سێ شه‌ممه‌ 19 ئازار 2024

مەرگ دوای مەرگ؛ دۆخی کرێکارانی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان⁄ ھاوڕێ یوسفی

مەرگی “ڕزگار حاجی‌زاده“، لاوە تەمەن ٣٠ ساڵەکەی خەڵکی شاری بۆکان لە ٢٧ی سەرماوەزی ١٣٩٩دا بە هۆی تەقینەوە لە پاڵاوگەیەکی نەوتیییەوە لە شاری دهۆکی هەرێمی کوردستان، دیسانەوە پرسی مەرگی بێ‌دەنگی کرێکارانیی ئێرانی و دۆخی مەترسیداریانی لە هەرێم کوردستان‌دا زیندوو کردۆتەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکانی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، لە سەرەتای مانگی گوڵانەوە تا سەرەتای مانگی بەفرانباری ١٣٩٩، لانیکەم شەش کرێکاری ئێرانی بە هۆی ڕووداوە جۆراوجۆرەکانی کارەوە لە هەرێمی کوردستان‌دا گیانیان لەدەست داوە. ڕزگار حاجی‌زاده دوایین کەسە کە بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانی لە دەست دەدات.

زۆربەی کرێکارانی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان‌دا جگە لە مەترسییەکانی شوێنی کار و نەبوونی ئەمنییەتی شوێنی کار، لەگەڵ کۆمەڵێک گیروگرفتی زۆر، لەوانە پێ‌نەدانی حەق‌دەستەکانیان، تێچووی قورسی دارایی بۆ وەرگرتنی مافی نیشتەجێ‌بوون بۆ کار، مەترسییەکانی دەرچوونی نایاسانی لە سنوور و تەنانەت مەترسیی گەڕاندنەوەیان بۆ ئێران و زۆر نموونەی دیکە ڕووبەڕوون.

“ئێران‌وایەر” لەگەڵ هەندێک لەو کرێکارە ئێرانییانەی کە بە ناچاری و بۆ دەسخستنی کار ڕوویان کردۆتە هەرێمی کوردستان و هەروەها لەگەڵ سەرچاوەیەکی نزیک لە “وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق‌” سەبارەت بەو کێشانە گفت‌وگۆی کردووە.

***

یەکێک لە سەرچاوەکانی نزیک لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە نەیویست ئاماژە بە ناوەکەی بکرێت، سەرەتای ڕووکردنی هێزی کار و کرێکارانی ئێرانی بۆ نێو بازاڕەکانی کار لە هەرێمی کوردستانی گەڕاندەوە بۆ ساڵانی پاش ٢٠٠٣ی زاینی و داڕمانی حکوومەتی بەعس و هەروەها کرانەوە و گەشەسەندنی ئابووریی هەرێمی کوردستان و بە “ئێران‌وایەر”ی وت: “هەرێمی کوردستان پاش کەوتنی دەوڵەتی بەعس، وەک ناوچەیەکی داڕووخاو بە هۆی جەنگ و پەرەنەسەندووییەکەیەوە شایەت و بینەری کرانەوەیەکی گەورەی ئابووری، گەشە، ڕاکێشان و دنەدەری هێزی کار، هەم لە هەرێم و هەم لە وڵاتانی دراوسێ، بە تایبەت هێز و دەستی کارامەی کاری کرێکارانی ئێرانی بوو. تەنانەت یەکێک لە سیاسەتەکانی ئابووریی هەرێم دوای کەوتنی دەوڵەتی بەعس، دنەدانی هێزی کاری هەرزان و دەستی کارامەی کاری وڵاتانی دراوسێ، بە تایبەت ئێران لە هەموو بوارەکان بەرەو بازاڕی کار بوو لە هەرێمی کوردستان‌دا.”

ئەگەرچی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچکات ئاماری کرێکارانی ئێرانیی لە هەرێم‌دا بڵاو نەکردۆتەوە بەڵام قسە لەوە دەکرێت کە دەوری ٦٠ تا ٦٥ هەزار ئێرانی لە هەرێم‌دا نیشتەجێن و نزیک ١٥ تا ١٨ هەزار کەسیان کرێکارن.

سەرچاوەکەی “ئێران‌وایەر” ئەو ئامارە نافەرمییەی ڕەت یان پشت‌ڕاست نەکردەوە و ئاگاداری ژمارە و ڕێژەی کرێکارانی ئێرانی لە هەرێم نەبوو. ئەو بەپێی ئەزموونی خۆی پێیوایە کە زۆرینەی کرێکارانی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان‌دا خەڵکی شار و ناوچەکانی کوردستانی ئێرانن و زیاتر لە کرێکارانی ناوچەکانی‌تری ئێران، بە هۆی نزیکایەتیی جوگرافیایی، ڕاکێشانی ئابووری و هاوکۆلتووری لەگەڵ خەڵکی هەرێم، زووتر و زیاتر لە بازاڕی کاردا جێگای خۆیان دەکەنەوە: “خەڵکی زۆر بۆ سەرمایەگوزاری، کار یان کرێکاری لە زۆربەی شارەکانی ئێرانەوە ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن. بەڵام ژمارەی کرێکارانی شار و ناوچەکانی کوردستانی ئێران لە هەرێم‌ دا زیاترە لە باقیی بەشەکانی‌تری ئێران کە هەڵبەت هۆکارەکەیشی هاوزمانی، خزمایەتی و کولتوور و مێژووی هاوبەشی نێوان هەر دوو کوردستانی ئێران و عێراقە.”

“ڕەزا. ئەلف” کە کرێکارێی بیناسازییە و لە شاری سنەوە هاتووە بۆ سلێمانی، کرێچییە و خاوەن منداڵێکی بچووکە. ئەو دەڵێت: “لە سنە کار نییە.”

ڕەزا نزیک دوو ساڵە لە سلێمانی‌دا کار دەکات و دەڵێت سێ جار پارەکەی خوراوە بەڵام کێشەی بنەڕەتی بە شوێنی خەو و ئیقامە دەزانێت.

بە گوتەی ڕەزا، ئەو کرێکارانەی کە جێگای خەوتنیان نییە، پتر لە یەکێک لە ژوورەکانی هۆتێلە کۆنەکانی ناوەندی شاردا دەژین: “لەم سەردەمە کۆرۆناییەدا هەموو ئەو کرێکارانەی کە شەوەکانیان لەم هۆتێلانەدا دەبەنە سەر، هەر هەموویان توالێت و حەمامی گشتیی هۆتێلەکە بەکار دەهێنن.”

 بەپێی گوتەی کرێکارەکان، تێچووی یەک شەو مانەوە لە هۆتێل‌دا سێ‌هەزار دینار و تێچووی ڕۆژانەی ژیانێکی هەرە بچووکی کرێکاری دەوری ١٠ تا ١٢ هەزار دینارە.

ئەو سەرچاوەی کە نزیکە لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت کە کرێکارانی ئێرانی لە سێ ڕێگاوە دێنە نێو خاکی هەرێمەوە: “لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی کارەوە لە ئێران و هەرێم، ئەوانەی وا بۆخۆیان بە شێوەی یاسایی و لە ڕێگەی پاسپۆرتەوە بە سنووردا دێن و دەچنە نێو بازاڕی کارەوە و گرووپێک کە بە شێوەی نایاسایی و لە ڕێگەی قاچاخەوە دێنە نێو هەرێمی کوردستانەوە کە زۆرجاران پاسپۆرتیان نییە  یان نەچوونەتە خزمەتی سەربازی.”

بە گوتەی ئەو، تا پێش هەمەگیریی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە سنوورەکانی نێوان هەر دوو کوردستانی ئێران و عێراق و لە هەندێک ناوچەی سنووریی نافەرمی‌دا، وەرقەی یەک مانگەیان بۆ ئەوانە دەردەکرد کە بە شێوەیەکی نایاسایی دەهاتنە ئەم دیوی سنوورەوە: “بۆ نموونە، لە سنوورەکانی کێلێ، تەوێڵە، پەروێزخان و سەیران‌بەن بە دەرکردنی وەرەقەی یەک مانگە و دانانی کەفیل، ڕێگەیان پێ‌دەدرا بێنەنێو هەرێمەوە کە پاش مانگێک مۆڵەتی وەرەقەکە تەواو دەبوو و کەسەکە دەبوو بۆ وەرگرتنی وەرەقەی تازە، تەنانەت ئەگەر بۆ سەعاتێکیش بووبا، بگەڕابایەتەوە بۆ ئەو دیوی سنوور تاکوو وەرەقە یەک مانگییەکە جارێکی دیکە دەربکرایەتەوە.”

بە گوتەی ئەم سەرچاوەیە، دۆخی ئەوانەی کە بە شێوەی یاسایی دێنە نێو هەرێمەوە باش‌ترە و بە خەرج‌کردنی بڕە پارەیەکی نزیک ٨٥٠ هەزار تا یەک میلیۆن دینار بۆ پرۆسەی ئیداریی وەرگرتنی کارتی ئیقامەت، کە دەکاتە نزیک ٣٥ میلیۆن تمەن، دەتوانن ئیقامە یان مۆڵەتی نیشتەجێ‌بوونی یەک ساڵە وەربگرن: “لە ڕاستی‌دا ئەم بڕە پارەیە بۆ کرێکارێکی ئێرانی، جگە لەوەی پرۆسەی دوورودرێژ و ئاڵۆزی ئیداریی، بڕە پارەیەکی زۆر قورسە و زۆربەی ئەو کرێکارەکانەیش پارەیان نییە و بۆ دەرچوون لەمە، یان ڕێگا نایاساییەکە دەگرنەبەر یان دوای کۆتایی‌هاتنی مۆڵەتی یەک مانگەی پاسپۆرتەکەیان، دەگەڕێنەوە بۆ ئێران و دیسانەوە لە دەروازە سەرەکییەکانی سنوورەکانەوە دەگەڕێنەوە بۆ هەرێم تا کاتێک کە ماندوو دەبن؛ واتە یەک‌دوو ڕۆژ پێش تەواوبوونی مۆڵەتی ٣٠ ڕۆژەکە دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ئێران تا بتوانن جارێکی‌تر بتوانن بێنەوە نێو خاکی هەرێمی کوردستان.”

ڕەزایش ئاماژەی دایە تێچووی قورسی وەرگرتنی کارتی ئیقامەت و بۆخۆیشی مۆڵەتە یەک مانگییەکە لە ڕێگەی پاسپۆرتەوە بە باش‌تر دەزانێت و پێیوایە کە سەرئێشەی کەم‌ترە: “یەک دوو ڕۆژ پێش کۆتایی ٣٠ ڕۆژەکە، دەگەڕێمەوە بۆ سنە. هەندێک‌جاریش بۆ ئەوەی دەرفەتی کارێک لە کیس نەدەم، بە ناچاری شەوێک لە هۆتێل یان لە ماڵی یەکێک لە خزمان لە مەریوان دەمێنمەوە و دەمەوبەیان دیسانەوە دەگەڕێمەوە بۆ سلێمانی.”

بە گوتەی ئەم کرێکارە، ئەگەر کار هەبێت، ڕۆژی ٢٠ تا ٢٥ هەزار دینار پەیدا دەکات. ئەگەریش کرێکاری نەبێت، شەوان لە لەفە فرۆشییەکە‌دا چوارپێج سەعات کار دەکات و لە بەرامبەردا هەشت هەزار دینار وەردەگرێت: “ئەگەر تێچووی هات‌وچۆ، کرێ تەکسی، جێگای خەو و خۆراکی لێ‌ کەم بکرێتەوە شتێکی لێ‌نامێنێتەوە بەڵام بەداخەوە چار نییە.”

“فەرهاد مەریوانی” کاشی‌کارە و خاوەنی دوو منداڵە. ئەو خەڵکی شاری مەریوانە و لەگەڵ سێ کەس لە هاوپیشەکانی‌دا لە شاری سلێمانی کار دەکات.

فەرهاد توانیویەتی یەکێک لە ژوورەکانی بینا ناتەواوەکەی شوێنی کارەکەیان بکاتە شوێنی مانەوە و جێگای خەوەکەیان بەڵام زۆر نیگەرانی بارودۆخی ژیان و ئەمنییەتی شوێنی کارەکەیانە.

بە گوتەی ئەم شارۆمەندە مەریوانییە، شتێک نییە ناوی ئەمنییەتی بێت لە شوێنی کاردا. ئەو زۆر کرێکاری لە هەرێم‌دا دیوە کە لە کاتی کارکردن‌دا جەستەیان زیانی زۆری بەرکەوتووە و تەنانەت هەندێکیان لە ماڵەوە کەوتوون و کەس پیشتیوانیان لێ‌ناکات؛ نە لە هەرێم و نە لە ئێران‌دا.

ئەو دەڵێت: “بۆ نموونە، ئێمە لەم وەرزی سەرمادا بۆ گەرم‌کردنەوەی ژوورەکەمان و بۆ ئەوەی دەس بە پارەکەمانەوە بگرین، ئەگەر کارەبا هەبێت، ئێلێمێنت بەکار دەهێنین، ئەگینا ناچارین بوتڵی گازەکە بۆ دابین‌کردنی گەرما لە ژوورێکی بچووک‌دا بەکار بهێنین. بۆ حەمام‌کردنیش ناچارین بە نۆبە لە یەکێک لە ژوورە ناتەواوەکانی بیناکەدا بە یەک دوو بتڵ ئاوی گەرم حەمام بکەین.”

فەرهادیش لە کۆتایی قسەکانی‌دا هەر دوا قسەکەی ڕەزای دووپات دەکاتەوە: “مەجبوورین، چار نییە.”

سەرچاوە: ئێران وایر

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …