پێنج شه‌ممه‌ 25 نیسان 2024

تیرۆری فەخری‌زاده؛ ئیتلاعات لە بانه به دوای کێ‌دا دەگەڕێت؟ ⁄ ھاوڕێ یوسفی

سەرچاوە خۆجێییەکان بە پێیان راگەیاندین کە شاری بانه سەربە پارێزگای کوردستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە شێوەیەکی تووندوتۆڵ ئەمنییەتی بۆتەوە و بەردەوام لە ژێر چاودێری و کۆنتڕۆڵ‌دایە. ڕێگاکانی هات‌وچۆی شارەکەیان داخستووە؛ تەنانەت مەرزەکە. هێزە ئەمنییەکان ماڵەکان، دووکانەکان، هۆتێلەکان و ناو ماشینەکان دەپشکنن. بە گوتەی خەڵکی ناوچەکە، خەریک ژێرەوژوورکردنی شارەکەن. هێزە ئەمنییەتییەکان بە هەموو شارەکەدا بڵاوبووتنەوە و لە هات‌وچۆی بەردەوام‌دان. باس لەوە دەکرێت کە بە دوای شەش کەس‌دا دەگەڕێن کە دەستیان هەبووە لە تیرۆری مۆحسێن فەخری‌زادەدا.

***

سەرچاوە خۆجێییەکان بە “ئێران‌وایەر”یان وت کە شاری بانە “شڵەژاوە”. هەموو شتێک کۆنتڕۆڵ دەکرێت. لە ڕۆژی سێ‌شەمەوە ئینتێرنێت و هێڵەکانی تێلێفۆن بەردەوام دەبچڕێن. دۆخە ئەمنییەتییەکە هێندە قورسە کەس ناوێرێ لەوی‌تر پرسیار بکات. هێزە ئەمنییەتییەکان هەموو شوێنێک دەپشکنن. باس لەوە دەکرێت کە بە دوای شەش کەس‌دا دەگەڕێن و دوای نیشان‌دانی وێنەکانیان لێ‌پێچینەوە لە خەڵکی شارەکە دەکەن. دەگوترێت لەناو ئەم شەش کەسەدا یەکێکیان لە هەموویان گرینگ‌ترە؛ پیاوێکی پیری بەساڵاچووی کەمەندام کە لەسەر ویلچێر دانیشتووە.

هەر وەک سەرچاوە خۆجێییەکانی بانە دەڵێن، پشکنینی ماڵەکان و دەسبەسەرکردنی کەسەکان پێوەندیی بە تیرۆری “مۆحسێن فەخری‌زاده مەهابادی”یەوە هەیە.

ئەم دۆخە ئەمنییەتییە لە ڕۆژی یەکشەمە ١٦ی سەرماوەزی ١٣٩٩ بە شێوەیەکی نادیار دەستی پێ‌کردووە بەڵام لە ڕۆژی سێ‌شەمەوە ئینتێرنێت و هێڵەکانی تێلێفۆن دەبچڕێن و ڕۆژی چوارشەمەیش شەپۆلی پشکنینی زۆربەی ماڵەکانی گەڕەکی “حەمزاوا”ی بانه ئاشکرا بووە و دەیان کەس دەسبەسەر کراون.

“ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ” ڕۆژی ١٩ی سەرماوەزی ١٣٩٩ ئەو هەواڵەی بڵاوکردەوە کە ماڵی زیاتر لە ٣٠ کەس لە شارۆمەندانی شارەکەیان پشکنیوە و لانیکەم ٢٠ کەس بە تۆمەتی بەشداری‌کردن لە تیرۆری مۆحسێن فەخری‌زاده مەهابادی‌دا دەسبەسەر کراون.

مۆحسێن فەخری‌زاده، ئەندامی سپای پاسداران و یەکێک لە توخمە سەرەکییەکانی بەرنامە مووشەکی و هەستەییەکانی ئێران بوو کە ڕۆژی حەوتی سەرماوەز لە ئابسەردی دەماوەند لە نزیکی شاری تاران‌دا کوژرا.

سەرچاوە خۆجێییەکان بە ئێران‌وایەریان وت کە شەوی پێنج‌شەمە ٢٠ی سەرماوەز کاروانێک لە هێزە ئەمنییەتییەکان بە هەموو چەک‌وچۆڵێکەوە چوونەتە ناو ماڵی یەکێک لە دانیشتوانی “کووچەی پوویای یەک” لە یەکێک لە گەڕەکەکانی بانه و هەموو ماڵەکان سەروبن و تەفتیش کردووە.

شارۆمەندانی بانەیی دەڵێن کە هێزە ئەمنییەتییەکان پێیان‌وایە کە ئەو شەش کەسە بە دوای دۆزینەوەی ڕێگایەکەوەن کە بە شێوەی قاچاخ لە سنوور بپەڕێنەوە و خۆیان لە خاکی ئێران دەرباز بکەن: “وێنەی ئەم شەش کەسە بە هەموو کەسێک نیشان ددەن. یەکەم وێنە، وێنەی پیاوێکی بەتەمەن و کەمەندامە کە لەسەر ویلچێر دانیشتووە. پێ‌دەچێت ئەم کەسەیان زۆر بەلاوە گرینگ بێت. بەڵام کەس ناو وناونیشانی ئەم کەسە نازانێت.”

سەرچاوە خۆجێیەکانی بانە دەڵێن کە بۆ دەسبەسەرکردنی ئەم شەش کەسە گرووپێکی تایبەت لە تارانەوە بۆ بانە نێردراون و گەڕان بە دوای ئەم کەسانە و پشکنینی ماڵەکان و دووکانەکان و سەیارەکانیش “بەبێ چاودێریی ڕاستەوخۆ و چرکە بە چرکە”ی ئەم گرووپەوە ناکرێت.

بە گوتەی شارۆمەندانی بانەیی، ئیدارەی ئیتلاعاتی بانه ڕۆژی چوارشەمە کۆمەڵێک لە بازاڕییەکانی شارەکەی بانگ کردووە و داوای لێ‌کردوون هاوکارییان بکەن بۆ دۆزینەوەی شوێنی خۆشاردنەوەی ئەم کەسانە و دەسخستنی سەرەداوێک.

هەروەها داوا له کۆمەڵێک بازاڕیی بەسیجییش کراوە ئەوانیش هاوکارییان بکەن بۆ دۆزینەوەی سەرەداو و داخستنی و گرتنی بۆشاییەکانی سەرسنوور.

یەکێک لە بازاڕییەکانی بانه لە زمانی کۆڵ‌بەرێکەوە بە ئێران‌وایەری وت: “هێزە ئەمنییەتییەکان و کاسبکارە بەسیجییەکان پێشنیاری پارەیان داوە بە هەندێک لە کۆڵ‌بەرەکان و وتوویانە کە ئێمە دە ئەوەندە پارەتان پێ‌دەدەین ئەگەر ئەو کەسانەمان ڕادەست بکەن. ئەگەریش هاوکاریی نەکەن بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ سیخوڕەکان‌دا دەسبەسەرتان دەکەین.”

تەنانەت هەندێک لە کۆڵ‌بەرەکانیش لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە هەڕەشەیان لێ‌کراوە کە جارێ نابێ هات‌وچۆی سنوورەکە بکەن.

لە لایەکی‌ترەوە، سەرچاوە خۆجێییەکان لە شاری مەریوانەوە دەڵێن کە نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەمە (دەوری یەک‌ونیوی پاش نیوەڕۆ) ١٢ سەیارەی سەربازیی یەگانە ئەمنییەتییە تایبەتەکان لەگەڵ چەند مینی‌بووس و ئامپۆلانسێک لە مەودای نێوان هەر دوو گوندی “نگڵ” و “شوێشە” لە سنەوە بەرەو مەریوان ڕۆیشتوون.

یەکێک لە شارۆمەندەکانی خەڵکی مەریوان ئاماژەی کرد بەوەی کە ئەم هێزانە دەوری سەعات چواری پاش‌نیوەڕۆ هاتوونەتە ناو شارەکەوە: “کەس نازانێ چ باسە. ڕێگاکانی هات‌وچۆ شارەکەیان داخستووە. هێزە ئەمنییەتییەکان لە مەیدانی سەرەکیی شاردا بڵاو ببوونەوە و هەموو ئەو ماشینانەی کە پلاکەکەیان هی کوردستان نەبوو دەیان‌پشکنی. لێپێچینەوەیان لە شۆفیرەکان و سەرنشینەکانیش دەکرد. ڕێگای دەرچوون لە مەریوان، واتە مەودای نێوان مەریوان و سنووری باشماخیشیان گرتبوو و ماشینەکانیان ڕادەگرت و دەیان‌پشکنی.”

یەکێک لە کارمەندەکانی سنووری باشماخیش ئاماژەی کرد بە دۆخی نالەباری ئەمنییەتیی مەریوان و دەڵێت: “هێزە ئەمنییەتییەکان بە هاوکاریی هەنگی مەرزیی مەریوان هەموو ئەو ڕێگایانەیان گرتووە کە دەچنەوە سەر خاکی هەرێمی کوردستان.”

سەرچاوە خۆجێییەکان لە شاری سەقزیش بە ئێران‌وایەریان وت کە سێ پۆستی کاتیی پشکنینیان لە ڕێگاکانی هات‌وچۆ و تەنانەت ناوەندی شاریش‌دا داناوە. بە تایبەت لە نزیک مەیدانی “زیندانی ناوەندیی سەقز” کە ڕێگای چوونە دەرەوەیە لە شاری سەقز بەرەو شاری بانە.

یەکێک لە سەرچاوە خۆجێیەکانی لە شاری سەقز وتی: “لە سەرلە بەیانیی ڕۆژی چوارشەمە ١٩ی سەرماوەزەوە هێزە ئەمنییەتی و ئینتزامییەکان بە مەیدانی یادبوودی سەقز‌دا بڵاوبوونەتەوە و ماشینە نەناسراوەکان دەپشکنن و لێ‌پێچینەوە لە شۆفیرەکان و سەرنشینەکانی دەکەن.”

بەڵام بە گوتەی ئەم سەرچاوانە، تاکوو ئێستا کەس لە شاری سەقز دەسبەسەر نەکراوە و لە ڕۆژی پێنج‌شەمەوە دۆخە ئەمنییەتییە تووندەکە شکاوە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی ئێران‌وایەر، دۆخی بانه لە بەراورد لەگەڵ شارەکانی مەریوان و سەقز زۆر ئەمنییەتی‌ترە و پتر جەخت کراوتە سەر ئەم شارە و سنوورەکانی.

بە گوتەی سەرچاوە خۆجێییەکان و یەکێک لە چالاکەکانی مافی مرۆڤ، هێشتا ڕوون نییە چەند کەس لە خەڵکی شاری بانە دەسبەسەر کراون و ئەوانەی کە گیراون کێن: “تێوەچوونی خێرای هێزە ئەمنییەتییەکان و دەسبەسەرکردنی فەلەیی هەموو ئەو کەسانەی گومانیان لێ‌دەکەن، کاری ناسین و دیاری‌کردنی ناو و ناونیشان و هەروەها ژمارەی گیراوەکانی زۆر قورس و گران کردووە، ئەویش لەو بارودۆخە نالەبارە ئەمنییەتییە تووندەدا. لەو باوەڕەدام کە خەڵکێکی زۆر دەسبەسەر کراون؛ ڕەنگە زیاتر لە سی کەس. دەبێت چاوەڕێ بکەین.”

سەرچاوە: ئێران وایر

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …