سێ شه‌ممه‌ 19 ئازار 2024

پڕۆژەیەک بۆ ژیانەوەی خەبات لە رۆژھەڵاتی کوردستان⁄ زانیار عەزیزنژاد

بەشی سێهەم؛
خوێندنەوەی ئەو قەیرانەی رۆژهەڵاتی کوردستان تێیدا گرفتارە بە هۆکارێک نابەسترێتەوە. ئەوەی کە بڵێین گۆشەگیری و کەمپ نشینی حیزبەکان هۆکاری ئەم قەیرانەن، بێگۆمان دەربڕی هەموو واقعییەتەکە نییە. بۆ نموونە ئەگەر هەر ئێستا گرمەی چەکی حیزبەکانی رۆژهەڵات لە ناوخۆ بهاتبایە گوێ، بەڵام خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان پێشوازیان نەکردبایە، ئایا بازەم قسەمان لە قەیرانی خەبات نەدەکرد؟ ئەتوانین بەم نمونەگەلە زیاد بکەین، بەڵام با خۆمان بە نموونەەوە سەر قاڵ نەکەین. کە وایە ئێمەی کورد لە رۆژهەڵات لەگەڵ خۆدی چەمکی قەیران- یش کێشەمان هەیە. بە راستی کاتێ دەربارەی قەیران قسە دەکەین دەقاودەق مەبەستمان چییە؟ ئایا پێویستە بکەوینە پێناسەی قەیران و چەند پێناسەیێکی ئاکادێمیک و زانستییانە لە ناو لاپەڕەکانی کتێب دەربهێنین و بیخەینە بەردەست و بڵێین ئەمەیە مەبەستی من لە قەیران؟ بێگۆمان ئەوەش کێشەمان چارەسەر ناکات. کە وایە ئەبێ چی بکەین؟ هەروا کە پێشتر باس کرا، کێشەی ئێمەی کورد دەگەڕێتەوە بۆ ئەقڵی سیاسی- مان کە خۆی ریشەی لە ئەقڵی کوردی-دایە. لە راستیدا ئەمە خۆدی ئەقڵانییەتی سیاسی کوردە کە قەیرانەکەی درۆست کردووە؛ بۆیە ئەگەر ئەمانەوێ لە قەیرا

نی هەنووکەیی رزگار بین، پێویستە خۆدی ئەقڵانییەتی سیاسی-مان چارەسەر بکەین و بە ئاڕاستەیێکی نوێدا بیبەین. کەوایە با بەپەلە بڕۆینە ناو کۆمەڵێ پرسیار و بزانین ئەقڵی سیاسی کورد بە درێژایی لانیکەم سەد ساڵی رابردوو، چ کردار و پەرچەکردارێکی لە هەمبەر ئەم پرسیارانەی کە ئێمە دایدەریژین پەیرەو کردووە؛ وە هەڵە مەعرفییەکان چی بوون و چۆن بوون. رەنگە هەر لە سەرەتاوە تۆمەتبار بکرێم بەوەی کە عامڵی دەرەکی، جا چ داگیرکەرانی کوردستان بێ یان ولاتگەلێکیتر لەم مانیفێستەدا غایبە. وەها رەخنەیێک تەنها لە لایەن کەسانێ ئەتوانێ ئاڕاستە بکرێ کە ئاگا نەبن بەوەی کە تەکلیفی ئەوان روون و ئاشکرایە. دیارە ئەوان هەوڵ ئەدەن کە بە سەر رووداوەکاندا زاڵ بن، لەو سۆنگەوە خەباتی کورد تووشی قەیران بکەن، بیخنکێنن و لە ناوی بەرن. گرینگ ئەویە کە ئێمە لە بەرامبەر ئەو سیاسەتگەلە چی دەکەین و چۆنی دەخوێنیەوە. نها با دەست بکەم بە دارشتنی کۆمەڵیک پرسیار و تا ئەو جێگەیەی پێم دەکرێ هەوڵ بدەم وەڵامەکانی بخەمە بەر دەست خوێنەری بەڕێز، تا لە هەمان کاتدا پێناسەی قەیرانی خەباتیشمان لە رۆژهەڵات کردبێ. خوێنەری بەرێز ئەوە بزانێ کە چۆن باسی ئەم مانیفێستە رۆژهەڵاتە، بابەتەکە لەو سۆنگەوە دەخوێندرێتەوە، ئەگینا هەموو ئەمانە کە باس دەکرێ لە بەشەکانیتری کوردستانیش بە زەقی بەر چاو دەکەوێ.

پرسیارەکان ئاوا دەست پێدەکەم:
پەرچەکردای ئەقڵی سیاسی کورد لە بەرامبەر پەیامەدەکانی جەبری مێژوویی(نە بە مانا مارکسییەکی) کە بوو بە هۆی دابەشبوونی کوردستان، چۆن بوو؟ ئایا کورد خوێندنەوەیێکی واقعبینانەی هەبوو لە هەمبەر ئەو بارودۆخەی کە تێیدا گرفتار بوو؟ پەیامەدی ئاڵوگۆڕییەکانی دوای شەڕی سارد چییە و ئەقڵی سیاسی کورد چۆنی دەخوێنێتەوە؟ گوزەر لە قۆناخی بزووتنەوەیی بۆ قۆناخی حیزبگەرایی لە کوردستان هەنگاوێکی بەرەو پێش بوو یان نە؟ ئەگەر وەڵاممان ئەرێنییە کاردانەوە ئەرێنێییەکانی کامانەن، ئەگەریش نەرێنییە بۆ ئەم هەڵە ئێپیستێمۆلۆژییەمان کرد و بۆ بەردەوامین لێی؟ ئایا ئاکامی عەقڵێکی سیاسی پێنەگەیشتوو بوو، یان پەرچەکردارێک بوو لە بەرامبەر گۆڕناکاری ناوچەیی و نێونەتەوەیی؛ یان هەردووی؟ ئەگەر ئاکامی گوزەرێکی ئێپیستێمۆلۆژیکی بوو، بنەماکانی ئەم ئێپیستێمە چی بوو؟ ئایا ئەمە تەنیا رێگە و باشترین رێگەی گوزەر لەم قۆناخە بوو؟ یان ئەم گوزەرە نە ئاکامی قەیرانێکی ئێپیستێمۆلۆژیک، بەڵکوو پەرچەکردارێ بوو لە بەرامبەر گۆڕانکارییگەلێک کە لەسەرووی کوردەوە تێدەپەڕی، کورد بێ ئەوەی پێناسەی ئەم قەیرانگەلییە کردبێ، لە تاریکییدا هەنگاوی دەنا و دڵخۆش بوو بەوەی کە خەبات دەکات؟ ئەگەر وا بووە، حیزب وەکوو دیاردەیێکی مۆدێرن چۆن لە دڵی کۆمەڵگەیێکی خێڵەکی سەری هەڵێنا؟ ئۆسوڵەن خوێندنەوەی ئەقڵی سیاسی کورد لە حیزب چییە؟ ئایا ئەمڕۆکەشی لەگەڵدا بێ، کارکرد و رۆڵی حیزبمان لە قۆناخی شۆرش پێناسە کردووە؟ ئایا حیزب کە فەلسەفەی وجوودییەکەی تێکۆشانە لە وڵاتێکی دێمۆکراتیک بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات، ئەیتوانی هەمان رۆڵ لە کۆمەڵگەی نادێمۆکراتی ئێران، ئێراق، تورکیا و سوریە ئەویش لە لایەن کوردەوە بگێڕێ؟ ئایا دیاردەی حیزب لە کوردستان هەوڵێ بوو بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات، یان بۆ رزگارکردنی کورد لە ژێر ستەمی سیاسی قەومی سوڵتە؟ ئەگەر هەوڵ بۆ رزگار کردنی کوردستان بوو، بۆ تووشی فرەحیزبی بووین؟ کێشە و کەم و کۆڕییەکانی خەباتی تەک حیزبی لە قۆناخی شۆرش چی بوو کە رێبازمانی بەرەو فرەحیزبی برد؟ ئایا ئەم فرەحیزبییە حیکایەتە لە دێمۆکراتیک بوونی کۆمەڵگەی ئێمە؟ یان بە پێچەوانە گوزارشە لە نەخۆش بوونی عەقڵییەتی کۆمەڵگەکەمان؟ فەلسەفەی وجوودی خەباتی ئێمەی کورد چییە؟ ئایا حیزب رەنگدانەوەی (بازتا

ب) فەلسەفەی وجوودی خەباتەکەمانە؟ ئەگەر نا، بۆ مۆتێعەسێبانە پێداگری لەسەر هەمان رەوت دەکەین؟ ئەگەر ئەرێ، ئەم هەموو پارادۆکسە تێوریک و مێتۆدۆلۆژیکە چییە؟ بۆ حیزبمان مۆقەدەس کردووە؟ ئایا حیزب ئامرازە یان ئارمانج؟ بۆ حیزبێکمان ئەیەوێ دێمۆکراسی بۆ ئێران بە ئەرمەغان بێنێ و حیزبێکیتریشمان سۆسیالیسم و حیزبێکیتریشمان کۆنفدراڵیسمی دێمۆکراتیک و حیزبێکیترمان کۆمۆنیزم و هتد؟ لەم نێوەندەدا رۆڵی ئایدیۆلۆژیای سیاسی چی بووە؟ ئایا قۆناخی شۆرش پێویستی بە ئایدیۆلۆژیا هەیە؟ ئەگەر وایە، چ شۆڕشێ چ ئایدیۆلۆژیایێکی پێویستە؟ جیاوازی نێوان ئایدیۆلۆژیای شناسگەرایانە لەگەڵ ئایدیۆلۆژیای ئابووری چییە؟ ئایا کێشەی ئیمەی کورد لە رۆژهەڵات کێشەی شوناس و خاکە، یان ئابووری یان سیستەمی سیاسی؟ ئەگەر کێشەی شوناسە، ئەم شوناسە، شوناسی دینییە یان نەتەوایەتیی؟ ئایا ئەقڵی سیاسی کورد ئێستاشی لەگەڵدا بێ، توانیویە ئەم جیاوزییە بە تایبەت لە نێوان ئایدیۆلۆژیای ئابووری و شوناسگەرایانە، پێناسە بکات؟ ئایا حیزبێک بۆی هەیە ئایدیۆلۆژیای خۆی بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنێ؟ پرسی ئێمەی کورد لە رۆژهەڵات پێوەندی بە حکوومەتەوە هەیە یان بە عەقڵی قەومی سوڵتە؟ ئەگەر بە حکومەتەوە

هەیە

ئەی قەتڵ و عام کردنی گەلی کورد بە دەست حکوومەتەکانی پێشوو لەم چوار وڵاتە چۆن پاساو دەکرێ؟ ئایا لە قاڕەیێکیتر هاتبوون؟ یان بەرهەمی ئەقڵی سیاسی یەک قەوم بوون؟ ئەگەر بەرهەمی عەقڵی سیاسی قەومی سوڵتە بووگە، ئەبێ سیاسەتمان لە سەر چ بنەمایێک دابڕێژین؟ ئایا بە راستی کورد بەشێکە لەو مێژووەی کە فارس باسی دەکات؟ روانین و باوەڕی خۆمان بە نێسبەت ئەو مێژووە چۆنە؟ ئەگەر قبووڵمان نییە بنەما تاریخی و تیۆریکەکەی کامانەن؟ ئەگەر خۆمان بە ئێرانیێکی ئەسیلتر لە هەر ئێرانیێک دەزانین ئیتر بۆ خۆمانمان سەرقاڵ کردووە؟ ئۆسووڵەن ئێرانیگەری چییە و چۆن خۆمانی تێیدا پێناسە دەکەین؟ جوانناسی سیاسی لە کوێی خەباتی کوردی وەساتەوە؟ ئایا بە نادیدە گرتنی جوانناسی سیاسی یەکێ لە رەهەندە هەرە گرینگەکانی خەباتمان(بەتایبەت لە رۆژهەڵات) فەرامۆش نەکردووە؟ رۆڵی رووناکبیری کورد لە پڕۆسەی خەباتی کوردی بەتایبەت لە دوو دەیەی رابردووی رۆژهەڵاتی کوردستان چۆن بووگە؟ ئایا لە قۆناخی شۆرش شتێک بە ناو رووناکبیری سەربەخۆ ئەتوانێ بوونی هەبێ؟ ئایا سەربەخۆ بوونی رووناکبیران گوزارشە لە عەقڵێکی پێگەیشتوو یان کۆمەڵگەیێکی بیمار؟ ئایا ئەمە نەخۆشی فرەحیزبی لەقۆناخی شۆرش نەبوو کە بووە هۆی سڵکردنی رووناکبیران لە نزیک بوونەوە لە حیزبەکان و هاتنە ئارای ئەدەبیاتی رووناکبیری سەربەخۆ؟ سەرگەردانیمان لە نێوان گاندیگەرایی و خەباتی چەکدارانە چی؟ بنەمای فەلسەفی لایەنگرانی گاندیگەرایی چییە؟ ئایا ئەوانیش درێژەی هەمان هەڵەی چەپەکان و سەپاندی فەلسەفە و تیوریێک بەسەر کۆمەڵگەدا نین بێ ئەوەی کە خۆدی کۆمەڵگەی کوردییان خوێندبێتەوە؟ بۆ رۆژهەلات نەیتوانی دوای شۆرشی ئێران ئەو حوزوورە بەر بڵاوەی ژنان لە ناو خەبات، پەرە پێبدات؟ ئایا کەمرەنگ بوونەوەی حۆزووری ئافرەتان، ئاکامی گوتاری پیاوسالاری ناو حیزبەکان بوو؟ ئەگەر بمانەوێ درێژە بەم پرسیارانە بدەین، بێگۆمان ئەبێ چەندین لاپەرەی بۆ تەرخان بکەین. خوێنەری بەڕیز نابێ چاوەڕوانی ئەوە بێ کە وەڵامی هەموو پرسیارەکانی لەم مانیفێستەدا دەست بکەوێ. ئەم پرسیارانە و گەلەک پرسیاریتر هەیە کە پێویستە لەسەری رابوەستین، ئەگەر ئەمانەوێ چیتر هەمان رێچکەی خەبات نەپێوین. ئەبێ ئەوە بزانین کە گەلی ژێردەسەڵات ئەگەر شۆرش دوای شۆرش دوچاری شکست بێ، ئەوا خۆی ئەنگیزەی خەباتی نامێنێ و تووشیاری فەرسایش دەبێت، وە خۆی خەبات رادەوەستێنێ. هەمان شت کە ئێستا تا رادەیێکی زۆر رۆژهەڵاتی کوردستان دوچاری بووگە و بە روخساریەوە دیارە. وە ئەمە هەمان شتە کە دەسەڵات هەوڵ ئەدات بەسەرمان بیسەپینێ و تا ئێستا سەرکەوتوو بووە. بە راستی ماندوویەتی خەبات بە روخساری کوردەوە (بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان) دیارە، وە هەر ئەوەش کە نیمەچڵ درێژەی پێدەدرێ خۆی جێگەی دڵخۆشییە. نەتەوەیێک بییەوێ رزگار بێ، ئەبێ یەکجار خەباتێکی بەرفراوان دەست پێبکات. جا گرینگ نییە ماوەی ئەو یەکجارە چەندە و تێچووەکەشی چەندە، گرینگ ئەوەیە کە بەردەوام لە سەرکەوتندا بێ؛ هەروەک چۆن ویتنام بۆ نزیکەی یەک دەیە لە بەرامبەر ئەمریکادا وەستاو بە سەدان هەزار کەسی لێ کوژرا، بەڵام یەکجار بۆ هەمیشە سەرکەوتنی بە دەست هێنا. لەو باوەڕەدام ئەگەر ویتنام شکستی خواردبایا، وە پاشان هەڵبسابایە بۆ خەباتێکی دووبارە خەباتی، قەت سەرنەدەکەوت. عادەت کردن بە شکست، جیا لە تەهقیر بوونی نەتەوایەتی و بێ ئەنگیزەگی سیاسی و سست کردنی ئیرادەی خەبات، کۆمەڵگەش دوچاری بێ ئەخلاقی دەکات، رێگە بۆ ئۆپۆرتونیستەکان باز دەکات، جا بە هەر جل و بەرگێکەوە بن. ئەگەر نەختێ ورد بینەوە، هەموو ئەمانە لە کۆمەڵگەی ئێستای رۆژهەڵاتی کوردستان دەبیندرێ. هەرچەند هەر ئەمانەشمان لە بەشەکانیتری کوردستان هەبو

وە، بەڵام بە پێی ئەو باروودۆخەی ئێستای چوارپارچە، رەنگدانەوەی لە رۆژهەڵات گەلەک بەرچاوترە. گرینگی پەکەکە و خەباتی پەکەکە لەوەدایە کە توانی نەتەویێک لە لێوارێ مەرگ نەجات بدات و زیندووی بکاتەوە. پەکەکە لە کۆمەڵگەیێک هەستا بە خەبات کە خەڵکەکەی کە هێچ، تەنانەت رێبەرەکەشی کوردی نەدەزانی و نازانێ! هیچ ئەیبە نییە کە حیزبەکانی رۆژهەلات لە ئەزموونی پەکەکە دەرس بگرێ(فرۆشتن رۆژاوا). بە هەمان شێوە کە پەکەکە لە ئەزموونی خەباتی رۆژهەڵات و گەلانیتری دەرسی وەر گرت. بۆیە لەسەر ئەو باوەڕەم، ئەبێ خەباتێکی بزووتنەوەیی هەمەلایەنە لەسەر بیر و بنەمایێکی نوێ، وە بە ئەقڵییەتێکی سیاسی نوێ، لە رۆژهەڵات دەست پێبکەین.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …