سێ شه‌ممه‌ 26 ئازار 2024

کۆمەڵە، کۆڵەکەی بەھێزی پێشکەوتنخوازیی لە کوردستان⁄ فیروز مامۆیی

لە ماوەی چەند دەیەی رابردوو بە ھاتنی کۆمەڵە وەک ھێزێکی پێشکەوتنخوازی چەپ و سۆسیالیست بۆ نێو گۆڕەپانی خەبات لە دژی داگیرکاریی لە رۆژھەڵاتی کوردستان، چەندایەتی و چۆنایەتی ئەو خەباتە بۆ دەستەبەرکردنی مافە چینایەتی، کۆمەڵایەتی و نەتەوایەتیەکانی ئەم پارچەیە لە کوردستان چووە ئاستێکی زۆر بەرز و بەنرخەوە.

کۆمەڵە بە ھێنانە ئارای دیسکۆرس و گوتارێکی نوێ و جیاواز لەو گوتارە کۆن و کلاسیکەی کە تا ئەو کات لە لایەن ھەندێک کەسایەتی ئاینی و فێئۆدال و خاون عەشیرەتەوە رێبەریی دەکرا و کوردستانیان بە بەشێک لە مڵکە فێئۆدالیەکەی خۆیان پێناسە دەکرد، بوو بە جڵەوداری بەشێکی بەرچاو لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و زانستی سیاسی و بەشداریی سیاسی کرد بە ئەمرێکی گشتی و بردیە نێو ھەموو ماڵێکی خەڵکی ھەژار و چەوساوەی شار و لادێی رۆژھەڵات و لە نێو مووچە و مەزرای جووتیاران و لە نێو ھەموو کارگەکان و لەگەڵ ھەموو ژنان و کچانی غەدر لێکراو و ھەروەھا رووناکبیران و خوێندکاران و خەڵکی لێزان و لێھاتوو دابەشی کرد و بە دێسانتراڵیزە کردنی ھێزی سیاسی_کۆمەڵایەتی لە خوارەوە بۆ سەرەوەی کۆمەڵگا، ئەو ھەلەی بۆ بڕیاردانی کۆمەڵانی خەڵک لە پرسە چارەنووس سازەکانی ژیانی سیاسی_کۆمەڵایەتی خۆیان، لەبار و ھەموار کرد.
ئەم پێشڕەویە خێرا و بەرین و بەرچاوەی کۆمەڵە ھەر لە سەرەتاوە وایکرد کە، ھێزە بناژۆخوازەکانی نێو کۆمەڵگای کوردستانیش لە ترسی قوەت گرتنی زیاتری کۆمەڵە لەبەیک بێژان بە پیری دێوزمەکەی تارانەوە بڕۆن و خۆیان لەگەڵ ئەو بەرە کۆنەپەرستە زیاتر پێناسە بکەن کە لە ھەوڵی دواکەوتوو راگرتنی خەڵک و کۆمەڵگای کوردستان بوو و بۆ ئەم مەبەستە نگریس و دوژمنکارانەیەش بە ھەموو ھێز و توانای خۆیانەوە، لە چوارچێوەی گرووپ و حزبی جۆراوجۆری ئایینی و بورژوا ناسیۆنالیستدا دژی کۆمەڵە سەنگەریان گرت و وێڕای ئەوەیکە تۆمەتی ناڕەوای شەڕئەنگێزی و توندڕەوییان خستە پاڵ کۆمەڵە، ھەوڵیاندا کە ئیسلامی سیاسی و لق و پۆپەکانی لەوانە موفتیزادە و سپای رزگاری بکەنە ئاڵترناتیڤی بەربەرەکانێ و بەگژدانەوەی کۆمەڵەدا و ئەم ھەڵوێستە ناحەزە تا ئەمڕۆکەش بە شێوازێکی ناوبەناو و نھێنی و ئاشکرا درێژەی ھەیە و ھێشتا رێبەرانیان ئاخ و داخ ھەڵدەکێشن کە بۆچی ھێزە ئایینیە دواکەوتووەکان لە کوردستان لە لایەن کۆمەڵەوە پاشەکشێیان پێ کرا و نەیانتوانی سەرنجی خەڵک بۆ لای خۆیان رابکێشن و بەرەو پەراوێز پاڵیان پێوە نرا و بەشێکیان بە تەواوەتی رەوانەی مێژوو کران.
ھەروەھا بە بەردەوامی و لە ماوەی رابردووشدا بە چڕی لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و لە دام و دەزگای پڕوپاگەندەی خۆیان لە ھەر مەجالێک بۆ ھەڵکوتانە سەر ئامانج و بیروباوەڕی چەپ و پێشکەوتنخوازانە کە بەرچاوڕوونی و توانا و تەوژمێکی تایبەتی بەخشیە جووڵانەوەی کوردستان، کەڵک وەردەگرن.
لە راستیدا سەرھەڵدانی کۆمەڵە لە کوردستان بووە ھۆی شۆڕشێکی سیاسی، کلتووریی، کۆمەڵایەتی و مافخوازانە کە تا ئەو کات زۆرینەی کۆمەڵگای کوردستان لەگەڵ ئەم مێتۆدە پێشڕەو و پێشکەوتووە نامۆ بوو و ھەر ئەمەش وایکردبوو کە ھێزە بناژۆخواز و دواکەوتووەکان لە کوردستان ھەست بە مەترسی بکەن، تا نەکوا کۆمەڵە بەم نوێگەریی و نوێخوازیەی خۆی جێگا پێ بەوان لێژ بکات و ئیتر مەجالی ئەوەیان بۆ نەمێنێتەوە کە بە کەیفی خۆیان سات و سەودا و سازش لەسەر مافەکانی گەلی کورد بکەن و ھەستی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان بکەنە قوربانیی زاتی زەلیل و تەسلیم بووی خۆیان کە، دواکەوتنی دەستەبەریی مافەکانی خەڵکی کوردستان تا ئێستاکە و بە ماوەی سێ چارەکە سەدە، بەرھەمی ئەو تەسلیم بوون و داڕمانە سیاسیەی ئەوانە.
کۆمەڵە ھەر لە سەرەتای دەسپێکی خەباتی خۆیەوە ھەڵقوڵاوی ناو دڵی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان بوو و لە سەر ئیرادەی بەھێزی چینی چەوساوەی ئەم کۆمەڵگایە سەریھەڵدا و وێڕای ئەوەیکە تەنانەت بوو بە پشت و پەنای نایارانی کۆماری ئیسلامی کە لە باقی ناوچەکانی ئێرانەوە روویان لە مەتەرێزی خەباتی شۆڕشگێڕانەی کوردستان کردبوو، ھیچ کات لە لایەن ھیچ ھێز و لایەنێکی دەرەکیەوە پشتگیری نەدەکرا و ئیزنی نەدا وەکوو ئەوانەی کە بلووکی رۆژھەڵات و ھێزە ئەکتەرەکانی نەوچەکە بەرچاوڕوونی و پارەیان پێ دەدەن، بکەویتە ناو گەمەی سیاسی ئەم ھێز و ئەو ھێز. بەڵام تەنیا پشت و پەنای کۆمەڵە و پێشمەرگە قارەمانەکانی، خەڵکی کوردستان و دۆڵ و چیا سەرکەشەکانی ئەم وڵاتە بوون و لە کاتی رژیمی لەنێوچووی بەعسی عێراقیش، کۆمەڵە بەھۆی ھەڵوێست نواندی رادیکاڵ بەرانبەر بەو رژیمە و پاڵپشتی کردن لە بزووتنەوەی رەوای خەڵکی باشووری کوردستان، چەندین جار کەوتە بەر پەلامار و کۆمەڵکوژیی.
ئەمەش لەحاڵێکدایە کە کۆمەڵە نە تەنیا لە لایەن کۆماری ئیسلامی و رەوتە چەقبەستووەکانی کوردستانەوە پیلانی بۆ دادەڕێژرا و شەڕی پێ دەفرۆشرا و قوربانیەکی زۆری لە بەرانبەر داگیرکاریی دەرەکی ھێزە بەرھەڵەستکارەکانیگ ەلی کورد و پاوانخوازی ھێزە دوگماتیزمەکانی ناوخۆی کوردستان دەدا، بەڵکوو لە لایەن ئەو کەسانەشەوە کە حزبی کۆمۆنیستی بۆ دروست کردبوون و کردبوونی بە خاوەن پلە و پایە و ھێزی بڕیاردەر لە ساحەی سیاسیدا، بەرەوڕووی پیلانی زۆر قیزەونانە و تێکدەرانە بوویەوە و بەم بۆنەشەوە ھێزێکی زۆری مادی و مەعنەوی بە فیڕۆ چوو.

کۆمەڵە ھەر لە سەرەتاوە ھەوڵی ئەوە بوو کە نەھێڵێت ئاستی خواست و داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان لە لایەن ھەلپەرستانەوە دابەزێت و بەلاڕێدا بڕوات و ئەم بابەتەش بە ھەڵە بە نیشانەی شەڕئەنگێزی و لە ھەمان کاتدا کەمتەرخەمی بەرانبەر بە مافە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان پێناسەی بۆ کرا و لە ماوەی ساڵانی رابردووشدا کۆمەڵە لە نێو ھێزە سیاسیەکانی کوردستاندا تەنیا لەبەر ئەوەیکە بزووتنەوەکە زیاتر لەمەی کە ھەیە پەرەم پەرەم و ئاڵۆزتر نەبێت و بتوانرێت تۆزێک لە قورسایی ئەم نسکۆیەی کە بەسەر بزووتنەوەی کوردستاندا سەپاوە کەم بکاتەوە، ھەوڵی داوە ھەندێک لە ھێزە سیاسیەکان لە دەوری پڕۆژەیەک کۆ بکاتەوە و ھەر بەم بۆنەشەوە باجێکی زۆری داوە و تا ئاستێکی زۆر لە خواستەکانی خۆی کشاوەتە خوارەوە و ئەمەش وایکردووە کە ناحەزانی کۆمەڵە و ھێزە بورژوا و کۆنەپەرستەکان کە بەردەوام خەریکی مل کز کردن و سەر شۆڕ کردن بۆ نووسینی راگەیاندن سەبارەت بە بۆنە دوەکەوتووانە ئایینیەکانن، خراپ لە بابەتەکە حاڵی ببن و تانەی بادانەوە و داکشان بۆ لای مافە نەتەوەیەکانی خەڵکی کوردستان بدەن لە کۆمەڵە و بڵێن گوایە کۆمەڵە بەرانبەر بە خواستەکانی خەڵکی کوردستان کەمتەرخەم بووە، بەڵام بۆ ھەموو خەڵکی کوردستان روون و ئاشکرایە کە کۆمەڵە بە بەردەوامی باسی لە مافی چارەی خۆنووسین تا ئاستی سەربەخۆیی بۆ خەڵکی کوردستان کردووە و ئەمەش بە لووتکەی رادیکاڵیزمی سیاسی بۆ بڕیاردان لە سەر مافەکانی نەتەوەیەکی بندەست دێتە ئەژمار.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …