یه‌ك شه‌ممه‌ 17 ئازار 2024

زمانی زگماک هێڵی سوورە، بۆ گاڵتەپێکردن نابێت! ⁄ د. کامران ئەمین ئاوە

لە وڵاتگەلی نادێموکراتیک وەک ئێران نەتەوەی سەردەست و دەسەڵاتدار، بە پێی تێزی “یەک دەوڵەت و یەک نەتەوە” یاخود بەناوی “ئومەتی ئیسلامی” و بە بەکارهێنانی شێوازی جۆراوجۆر هەوڵی تواندنەوەی نەتەوەکانی دیکە دەدات. ئەم چەشنه دەسەڵاتدارە بێجگە لە بەکارهێنانی زەبر و زۆری فیزیکی و کوشتن و بڕین و لەبەندیخانە خستنی ئازادیخوازانی نەتەوەی ژێردەست، بەگەمراندن، چەواشەو بێ بەها کردنی بایەخە مەعنەوییەکانی ئەوان، تێدەکۆشێت بە شێوەیەکی ئارام بەڵام بەردەوام، مێژوو، کولتور و زمانی ئەو خەڵکانە بکاته ئامانج و خەڵکەکە لەباری مەعنەوییەوە بێ ناوەڕۆک و کلۆر و، لە کۆتاییدا ئاسیمیلە بکات.

حکوومەتەکان بە هۆی دەسەڵاتی ماددی و مەعنەوییەک کە هەیانە، لە هەموو ئامرازێکی خۆیان وەکو فێرگە، ڕادیۆ و تەلەویزیۆن، فیلم و شانۆ و بە گشتی لە تەواوی بوارەکانی میدیایی و ڕاهێنان بۆ بەرێوەبردنی سیاسەتی فەرهەنگی خۆیان کەڵک وەردەگرن. بە هاسانی میژوو و ڕاستییەکانی چەواشە دەکەن، قارەمانە نەتەوەییەکان دەکرێن بە چەتە، خائین و سیخۆڕی بێگانە‌ و؛ سەرکوتکەر، خۆفرۆش و شا و پاشا و مەڵاکان دەکەنە سێمبولی ئازادی، مرۆف دۆستی و نیشتمانپەروەری. لە ئێرانی سەردەمی ڕەزاشا و محەمەد ڕەزاشای کوڕیدا، کە قاتڵی هەزاران ئازاردیخوازی کورد و لۆر و ئازەری و بە گشتی پێشکەوتنخوازنی ئێرانی بوون، دەکران بە باوک و دڵسۆزی گەل، بەڵام قازی محەمەد، پیشەوەری، سلێمان موعینی، سمایل شەریفزادە، ڕوزبە، جەزەنی و ڕەزاییەکان وەک نوکەری بێگانە و نیشتمانفرۆش پێناسە دەکران. ئەم سیاسەتە پاش شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی لە ئێران لە لایەن حکوومەتی ئیسلامییەوە بە چەشنی دیکە بەڵام هەر لەهەمان سۆنگەوە درێژەی پێدرا.
ساڵانێکی زۆرە کە بەرگری و قەدەغە و دانانی ئاستەنگ لەبەر نووسین بە زمانی زگماکی گەلە نافارسەکان و ڕێگری کردن لە خوێندن و نووسین بە زمانی دایکی لە فێرگەکان یەکێکی دیکە لە شێوەکانی ئاسیمیلە کردن و زەبرلێدان لە کولتور و زمانی نەتەوەکانی نافارسە. ڕۆڵەی کورد و ئازەری و عەڕەب و بەلووچ و هتد هەر لەمنداڵییەوە ناچار کراون بە زمانی فارسی بیربکەنەوە، بخوێنن و بنووسن و جوانترین هەستەکانیان بە زمانی فارسی دەرببڕن.
لەم سۆنگەیەوە نووسەر، وەرگێر و شاعیرە نافارسەکان وەکو ئەحمەد محموود، محەمەد عەلی ئەفغانی، محەمەد قازی، محەمەد عەلی دەرویشیان، برایم یوونسی، سەید محەمدحوسێن بێهجەت تەورێزی (شهریار)، سەمەد بێهرەنگی، غولام‌حوسین ساعیدی، مەنسوور یاقووتی و هتد لە مێژووی سەد ساڵی ڕابردوودا زیاترین خزمەتیان بە گەشەسەندنی زمان و کولتوری فارسی کردوە. مخابن ئەوان بە هۆی نەبوونی دەرەتان و ئیزنی نووسین بە زمانی دایکییەوە نەیانتوانی ئەو خزمەتەی پێویست بوو بە زمان و فەرهەنگی خۆیان بکەن. ئەمە شتێکی ئاشکرایە کە بەشێک لە ئاهنگساز و گۆڕانی بێژە بە ناوبانگەکانی کورد وەک کەیهان کەڵهۆر، شەهرام نازەری، عەندەلیبی و کامکارەکانیش خزمەتێکی زۆریان بە ڕەوتی گەشەسەندنی مۆسیقای فارسی کردوە، هەرچەند هەتا ڕادەی ڕێ پێدراو بەڵام نەک لە ئاستی گۆڕانی فارسیدا، خزمەتیان بە موسیقیای کوردیش کردبێ.
بەڵام سیاسەتی بێ بایەخکردنی زمان و وێژەی نافارسەکان تەنیا لە بواری قەدەغەکردن یان ڕێگری و ئاستەنگ دانان لەسەر ڕێگای بەکار هێنانی زمانی زگماکی و ڕوو کردنە زمانی فارسی و خوێندن و نووسین بە زمانی حکوومی نییە، بەڵکوو بواری ئیزندان بە چەشنێکی ئامانجدار بە زمانی نافارسەکان بە تایبەتی کوردی و تورکی و لوڕی لەسەر شاشەی تەلەویزیۆن و شانۆ و سینەماش لەخۆدەگرێ. کاتێک سەیری بەشێک لە بەرنامەکان وەک کێبەرکێی بەناو “هوش برتر” و کێبەرکێی “٢١ سئوالی” و بەرنامەی هاوشێوە دەکرێت کە لەژێر ناوی “طنز” یان کورتەفیلمی کوردی لە سنە و کرماشان و ئازەربایجان و لوڕستان و هتد بە زمانی گاڵتەجاڕی کوردی یان لوڕی و تورکی تێکەڵاو لەگەڵ فارسی ئامادە دەکرێ، دەبینین کە ئاکتەرەکان وەکو ئەوەی خەڵکی ئەم ناوچانە نەبن و هیچ ناسیاوییەکیان لەگەڵ زمانی فارسیدا نەبێت، به تێکەڵ و پێکەڵکردنی فارسی و کوردی یان بە لەهجەیەکی کوردیی سەیر و سەمەرە قسە دەکەن و وەڵامی پرسیارەکان دەدەنەوە. ئەو بەرنامانە بە ئامانجی پێکەنینی بینەری فارس و ناکورد ئامادە دەکرێن و بەدەسی خۆیان و بە پێی سیاسەتی نادیاری نەیاران، گاڵتە و سووکایەتی بە زمان و ئاستی تێگەیشتوویی خەڵکەکەی خۆیان دەکەن. لە زنجیرە بەرنامەکانی “هوش برتر”دا، سیمایەکی نەزان و گەوج بە بەشدارە کوردەکان و لە ڕاستی‌دا بە گشت کۆمەڵگای کوردی دەدرێ.
لە لایەکی دیکەشەوە، بەردەوام لە سەر یووتیووب، ئینستاگرام و تلیگرام و واتساپ گەلێک بەرنامەی کورت دەس بە دەس بڵاودەبێتەوە کە ئاشکرا سووکایەتی کردنە بە فولکلۆر و وێژەی نەتەوە نافارسەکان. بۆ وێنە، کاتێک لەسەر سکۆی شانۆی شارێکی ئازەربایجانی ئێران “سکینە دای قیزی نای نای” ئازەرییەکان بە فارسی تەرجومە دەکرێ و قاقای پێکەنین ساڵۆنەکە پڕدەکات، کەس نییە بپرسێت گۆرانی فولکلۆر چۆن بەوشێوەیە تەرجومە دەکرێت و بە گشتیی چ پێویستیەک لەوەدایە کە هونەرمەندانی نەتەویەک بۆ خۆشی فارس زمانەکان، گاڵتە بە خۆیان و فەرهەنگەکەیان بکەن؟ ئەگەر ئەمڕۆ کەسێک بیەوێ گۆرانی “شەمامە خاڵ خاڵ” و زۆر گۆرانی حەسەن زیرک و هتد وەربگێڕێتە سەر هەر زمانێکی دیکە، بێ گومان شتێکی سەیرو سەمەری لێ دەردێ، بەڵام ئەم گۆرانییانه بەشێکن لە مێژووی ئەدەب و فەرهەنگی فولکلۆریی کوردی و خەڵکیش چێژ لە بیستنیان دەبەن و تەرجومە کردنیان بە زمانێکی دیکه نەک پێویست ناکات بەڵکوو بە تەواویەتی خزمەت بەوانە دەکا کە دەیانەوێ پیشان بدەن ئەم چەشنە زمانانە تەنیا بۆ دەڕبڕینی گۆرانی و شێعرە و، لە ئاستێکی وەها نزمدان کە تەنیا بۆ گاڵتە پێکردن و پێکەنین دەبن و لەئەنجامدا توانای بەرانبەری کردنیان لەگەڵ زمانی “حافظ” و “سعدی” نییە!

دوژمن بۆ بچووک و بێ بەها کردنی هەر شتێکی پیرۆزی نەتەوەکانی دیکە کەڵک لەهەموو چەشنە ئامرازێک و یەک لەوان ئاسیمیلەکردنی فەرهەنگی وەردەگرێ، هەتا ئەو ڕادەیەی بۆ بەشێک لە کورد و ئازەری و … کارەکە دەگاتە ئەو شوێنەی کە قسەکردنی بێ لەهجە بە فارسی دەبێتە شانازییەک و تێدەکۆشری تەنانەت لە بەشێک لە بنەماڵەکان و بە تایبەتی ئەوانەدا کە لە دەرەوەی کوردستان دەژین، لەگەڵ مندالەکان تەنیا بە زمانی فارسی قسە بکرێ، بۆ ئەوەی نەکا لە دەرەوەی ماڵێ و لە فێرگە و شەقامەکان گاڵتەیان پێ بکرێ و لەم سۆنگەیەوە زەبرێکی زۆر دەدرێت لە متمانە بەخۆیی ئەم منداڵانە و ڕووخانی پردی پێوەندییان لەگەڵ گشت بنەماڵە و نەتەوە و نیشتمان.
کارەسات لە هەوڵی دوژمن بۆ پێشبردنێ ئەرک و بەرنامەکانی خۆیدا نییە، کارەسات لە هاوڕێ‌یی کردنی بەشێک لە ڕۆڵەکانی کورد بە چەشنێکی خوازیار و ناخوازیار لەگەڵ ئەم هێڵ و سیاسەتەیە، کە بێ ئەوەی بیری لێ بکرێتەوە دەبنە ئامرازی دوژمن بۆ لەناو بردنی ڕێز و کەرامەت و کەسایەتی خۆ ونەتەوەکەیان و، بە قەولی کرماشانییەکان وامان لێ دەکەن “ودس خومان ئاگر نینە غژ خومان” یان ” وەکو مریشک بۆخۆمان خۆڵ بەسەر خۆماندا بکەین”.
بێ‌گومان دوژمن و نەیارانی کورد و گەلانی دیکەی ئێران بۆ گەیشتن بە ئامانجە ناپیرۆزەکانیان و سڕکردن و تواندنەوەی ئەوان، لەهەر چەشنە ئامرازێک و یک لەوان سرینەوەی زمان و ئەدەبی نافارس یاخود بە گەمراندنیان کەڵک وەردگرن، بەڵام ئەوە ئەرکی ڕووناکبیرانی ئەم نەتەوانە و بە تایبەتی کوردە کە بەلانی کەم ڕێخۆشکەر و بڵاوکەرەوەی ئەم فیلم و کلیپ دزێوانە نەبن و ڕێ بە پەرەسەندنی ئەم کارە قیزەنانە لە نێوخەڵکدا نەدەن.
ڕۆڵەکانی گەلی کورد دەبێ بەرانبەر بەو سووکایەتییانە بوەستن و بە دەنگی بەرز ناڕەزایی خۆیان بەرانبەر بەو سووکایەتییە ئاشکرایە دەرببڕن. هەروەها کۆمەڵانی خەڵک پێویستە بەرگر بن لە بڵاوکردنەوەی ئەو کلیپە قیزەوەنانەی وا تێیدا سووکایەتی بە هۆش و لێهاتوویی خەڵک و زمانی نەتەوایەتییان دەکرێت. ئەوانە بۆ پێکەنین نین بەڵکوو کورد دەبێ بە دیتنیان بگری و تووڕەیی خۆی بەسەر ئامادەکاران و ئەکتەرەکانیاندا ببارێنێت کە بوونەتە کەرەسەی بەڕێوەچوونی سیاسەتێکی دژە نەتەوەیی نامرۆڤانە.
ئۆکتۆبری ٢٠٢٠

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …