەیەک نییە کە لەبەردەستماندایە یاخود تیا ژیاوین، بەڵکو چاوەڕوانکردنی جۆرە بوونێکی جیاواز و جۆرە ژیانێکی دیکەی گەردونییە کە نە فۆرمێکی دەستنیشانکراو، نە هەڵگرێکی دەستنیشانکراوی هەیە، بەڵکو چاوەڕوانییەکە بۆ هەموومان، بۆ هەموو مرۆڤێک لە هەموو جێگایەک و لە هەموو شوێنێک. واتە وەک چۆن دەشێت بەشێک بێت لە چاوەڕوانی جەنگاوەرێک لە کۆبانی، دەشێت هەمان شێوە چاوەڕوانی نادیاری هەر مرۆڤێکی تر بێت لە هەر جێگایەکی تر. ئەم ئاسۆیە کارێکی بە ئاسۆی جەنگاوەرێکەوە نییە لە جێگایەکی دیاریکراودا، بەڵکو ئاسۆیەکی دەستنیشان نەکراوە کە کۆی ڕوانینمان بۆ پاشەڕۆژ وەک مرۆڤ دەستنیشاندەکات. ئەم چەمکەی دێریدا نزیکییەکی زۆری لەگەڵ وێناکردنی پاشەڕۆژدا هەیە لای ئەو. گەر لە مانای پاشەڕۆژ لای دێریدا تێگەیشتین، ڕوونتر لە مانای «ڕزگاربوون بێ ڕزگارکەر» تێدەگەین. دێریدا دوو جۆر لە پاشەڕۆژ جیادەکاتەوە، پاشەڕۆژ وەک ئەوەی پلانی بۆ دەکێشرێت و بە پێی پرۆگرامێکی تایبەت و مەبەستێکی پێشوەخت دەبرێتەڕێوە، پێشبینیدەکرێت و کەم تا زۆر دەکرێت بزانین بە چ ئاڕاستەیەک دەڕوات، لەگەڵ پاشەڕۆژێکی دیکەدا کە ئەو بە «Avenir » واتە «داهاتوو» ناویدەبات. داهاتوو پاشەڕۆژی ڕاستەقینەیە، پاشەڕۆژێکی نەزانراو و نە بینراو و پێشبینی نەکراو. مژدەی هاتنی شتێکی جیاواز و چاوەڕواننەکراو و پرۆگرام نەکراوی پێیە، داهاتووە بە هەموو ناڕوونی و ئەگەر و نادڵنیایی خۆیەوە. «دێریدا بە ڕونی لە دیمەنی یەکەمی ئەو فیلمەی کە هەر یەک لە کێربی دیک و زیرینگ کۆفمان ساڵی 2002 لەسەر ژیانی دروستیانکردوە، وەک تێزەیەکی سەرەکی خۆی بەو جیاکارییە دەست پێدەکات. بڕوانە تێکست سکریپتی فیلمەکە لە ماڵپەڕی realfictionfilme.de. هەروەها بڕوانە کتێبی: ئێریک ئۆدە. ڕودوای بەرگری. جاک دێریدا و زانکۆی بێمەرج. فورتزبورگ. 2006. ل206 ـ 207. یان کتێبی فیکتۆر تیبریوس ـ ئامادەکار ـ. خەلقکردنی پاشەڕۆژ. تیورەکانی گۆڕانکاریی لە داهاتوودا. وتارەکەی فێرناندۆس سواریز مولەر. شپرینگەر. فیسبادن. 2012. ل 232». ئەم «داهاتووە» وەک «ڕزگاربوون بێ ڕزگارکەر» دووبارەکردنەوەی شتێکی پێشووتر نییە، نیازێکی پێشوەخت ڕاگەیاندراو و پلان بۆ کێشراوی نییە، هەرگیز نایەتە دەست، بەڵام نیشانە و ئاسەواری هەیە، هەرگیز نایەتە دی بەڵام چاوەڕواندەکرێت، شتێک نییە هیچ کات پێی بگەین، بەڵام شتێکە بەردەوام بۆی دەچین. واتە بە کورتی بێرۆکەی «ڕزگاربوون» و «داهاتوو» کە دوو چەمکی سەنتراڵی فیکری دێریدان، هەردووکیان تەنیا کاتێک مانایان هەیە کە نەبەسترێنەوە بە ئایدۆلۆژیا باوەکانی وەک دین، ناسیونالیزم یاخود چەپەوە، نەبەسترێنەوە بەو ئاسۆ و پرۆگرام و بیرۆکە ئامادانەی ڕزگارییەوە کە لە بەردەستماندا هەن، بەڵکو بخرێنەوە سەر ڕیشە تاریک و ئەگەردار و پڕ چاوەڕوانییەکەیان. لێرەوە کاتێک دەڵێین کوبانییەکان نیشتمانپەروەرن، ناسیونالیستن، چەپن، لەلایەکی تریشەوە دەڵێین کە «پرۆگرامێک نییە مەرگی جەنگاوەرانی کۆبانی پێوە گرێدرابێت»، بەمە پارادۆکسێکی هێند گەورە تۆماردەکەین، مرۆڤ سەری لەوە دەسوڕمێت، چون دەکرێت لە یەک وتاردا بێ هیچ زەمینەسازییەک دوو دژ بەوجۆرە کۆبکرێنەوە.

هەر لە ڕوانگەی ئەو ڕاستیانەوە، وەرگێڕانی « Messianisch ohne Messias» بە «مەهدیبوونی بێ مەهدی» زۆر پر کێشەیە. مانای ڕاستەقینەی « Messianisch ohne Messias» «ڕزگاربوون بێ ڕزگارکەر»یان «ڕزگاریخوازیی بێ ڕزگارکەر» ئەوەیە بە ناوی هیچ کەس و هیچ ڕزگارکەرێکی پێشوەخت و ناونراوەوە نەلکێت. مەهدی ناوی ڕزگارکەرە لە فۆرمە هەرە دینی و هەرە میتۆلۆگییەکەیدا، لە کاتێکدا جەوهەری تێزەکەی دێریدا ڕزگارکردنی چەمکی ڕزگاربوونە لە ناونانە خورافییە پێشینەکان، جیاکردنەوەیەتی لە هەر ڕزگارکەرێکی ئایدۆلۆژی یان مەزهەبی کە بانگەشە بۆ بیرۆکەیەکی ئایدۆلۆژی یان دینی باو بکات، لە کاتێکدا زاراوەی مەهدی بە توندی بۆ ناو ئەو جۆرە بانگشەیەمان دەباتەوە.

جگە لەم تێبینیانە، دەبێت بڵێین کە خەباتی کوبانی ناچێتە چوارچێوەی چاوەڕوانکردنی هیچ ڕزگارکەرێکەوە، بەڵکو خەباتێکە بایەخی خۆی لەوەوە وەردەگرێت، مرۆڤ خۆی وەک «ڕزگارکەری خۆی» دەدۆزێتەوە. کاک مەریوان و هەڵگرانی ئەو بۆچوونەی دی کە توانای خەباتی مرۆڤ گرێدەدەنەوە بە ڕزگارکەرێکی نادیارەوە، بە پڕۆژەیەکی لۆکاڵ یان یونفێرسالەوە، لە ناو هەمان ئەو چوارچێوە کولتوورییەدا دەسوڕێنەوە کە هەمیشە ڕزگارکردنی مرۆڤ گرێدەداتەوە بە هێزێک یان پڕۆژەیەکی دوور لە خۆی. بەکارهێنانی چەمکی مەهدیبوون بێ مەهدی، بەوجۆرەی لە وەڵامەکانی ئەودا هاتووە، دوورخستنەوەی فیکرەی ڕزگارییە لە خودی ئینسانەکان، مەحکومکردنی مرۆڤە بەوەی بۆ ئەبەد لە چاوەڕوانی ڕزگارکەرێکی مێژوویی یان دەرە مێژوویدا بێت، دوورخستنەوەی بیرۆکەی ڕزگارییە لە خودی ئەو هێزەی کە لە مەیدان و سەنگەردا دەجەنگێت. خەباتی کوبانی، خەباتێک نییە بۆ نادیارێکی مێژوویی، بۆ چاوەڕوانی فریادرەسێک کە وەک ئەگەر لە هەناوی داهاتوودا خەوتووە. کوبانی ئاوێنەیەکی تاڵ و تاریکی دونیای ئەمڕۆیە، پنتێکی رەمزییە بۆ جیاکردنەوەی بەربەرییەت و مرۆڤبوون لە یەکتر، وەستانێکی جیاوازە لە نێوان مەرگدۆستی و ژیاندۆستیدا. کوبانی ڕوداوێک نییە بە ڕەهەندێکی میتافیزیکییەوە، بەڵکو بەرگرییەکی مەتریاڵی و حەتمی مرۆڤگەلێکە کە ناچارن هەر پڕۆژەیەکیان هەبێت بیوەستێنن، تا خۆیان بۆ بەرگریکردن لە ژیانی خۆیان تەرخانبکەن. واتە لەو ڕاستییە تاڵەوە هاتووە کە فریادرەس بوونی نییە، فریادرەس تەنیا مرۆڤ خۆیەتی و وزەی ڕاستەقینەی بەرەنگاریش تەنیا ژیان خۆیەتی.

 

بابەتی هاوپۆل

پایان مهتدیسم آغاز فوادیسم / مام رحمان

مهتدی هیچگاە میراث بجاماندە ازبینش فکری وخصلتهای مبارزاتی واخلاقی وهژمونی سیاسی کاک فواد را که …