“خالید محەمەدزادە”
نازانم بۆچی پێموایە زۆرێك لەوانەی ئەمرۆ لە رۆژهەڵاتەوە بەرۆكی خۆیان دادەدرن بۆ “پاراستنی بەرژەوەندیەكانی هەرێم”، نە لە سەر ئاستی سیاسی دەگەنەوە بە دلسۆزیەكەی ئەحمەد توفیقو نە لە سەر ئاستی نوسینیش دەگەنەوە بە غەمخوریەكەی هەژار موكریانی بۆ باشوری كوردستان؟
نازانم بۆ چی هەموو ئەو شۆرشگێرە رۆژهەڵاتیانەی، بەردی”پاراستنی بەرژەوەندیەكانی هەرێم” لە سینگ دەدەن بۆ شاردنەوەی خانەنشین بوون و ناكارابوونیان لە رۆژهەڵات، ناتوانن هەلگری هەمان دلسوزی شۆرشگێرانی دەیەی 40ی هەتاوی بن بەرامبەر بە باشوری كوردستان كە تەنانەت گیانی خۆیان لە پیناوی دانا؟
بۆچی روانینی رۆژهەڵاتیەكانی ئیستا، هەمان روانینی رۆژهەڵاتیەكانی دەیەی 40و 50ی هەتاوی نین بەرامبەر بە باشورو بۆچی “پاراستنی بەرژەوەندیەكانی هەرێم” لای ئەمانە جیگای خوی داوە بە پاراستنی بەرژوەندییەكانی خودو بوون بە بەشێك لە پرۆسەی گەندەڵی لە باشوری كوردستانو بە فێرودانی سامانی گشتیو بوون بە كۆیلەی حیزبو یاغی بەرامبەر بە نارەزاییەكانی خەلك لە باشور؟
بۆچی دورو نیزیك دروشمی “پاراستنی بەرژەوەندیەكانی هەریم” پەیوەندی نادریتەوە بە خواستی خەلكی ئیمە لە رۆژهەڵاتو ئەم دروشمە دیوەكەی تری ناكاتەوە بە پاراستنی بەرژەوەندیەكانی رۆژهەڵات؟
بۆچی هەلگرانی ئەم دروشمە خەباتی چەكداری لە رۆژهەڵاتو نارەزاییو خوپیشاندانی هاوڵاتیان لە باشور وەك یەك بە دژی بەرژەوەندیەكانی هەریم تەفسیر دەكەنو بۆچی لە دواجار هەلگرانی ئەم دروشمە دژی خواستی شەقام لە باشورو رۆژهەلات دینە ئاخاوتن؟
بۆچی هەموو سینگ دادرینو هەموو باشورخوشەویستیان تەنیا دەچیتە گیرقانی دەسەڵاتدارانی باشورو خویانو پەیوەند نادرینەوە بە خواست و چاوەروانی شەقام لە رۆژهەڵاتو باشور؟
بۆچی دروشمی “پاراستنی بەرژەوەندیەكانی هەرێم” كورتكراوەتەوە لە پشتگیری حیزبی دەسەڵاتدارو پاراستنی دەسكەوتەكانی چەند بەرپرسێك لە باشورو لە دواجار چوون بە گژی خەلك لەم بەشەی كوردستانو رەتكردنەوەی كۆی هیزەكانی تر كە بەشێكی زۆریشیان بەرهەمی هەلبژاردنی خەلكن؟
و……
رەنگە ئەوەی ئەم رستەی رووبەرووی نەقدو پرسیارو گۆمانی گەورە كردبیتەوە، هەلسوكەوتی دوو فاقیەی هەڵگرانی ئەم دروشمە بیت بەرامبەر بە خەلك لە رۆژهەڵاتو باشوری كوردستانو لە دواجار گواستنەوەی پشتگیری نەتەوەیی لە لایەن ئەمانەوە بیت بۆ پشتگیری حیزبی بە جورێك كە ئەمانە وەها شەری پاراستنی بەرژەوەندیەكانی حیزب لە باشوور دەكەن كە تەنانەت ئەندامانی یەكیتیو پارتیش ئامادە نین بەو زمانە رووبەروی یەكتر ببنەوە.
بۆ ئەوەی تێ بگەین كە “پاراستنی بەرژەوەندیەكانی هەرێم” چون جیگای خوی داوە بە پاراستنی بەرژەوەندیەكانی خودو بوون بە كۆیلەی حیزب تا پاریزەری ” بەرژەوەندیەكانی هەرێم” لەلایەن ئەم كەسانە، ئاسانە ورد بینەوە لە هەلوێستی ئەمانە بەرامبەر بە شەرەكانی جەلەولا، شنگال، خوپیشاندانەكانی 17ی شوباتو كونگرەی نەتەوەییو…. لە هەمووی كومێدی تر هەڵوێستیان بەرامبەر بە كەمپینی یارمەتی كوكردنەوە لە رۆژهەڵاتەوە بۆ ئاوارەكانی شنگالو چوونە نێو ململانێی حیزبی لە باشووری كوردستانو پشت كردن لە خەلكی باشوورو چەپلە لیدان بۆ دەسەلاتدارانی حیزبی.
ئەمانە بەم هەڵوێستانەیان بە ئیمەیان ووت فریادرەسانی حیزبن لە باشوور نەك غەمخورانی “پاراستنی بەرژەوەندیەكانی هەرێم”. ئەوەی بۆ ئەمان گرنگە پەزیرای شاهانەی حیزبە لە باشترین هوتیلەكانی هەولێرو سلێمانی لە سەر حیسابی خەلكی ئاسایی باشوری كوردستان كە دور و نیزیكیش پەیوەندی بە هەلویستی خەلكی رۆژهەڵاتەوە بەرامبەر بە باشور نیە،
رەنگە هەڵات هەڵاتو گریانو رۆ رۆ بۆ پاراستنی حیزب لە شنگالو پاساو هینانەوەیان بۆ شكستەكانی شنگالو جەلەولا لە گەل بە هاناوە هاتنی 27 شاری رۆژهەڵاتو دابەشكردنی یارمەتیەكانیان وەك یەك بە سەر سلیمانیو هەولێر نمونەیەكی باش بیت بۆ جیاكردنەوەی هەلوێستی خەلكی رۆژهەڵات لە گەل بازرگانانی سیاسی رۆژهەڵات بەرامبەر بە باشور، یەكەمیان بۆ ئازارەكانی خەلك كەوتە جولەو دووهەمیان فرمێسكو پاساویان بۆ شكستی حیزب لە خۆیان نمایش كرد.
ئەمانە بە هەمان ریژە بوون بە بەشێك لە سیستمی حیزبی لە باشووری كوردستان، بە هەمان ئەندازەش كەوتونەتە بەر رەخنەی كۆمەلگای مەدەنی و خەڵكی ئاسایی باشوور، رەنگە ئەوەی ناوی رۆژهەڵاتی زریندرابیت لە باشور، بەشیكی پەیوەندی بەم ژیستە خو بە دەستەوەدەرانە بەرامبەر بە حیزبەكانیانو هەلچون بەرامبەر بە خەلكی ئاسایی ئەم وڵاتە بیت، جالبە سەرنجی ئەوەش بدەین هەڵگرانی ئەم دروشمە ئەەندەی رەخنەیان لە نارەزایی خەڵكی باشوور هەیە، نیو ئەوەندە رەخنەیان لە پێشیلكاریەكانو گەندەڵییەكانی حیزب لەم بەشەی كوردستان نیە
كۆتا قسە:
پیموایە دەبیت دروشمی”پاراستنی بەرژەوەندیەكانی هەرێم” بگوازیتەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەكانی خەڵكی باشوورو پشتگیری كۆیلانەی حیزبی بگوازریتەوە بۆ پشتگیری نەتەوەیی لە سەر ئاستی كوردستانو چی تر لە سەر ناوی رۆژهەڵاتو لە سەر حیسایی رۆژهەڵاتی سیمای ئەم بەشەی كوردستان لە باشوور ناشیرین پیشان نەدریتو ئەم ژیستە بە رواڵەت نەتەوەییەش بە كار نەبرێت بۆ لۆمەكردنی هەر جموجوڵێك لە رۆژهەڵاتی كوردستان.