سێ شه‌ممه‌ 19 ئازار 2024

“بە بۆنەی ۲٥ی نۆڤامبر ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان”⁄ پڕشنگ محەممەدی

توندوتیژی دژی ژن تەنیا کوتان و ئازاردانی جەستەی ژن نییە!

زۆربەی دەروونناس و کۆمەڵناسان #توندوتیژی_دژی_ژن دابەش دەکەن بە سێ بەش:
۱- جەستەیی(کوتان و لێدان)
۲- سێکسی( دەست درێژی سێکسی یا بەزۆر پەیوەندی گرتنی سێکسی تەنانەت لەلایەن هاوسەریشەوە)
۳-دەروونی( قسە و نێو نیتەکە و ئازاردانی ڕووحی ژن)،
کە گەر لە باسەکە وردتر ببیەوە زۆرجار توندوتیژی دژی ژن لەباری ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیش ڕوودەدات.
کەواتە بەشێوەی گشتی و ئەو جورەی کۆمەڵگە لێی دەڕوانێ توندوتیژی دژی ژن تەنیا کوتان و ئازاردانی جەستەی ژن نییە!

? توندوتیژی، بێ‌باوەڕی و نەبوونی متمانەی بنەماڵەو کۆمەڵگەیە بە ژن!
کاتێک کچێک ناچارە بۆ درێژەدان بە خوێندن، بۆ کارکردن ، بۆ چوونەدەرەوە لەماڵ و بۆ ئەنجامدانی هەر کارێک ئیجازەی باوک و برا، تەنانەت برای چکۆلەتر لە خۆی وەرگرێت و ئەگەریش ژیانی هاوبەشی پێک هێنا ئیجازەی مێردەکەی!
کاتێک، خزموکەس بەهۆی هاوسەرگیری نەکردنی کچێک، ناوی قەیرەی بەسەردا دەبڕن!

توندوتیژی ئەو نێونیتکە و قسە ناشایستانەیە کە لە شەقام و کۆڵان بە ژنان دەکوترێ!

ئەو نیگاهە هەرزانەیە کە وادەکا ژن نەتوانێ بە ئاسوودەیی هاتووچۆ بکات!

ئەو بڕیارە تاک لایانەی کۆمەڵگەیە کە بێ ‌لەبەرچاو گرتنی ویست و تواناییەکانی ژن بۆ ئەنجامدانی زۆر کار بە شیاوی نازانێ و ڕێگری لێدەکات!

ئەو کاتەی وێڕای زۆرتر بوونی ژمارەی ژنانی خوێندەوار لە دام و دەستگا ئیداریی و حکومییەکان کەمتر لە پیاوان وەردەگیرێن و موچەی مانگانەشیان لە پیاوان کەمترە!

توندوتیژی کەڵک وەرگرتنی ئەبزاری لە ڕوخسار و ئەندامی ژنانە بۆ پەرەپێدان بە فرۆش و زۆر بوونی کڕیار!

? توندوتیژی ئەو قەفەسە تەنەگەیە کە بە نێوی سروشت و داب و نەریت و دین بە دەوری ژنی دادەکێشن و مەجبووری دەکەن بە ئەنجام دانی ئەو کارانەی کە بەدڵ پێی خۆش نییە بیکات:
ئەوەی کە نەهێڵن دەرس بخوێنێت، نەهێڵن کار بکات، لە تەمەنی خوار ۱۸ ساڵ بە شووی بدەن، نەهێڵن بە دڵی خۆی پێبکەنێت، بگەڕێ، بیر بکاتەوە و بژی.
توندوتیژی ئەو بێ باوەڕی و سنوور دانانە بۆ ژنانە کە وا دەکا خۆشیان خۆیان پێ کەم بێت!

کاتێک ژنێک شکی هەیە بە خۆی و مرۆڤ بوون و تواناییەکانی و پێی وایە ئەگە کوڕی نەبێ، مێردی نەبێ یان برای نەبێ بێهێز و زوڵم لێچووە و دەبێ بەزەییت پێیدابێت!

کاتێک ژنێکی کورتەباڵا پێی وایە بۆ وەبەرچاو هاتن، پێویستە کەوشی ڕق و تەقی پاشنەبەرز لەپێ کات، یان بۆ جوانتر وەبەر چاو هاتن پێویستە ڕوخسار و لەشی خۆی بخاتە ژێر چەقۆی نەشتەرگەری!

کاتێک ژنێک پێی وایە تەنیا خاڵی گرینگی ئەو وەک مرۆڤ جوانییە و بۆ فڕێدانی زبڵیش دەبێ بچێتە بەر ئاوێنە و دەستێک بە ڕوخساری دابێنێ!

کاتێک کچێک بۆ بە دەست هێنانی دڵی کەسی بەرانبەری، پشت لە کەسایەتی خۆی دەکا و هەمووی وجوود و بیروباوەڕەکانی خۆی دەگۆڕێت!

? توندوتیژی دژی ژنان بێ سنوورە، کات و شوێن ناناسێ و هەموو کاتێک و لە هەموو شوێنێک و لەلایان هەمووکەسەوە تەنانەت خودی ژنانیش ڕوو دەدات!

#نا_بۆ_توندوتیژی
#بەرەو_یەکسانی
#۲٥_نۆڤامبر

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …