هه‌ینی 4 تشرینی یه‌كه‌م 2024

هۆکاری ئەوەی کە خەڵک بە کۆمەڵ نایەنە سەر شەقام ⁄ زانیار عەزیزنژاد

ھەموو ڕێگاکانی خۆپیشاندانی سەراسەری لە ئێران و بە تایبەت لە ساڵی ٩٨دا گونجاون. زەختی دەرەکیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، هاوکاری نەکردنی ئورووپا لەگەڵ ئێران و نەبوونی متمانەی تەواوی حکوومەت بە چین و ڕووسیە لە کاتی پێویستدا، قەیرانی بازرگانی وەکوو چوونە سەرەوەی نرخی کەلوپەل و قەیرانی کار، قەیرانی کۆمەڵایەتی وەکوو تووشبوون بە مادە هۆشبەرەکان، مناڵانی کار و بێ‌هەڵوێستی، چوونەسەرەوەی بێ‌باوەڕی لە نێوخۆی حکوومەتدا، تەقینەوەی ناڕەزایەتیی گشتی، بێ‌هیوایی کۆمەڵگە لە باشبوونی بارودۆخ، کۆچی بەکۆمەڵی خەڵک بۆ دەرەوەی وڵات، سەرکوتی خەڵک لەلایەن حکوومەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هیچ نیشانەیەکی ناڕەزایەتیی سەرتاسەری بەدی ناکرێ.

بۆچی لە وڵاتانی ئورووپای ڕۆژهەڵاتدا کۆمەڵێکی چەند هەزار کەسی دێنە سەرشەقام و بە خۆپیشاندانەکانیان حکوومەتەکان لەسەر کار لا دەبەن؟ لەبەر ئەوەی کە ئیرادەی سەرکوتیان بەهێز نییە، بەڵام لە ئێران ئەو ئیرادەیە زۆر بەهێزە و خەڵک باش دەزانن کە کاربەدەستانی ڕێژیم وا بە ئاسانی دەست لە کار ناکێشنەوە و، هەر لەبەر ئەو هۆکارەش پێویستە بە میلیۆن خەڵک بێنە سەر شەقام و لە شەقام بمێننەوە هەتاکوو حکوومەت پاشەکشە دەکا و لەسەر دەسەڵات لادەچێ. لە بارودۆخێکی واشدا تەنانەت دەست و پێوەندییەکانی لە وڵاتانی دەرەوەش ناتوانن کارێک بۆ ڕێژیم بکەن.

بەڵام ئەوەی کە تا ئێستا بۆ خۆپێشاندانی چەند میلیۆنیمان لە ئێران نەدیوە بۆ چەند هۆکار دەگەرێتەوە.

١. باوەڕی چاکسازی لەنێو دەسەڵاتدا:

لایەنی ڕێفۆرم‌خواز متمانەی خۆی لەدەست داوە. تەنیا ویستی ئەوان ئەوەیە کە دەسەڵات بەبێ هیچ چاوەڕانییەک هێزی بەڕێوەبەریی وڵات ڕادەستی ئەوان بکا و، لە لایەکی دیکەشەوە بە پێداهەڵگوتن بە خامنەیی و سەرکردەکانی سپای پاسداران ڕەوتی گۆڕانکاریی وڵات وەپاش دەخەن. ڕێفۆرم‌خوازەکان هیچ باوەڕێکیان بە سیاسەتی شەقام نییە، ئەوان دەیانهەوێ تەنیا خۆیان لە سەرووی گۆڕانکارییەکانەوە بن، دیتمان کە چۆن لە ساڵی ٨٨دا کۆنتڕۆڵیان لە دەست دەرچوو و، بەباشیش دەزانن کە لەگەڵ نەمانی کۆماری ئیسلامی جێیەک بۆ ئەوان نامێنێتەوە و هەر بۆیە هەموو هەوڵیان ڕاگرتنی ئەم سیستمە هەنووکەییەیە بە هەندێک گۆڕانکاریی ڕواڵەتی.

٢. نەبوونی ڕێبەرایەتی و دامەزراوەیەکی مەیدانی:

ڕێبەرایەتییەکی باش کە بتوانێ ڕێکخراوەیەک بەڕێوە ببات لە گرینگترین ئامرازەکانی خۆپیشاندانە. لە خۆپیشاندانەکاندا زۆر جار ڕێبەرەکان لەنێو دڵی کۆمەڵگەوە دەردەکەون، بەڵام هەتا خۆپیشاندانێکی بەرفراوان نەبێ ئەو دیاردەیە دەرناکەوێ. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆر جار دەتوانن کاریگەر بن، بەڵام حکوومەتیش لە هەلومەرجێکی ئاوادا هەوڵ دەدا ئەم ئامرازە بۆ بەهێزکردنی لایەنەکانی خۆی بەکار بێنێ.

هەموو خۆپیشاندانێک بە شێوەیەکی گشتی پێویستی بە ڕێبەرایەتییەک هەیە کە جێ‌متمانەی کۆمەڵانی خەڵک بێ. لێرەشدا بێگومان ئۆپۆزیسیۆنەکان لایەنێکی دیکەن کە دەتوانن بۆ گۆڕانکاریی گشتیی حکوومەت ڕێگەچارە بن. بەڵام حکوومەت لە ماوەی چل ساڵ دەسەڵاتداریی خۆیدا دژبەرانی خۆی لەژێر ناوی ئاژاوەگێڕ و دژەشۆڕشدا سەرکوت کردوە و، هەر لایەنێکی سیاسی دژی ئەوان جوڵابێتەوە بەرەوڕووی توندترین سەرکوت و کوشتن و بڕینەکان بووەتەوە.

٣. چاوەڕوان هێشتنەوە:

بە بڕوای زۆر کەس کەسێکی وەکوو ئیمامی زەمان دێ و ئەوان لەو دۆخەی تێیدان ڕزگار دەکا، ئەمە یەکێک لەو ڕەمزانەیە کە خەڵک لە جاوەڕوانیدا دێڵێتەوە و ئەم کولتوورە پەرە پێدەدا. کۆمەڵانی خەڵک ئەگەر بیانهەوێ گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە شێوازی حکوومەتیدا بکرێ، بە هیچ شێوەیەک نابێ چاوەڕوانی هێزی دەرەکی بن و دەبێ بە پشت بەستن بە هێزی جەماور و ڕێکخستنی خۆیان چوارخان و بناغەی حکوومەت تێک بڕووخێنن. خەڵک دەبێ خۆیان بە بەرپرس بزانن بۆ نووسینی چارەنووسی خۆیان.

٤. بیرکردنەوە لە نەڕووخانی حکوومەت:

ساڵانێکە مەلاکان بە سەرکوتکردنی جەماوەر و هەروەها پێشێل کردنی مافی مرۆڤ، ترس و دڵەڕاوکێ خستنە نێو بنکە زانستییەکان و بەلاڕێدا بردنی بیری ئازادی، هەوڵیان داوە کە خۆیان بسەپێنن و وەها دێوێک لە خۆیان دروست بکەن کە لە بیری گشتیدا بە هیچ شێوەیەک لەنێو ناچن. ئەم شێوە لە خۆنواندنە بۆتە هۆکارێک کە زۆر خەڵک لەو باوەڕەدا بێ کە ئەو حکوومەتە ئاوا بە ئاسانی لە ناڕووخێ.

پچڕانی پێوەندیی نێوان خەڵک و ئۆپۆزیسیۆن و لە لایەکی دیکە جیاوازی خستنە نێوان نەتەوەکانی گەلانی ئێران لە لایەن ڕێژێمەوە، نەبوونی بەرنامەیەکی دیاریکراوی نێوان ئۆپۆزیسیۆنەکان بۆ داهاتووی شێوازی سیاسیی ئێران هەتا ڕادەیەکی زۆر سەری لە کۆمەڵانی خەڵک تێک داوە. هەر بۆیەش پێوەندیی نێوان نەتەوەکان لە بواری سیاسییەوە لاوازە و ناشتوانن لە ڕاپەڕینێکی سەرتاسەریدا وەکوو چاوەڕوان دەکرێ یەکگرتوو بن.

نموونەی زۆر حکوومەتی بەهێزتر لە کۆماری ئیسلامی لە مێژوودا هەن کە لەنێو چوون، دیارە کە سەودا ئابوورییەکانی نێوان دەوڵەتەکان زۆر جار هۆی مانەوە یا نەمانەوەی دەسەڵاتێک بووە. هەرچەند حاشا لەوە ناکرێ کە کۆماری سێدارە هەتا ڕادەیەکی زۆر گرێبەستی ئابووری لەگەڵ وڵاتەکانی دیکە وەکوو چین و ڕووسیە هەیە و هەر ئەوانیش لە کاتی هەستیاردا فریای کەوتوون، بەڵام لەلایەکی دیکەشەوە نابێ لەبیرمان بچێ کە ئەم دەسەڵاتە بەرەوڕووی گەمارۆی ئابووریی زۆر قورس و گرانە و ئەوانەش یارمەتیدەرن بۆ کەم کردنەوەی هێزی کۆماری ئیسلامی.

سەرتاسەری بوونی خۆپیشاندان لە وڵاتێکدا دەتوانێ کاریگەر بێ بۆ بەچۆکدا هێنانی دەسەڵات. هاتنە سەر شەقامی جەماوەری خەڵک کە ڕێژەیان لە چەند میلیۆنێک تێپەڕ بێ و بۆ ئامانجێکی دیاریکراو بێ و هەروەها خۆڕاگریی ئەوان بە نیسبەتی داخوازییەکانیان دەتوانێ ببێتە هۆی لاواز بوونی حکوومەت و لە ئاکامیشدا ڕووخانی ئەو دەسەڵاتەی کە ماف و ئازادیی خەڵکەکەی دابین نەکا.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …