چوار شه‌ممه‌ 24 نیسان 2024

داعش، نازیزم، ئۆریێنتالیزم (ڕۆژهەڵاتناسیی)/مەعرووف کەعبی

شەڕ لە گەڵ داعش دەبێ هاوکات وەستانەوەیەکی فیکریی بێت لە گەڵ وشکەبیرەکان و کاتێگۆرییەکانی ڕۆژهەڵاتناسیی

شەڕی چەکداریی هەروەها شەڕی ڕوانگەکانیشە. بە پێی ڕوانگە جێکەوتوەکانە کە مرۆڤ بڕیاری خۆی و هەڵوێستی خۆی دیاری دەکات چ لە فەیسبووک، چ لە کۆبوونەوە حیزبییەکان، چ لە پاڕلمان و کابینەی دەوڵەتەکان. شەڕ بۆ دیاریکردنی سەرچاوەکانی داعەش و شەڕی «شێعە و سووننە» بوەتە مەیدانێکی دیکەی ئەو شەڕە.

دوگمەکان واتە وشکەبیرەکانی ناسراوی ڕۆژهەڵاتناسیی و بۆچوونی زاڵتری ئورووپا و ئامریکا (یا ئەوەی بە «ڕۆژاوا» ناو دەبرێت) بەرامبەر بە‌و ناوچە و خەڵکانەی بە «ڕۆژهەڵات» و «ڕۆژهەڵاتیی» ناسراوە؛ ڕوانگەی مێژوویی بۆ دیاریکردنی سەرچاوەکانی ئەو قەیرانە بە تایبەتیی و قەیرانەکانی ناوچە بە گشتیی، سەنگەرەکانی دیار و پتەو (بەڵام بن کۆڵبوو و ڕەخنەلێگیراو) لە مەیدانی ڕوانگەکاندان. بڕواننە ئەم پاراگرافە لە وتارێکی ئەمڕۆ ڕۆژی جومعە ٢٠ جون ڕۆژنامەی تایمزی لەندەن:

 

«شەڕەکە لە عێراق [بابەتێکی] نوێ نییە، بەڵام ئاخرینە لە زنجیرەیەک لە ڕووداوە سومبولییە مێژووییەکان کە دەگرێتەوە بۆ چەندین سەدە‌ی ڕابردوو؛ کێشەکەی جێگیریی ئایینی بەدوای پەیغەمبەر لە ٦٣٢ی زایینی کە شێعەی لە بەرامبەر سوننەدا دانا؛ خەلافەتی سەدەی ناوەڕاستیی کە [ئەمڕۆ] شەڕەنگیزەکان دەیانهەوێت بیهێننەوە؛ ئیمپڕاتووری پێرشیای سەدەی شانزدەهەم کە پێشینەی ڕاستەوخۆی ئێرانی هاوچەرخە؛ و لە سەرووی هەموو ئەمانەوە، دیپلۆماتەکانی داگیرکاریی (ئێستێعمار) کە ناوچەکەیان لە کاتی شەڕی یەکەمی جیهانیدا دابەش کرد.»

(Ben Macintyre, The Times, 20 June, 2014)

وتارەکە هەروەها بۆ ناوزڕاندنی بەکر ئەلبەغدادی (ڕێبەری سوننە چەکدارەکان و خاوەن دۆکتۆرا لە مێژوو) نووسراوە. بەڵام وتارەکە خۆی بە پێچەوانە دەخاتەوە. دەیهەوێت ڕەخنە لە فاکتۆرێکی نزیکتر لە کێشەی جێنشێنی واتە دابەشکردنی دەسکردی ناوچەکە سەد ساڵ لەمەوبەر، کەچی لە ئاخردا لە بەر ناچاری داوا دەکات ئەو دابەشکردنە وەک خۆی بمێنێتەوە:

«چەپڵە لێدان بۆ وەها دابەشکردنێک لە شێوەی گەڕانەوە بۆ جۆرە سرووشتییە باستانییەکان، لەبەرچاو نەگرتنی خوێنڕێژییەکی ناحەزە کە بەدوای ئەوەدا دێت و [هەروەها لەبەرچاو نەگرتنی ئەو ڕاستییەیە] کە چلۆن میللەت ڕیشەی خۆی لەو کاتەوە داکوتاوە کە نەخشەداڕێژەرانی ئێستێعمار دەستیان بە کار کرد.»

بۆچی ئیلزامەن دابەشکردن، خوێنڕێژی و گەڕانەوە بۆ سەردەمی باستان واتە کۆن (جا ئەمە چۆن بوە و چ مانایەکی هەیە خوای داعەش و ڕۆژهەڵاتناسیی دەیزانێت).

پرسیار:

ئەگەر ڕێشەی ئەم کێشەیە بە کاتێکی نزیکتر بە ئێمە (بڵێین ١٠٠ ساڵ پیشتر و بۆ پڕوسەکانی گۆڕانکاریی لە دەوڵەت-نەتەوەی نوێ و دیکتاتۆرییەکان و هتد) ناگەڕێتەوە و بۆ ١٤٠٠ ساڵ پێشتر دەبێ بڕوات، ئەی بۆ لە تێگەیشتنی ئەمڕۆی ئورووپایی (بە درووست) هاتنی نازیزم بۆ پەیماننامەی وێرسایی کە ئاڵمانی بەناحەق کردە تەنها بەرپرسیاری شەڕی یەکەم دەگەڕێتەوە و کەچی بۆ پیشتر و ئاڵمانی مەزن و کێشەی کاتۆلیک و پڕۆتێستانت ناگەڕێتەوە؟ بۆچی هێشتا باس لە کاتەگۆریگەلێک وەک «عەقڵییەتی عەرەبی» و «کولتووری کوردیی»، «ژنی کورد» (کە زۆرتر وەک نانکەر و منداڵ بەخێوکەر ناسراوە) و هتد دەکرێت، بەڵام ئیتر باسی «عەقڵییەتی ئاڵمانی» و «خوی توندی ئاڵمانییەکان» و دژە جووبوونی کە «لە خوێنیاندا» بێت، ناکرێت؟

بۆچی هەربەوجۆرەی بۆ نازیزم ڕوو ئەکەینە پڕۆسە دوورودرێژە مێژووییەکان و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتیی، سیاسیی، ئابووریی و کولتوورییەکان (دوور و نزیک)، هەر بەوجۆرەش نەڕوانینە ئەو سەرچاوانەی وا داعەش دەخولقێنن (و پێشتریش ئەلقاعیدەیان خولقاند)؟

بۆچی نابێ دیکتاتۆریی، پڕۆژە نوێسازییە نائاکامەکان و حەمەڕەزا شا، «سکولاریزم»ی ئاتاتورک، جەمال عەبدولناسر، سەدام، شێخەکانی خەلیج و هەموو ئەوانی دیکە و پشتیوانانی ئورووپایی و ئامرییکاییەکان ڕەخنەیان (بەهەمان ئەندازەی عەلی و عومەر) وەبەربکەوێت؟ بۆچی نابێ ژنان لە کوردستان بۆ وەستانەوەی دەیان ساڵە و قوربانی دان و بوون بە عامیلێکی گۆڕان لە کۆمەڵگا ڕێزیان لێ بگیرێت و تەنها هەموو ساڵێک لە ڕۆژێکی تایبەتدا ئەوان وا لێ بکرێن بە ڕێز لە کەسایەتییەکی سەد ساڵ لەمەوبەر قەناعەت بکەن. کەوابوو ئەوەی لێرەدا لە بەر چاوی تێگەیشتنی «ڕۆژاوایی» ون دەبێت پڕۆسە سیاسییەکان، حیزبەکان، شۆڕش و ڕاپەڕینەکان و هەوڵەکانی نەسڵەکانە بۆ گۆڕانی کۆمەڵگاکانیان. ئەوەیکە لەبەرچاو ناگیرێت ئەوەیە کە مڕۆڤەکان تەنها بە پێی دووانەییەکانی وەک شێعە-سوننە، و یا «مۆدێڕن و سوننەتی» دابەش ناکرێن.

 

ئێمە دەبێ بە جدییەتەوە بەرامبەر ئەو جۆرە ڕوانگەنە ببینەوە و خۆ بپارێزین لە بەکاربردنی گەلێک چەمک و وشە کە تەنها کاتەگۆرییەکانی مەکتەب و تیۆریگەلێکی دیاریکراو زیندوو دەکەنەوە. چەمک و وشەگەلێک وەک : «ڕۆژهەڵاتیی»، «ڕۆژهەڵات»، «مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی»، «ژنی ڕۆژهەڵاتیی»، «کولتووری ڕۆژهەڵاتیی» و هتد کە لە وشکەبیرەکانی ڕۆژهەڵاتناسیی و تیۆرییەکانی نوێسازیی (مۆدێرنیزاسیۆن) دەردەکێشرێن. بەرامبەرکێی ئەو جۆرە ڕوانگەنە کە گرفتەکانی کۆمەڵگاکانی ئێمە و هاوسێکان (ئێمە هەموومان یەک «ئێمە»ین) وەک گرفتگەلێکی زاتیی و داییمی و کولتووریی دەبینێت هەروەک بەرامبەرکێ لە گەڵ هێزێکی سیاسیی وەک داعەش کە هێمای دینی بەخۆیەوە گرتوە گرینگ و هەنووکەییە. بەمجۆرە خوێندنەوەی درووستی مێژوویی بەرهەم دێت و ڕیگا بۆ جوابی هەمەلایەنەتر بۆ گرفتەکان دەدۆزرێنەوە. ڕوانگەی مێژوویی کە جەخت دەکاتە سەر پڕوسە جۆربەجۆرەکان لە کۆمەڵگاکاندا بەمجۆرە بەرامبەر ڕەوایەتی ئەلبەغدای مێژوونووس، و ئەندامان و لاساییکەرانی تینک تانکەکان واتە «ژوورەکانی ئەندیشە» کە «شارەزایانی بواری ڕۆژهەڵات» بەرهەم ده‌هێنن، دەبێتەوە.

 

بۆ خوێندنەوەیەکی زۆرتر لە سەر ئەم بابەتانە تکایە بڕواننە وتاری یەکەمبە ناوی «مفاهیم عصر جدید و اندیشە سیاسی»لە کتێبێک (کردستان در بطن مدرنیزاسیون و انقلاب) کە هەروەها لە زاگرۆس‌پۆست بڵاوکراوەتەوە.

 

 

 

 

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.