دوو شه‌ممه‌ 18 ئازار 2024

تاڵیبان وگۆڕانکاریەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست⁄ مەیسەم مورادی

دوای داگیرکردنی ئەفغانستان لە لایەن تاڵیبانەوە دڵەڕاوکێیەکی زۆر بۆ زۆرێک لە وڵاتانی جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە گشتی کورد درووست بووە. دڵەڕاوکەکانی کورد لەوەدایە کە گوایە داهاتووی کورد لە ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە کوردستان و بە گشتی عێراق چی بەسەر دێت. لەم نووسینەدا ئەمەوێت ئاماژە بە چۆنیەتی هاتنەسەر دەسەڵات، چۆن هەڵسووکەوتی ناوخۆیی و دەرەوەو کاریگەریەکانی تاڵیبان لەسەر ناوچەکە بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی بدەم.

چۆنیەتی هاتنە سەرکاری تاڵیبان:

1. ڕێکەوتنی تاڵیبان وئەمریکا دەکرێت وا چاوی لێبکرێت کە تێچووی شەڕی ئەمریکا لە ئەفغانستان لە هەموو بوارەکانی مادی و مەعنەویەوە وایکرد کە ئەمریکا چیتر نایهەوێت خۆی لەو زەلکاوە کە ٢٠ساڵ پێش تێیچوو بمێنێتەوە. بۆیە هەر لەکاتی ئیدارەی ترامپەوە ئەمریکا بیری لە هاتنە دەرەوە لە ئەفغانستان دەکردەوە. بەڵام چۆن هاتنەدەرەکە بۆیان زۆر گرنگ بوو لە بەر ئەوەیکە ئەمریکا باش ئاگاداری ئەوە بوو کە بوونی ئێران وەک دەسەڵاتێکی شیعە بەدوای ئەوەیە کە دەست بەسەر ئەفغانستاندا بگرێت وە ئەزموونی عێراقی شیعە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی سوونەی سەدام وایکرد کە ئەمریکا دووبارە ئەم هەڵە دووپات نەکاتەوە بۆیە تاکە جێگرەوەی خۆی دوای کشانەوەی لە ئەفغانستان دەسەڵاتێکی سوننە بوو، بۆیە ئەمریکا ڕێگەی بۆ تاڵیبان خۆش کرد زۆر بە ئاسانی دەست بە سەر ئەفغانستاندا بگرێت. لەم ڕێگەوە ئەمریکا هەم دڵنیایە کە ئێران ناتوانێت ئاژاوەگێڕی لە ئەفغانستان بکات وە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەتوانێت لە ئەفغانستان پێش بە ئێران بگرێت و هەروا بۆ ئەمریکا گرینگە کە باڵانسی هێزی شیعەو سوننە بە هاتنی تاڵیبان ڕادەگیرێت. لەم ڕوانگەوە بوونی تاڵیبان وەک حکومەتێک نەک گرووپێکی چەکدار بۆ ئەمریکا بەنرخترە.
2. بێگومان ئێران ئاگاداری کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان بوو بەڵام نەک بەم شێوەیە و بەم خێراییە بۆیە هاوکات لەگەڵ دانووستانی ئەمریکا وتاڵیبان، ئێرانیش میوانداریی لە شاندێکی تاڵیبان لە تاران دەکرد بۆ ئەوەی بتوانێت کەڵکی خۆی لەم گرووپە وەربگرێت. ئەوەی ئێران بە دوایەوە بوو کەڵک وەرگرتن لە تاڵیبان دژی هێزەکانی ناتۆو بەگشتی ئەمریکا بوولە ئەفغانستان بۆیە هەر زوو ئێران پێوەندیە ژێربەژێرەکانی لەگەڵ تاڵیبان خستە سەر شاشەی میدیاکانی خۆی بۆ ئەوە ڕابگەیەنێت کە ئێرانیش دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ تاڵیبان بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆی دژی ئەمریکا بکات. بێگومان ئەمە داوێک بوو بۆ ئێران لە لایەن ئەمریکاو تاڵیبانەوە. ئێران وهیچ وڵاتێکی دنیا بێجگە لە ئەمریکا نەیاندەزانی کە ئەمریکا بەو خێرایە هێزەکانی لە ئەفغانستان دەکشێنێتەوەو ڕێگە خۆش دەکات تاڵیبان بە خێڕایی دەسەڵات بگرێتەوە دەست. نەمانی هێزەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە ئەفغانستان وە هەروا هاتنە سەردەسەڵاتی تاڵیبان بەو خێرایە، ئێرانی تووشی شۆک کرد لەبەر ئەوەی کە ئێران پێی وابوو دەتوانێت تاڵیبان بەکار بێنێت دژی ئەمریکیەکان لە ئەفغانستان وەهەروا ئێران بۆچوونی وابوو کە تاڵیبان دەبێت لە بەشێک لە دەسەڵاتی داهاتووی ئەفغانستان نەک ئەوەی کە سەرۆک کۆماری ئەفغانستان ناچار بە هەڵاتن لە ئەفغانستان بێت وتاڵیبان هەموو دەسەڵات بە دەستەوە بگرێت. لەو ڕوانگەیەوە بوونی دەسەڵاتێکی بەتەواوی سوننە وەک تاڵیبان لە ئەفغانستان کە سنووری هاوبەشی لە گەڵ ئێران هەیەو زۆرینەی خەڵکی ئێران لە سنووری ئەفغانستان پەیڕەوی ئیسلامی سوننەن، دەتوانێت کێشەو دڵەڕاوکەیەکی زۆر بۆ ئێران وەک ساڵانی پێشوو درووست بکات.
نەبوونی دوژمنێکی هاوبەشی تاڵیبان وئێران لە ئەفغانستان وادەکات کە ئەو دوو لایەنە بیر لە بەرژەوەندی خۆیان بکەنەوەو پێش بە هیژمۆنی یەکتر لە وڵاتەکەی خۆیاندا بگرن کە ئەمەش وادەکات ئەم دوو دەسەڵاتەی سوننەو شیعە لە درێژماوەدا تێکهەڵچوون و بگرە شەڕی ڕاستەوخۆیان هەبێت.

3. دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان هیچکات پێیان وانەبوو کە دوای ڕووخانی تاڵیبان بەدەست زلهێزەکانەوە چیتر تاڵیبان دەسەڵات بگرێتەوە دەست. لەم روویەوە دەسەڵاتدارانی تاڵیبان هیچ خەمێکی وڵاتەکەیانیان نەدەخواردو دەستیان کردبوو بە گەندەڵی و لەماوەی ئەم ۲٠ساڵەدا گەندەڵی هەموو سیستیمی سیاسی ئەفغانستانی داگیر کردبوو. بەم هۆیەوە بێکاری و هەژاری تەنگی بەخەڵک هەڵچنیبوو وە هیچ هیوایەکیان بە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیان نەمابوو بۆیە بینیمان لە کاتی هێرشی تاڵیبان هیچ بەرگریەک لە لایەن خەڵکەوەو هێزە چەکدارەکانیان نەکرا. هێزە چەکدارەکانی ئەفغانستان لە لایەن ئەمریکاو لە سەر ئەساسی وڵاتانی ڕۆژئاوایی ڕاهێنانیان پێ کرا بوو لە کاتێکدا گەندەڵی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە وایکردبوو کە خەڵک مووچەو پارەیان لە کاتی خۆیان وەرنەگرن و ئەم شێوە ڕەفتارەی دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان بێ وەفاییەکی بۆ وڵات لە نێوان سەربازە ئەفغانستانیەکاندا پەرە پێ سەندبوو. بۆیە ناکرێت لە سەر ئەساسی وڵاتانی ڕۆژئاوایی ڕاهێنان بە هێزەکانیان بکرێتو چاوەڕێ زۆریان لە سەر بێت لە کاتێکدا نەتوانن بژیوی ژیانیان بۆ دابین بکەن بۆیە ئەمە خۆی پارادۆکسێکی گەورەی درووست کردبوو لە نێوان هێزەکانی ئەفغانستاندا. هەروا یاسا بنەڕەتیەکان و خەڵکی ئەفغانستان بە هەمان شێوە بوو، هەموو یاساکانی ئەفغانستان لە سەر ئەساسی دیمۆکراسی لە لایەن ئەمریکیەکانەوە نووسرابوو بەڵام لە لایەن خەڵکەوە پەیڕەو نەدەبوو لەبەر ئەوەی کە کۆمەڵگای ئەفغانستان گۆمەڵگایەکی نەریتیە واتە یاسا بنەڕەتیەکانی ئەفغانستان لە پێش کۆمەڵگای ئەفغانستانەوە بوو بەپێچەوانەی وڵاتانی ڕۆژئاوایی کە خەڵک لە پێش یاساوەن. هەر بەم هۆیانەوە بوو کە تاڵیبان دەیتوانی زۆر بە ئاسانی هێز لە ناو خەڵکدا بۆ خۆی کۆ بکاتەوەو ڕێکخستن بکات دژی دەسەڵاتی ئەفغانستان.

هەڵسووکەوتی تاڵیبان لە ناوخۆی ئەفغانستان ودەرەوە:
1. زەحمەتە لە سەرەتاوە باس لەوە بکرێت کە هەڵسووکەوتی تاڵیبان لە ناوخۆو دەرەوەی ئەفغانستان چۆن دەبێت بەڵام بە پێی ئەوەی کە دنیا بۆ جارێک ئەزموونی تاڵیبانی بینیوە دەکرێت لەو ڕوانگەوە خوێندنەوەی بۆ بکرێت. تاڵیبان هێزێکە کە زۆرینەی چەکدارەکانی پێکهاتوە لە خەڵكی پەشتوونی ئەفغانستان کە دەکرێت بە ڕاشکاوی بگوترێت زۆرینەی خەڵکی پەشتوون موسڵمانی سوننەن وسوننەنشینەکان هەموو کات شوێن پێی چەکدارەکانی تاڵیبان بووە بۆیە لە لایەن زۆرینەی خەڵکی پەشتوونەوە کە زیاتر لە ٤٨ لە سەدی خەڵکی ئەفغانستانیان پێک هێناوە، لانیکەم دەکرێت بگوترێت هیچ بەرنگار بوونەوەییک پێش یاساکانی تاڵیبان لەم ناوچانە ناکرێت. کەواتە تالیبان دەستی ئاوەڵاتر دەبێت لە ناوخۆوە بۆ جێبەجێ کردنی یاساکانی خۆی لە ناوخۆی ئەفغانستاندا. یاساکانی تاڵیبانی پێش ساڵی ٢٠٠١ هیچ بنەمایەکی دیمۆکراسی تێدا نەبوو وە بەم هۆیەوە مافی زۆرینەی ژنان، منداڵان وئەو کەسانەی کە بەهەر شێوەیەک بڕوایان بەو یاسایانە نەبوو پێشێل دەکرا. لەم ڕوانگەیەوە دەکرێت بوترێت کە پێناچێت تاڵیبانی ساڵی ٢٠٢١یش بڕوای بە هیچکام لە بنچینەکانی دیمۆکراسی هەبێت لە بەر ئەوەی کە هەموو سیستمە نادیمۆکراتەکان ترسێکیان لە بوونی دیمۆکراسی نەک هەر لە ناوخۆی وڵاتەکەی خۆیان بگرە لە وڵاتانی دەوەری خۆیان هەیە لەبەر ئەوەیە کە هەمووکات هەوڵی دوور خستنی خەڵکەکەی خۆیان بە هەر شێوەیەک لە ئەزموونەکانی دەمۆکراسی دەدەن و پێیان وایە ڕۆژێک بوونی دەمۆکراسی دەبێت بە کێشە بۆیان هەروا هیچکات ڕێگە نادەن هیچکام لەو یاسانە دزە بکات لە نىوان دەسەڵاتەکەیاندا. هەر لەم ڕوانگەوە دەکرێت داهاتووی زۆرینەی ژنان، منداڵان، ڕۆژنامەنووسان وچالاکانی مەدەنی ئەفغانستان لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا لە دۆخێکی خراپ ودوور لە هەموو ئازادیەک بێتە بەر چاو.
2. تاڵیبان پێناچێت پابەند بە هیچیەک لەو بەڵێنانەی کە پێشتر بە ئەمریکیەکانو ئەو بەڵێنانەی کە دوای هاتنەسەرکاری لە ئەفغانستان بە خەڵکی ناوخۆو دەرەوەی ئەفغانستانی دەدات ببێت. ئەمریکیەکان پێیان وابوو کە تاڵیبان لە ماوەی ٦٠بۆ٩٠ ڕۆژ دەتوانێت دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت بەڵام هێرشە خێراکانی تاڵیبان و بەرگری نەکردنی هێزەکانی سەر بە دەوڵەتی ئەفغانستان ئەم بۆچوونەی ئەمریکیەکانی خستە هەڵەوە وە دوای گەیشتنی تاڵبان بە دەروازەکانی شاری کابل ئەمریکیەکان ڕایانگەیاندبوو کە بۆیان نییە بێنە ناوشار تاکوو ئەوان هەموو هێزەکانیان لە ئەفغانستان دەکێشنەوە بەڵام تاڵیبان چاوەڕێ نەکرد تا ئەمریکاو هاوپەیمانانی هێزەکانیان لە کابل ببەنە دەەروەو هێرشیان کردە سەر کابل و ئەو شارەیان لە ماوەیەکی زۆر کورتدا بەگشتی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیان، ئەمەش دڵەڕاوکەیەکی بۆ ئەمریکیەکان درووست کرد کە مێژووی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە ڤیتنام ڕوو نەدات، بۆیە بۆ ئەوەی کە سەرشۆڕیەکی گەورە بۆ دەسەڵاتی ئیدارەی جۆ بایدن ڕوو نەدات بایدن فەرمانی ئەوەی دەرکرد کە ٦هەزار سەربازی ئەمریکی ئەرکی پاراستنی گواستنەوەی هەموو کەسانی ناو باڵوێزخانەی ئەو وڵاتە دەبێت بگرنە ئەستۆ. ئەم پەلە کردنەی ئەمریکا بۆ گواستنەوەی هێزەکانیان لە ئەفغانستان بەو مانایە بوو کە تاڵبان پابەند بە بەڵێنەکانی لە گەڵ ئەمریکەکاندا نەبوو وە بۆیە نابێت بڕوا بە بەڵێنەکانی ئەم ڕۆژانەی تاڵیبان بکرێت، لەبەر ئەوەی کە تاڵیبان بەدوای خۆ ڕێخستن و دامەزراندنی گشتی دەسەڵاتی خۆیەتی و لەم ماوەدا هەموو بەڵێنێک دەدات بۆ ئەوەی کاتی زۆرتر بۆ خۆی لە پێش وڵاتانی ڕۆژئاوادا بکڕێت تا تەواو بەهێزو سەقامگیر دەبێت، ئەوکات لە ژێر ناوی یاسای بنەڕەتیەکانی خۆیدا هەموو نەیارانی ناوخۆی ئەفغانستان وەک ڕۆژنامەنووسان، چالاکانی مەدەنی، ژنان وهتد لە ناو دەبات و پشت لە هەموو بەڵێنەکانی پێشووتری خۆی دەکات.

سەرهەڵدانی هێزە سێبەرەکانی تاڵیبان:

تاڵیبان بۆ خۆی وەک چۆن باس دەکات دەیەوێت ” ئیمارەتی ئیسلامی” درووست بکات، بەو واتایە کە هەموو سەرنجی دەخاتە سەر ناوخۆی ئەفغانستان نەک وڵاتانیتری ناوچەکە بەڵام ئەزموونی پێشووتری تاڵیبان ئەوەمان پێ دەڵێت کە لە ژێر دەسەڵاتی پێشووی تاڵیبان توانرا هێزگەلێکی زۆر لە ژێر سێبەری ”ئیمارەتی ئیسلامی” تاڵیبان درووست بێت و توانیان پەل بهاوێژنە زۆرێک لە وڵاتانیتری ناوچەکە. ئەگەری سەرهەڵدانی دووبارەی هێزێک وەک ”ئەلقاعیدە” زۆر دوور نییە لەبەر ئەوەی کە گەر سەرانی تاڵیبانیش نەیانوێت ئەم هێزە سێبەرانە کە هێشتا کەسی خۆیان لەزۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکەدا هەیەو لە ناوخۆی تاڵیباندا کەسانێکی ڕادیکاڵتر هەن کە بڕوایان زۆر نزیکە لە لایەنگەلی ڕادیکاڵتر وەک ”داعش” و”ئەلقاعیدە” بۆیە سەرانی تاڵیبان نایانەوێت دووبەرەکی لەناوخۆیاندا سەر هەڵبدات و ناچارن دان بەوەدا بنێن کە هێزە سێبەرەکان دووبارە لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا گەشە بکەن و سەر هەڵبدەنەوە. بێ گومان ئەو ئەگەرەش هەیە کە تاڵیبان لە ناوخۆی ئەفغانستاندا تووشی شەڕی ناوخۆی بێت بەتایبەت لەو ناوچانە کە پێشترو ئێستا ئەزموونی بەرخۆدانیان لە پێش تاڵیبان هەبووە، بۆیە تاڵیبان نایەوێت تووشی ڕووخان ولاواز بوون بێتو پێش بە هەر دووبەرەکیێک لەناوخۆی خۆیدا ئەگرێت.
گرووپە ڕادیکاڵەکان وەک ”داعش” و”ئەلقاعیدە” زەبری زۆریان لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاوایەوە لێکەوتوە وەهەروا ئەم گرووپانە پێیان وایە کە لە زۆرێک لەم وڵاتانەدا بەهاکانی ئیسلام سووکایەتی پێکراوە، بۆ نموونە لە وڵاتانی وەک دانیمارک وفەڕانسە بە هۆی کێشانی کاریکاتۆری پێغەمبەری ئیسلام زۆرێک لەم گرووپانە هەڕەشەی تێرۆریان درووست کرد بۆ ئەم وڵاتانەو ئەم هەڕەشانە هێشتا درێژەی هەیە بۆیە ئەم گرووپانە لە سەرهەڵدانی دووبارەیاندا بۆ قەرەبووکردنەوەی خەسارەکانیان وئەو”سوکایەتی”ـئانە ئامانجی سەرەکیان هێرش بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایە چ لە ناوچەکەدا چ لە ناوخۆی ئەو وڵاتانە. هێرش بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە ناوچەکەدا ئاسانترین ڕێگەیە بۆ ئەم گرووپ ولایەنانە وهەروا ئێران وتورکیە دەتوانن لە هاندان ویارمەتیدانی ئەم گرووپانە بۆ هێرش بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی کەڵک وەربگرن بۆ بەدەست هێنانی ئامانجی تایبەتی خۆیان. بۆیە لە ئەگەری هەر کەمکردن یان کشانەوەیەکی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکەدا بەهۆی ئەوەی کە عێراق وباشووری کوردستان ئەزموونی ئەوەیان هەیە کە ئەم هێزو گرووپانە پێشتر بوونیان هەبووبێت لەوێ، وەهەروا هەبوونی هێژمۆنی ئیسلامی سیاسی لە کوردستان و ناوچەکە ئەو ئەگەرە زۆرتر دەکات کە گرووپە نهێنیەکانی سەر بەم لایەنانە زووتر لەکاتی خۆیان دووبارە سەر هەڵبدەن و بەگشتی بەرژەوەندیەکانی کوردو وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە کوردستان و ناوچەکە بکەنە ئامانج.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …