سێ شه‌ممه‌ 26 ئازار 2024

سارا عومەر یەک ساڵ پاش وەرگرتنی خەڵاتی ژنی ساڵ، خەڵاتی ئەدەبی دانمارکی پێ بەخشرا + وێنە

رۆژی پێنجشەممە ١٩ی مانگی نۆڤامبری ٢٠٢٠ی زایینی، لە شاری کۆپنھاگ پایتەختی وڵاتی دانمارک خەڵاتی ئەدەبی ”لۆریاڵی زێڕین“، The Golden Laurel بەخشرایە سارا عومەر نووسەر، رووناکبیر و و چالاکی مافەکانی مرۆڤ ٣٤ ساڵ تەمەن و کوردی خەڵکی باشووری کوردستان.

ئەمە خەڵاتێکی ئەدەبیی دانمارکییە، کە لە ساڵی ١٩٤٩دا دامەزرێندراوە، ھەموو ساڵێکیش بە یەکێک لە نووسەرەکانی وڵاتی دانمارک دەبەخشرێت.

ئەو لیژنەیەی بڕیار لەسەر بەخشینی خەڵاتەکە دەدات پێکھاتوون لە ڕەخنەگەرانی ئەدەبیی و خاوەن کتێبخانەکانی ئەو وڵاتە.

ئەمە خەڵاتەکە بە کتێبێک دەبەخشرێت، کە ئاستێکی ئەدەبی بەرزی ھەبێت و سەرنجی ڕەخنەگران و خوێنەران بەلای خۆیدا ڕاکێشابێت. نووسەری براوە کەسێکە وا زۆرترین خوێنەری ھەبووە و کتێبەکە بە شێوەیەکی بەربڵاو بەناو کۆمەڵگادا بڵاوبۆتەوە. زۆرێک لە نووسەرە گەورەکانی دانمارک ئەم خەڵاتەیان بردووەتەوە و ھەر نووسەرێکیش دەتوانێت یەکجار لە ژیانیدا ئەم خەڵاتە وەربگرێت.

سارا عومەر یەکەمین نووسەرێکە ئەو خەڵاتە وەردەگرێت، کە پاشخانێکی کوردیی و خۆرھەڵاتی ناوەڕاستی ھەیە.

بەر لە سارا عومەر ئەو خەڵاتە بە کەسێکی ھەڵگری ئەو پاشخانە نەدراوە. ھەروەھا یەکەمین نووسەرێکی پەنابەرە، کە ئەم خەڵاتە وەربگرێت، وەک چۆن لە ھەمانکاتدا گەنجترین نووسەرێکە خەڵاتەکەی پێبەخشرا بێت.

سارا عومەر پاش وەرگرتنی ئەو خەڵاتە لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆی نووسیویەتی: بە بۆنەی وەرگرتنی ئەم خەڵاتەوە دەمەوێت جارێکی تر پێ لەسەر چەند بابەتێکی گرنگ دابگرم، وەکچۆن لە وتارەکەی دوێنێمدا لە شاری کۆپنھاگ باسمکرد. لە لای من بەرگریکردن لە ئازادی نووسین و ڕادەربڕین بابەتی ھەرە گرنگیی ئەم سەردەمەی ئێستامانە. ئەم ئازادییە لە ئێستادا لەژێر ھەڕەشەیەکی بەردەوام و ھەمەلایەندایە. نەک تەنھا لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا بەڵکو لەناو ئەوروپا خۆشیدا. باشترین نموونەیەک ئەم ھەڕەشەیەمان نیشانبدات سەربڕینی ئەو مۆمۆستا فەرەنسییە بوو لەسەر بەرگریکردن لە ئازادیی ڕادەربڕین و ھەوڵدان بۆ ناساندنی منداڵان بەم ئازادییە و فێرکردنیان، کە ڕێزی لێبگرن. من وەک نووسەرێک ناتوانم ھەرگیز بەرامبەر بەم ھێرش و پەلامارەی ئازادیی نووسین و ڕادەربڕین بەگشتیی و ئازادی مرۆڤ لە ھەموو شێوەکانیدا بەتایبەتی، بێدەنگببم. ئەگەر ڕۆمانەکانی من مانایەکیان ھەبێت ئەوا لە بەرگریکردنییاندایە لەم ئازادییانە و لە ڕێگرتن لە سوکایەتیکردندا بە مرۆڤ، یان کورتکردنەوەی بۆ کەسێک کە خاوەنی ڕا و بۆچوونی خۆی نەبێت و تەنھا گوێیەک بێت بۆ بیستن و دووبارەکردنەوەی قسە و بۆچوونی گەورەکانی.

ئەدەبی من و خۆشەویستیم بۆ نووسین، بوون بە شمشێرێک دژ بە نادادپەروەریی و سەرکوتکردن. لە ھەمانکاتدا خوێنەرەکانم بوون بە سوپا و بەو جەنگاوەرانەی، کە هەمان جەنگی من درێژە پێدەدەن.

ئەوە ڕاستە کە کتێبەکانم بۆنی خوێنیان لێدێت، بەڵام خوێنی کێ؟ خوێنی ئەو ژن و کچانەی ڕۆژانە بە تۆمەتی جیاواز دەکوژرێن و لەدوای مردنیشیانەوە گۆڕێکیان پێ ڕەوا نابینرێت.
من وەک نووسەرێک و وەک مرۆڤێک باوەڕی تەواوم بەوەیە، کە پێویستە ھەمیشە ڕووبەرێکی ئازاد بۆ ئەدەبیات ھەبێت و پارێزراوبێت.

جێگای وەبیرھێنانەوەیە، ساڵی رابردوویش سارا عومەر نووسەر، رووناکبیر و چالاکی مافەکانی مرۆڤ وەک ژنی ساڵ لە دانمارک ھەڵبژێردرا بوو.

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …