بە بۆنەی چوارەمین ساڵیادی كۆچی دوایی مامۆستا “شێخ عێزەدین حوسێنی”

مامۆستا بەهاری ساڵی ١٣٠٠ی هەتاوی واتە ١٩٢١ی زایینی لە شاری بانە لە لە بنەماڵەیەكی ئایینیدا لەدایكبووە.
كوڕی شێخ صالح‌ە كە لە سەیدەكانی بەرزنجەبوو؛ شێخ صالح كە لە سەردەمی خۆیدا زانایەكی ئایینی ناودار بوو، دژایەتی حكوومەتی ڕەزاشای دەكرد، بەنهێنی لەگەڵ شێخ مەحموودی حەفید ڕێبەری بزووتنەوەی كورد لە سلێمانی پەیوەندی هەبوو، ساڵی ١٣١٩ فەوتی كرد.
مامۆستا زۆری پێخۆشبوو بچێتە خوێندن بەڵام لە شاری بانە هەتا ساڵی ١٣١٥ (١٩٣٦) مەدرەسە نەبوو؛ سەرف ‌و نەحو، قورعان، “گولستان و بوستان” و هی‌دیكەی لەلای بابی خوێند.
ساڵی ١٣١٧ (١٩٣٨) لە گوندی سیسێر لە لای مەلا سەیدحوسەین چووە فەقێیەتی؛ سێ ساڵ لەوێ مایەوە؛ دەچێتەوە بانە و دواتر لە نمەشیر، دیسانەوە سیسێر و ماوەیەكیش لای مامۆستا مەلا باقری بەناوبانگ لە ئاوایی بالیك لە ناوچەی مەریوان خوێندوویەتی.
ساڵی ١٣٢١ (١٩٤٢) بۆ درێژەدان بە خوێندن دەچێتە ناوچەی موكریان كە لەوێ هەڵسووڕانی سیاسی و هەستی نەتەوایەتی بەرزبوو. ساڵی ١٣٢٢ (١٩٤٣) لە ناوچەی بۆكان، بە نێوی نهێنی “هەوێن” ئەندامەتی كۆمەڵەی ژێ‌كاف ی پێبەخشرا و بووە چالاكی سیاسی.
ساڵی ١٣٢٤ (١٩٤٥) چالاكانە لە ڕێوڕەسمی هێنان و هەڵدانی ئاڵای كوردستان لە شاری بۆكان بەشداریكرد.
بەهاری ساڵی ١٣٢٥ (١٩٤٦) دەچێتە مەهاباد كە لە ژێر دەسەڵاتی كۆماری كوردستاندا بوو و ماوەیەك لای كەسایەتی بەناوبانگ مامۆستا مەلاحوسەین مەجدی درێژە بە خوێندن دەدات.
١٣٢٧ (١٩٤٨)  لە لای مامۆستا مەلاعەلی وەڵزی لە گوندی حەمامیان ئیجازەی ئیفتا و تەدریس وەردەگرێت و بە ڕەسمی دەبێتە مەلا و مودەڕیس لە گوندی كانییە ڕەش لە ناوچەی موكریان.
لە نێوان ساڵەكانی ١٣٣٠ هەتا ١٣٣٧ (١٩٥٨- ١٩٥١) لە گوندەكانی كانییە ڕەش، گۆلێ و قارەوای موكریان مەلا و مودەڕیس بووە.
لەم ساڵانەدا چەندین رووداوی گرینگ ڕوویانداوە كە كاریگەرییان هەبووە لەسەر ژیانی مامۆستا؛ لە نێوان ساڵانی ١٣٢٩ هەتا ١٣٣٢ بزووتنەوەی جووتیاران لەو ناوچەیە زۆر بەهێز بووە و مامۆستا كە هەمیشە لایەنگری چینەچەوساوەكانی كۆمەڵگا بووە، كەوتووەتە بەر هێرشی ئاغا و مالیكی ناوچەكە و بەوبۆنەشەوە ناچاركراوە گوندەكەی بەجێبهێڵێت. مامۆستا بە هۆی هەڵوێستی پێشكەوتنخوازانەی كە بوێرانە دەریدەبڕین، لە بواری جۆراوجۆردا بەناوبانگ بوو ؛ بۆ وێنە دژ بە خۆرافاتی ئایینی بوو؛ لە بابەتە كۆمەڵایەتییەكاندا دژایەتی دەكرد لەگەڵ دیاردەی كچ بە پچووكی بەشوودان، گەورە بە پچووك، ژن بە ژنە و سێ‌تەڵاقە.
ئەمە هاوكاتە لەگەڵ سەردەمێك لە ئێران كە كێشەی میللی‌كردنی نەوت لەلایەن دەوڵەتی دوكتور محمد مصدق‌ەوە لەئارادابوو؛ لە ئاكامدا كوودیتای ساڵی١٣٣٢ (١٩٥٣) كە بە پشتیوانی بەریتانیا و ئەمریكا كرا دەوڵەتی مصدق ڕووخا و شای ئێران كە هەڵاتبوو بۆ دەرەوە دیسانەوە گەڕایەوە سەر حوكم.
ساڵی ١٣٣٧ (١٩٥٨) لە مەهاباد دەبێتە مودەریس لە مەدرەسەی علوومی دینی؛ لەو سەردەمەدا مامۆستا لایەنگری بیروبۆچوونی شێخ محمد عبدە بوو؛ بۆ وێنە كتێبی “رسالە التوحید”ی ئەوی دەگوتەوە.
ئەو كەسانەی كە لەلای مامۆستا شێخ عێزەدین خوێندوویانە، چ لە مەهاباد و چ ساڵەكانی پێشووتر، لە پەنای خوێندنی ئاسایی فەقێیەتی و ئایینی، لەگەڵ مێژووی تێكۆشان و خەباتی گەلی كورد دژ بە ستەمی میللی ئاشنا دەبوون؛ تێكۆشەری بەناوبانگ مەلا ئەحمەد شەڵماشی ناسراو بە مەلا ئاوارە یەكێك بوو لەو كەسانەی كە لای مامۆستا خوێندبووی.
ساڵی ١٣٤٧ (١٩٦٨) بوو بە ئیمام جومعە لە مەهاباد.
هەر ئەو ساڵە شەپۆلێكی بەكۆمەڵ گرتنی تێكۆشەرانی كورد كەوتەڕێ و بەتایبەت پادەگانی جەڵدیان بوو بە زیندانێكی گەورە. مامۆستا بۆ ماوەیەكی كورت گیرا؛ لەو ماوە كورتەیشدا كەسایەتی ئایینی شاری مەهاباد و خەڵكی شار كەوتنە گەر و ئەگەری خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی هەبوو.
لەو ساڵانەدا كە لە مەهاباد بوو بەردەوام لە پەیوەندیدا بوو لەگەڵ خوێندكارانی زانكۆ، ئەندامان و خەباتكارانی حیزبی دیموكراتی كوردستان و بەتایبەت لە ساڵەكانی ١٣٤٧-١٣٤٦(١٩٦٨- ١٩٦٧)دا پەیوەندی گەرم و گوڕی هەبوو لەگەڵ تێكۆشەرانی بزووتنەوەی كوردستان.
١٧ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٥٧ واتە ٧ی مانگی شەشی ١٩٧٨ لە ڕێوڕەسمی ناشتنی تێكۆشەری لە مێژینە عەزیز یوسفی كە تازە بە نەخۆشی لەزیندان ئازاد كرابوو وتارێكی گرینگی پێشكەش كرد. ئەم ووتارە لەسەر گۆڕی ئەو تێكۆشەرە لە شاری مەهاباد كە بە بەشداری هەزاران كەس لە هەموو شارەكانی كوردستانەوە بەڕێوەچوو، دەنگدانەوەیەكی ئێجگار زۆری هەبوو. ئەمە بە دەستپێكی بزووتنەوەی جەماوەری خەڵكی كوردستان لە دژی حكوومەتی شا دەژمێردرێت.
بەدرێژایی ئەو ساڵە پڕ لە ڕووداوە مامۆستا كە لە مانگی خەزەڵوەردا ببووە سەرۆكی شورای شاری مەهاباد، بەردەوام لەو شارە و لەشارەكانی دیكەی كوردستان لە بۆنەی جیاوازدا قسەی بۆ خەڵك دەكرد و هانیدەدان بۆ خەبات.
بە ڕووخانی رژیمی پاشایەتی لە ئێران، رۆڵی مامۆستا شێخ عێزەدین زۆر بەرجەستە بووەوە. هەموو نوێنەرانی حكوومەت و كاربەدەستانی ناوچەكە كاتێك دەهاتنە كوردستان دەچوونە لای مامۆستا.
رۆژی ٢٩ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ (١٨ی مانگی دووی ١٩٧٩) یەكەم دەستەی نوێنەرایەتی حكوومەت كە داریوش فروهر یەكێك لە ئەندامانی بوو، هاتە مەهاباد و یەكڕاست چوونە لای مامۆستا. دواتر لە كۆبوونەوەیەكی گەورەدا بڕیارنامەیەك لەلایەن نوێنەرانی شارەكانی كوردستانەوە (لەوانە رێبەرانی كۆمەڵە و حیزبی دیموكرات) پێشكەشی نوێنەرانی دەوڵەت كرا كە یەكێك لە خاڵەكانی ئەوەبوو كە مامۆستا شیێخ عێزەدین دەسەڵاتی ئەوەی هەیە سەرۆكایەتی هەر هەیئەتێك بكات كە لەلایەن گەلی كوردەوە لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی‌دا دەكەوێتە وتووێژ.
نەورۆزی ١٣٥٨ (١٩٧٩) دوای كارەساتی خوێنین لە شاری سنە، مامۆستا لایەنێكی سەرەكی بوو لە وتووێژ لەگەڵ نوێنەرانی حكوومەت كە بریتی بوون لە رفسنجانی، بنی‌صدر، بهشتی، گالقانی و . . . كەسانی دیكەیش. لەو كۆبوونەوەدا بوو كە مامۆستا لە كاتی فڕینی فرۆكە شەڕكەرەكان بەسەر شاری سنەدا و لەگەرمەی وتووێژەكاندا گوتی “فەرقی تاج و عمامە چییە؟ حكوومەت نەگۆڕدراوە، تاجی پاشایەتی لاچووە و عمامە هاتووەتە جێگای.”
رۆژی شەشی خاكەلێوەی ١٣٥٨ (٢٦ی مانگی سێی ١٩٧٩) مامۆستا رایگەیاند لەبەر ئەوەی ناوەرۆكی كۆماری ئیسلامی نادیارە لە ریفراندۆمدا بۆ دەنگدان بە كۆماری ئیسلامی لە ئێران بەشداری ناكات.
مانگێك دواتر واتە لە مانگی گوڵاندا لەسەر بانگهێشتنی وەزیری ناوخۆ سەفەرێكی كرد بۆ تاران و قوم؛ لەم سەفەرەدا لەگەڵ خومەینی، بازرگان سەرەكوەزیر، وەزیری ناوخۆ و چەندین كەس لە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی دیدار و گفتوگۆی كرد.
لە دیدار لەگەڵ خومەینیدا كاتی خوداحافیزی خومەینی دەڵێت هێمنایەتی كوردستانم لە تۆ دەوێت، مامۆستایش دەڵێت منیش خودموختاری كوردستانم لە ئێوە دەوێت.
لەو سەفەرەدا لە “زانكۆی صنعتی شریف‌”ی تاران لەناو هەستی زۆر گەرمی هەزاران خوێندكاری زانكۆ لە وتارێكدا وتی: “ئەو ئایینەی خەڵك بەگژیەكدا دەكات، ئایینی ئیلاهی نییە. . . سانسۆر نموونەیەكە لە گەڕانەوەی دیكتاتۆری و كۆنەپەرستی. كۆنەپەرستی لە هەر جلوبەرگێكدا و بەهەر ڕەنگێك بێت مەحكوومە . . . ئێمە لایەنگری هەڵسووڕانی هەموو حیزب و ڕێكخراوە سیاسییەكانین . . شۆڕش هێشتا بە ئاكام نەگەیشتووە چونكوو ئامانج لە شۆڕش گۆڕانی بنەڕەتییە.”
سەرەتای مانگی جۆزەردانی ١٣٥٨ (١٩٧٩) مامۆستا شێخ عێزەدین لەناو بەخێرهێنانی ئاپۆرەی خەڵكدا كە بە دەیان هەزار لە سەر جادە و لە شارو شارۆچكەكانی كوردستان ریزیان بەستبوو گەڕایەوە بۆ كوردستان و لە شاری سنەوە، بە دیواندەرە، سەقز، بانە و بۆكاندا گەڕایەوە بۆ مەهاباد.
پێنجی پووشپەڕی ١٣٥٨ (٦ی مانگی شەش ١٩٧٩) هۆشداریدا: “ئەگەر وریا نەبین تووشی شەڕی چەكداریمان دەكەن. . . پارێزگاری لە شارەكان دەبێت لەژێر چاوەدێری شۆرای شارەكاندا بێت. . بڵاوكردنەوەی چەك لە كوردستان [لە لایەن حكوومەتەوە] وایكردووە كە ئەگەر كارێكی بۆ نەكرێت، كوردستان لەسەردەری شەڕی ناوخۆدا دەبێت.”
٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ (١٩ی مانگی هەشت ١٩٧٩) فەرمانی جیهادی خومەینی بۆ سەر كوردستان دەرچوو؛ مامۆستا لە گەڵ تێكۆشەرانی گەلی كورد چووە شاخ و لە ڕێگای ڕاگەیاندن و چاوپێكەوتنی رۆژنامەوانییەوە دەنگی گەلی كوردی بە هەموو جیهان دەگەیاند.
چەند هەفتە دواتر “دەفتەری مامۆستا شێخ عێزەدین حوسەینی” بۆ ڕاپەڕاندنی كاروبارەكانی مامۆستا پێكهات كە ئەندامەكانی ژمارەیەك لە كەسانی نزیك لە مامۆستا و تێكۆشەرانی خەڵكی چەند شارێكی كوردستان بوون.
ڕۆژی ١٠ی خەزەڵوەری ١٣٥٨(یەكی مانگی یازدەی ١٩٧٩) لەسەر داوای مامۆستا بەبۆنەی جێژنی قوربانەوە بە سەدان هەزار خەڵكی كوردستان لە شارو شارۆچكەو لادێكاندا خۆپیشاندانی پڕشكۆی جەماوەری و سەرتاسەرییان رێكخست بە پشتیوانی لە بزووتنەوەی كوردستان، بۆ ڕیزگرتن لە شەهیدان و دژ بە حكوومەتی كۆماری ئیسلامی.  
لە پاییزی ئەوساڵەدا چەندین كۆبوونەوە كرا لەگەڵ نوێنەرانی حكوومەت كە لە تارانەوە هاتبوون بۆ دێهاتی ناوچەی سەرسنووری سەردەشت كە مامۆستا رۆڵی سەرەكی هەبوو لەو كۆبوونەوانەدا.
لەم ماوەیەدا “دەستەی نوێنەرایەتی گەلی كورد” بە سەرۆكایەتی مامۆستا بۆ وتووێژ لەگەڵ دەوڵت پێكهات كە كۆمەڵە و حیزبی دیموكرات و ڕێكخراوی چریك فیدایی ئەندامەكانی بوون و بەگشتی لە كۆمەڵەوە نزیكایەتیەكی زۆری هەبوو.
٢١ی سەرماوەز واتە ١٢ دیسامبر یەكەمین و تەنها كۆبوونەوەی ڕەسمی نوێنەرانی حكوومەت لەگەڵ دەستەی نوێنەرایەتی گەلی كورد پێكهات.
هەتا كۆتایی ساڵ بەردەوام كۆبوونەوە دەكرا لەگەڵ نوێنەرانی حكوومەت و نوێنەری تایبەتی خومەینی بۆ قسەوباس لەسەر چۆنییەتی درێژەدان بە وتووێژ بەڵام سەرەڕای هەوڵدان و خۆش مەبەستی مامۆستا هیچ ئاكامێكی نەبوو.
خاكەلێوەی ١٣٥٩ (مانگی چواری ١٩٨٠) مامۆستا سەفەرێكی دەستپێكرد لە مەهابادەوە بۆ بۆكان، سەقز، دیواندەرە، سنە، مەریوان و بانە و لەهەموو لایەك لە كۆڕ و خۆپیشاندانی دەیان هەزاركەسیدا رایدەگەیاند گەلی كورد خوازیاری مافی ئاسایی خۆی و ئاشتی و پێكەوە هەڵكردنە و دژ بە دەستپێكردنەوەی شەڕە. وێنە و فیلمی ئەم سەفەرە سیمای رێبەرێكی زۆر خۆشەویست و لەناو دڵی خەڵكدا نیشاندەدات كە خەون و ئارەزووەكانی خۆیان لە هەڵوێست و دەربڕینەكانی مامۆستادا دەدیتەوە. بەداخەوە هەر لەو مانگەدا خولی دووهەمی هێرشی بەرینی كۆماری ئیسلامی بۆسەر شارەكانی كوردستان دەستی پێكردەوە.
سەرەتای ساڵی ١٣٦١ (١٩٨٢) مامۆستا نوێنەری خۆی ناردە دەرەوە بۆ ئورووپا بۆ ئاگاركردنەوەی بیروڕای جیهانی لەسەر بارودۆخی گەلی كورد و بزووتنەوەكەی و تاوانكارییەكانی كۆماری ئیسلامی. مامۆستا بەو نوێنەرەیدا چەندین نامەی نارد بۆ پاپ لە ڤاتیكان، سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان و چەندین سەرۆكی وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی و یاسر عەرەفات. هەروەها پەیامێكی تایبەت بۆ ڕای گشتی جیهان و ئێرانییەكان و كوردەكان لەدەروەی وڵات كە بە زمانەكانی كوردی، فارسی و فەرانسە بڵاو كرایەوە. دواتر ڕاپۆرتی ئەم سەفەرە كە فەرانسە و بەریتانیا و ئەڵمان و دەرباری ڤاتیكان و ئیتالیا، سووریا و لوبنانی گرتەوە بەوردی بۆ بیروڕای خەڵكی كوردستان و ئێران بڵاوكرایەوە.
لە پاییزی ساڵی ١٣٦١دا (١٩٨٢) مامۆستا سەفەرێكی نۆ هەفتەیی كرد بۆ پاریس و دواتر بۆ عەرەبستان بەمەبەستی ڕاكێشانی سەرنج بۆ بارودۆخی گەلی كورد. لە سەفەری پاریسدا جگە لە چاوپێكەوتن و قسەوباس لەگەڵ رادیۆ، تەلەڤیزیۆن و رۆژنامە گەورەكانی فەرانسە، لەگەڵ رادیۆ بی‌بی‌سی بەشی فارسی گفتوگۆیەكی گرینگی كرد. هەروەها ژمارەیەكی زۆر لە نووسەران و شاعیران و رۆژنامەنووسان و سیاسەتمەدارانی فەرانسە، ئینگلستان، ئیرلەند، ئاڵمان و ئیتالیا و ئێرانی و كورد دیدەنیان كرد. مامۆستا لەهەموو ئەو دیدارانەدا بە وردی لەسەر بارودۆخی كوردستان و خەباتی ڕەوای میللەتی كورد و ئاشتیخوازانەبوونی بزووتنەوەی كوردستان و ڕەوابوونی داواكانی دوا. هاوكات تاوانەكانی كۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان ئاشكرا دەكرد.
لە ساڵەكانی ١٣٦٤ هەتا ١٣٦٧(١٩٨٨- ١٩٨٥) دا مامۆستا لە هەل‌ومەرجێكی دژواردا لە ناوچەكانی سەرسنووری كوردستان لە نێوان عێراق و ئێراندا دەژیا و بەردەوام بوو لە چالاكی سیاسی و دەركردنی ڕاگەیاندن و بڵاوكردنەوەی ڕاو بۆچوونەكانی. هەر لەم ساڵانەدا بوو كە مەقەڕی نیشتەجێبوونی خۆی و بنەماڵەكەی لە ناوچەی سەرسنووری پارێزگای سلێمانی كەوتە بەر پەلاماری فرۆكە جەنگییەكانی حكوومەتی بەعسی عێراق كە لە ئاكامدا زۆر بەداخەوە دایكێك و منداڵەكەی شەهیدبوون، مامۆستا و سەیدزادە خانمی هاوسەری و نۆ پێشمەرگەیش برینداربوون.
ساڵی ١٣٦٧(١٩٨٨) سەفەرێكی كرد بۆ وڵاتی توونس بۆ دیدار لەگەڵ یاسر عەرەفات و دواتر سەردانی سوێد و فەرانسەی كرد و پاشان گەڕایەوە بۆ كوردستان.
لە كۆتایی هاوینی ساڵی ١٣٦٩(١٩٩٠)دا لە وڵاتی سوید نیشتەجێ بوو.
مامۆستا یەكێك بوو لە بەشدارانی كونفرانسی ستۆكهۆلم كە سەرەتای ساڵی ١٩٩١ لە شاری ستۆكهۆلم گیرا سەبارەت بە بار و دۆخ و دواڕۆژی كوردستان كە تێیدا ژمارەیەكی زۆر لە مێژوونووسان، سیاسەتمەداران، نووسەران و چالاكانی سیاسی و مەدەنی كورد و بیانی تێیدا بەشداربوون.
لە پێكهێنانی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد لە بروكسێلدا چەند ساڵێك چالاكانە بەشداربوو؛ هەروەها لە چەندین كونفرانس و كۆنگرەی دیكە لە فەرانسە و ئەڵمان بەشداری هەڵسووڕاوانەی كردووە. مامۆستا بە درێژایی ژیانی دۆستایەتی نزیكی هەبووە لەگەڵ زۆربەتی تێكۆشەرانی بەشەكانی دیكەی كوردستان و بەردەوام پشتیوانێكی شێلگیری خەبات و تێكۆشانی گەلی كورد بووە لە سەرانسەری كوردستان.
جۆزەردانی ١٣٨٣ (٢٠٠٤) رێز لێنانێكی تایبەت لە مامۆستا لەلایەن “انجمن پژوهشگران ایران” لە كونفرانسێكدا لە ستۆكهۆلم بەڕێوەچوو كە بریتی بوو لە قسەوباس لەسەر كەسایەتی مامۆستا و رێزلێنان بۆ ئەو هەموو ساڵە خەبات و تێكۆشانەی.
لەو ماوەی كە لە سوێد بوو، بێ ووچان و چالاكانە بە چاوپێكەوتن لەگەڵ سیاسەتمەداران، نووسەران، شاعیران و كەسایەتی دیاری ناو بزووتنەوەی كوردستان و ئێران بەردەوام تێدەكۆشا لەگەڵ راگەیاندنی هەڵوێست و بیروبۆچوونی خۆی، گوێبیستی بیروڕای ئەوانی دیكەیش بێت.
مامۆستا بە درێژایی ژیانی خەریكی خوێندنەوەی كتێب بووە و لەم بوارەش دا گرینگی بەوەداوە تا چ ڕادەیەك لە باری مێژوویی، زانستی و ئایینییەوە ناوەرۆكی كتێبەكە بەپێز بووە؛ هەربۆیە تا دوایین رۆژەكانی ژیانی بەردەوام لە هەموو بوارەكاندا كتێبی خوێندووەتەوە.
لە ڕێگای تەلەڤیزیۆنی سەتالایتەوە و هەرەوەها رادیۆ كوردییەكان، بەردەوام گفت‌وگۆی كردووە و سەرەڕای دەربڕینی هەڵوێستی سیاسی و لێكدانەوەی هەل‌ومەرجی كوردستان، سەبارەت بە بیرو بۆچوونەكانی خۆی لەمەڕ ئایین، حكوومەتی ئایینی و دەسەڵاتی سیاسی بەوردی لێدوانی داوە.
دوایین دەركەوتنی مامۆستا لە میدیاكاندا  رۆژی ١٦ی خەرمانانی ١٣٨٩ (٧ی سیپتامبر ٢٠١٠) لە تەلەڤیزیۆنی فارسی بی‌بی‌سی لە پرۆگرامی “بەعبارت دیگر”دا بوو؛ لەوێدا وتووێژێك بە زمانی فارسی لەگەڵ مامۆستا بڵاوكرایەوە كە لە ئاستی كوردستان و ئێران و دەرەوە دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبوو. ئەم گفتوگۆیە زۆرێك لە بیروبۆچوونەكانی مامۆستای تێدایە لەسەر كوردستان، ئێران، ئازادی و دیموكراسی، دین و بیروباوەڕ، پرسی ژن، ڕۆڵی حكوومەتی دینی و هەروەها بزووتنەوەی سەوز.

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.