چوار شه‌ممه‌ 24 نیسان 2024

کچانی ژاڵانە؛ کۆڵبەری بە جلی پیاوانەوە⁄ ھاوڕێ یوسفی

ھەورامان، فەرزانە مەقامی، هاوڵاتی پەیامنێر

لە هەوراز و نشێوەکان، کێوەکان و هەروەها پێدەشتی جوان و دڵڕفێنی “هەورامان”، کە هەموو گەشتیارێک بەرەو ڕۆژاوای ئێران و کوردستان ڕادەکێشت، خەڵکانێکی بە ڕیز، بەبێ ئەوەی لە هیچ یاسایەک‌دا بیاندۆزیتەوە، بە بەهار و زستان‌دا باریان بەشانەوەیەوە و جوانییەکانی ئەو بەرزاییە بەسامانە دەبڕن؛ وەک ئەوەی تفتییەکانی ژیانیان لە مێژساڵە بەسەر تاشە بەردەکانی ئەو شاخانەوە، بە خوێن و پێست و یادەوەرییانەوە نەخشێنرابن.

هەژاری، بێ‌کاری، بێ‌ئاسۆیی، سکی برسیی منداڵەکانیان، لەشی برینداری هاوسەرەکانیان و… هۆکاری کۆڵبەرین لە سنوورەکانی ڕۆژاوای ئێران‌دا؛ ئەوانەی وا کۆماری ئیسلامی لە هەژاری و بێ‌بەشی‌دا ڕایگرتوون، باری سەرشانەکانیان ڕادەکەێشن بۆ ئەوەی منداڵەکانیان تێر بکەن.

ڕەنگە هەمووان وابزانن ئەوە بە تەنیا پیاوەکانن کۆڵبەری دەکەن بەڵام لەم ڕاپۆرتەدا دەمانەوێ پەچە لەسەر ڕاستییەک هەڵبدەینەوە کە ژنان بە جلی پیاوانەوە هەڵیانگرتووە؛ ژنانی کۆڵبەر لە هەورزەکانی “ژاڵانە”.

***

“تا بارەکە نەگاتە ئەو دیوی سنوور و خوازیارەکەی وەری نەگرێت، کۆڵبەر پارەیەک وەرناگرێت، خۆ هەر تەقەکردن و مردن نییە، ڕێگاکە ئەوەندە گرانە لە هەوای ئاساییش‌دا ناتوانێت بیبڕیت؛ چ‌جای ئەوەی کۆڵێکی ٥٠ یان ١٠٠ کیلۆیشت بەشانەوە بێت. ڕەنگە کۆڵەکە بکەوێت یان بشکێ، ئەوە ئەو شوێنەیە کە خۆزگەتە خۆت کەوتبای نەک کۆڵەکە. ئەوپەڕەکەی پارەیەکت دەس دەکەوت کە جەستە بریندارەکەتی پێ‌دەرمان بکەیت. ئەگەر بارەکە وەک خۆی نەگاتە جێ، پارەمان نادەنێ. بە کورتی، ژنەکەی کاکە فڵانیش دەسماڵەکەی لە قەدی ئاڵاند بەڵام کەوت و زەلیل بوو. مێردەکەیشی پێش‌تر بە تەقەی هێزەکانی سەرسنوور، قاچێکی لە دەست‌دا.

ژیانی ڕۆژانەی کۆڵبەری، واتە مرۆڤەکان و بە تایبەت پیاوان بەرەو کێو و شاخان وەڕێدەکەون تا لەو دیو سنوورەکە، کۆڵەکانیان بە شانەوە دەگرن و بەناو بۆران و شاخە بەفراوییەکان‌دا تێدەپەڕن و دەگەڕێنەوە بۆ ئێران. هەڵبەت ئەگەر بەختی ئەوەیان هەبێت بەر گولە نەکەون و بە فیشەکی هێزەکانی سەرسنوور نەکوژرێن یان ئیفلیج نەکرێن، یاخود نەکەکەونە هەڵدێرەکانەوە، ون نەبن و لە سەرمای زستان‌دا ڕەق نەبنەوە، ناتوانن لە دوو ساڵ زیاتر کۆڵبەری بکەن. جەستەی بەهێزترین کۆڵبەرەکانیش پاش دوو ساڵ سست دەبن و چۆک و جومگەکانیان هێندە دەسوون کە لە جێگەدا دەیانخات و چیتر ناتوانن کار بکەن.

لەناو پیاوان‌دا، تەمەنی کۆڵبەران لە ١٢ ساڵەوە دەست پێ‌دەکات تا تەمەنی ٧٠ ساڵ و بۆ هەڵگرتن و ڕادەست‌کردنی هەر کیلۆیەک بار، لە نێوان حەوت تا ٢٠ هەزار تمەن پارە وەردەگرن کە ئەو بڕە پارەیە پەیوەستە بە سەختی ڕێگاکە و هەستیاریی کۆڵەکەوە و ناوە بەناوە دەگۆڕدرێت. لە حاڵێک‌دا کە ژیانی ژنانی کۆڵبەر، داهات و سەختییەکانی جیاوازە لەگەڵ پیاوان.

ژنانی ژاڵانه دەڵێن ڕۆژانە دەوری ١٢ هەزار پیاو بەرەو ئەو سنوورانە دەڕۆن؛ مەودایەک کە نزیک ١٢ کاتژمێر دەخایەنێت. بەڵام، ئامارێک لە ژنانی کۆڵبەر بوونی نییە.

“گلارە” ناوی خوازراوی ژنێکی کۆڵبەرە لە ناوچەی “هەورامان”. ئەو چیرۆکی کۆڵبەران لە گۆشەنیگایەکی‌ترەوە بۆ “ئێران‌وایەر” دەگێڕێتەوە: “ژنێکی زۆر خەریکی کۆڵبەرین؛ تەنانەت ئەگەر فەرمانداری مەریوان زۆر بە هاسانی ئەو درۆیە بکات کە کۆڵبەر بوونی نییە. لەم ناوچەدا کۆڵبەری شان و شەوکەتی بەدواوە نییە بەڵام چارمان نییە. کاتێک هاوسەر و منداڵانی ژنێک بۆ کۆڵبەری چون  و ئێستا چیتر کاری پێ‌ناکرێ یان گیانیان لە دەست داوە، دەبێت ئەو ژنە چ بکات؟ چۆن خەرجی ژیان و بژێویییەکەیان پەیدا بکات؟ کەواتە ڕوو دەکاتە کۆڵبەری و هیچیش بە کەس ناڵێت. بەهەر حاڵ، لەم شوێنەدا ئەگەر بە منداڵێک بڵێن کە دایکی خەریکی کۆڵبەرییە، عاجز دەبێ و زۆری بەلاوە ناخۆشە. ژنانی کۆڵبەری ناوچەکە زۆرجاران بەبێ ئەوەی بە کەسێک بڵێن، جلی پیاوان لەبەر دەکەن و بەرەو ژاڵانە وەڕێ دەکەون. سیما و ڕوخساریان لەبەر کاری دژوار و گران جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ پیاوان نییە. تەنانەت ئەگەر جوێنیشیان پێ‌بدرێت، جواب نادەنەوە بۆ ئەوەی کەس پێیان نەزانێت کە ئەوانە ژنن.”

گلارە لەناو قسەکانی‌دا ئاماژە بە ژنێک دەکات کە دوای ئەوەی مێردەکەی بەر فیشەک دەکەوێت، ڕوو دەکاتە کۆڵبەری. پیاوەکە قاچێکی لە دەست‌دا و لە ماڵەوە کەوت. ئێستا چیتر ئەوە ژنەکەیە کە دەبێت بۆ تێرکردنی منداڵەکانی، بار و کۆڵی ژیانەکە هەڵبگرێت؛ هەم باری گرانی ژیان و هەم کۆڵی گرانی شمەک و کاڵاکان لە هەورازە مەترسی‌دارەکان‌دا.

بەڵام ئایا ژنان ناچارن کۆڵبەری بکەن؟ ناکرێت ڕوو بکەنە پیشە و کارێکی دیکە؟

گلارە دەڵێت: “کاتێک یەکێ لە ئەندامانی بنەماڵەکە کۆڵبەری دەکەن، باقییەکەیشیان ئەو کارە دەکەن؛ وەک پیشەیەکی بنەماڵەیی. داهاتەکەیشیان زیاتر دەبێت چونکە ئەو بنەماڵەیە دەبنە بنەماڵەیەکی نەناسراو و کۆڵی باشیان بەردەکەوێت. بۆخۆم ٢٠ ژنی کۆڵبەر لە ناوچەکانی مەریوان و سەوڵاوا دەناسم کە هەوڵیان دابوو کارێکی‌تر بکەن بەڵام یان حەق‌دەستەکەیان پێ‌نەدەدان یان حەقەکەیان ئەوەندە کەم بوو کە چیتر ئەو کارەیان نەدەکرد و پیشامان دەبوونەوە لە کردنی؛ بۆ نموونە لە کارگەیەکی جلوبەرگ دوورین‌دا کاریان دەکرد یان کرێکاری کە نیوەی حەق‌دەستەکەیان پێ‌دەدان. لەم ناوچانەدا ئەگەر بتەوێت جگە لە کۆڵبەری کارێکی دیکە بکەیت، یان دەبێت پارتیت هەبێت یان پارە و سەرمایەیەکت بەدەستەوە بێت کە کار و پیشەیەکی تایبەتی پێ وەڕێبخەیت. لە ئێستادا ئەمانە ناکرێت و هەموان ڕوویان کردۆتە کۆڵبەری. بەڵام چونکە ژنان دەرەقەتی ناین و هێزیان پێی‌ناشکێت، کۆڵێکی بچووک‌تر هەڵ‌دەگرن و هەر بەو پێیەیەیش پارەیەکی کەم‌تر وەردەگرن.”

لە ڕاستی‌دا، ژنانی کۆڵبەر بارگرانییەکی دوو ئەوەندەیان لەسەر شانە. بە شێوەی مامناوەند ئەگەر هەر پیاوێک دەتوانێت ٥٠ کیلۆ بار هەڵبگرێت، کۆڵی ژنەکان لە نێوان ١٥ تا ٢٠ کیلۆیە؛ واتە ئەوان هەموو ڕۆژێک و بەو هەمووە مەترسییەوە کە دێتەسەر ڕێگەکەیان، لە کۆتایی‌دا ١٥٠ تا ٢٠٠ هەزار تمەن وەردەگرن. زۆربەی ئەو ژنانەی کە کۆڵبەری دەکەن، تەنیان چونکە یان مێردەکانیان کاریان پی‌ناکرێت یان گیانیان لەدەست داوە. زۆربەی ئەم کۆڵبەرانە خوێندەوارن یان دەستی شارەزای کۆمەڵێک کاری وەک بەرهەمهێنانی پیشە دەستییەکان و خواردنە لۆکاڵییەکانن بەڵام سەرمایەیەکیان بە دەستەوە نییە ئیش و کارێکی تایبەت بە خۆیان ڕێبخەن.

“مێهریاد”، یەکێک لە چالاکوانانی مەریوانی هەر لەم پێوەندەدا دەڵێت: “بەهەڵە کۆڵبەران بە “قاچاخبەر” ناودێر دەکرێن و دەناسرێن. لە حاڵێک‌دا کە ئەوان تەنیا بارەکە یان کۆڵەکە هەڵدەگرن. ئەم بیرۆکەیە ئەوانە جێیان‌خستووە کە دەستاین لە حکوومەت‌دا هەیە. لە لایەکی‌ترەوە، تەنانەت ئینکاری کۆڵبەری و کۆڵبەران دەکەن بەڵام گرووپێک لە کۆڵبەرەکان جیادەکەونەوە کە بار و کۆڵەکانی خۆیان لە سنوورەکە بپەڕێننەوە. ئەوەیشی کە بە کۆڵبەری دەستیان ناکەوێت، دەیدەنە دەڵاڵەکان. کەواتە بۆچی بوار بۆ کار و پیشە فەراهەم بکەن.”

ئەن چالاکوانە مەدەنییە دەڵێت کە خاوەن سەرمایەکان یان خوازیارانی کاڵا و شەمەکەکان بە تێچوویەکی زۆر کەمەوە لە ڕێگەی هیزی کاری هەرزان و گیان‌لەسەردەست بە ئامانج و مەبەستەکانیان دەگەن: “کۆمەڵێک سەربازیشیان لەسەر سنوورەکە داناوە و بڕیاری تەقەکردنیشیان پێ‌داون.”

ئەو شایەتی گەڕانەوەی ژنێکی کۆڵبەر بووە کە بە دەستی پۆلیس دەسبەسەر کرابوو: “هەڵبەت نموونەی تایبەتیش هەن. بیرمە کاتێک سەربازێک زانی کۆڵبەرەوکە ژنە، پێی‌وت “ئەوە تۆیت سەربەرزی دەبەخشیت نەک من!” هەڵبەت ئەمە نموونەیەکی دەگمەنە. هەر لەبەر ئەمەیشە کە بە شێوەیەکی نهێنی سنوورەکان بەڕووی خۆیان و هێزەکانی سەربەخۆیان‌دا دەکەنەوە و هاوکات، بەرپرسیارێتییەکەیشی قبووڵ ناکەن. هەروەها هەر کەسێک ناڕازی بێت، زۆر بە هاسانی دەسبەسەر دەکرێت و تووندترین سزا دەدرێت.”

کۆڵبەرەکان بە شێوەیەکی مامناوەند لە حەوتوویەک‌دا جارێک دەچن بۆ کۆڵبەری. ئەوان بۆ بڕینی هەورازە سەختەکانی ژاڵانە، دەرمانی، لەوانە “ترامادۆڵ” دەخۆن، بۆ ئەوەی بەرگەی ئەو ڕێگایە بگرن. ئەوانەیشی کە لەم ڕێگەیەدا زیانیان بەردەکەوێت و بریندار دەبن، پێویستیان بە یارمەتیدان هەیە بۆ ئەوەی بتوانن ڕێ‌وشوێنی یاسایی بۆ بەرگری لە خۆیان بگرنە بەر. زۆربەیان پێویستیان بە دەرمانە بەڵام تێچووەکەی ئەوەندە زۆرە کە ناتوانن بیکڕن و ناچارن بۆ ساڵانێکی دوور و درێژ بەرگەی ئەم ژان و ئازارە بگرن.

سەدان کەس لە ژنان و پیاوان هەموو ڕۆژێک لە هەورازی شاخە جۆراوجۆرەکان کۆڵیان بە شانەوەیە؛ کۆڵێک کە بۆ ئەوان وەبیرهێنەرەوەی هەزاران چیرۆکی سەربەمۆرە. کۆماری ئیسلامی دەڵێت لە ئێران‌دا پیشەیەک نییە ناوی کۆڵبەری بێت و هەر لەبەر ئەمەیش بیمە ناکرێن؛ بەڵام باری ژیانێک بەشانی کۆڵبەرانەوەیە، ئەگەر ژنیش بیت، کۆڵەکە دوو ئەوەندە قورس‌ترە.

سەرچاوە: ئێران وایر

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …