سێ شه‌ممه‌ 19 ئازار 2024

مووبەکردن لەناو منداڵان لە قوتابخانەدا / رەزا شـوان

لە زمانی کوردیدا، هەموو ئەم وشانە ( مووبه‌كردن، كه‌ڵه‌گایی کردن، ملهوڕی کردن، خۆسەپاندن، خۆزاڵ کردن، شەڕانگێزی، زۆربۆهێنان، خۆڕادان، چەقاوەسوویی کردن) گەر یەک مەبەستیش نەگەیەنن، بەڵام واتا و مەبەستەکانیان لەیەکەوە زۆر نزیکـن. هەموویان بۆ رەفتار و هەڵسوکەوتی ناپەسەند و نەخوازارو بەکاردەهێنرێن. زیاتریش وشەی (مووبـەکردن) و (کەڵەگایی کردن) و (شەڕانگـێزی) باون و بەکاریان دەهێنین.
وشەی مووبەکرن، بەرانبەر بە هەردوو وشەی (مـوبـینگ) و (بـیـولـینگ) ی زمانی ئینگـلیزی و بەرانبـەر بە وشەی (الـتـنمر) ی زمانی عـەرەبییە.. خـوێنـدنـەوەی ئەم نووسینەمان گـرنگی و سوودێـکی زۆری بۆ دایکـان و باوکـان و مامۆستاکـان هەیە.
مووبەکـردن چـییە؟
مووبەکـردن یا کەڵەگایی کردن، رەفـتار و هەڵسوکەوتێکی دزێـو و ناپەسەنـد و نەخوازراوی تونـدوتـیژی و شەڕانگێزی و دۆژمنکارییە. بەکارهێنانی توانـا و هـێزە. خـۆڕادان و خـۆدەرخستن و زۆرداری و زۆرلێکردن و خۆسەپانـدن و خۆزاڵکـردن و هەراسان کردن و بێـزارکردن و دەستدرێـژی کردن و گێچەڵکردن و شەڕپێفـرۆشتن و تەنگپێهەڵچـنین و هەڕەشەکردن و ترساندن و تۆقانـدنی کەسێکە یان کەسانێکە، لە لایەن کەسێ یا کەسانێکی مووبەکارەوە. کە بە ئەنقەست بە مەبەستی زەبر و ئازاردانی جەسـتەیی و دەروونی کەسێ یا کەسانێکی مووبەلێکـراو (مووبـه‌ بۆ سه‌ركـراو).

مووبە کردن ئەوە دەگەیەنێ، کە ناهاوسەنگی و نابەرانبەرییەک لە هـێز و لە توانای کەسایەتیدا، لە نێوان مووبەکار و مووبەلێکراودا هەیە.. مووبەلێکراوان بە زۆری کەم توانـاتر و کە بەهـێزترن لە رووی جەستەیی و دەروونییەوە. بۆیە مووبەکـاران ئەم ناهاوسەنگی و نابەرانبەرییە دەقـۆزنەوە و کەسانێک هەڵـدەبژێـرن، کە بێ دەسەڵاتن و بێ هـێزن، یا تا رادەیەک ترسـنۆکن و لە تـوانایانـدا نییە، بە زارەکی یا بە جەسـتەیی بەرگری لە خۆیان بکەن رووبەڕووی مووبەکاران ببنەوە.
کەواتە مووبەکردن، شێوەیەکە لە شێوەکانی شەڕانگێزی و تونـدوتیژی و خراپەکاری و ئـازاردانی جەستەیی و دەروونی مووبەلـێکراو لە لایەن مووبەکـارەوە. مووبەکـردن کێشەیەکی توندوتیژی زۆر مەترسـیدارە، دوژمنایەتی و تۆڵەسەندنەوەی لێدەکەوێتەوە. بە دیاردەیەکی وێـرانکاری ناودەبـرێ، کە کاریگەری و کارەساتی نەرێنی جەستەیی و دەروونی بەسەر کەسی مووبەلێکراو دەهـێنێ. تا ئەو رادەیەی هەندێ جار مووبەکردن دەبێتە هـۆی خۆکوشـتن. گەر بێتوو بە زوویی بەری لێ نەگـیرێ و چارەسەر نەکرێ. ئەنجامی کێشەکانیش زیاتر گەورەتر و مەترسیدارتر و قـووڵتر دەبنەوە، دوور نییە کە کۆنترۆڵ نەکرێن و کارەساتی نەخوازراویان لێبکەوێتەوە.
لە ئەمڕۆدا، بە تایبەتی لە وڵاتانی هەژار و بێکاریدا، لەو وڵاتانەش کە ئاژاوە و شەڕ و ئاسایش و سەقامگیرییان تێدا نییە و یاسا و دادگاکانیان بێ دەسەڵاتن، چەنـدین گـروپی چەکداری و مووبەکار و باڵتەچی و مافیا و پیاوکوژ و جەردە و رێگر و دز و درۆزن و زۆردار و رفـێنەر و دەستدرێژیکەر و کەڵەگا هـەن و بڵاوبوونەتەوە. گـروپە ئیسلامییە بێڕەوشت و نامەرد و تیرۆریستەکـانیش لە ریزبەنـدی پێشەوەی ئەم ستەمکـارانە دان. کە ستەمێکی زۆر لە خەڵکی دەکەن و پـارەیان لێوەردەگرن، منـداڵ و گەنـج و کچـان بە بارمتە بەنـدەکەن و داوای پارەیەکی زۆر دەکەن بۆ ئازادکردنیان، ئەگـینا دەیانکـوژن. هەڕەشە دەکەن و ترس و تۆقـینیان خستوونەتە ناو خەڵکـییەوە. هەموو ئەم رەفـتارە قێزەوەنانە و نامەردییانە، دەچنە بواری مووبەکردن و زۆرداری وکەڵەگایی کـردنەوە.
مووبەکاران هەمیشە لە رێی سیاسەتی ترساندن و تۆقاندن و هەڕەشەکردنی راستەوخۆ یا ناراستەوخۆو، کەسانی تر هەراسان و بێزاردەکەن و ئازاری جەستەیی و دەروونیان دەدەن. لەوانەیە تووشی گرفـت و نەخـۆشی دەروونی ترسناک و درێژخایەنیان بکەن.
مووبەکردن لە گەلێ شوین دا هەیە، لە قوتابخانە، لە فەرمانگاکان، شوێنی کارکردن، لە شەقامەکان، لە زانکـۆکان، لە یانەکـان، لە یاریگـاکان، لە گەلێ شوێنی دیکەدا.
باسکردن و لێکۆڵینەوە لە مووبەکردن و لە جۆرەکانی و لە ئاکامەکانی، باسێکی فـرە لایەنە و قـسەی زۆر هەڵـدەگرێ و بە نووسینی چەنـدین پەرتووکیش کۆتایی نایات. ئەوەی ئێمە لەم نووسینەماندا مەبەستمانە، مووبەکردنە لەناو منداڵان دا، بە تایبەتیش لەناو قـوتابیانی قۆناغەکانی قوتابخانەی بنەڕەتی دا. کە بە (مووبەکردنی قوتابخانەیی) ناودەبـرێ. کە بووە باسی ئەم سەردەمە و گەلێ لایەنی سەرقاڵ کردوون.. بە دەگەمەن نووسەران پسپۆرانی کوردمان لە بواری پەروەردەی منداڵان دا، ئاوڕیان لە دیاردەی مووبەکردن داوەتەوە. کە لە قوتابخانەکانی کوردستان دا، بـووە بە دیاردەیـەکی زەق.
پێناسەی مووبەکردنی قوتابخانەیی:
زانای بە ناوبانگ، پسپۆری دەروونناسی منـداڵان (دان ئه‌لـۆیس) ی نەرویجی، کە بە باوکی دامەزرانـدنی لێکـۆڵینەوە دەربارەی (مووبەکـردن لە قـوتابخانەکان) دادەنـرێ.
(ئه‌لـۆیس) بەم شێوەی پێناسەی (مـووبەکـردنی قـوتابخـانەیی) دەکا، کە بـریتیـیە لە:
“رەفـتارێکی نەرێنی بە ئەنقـەستە، لە لایەن قوتابییەکەوە یا زیاتر، بۆ ئازاردانی قوتابییەکی تر. کە بە درێژایی کات ئەنجام دەدرێ و چەند بارە دەبێتەوە. دەکرێ ئەم رەفـتارە نەرێـنییانە بە وشە بێ، وەکو: هەڕەشە، گاڵتەپێکردن، جنێودان. دەکـرێش بە ئازاردانی جەستەیی بێ، وەکو: لێـدان، پاڵـنان، شەق تـێهەڵـدان. یان بەبێ بەکارهێنانی وشە یا لێدانی جەستەیی، وەکو: مۆڕەکردن، چاولێزەقکردنەوە، ئاماژەکردنی ناشیرینی بە ئەنقەست، بۆ ئەوەی لە کۆمەڵکەی دایبڕێ یا بۆ رەتکردنەوەی وەڵامی ئارەزووی”
مووبەکـردن، رەفـتارێکی تازە نییە، هەر لە کـۆنەوە، لەناو منـداڵانی قوتابخانەکـان و گەڕەکەکـاندا هەبووە. بەڵام لە ئەمڕۆدا ئەم دیـاردەیە بە شیوەیەکی مەترسیدار سەری هەڵـداوە و تەشەنەی کردووە و سنووری سروشـتی بەزانـدووە و ئەنجـامی خـراپی لێکەوتۆتەوە. نیگەرانی و ترس و دڵەڕاوکێ خستۆتە دەروونی دایکان و باوکانەوە.
لێکۆڵەری دەروونناسی ئینگـلیزی (كـۆی) لە ساڵی (٢٠٠١) دا، لێكوڵینه‌وه‌یه‌كی دا له‌ژێر ناوی (مووبه‌كـردن له‌ قـوتابخـانه‌كان) دا ئەنجام داوە، بۆی دەرکەوت کە ساڵانە (١٦٠) هەزار قوتابی بە هـۆی مووبەکردن و ئازاردانی جەستەیی و دەروونییەوە، لە لایەن هاوڕێکانیان و مامۆستاکانیانەوە، وازیان لە خوێنـدن و لە قـوتابخانە هـێناون.
لە ئەمڕۆدا مووبەکـردن و کەڵەگـایی و یاخـیبوون و سەرپێچـیکردن، بوونەتە کێشەی زەقی رەفـتاری و رەوشتی و دەروونی قوتـابیان لە زۆربەی قوتابخانە بنەڕەتییەکان و ئامادەییەکان دا. ئاکام و شوێنەواری نەرێنییان لە دەروونی قوتابیان دا جێهێشتوون و کارتێکردنێکی خراپیان لەسەر پرۆسەی فێرکردن و خوێندن لە قـوتابخانەکان دا هەیە. گەیشتوونەتە ئەو رادەیەی کە سنووری رێزی پێـویستیان، لە نێوان قوتابی و مامۆستادا بەزانـدوون. پێـشێلی یاساکانی قوتابخانەیەیان کردوون. قوتابیان قسەی ناخۆش دەکەن و دەمدرێژی دەکەن وزۆر لە رووی مامۆستاکان و دایکان و باوکانیان هەڵدەگەڕێنەوە. مەبەستیشمان لە زۆرینەی قوتابیان و مامۆستایان نییە، بەڵکو لە کەمینەیە.
جۆرەکـانی مووبەکردن:
مووبەکردنی قوتابخانەیی گەلێ جۆر و شێوەی نەخوازراویان هەیە، کە دەکرێ قوتابی مووبەکـار بەرانبەر بە قوتابییەک یا زیاتر بیکا.. گەر مووبەکـردن بەرانبەر بە یەک قوتـابی ئەنجـام بدرێ (مووبـەی تاکـە کـەسی) یە. بەڵام گەر مووبـەکـردن لە لایـەن کۆمەڵێکی مووبەکارەوە ئەنجام بدرێ (مووبه‌ی گەلەکـۆمەیی) یە. ئەمانە هەندێکن لە جۆراەکانی مووبەکـردن:

١ـ مووبەکردنی زارەکی: بۆ ئازاردانی دەروونی قوتابی مووبەلێکراو، وەکو وتنی هەر شتێکی نەخوازراوی ناخۆش و ناشیرین، بۆ هەست بریندارکردن و ئازاردانی دەروونی قوتـابی مووبەلێکراو، بۆ نموونە: گاڵـتەپێکردن، تەوس و تانە و تەشەر توانـج و پلار لێگرتن، لاساییکردنەوە، جـنێودانی ناشیرین، هاواررکردن و قیژاندن بەسەریا، لێنانی ناوی ناتۆرە، ناوزڕاندن، فەرمان بەسەرکردن، فـیکەلێکردن، قسە بۆ هەڵبەستن،…هتد.

٢ـ مووبەکردنی جەستەیی: ئازاردانی جەستەیی قوتـابی مووبەلـێکراو، وەکو: لێـدان، پاڵپێوەنان، پاشەقولگرتن، شەق لێدان، مشتەکۆڵە، گوێ راکێشان، قـژ راکێشان، نوقرچ لێگرتن، شینکردنەوەی گیان، بریندارکردن یا رووشاندنی دەموچاو و دەستەکان، ئاماژە پێـدان بە شێوەیەکی دزیـۆ و ناشـیرین، مۆڕەلێکردن، چەمۆڵە لێـنان، زمان لێدەرکردن، تف لێکردن، بـردن و داگیرکردنی شتەکانی قوتابخانەی یا تێکـدان و شکاندن و دڕنـدان و فـڕێـدانیان، ، دەستدرێژی کردنەسەر، جلـوبەرگ دڕانـدن، پارە لـێسانـدن،…هتد.
هەندێ جار مووبەکاران بە (گه‌له‌كـۆمەیی) ئازاری جەستەیی و دەروونی مووبەلێکراو دەدەن.. بۆ نموونە پێکەوە لێی دەدەن و پێکەوە گاڵتەی پێدەکەن و پێکەوە هۆی های لێـدەکەن و زرتی بۆ لـێـدەدەن و پێی پێـدەکـەنن. یان لەبەرچـاوی هـاوڕێکـانی بـزی پێـوەدەکەن، رێـز و کەسایةەتی و شکۆی دەشکـێنن و هەستی برینداردەکەن.
٣ـ مووبەکردنی کۆمەڵایەتی: ئەو رەفتارە ناشیرینانەی مووبەکار بەرانبەر مووبەلێکراو دەیکا، وەکو: سووکـردنی و رسواکردنی، ناوزڕانـدنی ناوبانگی خـێزانەکەی، ناولێنانی ناتـۆرە، دوورخستنەوەی لە هاوڕێکانی، دەرپەڕاندنی لە گروپە چالاکـییەکان، بچڕاندنی پەیوەنـدییە کۆمەڵایەتییەکانی، بڵاوکردنەوەی دەنگـۆی هەڵبەستـراوی خراپ لە سەری.
٤ـ مووبەکردنی ئەلیکـترۆنی: بە (ته‌لـه‌فـۆن و ئیـنته‌رنێـت) لەم جـۆرە مووبەکـردنەدا، مووبەکـار بۆ ئازاردانی مووبەلـێکراو، تەکنەلـۆژیا بەکـاردەهـێنێ، وەکو تەلەفـۆن و ئینتەرنێت بۆ نموونە: ناردنی نامە و کۆمێنت و جـوێن و هـەڕەشە، بۆ تەلەفـۆنەکەی یا لە رێی ئیمایلەکەیەوە، یا بڵاوکردنەوەی وێنە و قسەی ناشیرین لە فەیسبووکـدا،…هتد.
٥ـ مووبەکردنی سێکسی: ئەم دیاردەیە، رەوشتێکی مەترسیدار و قێزەوەنی ناو کۆمەڵە و لەوانەیە بگاتە رادەی تاوان، ئازارێکی زۆری دەروونی مووبەلـێکراو دەدا، دەشێش دوژمنایەتی و تۆڵەسەنـدنەوە و کوشتـنی لـێبکەوێتەوە. دەشێش کەسانێکی بێتاوانیش ببنە قـوربانی، کە نە لە نزیک و نە لە دوورەوە، پەیوەنـدییان بەم کارەساتەوە نەبێ.
٦ـ مووبەکـردنی رەگەزپـەرستی: مووبەکردنێکی ترسناکە، کە بە هـۆی جـیاوازی نەتەوەیی یا بە هۆی جیاوازی رەنگی پێستەوە، مووبەکارانی رەگەزپەرست، ئازاری جەستەیی و دەروونی، قوتابیانی ناسنامە جیاوازی نەتەوەیی یا رەنگ پێستی دەدەن.
هـۆکارەکانی مووبەکردن:
یا راستر وایە بڵێـین، چی وا لەمنـداڵ دەکا، کە ببێ بە مووبەکـار؟ چونکە مووبەکـردن رەوشتێکی سروشتی نییە و دیاردەیەکی بۆ ماوەی رەمەکیش نییە. بە کورتی و بە چڕی لەم خاڵانـەدا، هۆکارە سەرەکییەکـانی تووشـبوون، بە مووبەکـردن و شەڕانگـێزی و دوژمنکاری و کەڵەگایی دیاری دەکـەین:
١ـ هۆکاری سیکـۆسۆسیلـۆژی: بە زۆری مووبەکاران لە ناو ئەو خێزانە هەژارانەدا هەڵـدەكەون، کە کـێشەی ئابووری و بێکارییان هەیە و پشتگـوێ خـراون و لە زۆر خزمەتگوزاری بێبەشکراون. لە سایەی دۆخـێکی سۆسیـۆلـۆژی دا، کە مەودایـەکی فراوانی جیاوازی، لە نێوان توێژە کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە. لە بارەی سایکۆلۆژیشەوە، بە زۆری مووبەکاران، بە تایبەتیش سەرکردەکانیان، کەسایەتی بەهـێزن و لە کەسانی سیکـۆپاتی دژ بە هەمووانن، دڵڕەق و بێوژدانن، سۆز و بەزەییان بە کەسدا نایەتەوە.
مووبەکاران بە زۆری گروپی مافـیا پێکدەهـێنن، یا دەچنە پـاڵ ئەو گروپانەی کە هەن.
٢ـ هۆکاری پەروەردەیی: فەرامۆشکردن و پەراوێزکردنی منداڵ، هەڵەیەکی گەورەیە و زیانێکی زۆری هەیە، هەندێ لە دایکان و باوکان بە هـۆی سەرقاڵییان بە کارکردنەوە، وەکو پێویست منداڵەکـانیان پەروەردە نەکـردوون و ئاگـایان لە رەفـتارەکـانیان نییە، لۆمەش دەخەنە سەر مامۆستایان و پەروەردەکارانی ماڵەکـانیان. پەراوێـزکردن و بە هەنـد نەزانینی منـداڵ، هـۆی سەرەکین بۆ دروستـبوونی کەسایەتیـیەکی نـادروست و ناسروشتی منـداڵ. بۆ وەرگـرتن و فـێربوونی رەفـتار و رەوشتی چەوت و هـەڵە، بۆ خۆدەرخستن و خۆسەلماندن، بە شـێوە و شـێوازێکی نـاڕاست و نـادروست.
٣ـ هۆکاری قوتابخانەیی: لە ئەمڕۆدا، لە زۆربەی قوتابخانەکاندا، توندوتیژی و ناکۆکی لە نێوان قوتابیان و مامۆستاکان، دوو هـێندەی پێشتر بوونە، بەشێک لە مامۆستایان نابەڵەدن لە پەروەردەی نوێی منداڵان دا، تا ئەمـڕۆش بە شێوازێکی کلاسیکی رەق و توندوتیژ مامەڵە لەگەڵ قوتابییەکانیان دەکەن. بەشێکیش لە قوتابیان سنووری رێزیان بەزانـدوون لە رووی مامۆستاکانیان هەڵگەڕاونەتـەوە و دەمدرێژی دەکەنە سەریـان.

٤ـ پەروەردەکردنێکی سەقـەت: بە داخەوە کە هەندێ لە دایکان و باوکان، شانازی بە رەفـتاری دوژمنکارانە و کەڵەگایی و زاڵبوونی منداڵەکانیانەوە دەکەن، رەفـتارەکانیان دەخەنە ریزبەنـدی کەڵەمێردی و ئازایەتییەوە.. وای دادەنێن کە منداڵەکانیان دەتوانن ببن بە سەرکـردەی منـداڵانی تر و زاڵـبن بە سەریـان دا. گەر لە قوتابخانەدا تـووشی کێشەیەک بوون، داکۆکی لە رەفـتارە هەڵەکانی منداڵەکانیان دەکەن. هـانیان دەدەن و پیان دەڵێن:”ئـەوەی دەرزییـەکی پیـاکـردن.. ئێـوە ژۆژنـێکی پیـا بکـەن”.
رۆژێ لە دیمانەیەکـدا لە یەکێک لە کەنـاڵە تەلەفـزیۆنەکـانی کوردستان دا، گوێـم لە قسەیەکی سەیـری مامۆستایەکی باخچـەیەکی منـداڵان بـوو، کە وتی:”منـداڵێکی کـوڕ هەموو رۆژێک لە منداڵێکی کچی دەدا، بانگی دایکی کوڕەکەمان کرد و تێمان گەیاند، کەچی دایکی کوڕەکە، زۆر بە ئاساییەوە وتی:”قەیچـیکە با لە ئێستاوە لێی بدا و زاڵبێ بە سەریـدا، ئەو کچە ئامـۆزای خۆیـەتی، بـژێ و بمرێ هـەر بۆ کوڕەکەمە” سەیرە کە دایکێک جیاوازی دەکا و پشتگـیری لە کوڕسالاری و لە ئامـۆزاسالاری و لە ستەم و سەرکوتکرنی کچ ێکی ساوا دەکا، نە کوڕەکەی و نە کچەکەش، نازان کە هاوسەرگیری چییە و داهاتووش چییە، بەو شێوە نادروستە وەڵامی گـلەیی و گازنـدەی مامۆستاکەی دایەوە. بە داخەوە تا ئەمڕۆش ئەم ئەقـڵێتیە کۆنەپەرستی و عەشایرییە ساڕێژ نەبووە.
٥ـ کەمی بڕوا و متمانە بەخۆنەبوونی منـداڵان: گەلێ لە منداڵان کێشەی بڕوا و متمانە بەخۆنـەبوونیان هەیە. یا خۆیان بە کەم دەزانن. ئەمەش بۆ نەزانینی دایکان وباوکان و بۆ پەروەردەکردنی نادروستی منداڵەکانیان دەگەڕێنەوە. لە منداڵییەوە وا منداڵەکانیان رانەهـێناون کە متمانە و بڕوایان بە خۆیـان هـەبێ و بتوانن پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن و خۆیـان رووبەڕووی کێشە و گرفتەکانیان ببنەوە. بۆیـە دەبیـنین هەنـدێ لە منداڵانی مووبەکـار، دەیانەوێ هـێز و توانـای خۆیان دەربخـەن و خۆیان بسەلـمێنن و سەرنجی کەسانی تر بە لای خۆیاندا رابکێشن، گەر لەسەر شانی منداڵانی دیکەش بێ.
٦ـ توندوتیژی خێزانی: نەبوونی خۆشەویستی و رێز و رازیبوون لەناوخێزاندا، یا شەر و هەرا و ناکۆکی و ئاژاوە و ناڕێکی ناو خـێزاندا، کاریگەرییەکی زۆری نەرێنی لەسەر منداڵان هەیە. لە ئەمڕۆ و لە داهاتووشدا رەنگدانەوەی خراپئان دەبێت. لایەکی کەشەوە منداڵەکانیان بە رازی بـوونی (قه‌ناعەتکردن) بە ئەوەی هەیانە رانەهـێناون. بۆ ئەوەی ئیرەیی بە هاوڕیکانیان نەبەن کە لە خۆیان باشتر و داراترن، یا لە قوتابخانەدا ئاستێکی زیرەکی بەرزتریان هەیە و نومرەی بەرزتر بە دەست دەهـێنن. گەر قـوتابییەک ئیرەیی بە قـوتابیەکی هـاوڕێی بـەرێ. لەوانەیە مووبـە بکاتە سەری و ئـازاری جەسـتەیی و دەروونی بدا، بە زارەکی هەستی بڕیندار بکا. بۆ نموونە: کە کچە قوتابییەکی هـاوڕێی، قـژەکەی بۆیە کردووبێ و ستایلـێکی جـوانی بۆ قـژەکەی دانـابێ، ئەم ئیرەیی پێ دەبا و لەوانـەیە مووبە بکاتە سەری و قـژەکەی تێک بدات.
٧ـ لەخۆبـایی بوون: زیادەڕۆیی لە نازپێدانی منداڵ، وای لێدەکات کە لەخۆی بایی بێت و رێز لە هەست و رای جیاوازی کەسانی دیکە نەگرێت. لە قوتابخانەشدا وا هەست دەکات لە هەموو هاوڕێکانی زیاترە و باشترە، پـۆز لێدەدا و مووبە بەسەر هاوڕێکانی دا دەکا، واش رانەهـاتووە، کە گـلەیی و رەخـنە قـبووڵ بکا یا بەخـۆیـدا بچـێتەوە و هەڵەکـانی راست بکاتەوە. دەبێتە (کەسایەتییەکی نـێرگـزی) خۆپـەرستی کەسنەویـست.
٨ـ هۆکاری یارییە ئەلیکـترۆنییەکـان: یا دەتـوانین بڵێـین هۆکـاری شۆڕشی تەکنەلـۆژیا، لە ئەمڕۆدا لە بەشی هەرە زۆری ماڵەکان دا، بێجگە لە تەلەفزیۆنی رەناوڕەنگ چەندین ئامێری مۆدێـرزمی ئەلیکـترۆنی یاریکردنی منـداڵان هـەن. منداڵ هەمیشە حەزدەکا، کە لاسایی پاڵەوانە سەرەکێشە لە توانـابەدەرەکانی ئەو فـیلمانە بکاتەوە، کە خـوویان بە سەیکردنیانەوە گرتوون، فیلمەکانیش بەرنامەداڕێژراون، بە زۆری لەسەر چەمکی سەرکێشی و پشتبەستن بە هـێزی خەیاڵی لەتـوانا بەدەر و سەرکەوتن و زاڵـبوون بەسەر نەیاران دا کۆتاییان دێ. منـداڵان لە رێی نمایش و بینینی، فـیلم و سیدییەکانیان ئەم سەرکێشیانە دەبینن. کە بە زۆری توندوتیژی و شەڕ و زاڵـبوونیان لەخۆگـرتـوون. منداڵان ئەو تونـد و تیژییانە بە هۆیەکی خۆشی و رابواردن دەزانن. بە هەمان شێوە لە قوتابخانەکان دا، لەگەڵ کەسوکار و هاوڕێکانیان دا، لاسایی سەرکێشی و رەفتارەکانی پاڵەوانەکانیان دەکەنەوە.
لێرەدا رۆڵی دایکان و باوکان ئەویە كە چاودێری منداڵەکانیان بکەن و بزانن کە سەیری چی بابەتێک دەکەن، ئەو فیلم و بەرنامانە پەروەردەییانەیان بۆ هەڵبژێرن و دەستنیشان بکەن، کە یارمەتییان دەدەن بۆ راستکردنەوەی هەڵەکانیان و بۆ چاندنی رەفـتاری جوان و رەوشتی بـەرز و بۆ پەیوەنـدی هـاوڕێتی و دڵـسۆزی، بۆ هـاوکاری چاکەخـوازی.
٩ـ مووبەکاران منـداڵانی لاواز هەڵـدەبـژێرن: مووبەکاران بە زۆری مووبە دەکەنە سەر ئەو منداڵانەی کە لە خۆیان لە رووی جەستەیی و دەروونییەوە لاوازتـر و بێ هـێزترن. دەرەقـەتیان نایەن و توانـای رووبەڕووبوونەوە و بەرگری کـردن لە خۆیان نییە.
بۆیە پێویستە منداڵ فێری زمانی جەستە ببێ، کە فاکتەرێکی گرنگە لە گوزارشتکردن لە بڕوا و متمانە بەخۆبوونی منداڵ. چونکە متمانە بەخۆبوون قەڵغانێکە، کە خاوەنەکەی لە گرفت و بەسەرهاتەکانی رۆژگار دەپارێـزێت. پێـویستە منداڵەکـانتان وا فـێربکەن، کە لەبەردەم نەیاران و مووبەکاران دا، سەریان دانەگرن و شانیان شۆڕنەکەن و گـز و مات نەبـن.. بێ ترس و بێ چەکەرەکردن لێیان، چاویان بـبڕنە ناو چاوەکانی مووبەکەران و وا خۆیان پێشان نەدەن، کە داماو و بێ دەسەڵاتن و بێ هـێزن و هـیچـیان لەدەست نایا.
پێویستە ئەوەش بزانین، کە مووبەکاران خۆشیان، بەزۆری قـوربانیی مووبەکـردنن، بە منداڵی مووبەکراوتە سەریان و تونـدوتیـژیان بەرانبەرکردوون و ئـازاری جەسـتەیی و دەروونیان چـێشتوون. لەبەر ئەوەی کە هیچ چارەسەرێکیان بۆ نەکـردوون، لەوانەیە ئەو ستەمەی لێیان کراوە، بووبێ بە بیرەوەرییەکی تاڵ و بە گرێ کوێرەی دەروونییان. دەیانەوێ تۆڵـەی خۆیان بکەنەوە و داخی دڵی خۆیـان بە کەسانـێکی بێ تـاوان و بێ دەسـەڵات بـڕێـژن.
نیشانەکانی قوتـابی مووبەلـێکـراو:
دایکان و باوکان و مامۆستاکان، لە ماڵەوە و لە قوتابخانەدا، دەتوانن بە وردی تێبینی ئەو گۆڕانکارییە نائاساییانە بکەن، کە لە رەفـتار و رەوشتی قوتابییەکانیان دا سەریان هەڵـداون و دەرکەوتوون. سەرەرای دەرکەوتنی هەنـدێ لە نیشانەکان، کە بەڵگەن و ئەوە دەگەیەنن، کە منداڵەکەیان یا قوتابییەکەیان، مووبەی لێکراوە و بۆتە قوربانی ئەم دیاردە نەخوازراوە. بە کورتی ئەمانە هەنـدێکن لە نیشانەکانی منـداڵی مووبەلـێکراو.
١ـ دابەزیـنی ئاستی خـوێنـدن و ئاکادیمی قـوتابی مووبەلـێکراو، هـاتنە خوارەوەی نومرەکانی، کەم کۆشش کردنی، بە باشی جـێبەجـێنەکردنی ئەرکەکانی قوتابخانەی.
لە لێکۆڵینەوەیەکی پراکتیکی دا، کە زانکۆی (فـه‌رجـینـیا)ی ئەمریکی ئەنجامی داوە، بۆیان دەرکەوت، کە ئەو منداڵانەی لە قوتابخانەیەکدا کە ژینگەیەکی سەختی توندوتیژی تێـدایە، لە تاقـیکردنەوە گشتیـیەکان دا، نومرەی نـزمتر بە دەستـدەهـێنن، بەراورد بەو منداڵانەی کە لە قوتابخانەیەکـدان بەرنامەی دژە مـووبەکـردنیان هـەیە.
٢ـ ئارەزووی تەنیایی و گۆشەگیری و تەریکی و تێکەڵ نەبوون دەکا، لە هاوڕێکانی و کەسوکاری، لە ماڵەوە و قوتابخانەدا، لێـیان دوور دەکەوێتەوە.
٣ـ متمانە و بڕوای بە خۆی و بە هەموو ئەوانەشی کە لەدەوروبەری دان نەمـاوە.
٤ـ گەر مووبەکردنە بۆ سەری، جەستەیی بـووبێ، شوێنی لێدان بە جەستەیەوە دیارە. وەکو: شینبوونەوە، سووربوونەوە، ئاوسان، رووشاندن و برین لەسەر دەموچاوی یا لەسەر دەستەکانی دیـارن و بەڵـگەن بۆ ئەوەی کە لـێیان داوە.
٥ـ ئارەزووی خواردن ناکا و نایاتە سەرخوانی نانخواردن، کـێشیشی دابەزیـوە.
٦ـ بێزاری پێوە دیارە، رووگەشی و رووخۆشی و خۆشی و خەنـدە و پێکەنینی نەماوە.
هەناسەی قووڵ هەڵـدەکێشێ، هەست بەوە دەکرێ کە کێشە و گرفتێکی دەروونی هەیە.
٧ـ کەرەستە و پێداویستییەکانی و شتەکانی قوتابخانە و بابەتەکـانی یاری پێکـردنەکانی ونـدەبن و زۆر جاریش پارەکـانی دیارنامێنن.
٨ـ بەشداریی لە چالاکییەکانی قوتابخانەدا ناکا، حەزیش ناکـا بـچێ بۆ قـوتابخـانە.
٩ـ بایـەخ بە رووخـساری و بە خۆجوانکـردن و بە رێکـوپێکی جلوبەرگەکانی نــادا.
١٠ـ تووشی خەوزڕان و کەمخەوی و خەونبینی ناخۆش و راچلەکان بووە، دیـۆ و درنج و مێردەزمە و دەعبای ئەفسانەیی ترسناک دێنە بەرچاوی و لە خەو رادەچەنێ.
١١ـ هەمیشە دەترسێت کە بە تەنیا بچـێت بۆ قوتابخانە و بە تەنیا بگەڕێـتەوە بۆ ماڵ.
١٢ـ زۆر لە قوتابخانە دوادەکەوێ یا ناچێ، درۆ و بیانـووی هەڵـبەستراو بۆ نەچوونی بۆ قوتابخانە دەهـێنـێتەوە، حەزیش ناکا باسی خوێنـدن و قوتابخانەی لێ بپـرسن.
١٣ـ لە سیمایدا، دەردەکەوێ کە ترسێکی بێپاساوی هەیە و گرفـتێکی گەورەشی هەیە.
١٤ـ تووڕە و توندوتیژە و زۆر دەگـری، خوو و رەفارەکانیشی گۆڕاون و ئاسایی نین.
١٥ـ زۆر جاریش لە ئەنجامی ترس و دڵەڕاوکێ دا، بە خۆنەویستی میـز بە خۆیدا دەکا.
١٦ـ کە لە پـڕێکـدا نامەیەک بۆ تەلەفـۆنەکەی یا ئیمایلـەکەی بێ، تێکـدەچـێ، لەوە دەترسێ، کە مووبەکاران هەڕەشەیان لێکردووبی یا قسەی ناشیرینیان بۆ نووسیـبێ. ئەمە بەڵگەیە بۆ ئەوەی، کە منداڵەکەتـان مووبـەی ئەلـیکرۆنی دەکـرێتە سەری.
١٧ـ دووچاری خەمۆکی و کەم دوویی بووە، زیاد لە پێویست هەست بە خەمباری دەکا.
١٨ـ ئارەزووی گوێگـرتنی لە موزیک و گۆرانی نییە و سەیـری تەلەفـزیـۆنیش ناکا. زۆریش داڵغـە لێدەدا و خەیـاڵ دەیبـاتەوە.
١٩ـ لە کاتی قسەکردن و گفتوگـۆدا، بە تووڕەیی و گرژییەوە لەگەڵ بەرانبەرەکەی دا قسەدەکا. زووش قسەکانی دەبـڕێتـەوە.
٢٠ـ بیر لە تۆڵەکردنەوە لەو قـوتابییە یا ئەو قـوتابییانە دەکـاتەوە، کە مووبەیـان کردۆنەتە سەری و هـۆکاری ئازارکێشانەکەین. گەر توانای تۆڵەکردنەوەشی نەبێ و کەسوکاری بە کێشەکەی نەزانن و بە زوویی چارەسەری پێویستی کێشەکەی نەکەن. دەشێ لەوە زیاتر بەرگەی ئازارە دەروونییەکەی نەگرێ و بیر لە خۆکوشتن بکاتەوە.
جارەسەرییەکـانی مووبەکـردن:
بۆ پارستنی منداڵەکانتان لە مووبەکردن، یا بۆ ئەوەی کە نەبنە مووبەکار، بە کورتی باس لە هەنـدێ خـاڵی گـرنگ دەکەین، کە یارمەتیـدەرن بۆ دایکـان و باوکـان و بۆ مامۆستاکان، بۆ لەنـاوبـردن و چارەسەرکردنی دیاردەی مووبەکـردنی نەخـوازراو:
١ـ پەروەردەکردنی منداڵان لە دۆخـێکی سروشتی و تەندروستی دوور لە توندوتیژی. گۆشکردنیان بە رێـز و سۆزداری و خۆشەویستی و دڵسۆزی و لێبووردن و بەخشین.
٢ـ شیرینکردنی متمانە بەخۆبوونی منداڵەکانتان و هاندانیان بۆ شانازیکردن بە هـێز و توانیان و رێزگرتن لە کەسایەتییان. هەرگیزیش خۆیان بە کەم و بێ دەسەڵات نەزانن.
٣ـ دروستکردنی پەیـوەندی هـاوڕێتی لە ناو خێزان دا، لە کەش و هەوایەکی خـێزانی هـێمن و ئـارام و تەبـا دا، کە رێـز و خۆشەویستی و دڵسۆزی هەموویان کۆبکاتەوە.
٤ـ هانـدانی منداڵەکانتان بۆ وەرزشکـردن و راهـێنان، بە تایبەتیش وەرزشی بەرگری لەخۆکردن، وەک وەرزشی (تایكـوانـدۆ) و تەکنیکەکانی بۆ بەهـێزکردنی جەستە و بۆ فـێربوونی هـونەری بەرگریکردن.. بەمەش ناترسن و متمانەی رووبەڕووبوونەوە و سەرکەوتنیان بەسەر لایەنی شەڕفـرۆشی بەرانبەر پێ دەبەخـشن.. پێویستە ئەوەش بزانن کە ئامانج تەنیا بەرگری و خۆپاراستنە. نەک خۆدەرخستن و لەخۆدەرچوون و شەڕخوازی و دوژمنایەتیکردن و زاڵـبوون . بڕواشتان بەم قسە نەستەقە هەبێ کە:
(هـوشی ته‌نـدروسـت.. له‌ گـیانی ته‌نـدروسـت دایـه‌).
٥ـ پێویستە هەر لە منداڵییەوە چاودێری رەفتار و هەڵسوکەوتەکانی منداڵەکانتان بکەن.
٦ـ پێویستە قوتابخانەکان پشتگـیری یەکەمی منـداڵان بن، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووبەکردن، پێش ئەوەی کە ببێتە کێشەیەکی دەروونی لە لای هەردوو لایان، مووبەکار و مووبەلێکراو.. بە بەڕنامەڕێژی چارەسەری دیاردەی مووبەکردن بکەن و نەیهـێڵـن. ئەم کارەش بە رابـەری کۆمەڵایەتی و بە پسپۆری دەروونناسی منداڵان لە قوتابخانەدا بسپێرن. بۆ چارەسەری دەروونی مووبەکار و مووبەلێکراو. یارمەتییان بدەن بۆ متمانە بەخۆبوونیان و بۆ راستکردنەوەی هەڵەکانیان و ساڕێژکردنی ئازارە دەروونییەکانیان.
توێژێنەری ئەمریکی (گـاری لیـد) پسپۆر لە دەروونناسی دا و سەردەستەی دەستەیەکی لێکـۆڵەوەر لە زانکۆی (ئیریـزۆنا) ی ئەمریکی دەڵێ:” مامۆستاکان و دایکان و باوکان و بەڕێوەبەرەکانی قوتابخانەکان و هەموو ئەوانەی کە پەیوەنـدییان بە منـداڵەوە هەیە، لەو تەمەنەوە کە دەچێتە قوتابخانە، پێویستە هەموویان زیانەکانی مووبەکردن بزانن”
٧ـ بە باشی تێبـینی یەکێک لە نیشانەکانی دەسترێـژیی مووبەکـردنی جەستەیی سەر منداڵەکەتان بکەن. بە هـێمنی و ئارامی و گفتوگۆ و قسەی خۆش و نەرم لەگەڵ منداڵە مووبەڵێکراوەکەتان بدوێن، تا بەبێ ترس کێشەکەی و راستییەکانیتان بۆ باس بکا.
٨ـ راوێژ بە پزیشکی پسپۆری دەروونناسی منداڵان بکەن و کێشەی منداڵەکەتانی بۆ باس بکـەن، بۆ دانـانی چارەسەر و چۆنییەتئ رزگـارکردنی لەو کێشەیەی کە پێوەی دەناڵێـنێ. تا چارەسەربکـرێ و ئاسایی ببـێـتەوە.
٩ـ پێویستە دایکان و باوکانی منداڵانی مووبەکاران، پاساو بۆ مووبەکردنی منداڵەکانیان نەهـێننەوە و پاکانە بۆ کردار و رەفتارە بەد و ناشیرین و ناپەسەند و بۆ شەڕخوازی و دۆژمنکارییەکـانیان نەکەن، بە تایبەتیش لە بەردەم مامۆستایان و هـاوڕێکانیان دا.
١٠ـ پێویستە بە باشی کۆنترۆڵی ئەو بابەتانە بکەن، کە منداڵەکانتان لە تەلەفـزیۆن و ئینتەرنێت و ئایاپاد دا سەیریان دەکەن. بە تایبەتیش ئەو بابەتانەی کە دەبنە هۆکاری دروستبوونی توندوتیژی و شەڕانگێزی و مووبەکردن و زاڵبوون بەسەر منداڵانی تردا.
١١ـ داوا لە منداڵەکانتان بکەن گاڵـتە بە هاوڕێکانیان نەکەن، ئیرەیی بەکەسیان نەبەن، هیچ کەسێکیان بە کەم نەزانن. هەمیشەش لەگەڵ باشە و خێرخوازی و هـاوڕێتی دابن. هەرگیزیش بە چاوێکی کەمتر لە هاوڕی خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکانیان نەڕوانن.
١٢ـ پێویستە قوتابخانەکان، هەر وەکو چۆن ساڵانە پشکنینی مەودای بینینی چاوەکان و رادەی بیستنی گوێیەکان بۆ قوتابییەکانیان دەکەن.. هەر بەم شێوەیەش ساڵانە پشکنینی دەروونی و دەماری بۆ دۆخی دەروونی قوتابییەکانیان بکەن.. پێویستە ئەوەش بزانن، کە تەندروستی دەروونی بۆ منداڵان بە تەواوی وەکو تەندروستی جەستەیی پێـویستە. نەخۆشییە دەروونییەکانی منداڵان لە ئەنجامی لە رێ دەرچوون و چارەسەرنەکردنیان دەبنە نەخۆشیەکی درێژخـایەنی هەمیشەیی.. گەر لە سەرەتـاوە دەستـنیشان بکرێـن، چارەسەرکردن و لەناوبـردنیان ئاسـانە.
١٣ـ پێویستە قوتابخانە، لە ناو گۆڕەپانی قوتابخانە و کاتی یاریکردن، لە ناو پۆلەکانی خوێنـدن دا، بە وردی چاودێـری هەڵسوکەوت و رەفـتارەکانی قـوتابییەکانیان بکەن.
١٤ـ پێویستە لە زۆربەی قوتابخانەکان دا (رێنمایـیكـاری دەروونی و پەروەردەیی) و (رابـەری کۆمەڵایـەتی و چاکـسازی) شارەزا و پسـپۆر هـەبن. بۆ چارەسەرکـردنی کێشەکانی دیاردەی مووبەکردن و شەڕانگـێزی و کێشە دەروونییەکانی قـوتابییەکان.
بەرنامەی (ئەلـۆیس) بۆ لەناوبـردنی مووبەکردن:
بەرنامەی (ئه‌لـۆیس) کە لە لایەن زانای دەروونناسی نەرویـجی (دان ئەلـۆیس) ەوە دانراوە، ئامانجی ئەم بەرنامەیە لەناوبـردنی مووبەکردن و یارمەتیـدانی منداڵانە بۆ ئەوەی کە بە شێوەیەکی باشتر بژین، واش لە ژینگەی قـوتابخانە بکرێت کە زیـاتر ئەرێنی بێت.
بەرنامەی ئەلـۆیس لە زیاتر لە (١٢) وڵات لە جیهان دا بەکارهـێنرا، لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان دەرخـست، کە دۆخەکـانی مووبەکـردن لەو قوتابخانانەی کە لە ماوەی دوو ساڵدا، ئەم بەرنامەیەیان تێیاندا جێبەجێکـردن، مووبەکـردن بە رێـژەی لە (٥٠%) پاشەکشەی کرد. گرنگـترین بەشیش لەبەرنامەی ئەلۆیس، بریتییە لە هاندانی گەواهی ئەو گەواهدەرانە یا (زۆرینەی گرنگ) لەو قوتابیانەی کە دووچاری مووبەکرن نەبوون و مووبەشەیان بەسەر کەسەدا نەکردبوون. ئەم بەرنامەیەش لە ماوەی چەند ساڵێکـدا بە کرداری دەکرێت و وەستانیش دەکەوێتە نێوان ساڵەکانی کارەکەوە، بۆ هەڵسەنگاندنی دەرئەنجامەکـانی و بۆ پێـوانی رادەی کارتێکـردنی لە کەمکـردنەوە و بڵاوبـوونـەوەی دیـاردەی مووبەکـردن و وشکـردنی سەخـتی شوێنەوارەکـانی.
بۆ ئەوەی بەرنامەی چارەسەرکـردن کاریگەربێ، پێویستە ئەم کـارانە بگـرێتەوە:
١ـ هـۆشیارکـردنی مامۆستایان و دایکـان و باوکـان و قوتانییەکـان، کە مووبەکـردن چییە و مەتـرسییەکـانی چـین.
٢ـ بەشداریکردنی کۆمەڵگەی شارستانی و هاوبەشەکان و دامەزراوەییەکانی قوتابخانە لە رووبەرووبوونەوە و لەناوبـردنی ئەم دیـاردەیە.
٣ـ پەروەردەکردن لەسەر هاوڵاتی بوون و رەوشتی شارستانی، بخـرێنە پرۆگرامەکانی خوێنـدنەوە.
٤ـ بە تونـدی چاودێـری کردن و وریایی پەروەردەیی بۆ بە زوویی دەستنیشانکـردنی دۆخەکـانی مووبـەکـردن.
٥ـ بە هـاوبەشی لەگەڵ پسپۆرانی دەروونناسی دا، بەرنامەیەکی چارسەرکـردنی تۆکمە بۆ مووبەکـردن دابنـرێ.
٦ـ دانانی بڕۆنـامەیەک بۆ کارکـردن، کە تێیدا مافـەکان و ئەرکەکانی هەموو لایەنەکـان روون بکاتەوە بە شێوەی پەیوەندبـوونی پێوست کە هەمووان پـابەندبن بە بڕوانامەکە، هەمووانیش بەشـداری لە داڕشتنـی دا بکـەن و واژۆی لەسەر بکـەن.
٧ـ دانانی چـالاکی هاـوسەنگ، کە گـرنگی بە گەشەکردنی متمانە بەخـۆبوون بـدات و جەخـت لەسەر رێـزگـرتن لە خـوود بکا.
٨ـ هانـدانی قوربانیان (مووبه‌لـێكـراوان) بۆ بەردەوامی پەیـوەنـدی کردنیان لەگەڵ پسپۆران دا، کـاتێ کە مووبـە دەکـرێتە سەریـان.
٩ـ ورووژاندی گفـتوگو لە پۆلـدا و قۆستـنەوەی یارکردنی پیـداگـۆجی (په‌روه‌رده‌یی) لە میانەی رۆڵی قـوربانی کە مووبەکـار ئەم رۆڵە ببینێت، تا لە هەڵوێستی مووبەکردن دا، هەست بە هەستی خـۆی بکـات.
بە داخەوە کە رۆڵی هەنـدێ لە دایکان و باوکان، وەکو رۆڵی پۆلـیسی لێهاتـووە. تەنها زمانی فـرمان دەزانن (بخوێنه‌، بنووسە، بخـۆ، خوت بشۆ، بـڕۆ بخه‌وه‌، زوو هـەڵسە، وا بکە، وا مەکە،… هتد) بێ ئەوەی ئەوە بزانن، کە هەندێ لە منداڵەکـنیان لە گرفت و کێشەیەکی ئەوتـۆی مەترسیداردان، کە هـەڕەشە لە هـەموو ژیانیـان دەکەن.
وەکو دەڵێن هەمیشە (پاراسـتن باشـترە.. لە چـارەسەرکـرن) پێویستە دایکان و باوکان و مامۆستاکان بە جـدی لە مەتـرسییەکانی دیـاردەی مووبەکـردن و کەڵەگـایی و شەڕانگـێزی تێـبگەن و لەبەرچاوی بگـرن. بەر لە چارەسەرکردنیاـن، پێـویستە بە وردی پشکـنین بۆ دۆخەکانی بکـرێن، ئینجا بەپێی ستراتـیژییەتێکی روون، پـلان و بەرنامە بۆ چارەسەرکردنیان دابنـێرن. خۆزەگەش ئەم ستراتیژییە، سیمای پرۆژەیەکی پەروەردەیی تەواو لەخـۆبگـرێت، بۆ چارەسە و لەناوبردنی دیاردەی مووبەکـردن لە قوتابخانەکان دا، لە هەمـوو روویـەکەوە.
پێویستییەکی زۆریشمان بەوە هەیە، کە پـردێکی پەیـوەنـدی بەهـێز، لە نێـوان مـاڵ و قوتابخانە و دامەزراوە جیاوازە پەروەردەییەکان دا بنیادبنێین لە پێناوی جارەسەرکردنی ئەم دیاردە هەستیار و کارتیکەرە، لە ژیانی ئەمـڕۆ و داهاتووی زانیاری و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و کەسایەتی منداڵان دا. ئەمەش ئەرکێکی پێویست و بەرپرسیارێتـیەکی چارەنـووسازە.. بە پلەی یەکەم لە ئەسـتـۆی دایکـان و باوکـان و ماوستاکـان دایـە.
رەزا شوان
نەرویج: ١٠/ یۆلیۆ/ ٢٠٢٠
r.shwan@hotmail.com
(*) تا رادەیەک سـوودم لەم سەرچـاوانە وەرگـرتـوون:
١ـ ماهي ظاهـرة التـنمر ، سـناء الدویکـات ، ٢٠١٩ ، موقع : موضـوع.
٢ـ ماهـو معـنی التـنمر ، راغـب ناصـر ، ٢٠١٩ ، موقع : موضـوع.
٣ـ ماهـو التنمر المدرسي؟ غـدیـر شمس الـدین ، ٢٠١٩، موقع : موضـوع.
٥ـ ظـاهرة التـنمر علی الاطفـال ، هـیـفاء عـطـار ، ٢٠١٦ ، موقع : العـرب.
٦ـ آثـار التـنمر علی الاطفـال ، سـلام سـمور.
٧ـ ظاهـرة التـنمر المدرسي ، دکتـور: عـبدالقـوي القـدسي.
٨ـ ماهـو التـنمر المدرسي ، الحـسین اوبـاري ، ٢٠١٩ ، موقع : المنـال.
٩ـ آثـار التـنمر علی الصحة النفـسیة للاطفـال ، احمـد صالح ، ٢٠١٨، موقع : مقـال.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …