سێ شه‌ممه‌ 11 ئاب 2020
ماڵەوە / وتار / پڕۆژەیەک بۆ ژیانەوەی خەبات لە رۆژھەڵاتی کوردستان⁄ زانیار عەزیزنژاد

پڕۆژەیەک بۆ ژیانەوەی خەبات لە رۆژھەڵاتی کوردستان⁄ زانیار عەزیزنژاد

بەشی دووهەم؛

ماوەی دوو دەیەیە کە خەبات لە رۆژهەڵاتی کوردستان تووشی شپرزی و ئاڵۆزی بووە. بەشێک لە کوردستان کە سەردەمێک یەکەم کۆماری کوردستانی راگەیاند، لە دوای گۆڕانکارییەکانی شۆرشی ئیران کانوون و پێشەنگی دیپلۆماسی کوردی لە ئاستی جیهان بوو، وە تا ئەو سەردەمەش گەورەترین حیزبی کوردی لە هەر چوار پارچەی کوردستان نوێنەرایەتی دەکرد، ئەمڕۆ ئەو حیزبە بە ئاقارێکدا رۆیشتووە کە نە تەنیا ئەم حیزبە نەیتوانیوە کەمترین مافەکانی گەلی کورد لەم بەشەی کوردستان دەستەبەر بکات، بەڵکوو لە هەمان کاتدا هێچ ئاسەوارێ لەو حیزبەش بەدی ناکرێ.

ئەبێ هەر سەرکردەیێکی سیاسی لە سێ رەهەندەوە شرۆڤە بکەین؛ یەکەم وەکوو کەسایەتی، کە جێگەی رێز و حورمەتن؛ دووهەم وەکوو سیاسی کار، کە رەنگە هەڵەی سیاسییان کردبێ یان لە شوێنگەلێکدا ئاخافتنییان مەسڵەحەتی بووبێ؛ سێهەم وەکوو کەسێک کە رەنگە خاوەنی نووسین بێ. لە دوو حاڵەتی ئاخر جێگەی رەخنەن و ئەبێ ئەو کارەش بکرێ، ئەگینا ستەمێکی گەورەمان هەم لە هەقی خۆدی ئەو کەسانە کردووە و هەمیش لە خەبات و داهاتووی گەلەکەمان. بە دەاخەوە فرەهەنگی رۆژهەڵاتی ناڤین بە پێی ئەو مێژووەی کە هەیەتی هەمیشە هەوڵ ئەدات سیاسەتمدار وەکوو کەسێک پێناسە بکات کە بێ هەڵە، رەها و مۆقەدەسە. مێژووی ئەم رووانینە بۆ سیاسەتمدار و دەسەڵاتدار دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پاشایەتی لە هەزاران ساڵ لەمەو بەر. ئەوکات کە پاشاکان خۆیان بە هەناردەی خودا دەناساند و بەم شێوەیە دەسەڵاتەکەیان رەواییێکی ئاسمانی بە دەست دەهێنا و خەڵکیش هەر بەو چاوە سەیری دەکردن. تیۆری پاشای هەناردە یان خودا-شا لە رۆژهەڵاتی ناڤین دزەی کردە یۆنان و لە فەلسەفەی سیاسیی ئەفلاتوون بە ناوی فیلسووف-شا خۆی دۆزیەوە. بۆ ئەقڵی یۆنانی کە هەنگاوی بۆ قۆناخێکی نوێی ئێپیستمەیی هەڵێنا بوو، خودا-شا خاوەن هێزی راکشانی فەلسەفی نەبوو. ئەمما لە هەمان کات دا، ئەم شێوە دەسەڵاتدارییەتیە هێندە کاریگەریی هەبوو کە کەسێ وەک ئەفلاتوون بەرەو لای خۆی رابکێشێ و لە ژێر ناوی فیلسووف-شا دا رواڵەتێکی فەلسەفی پێ ببەخشێ. فەلسەفەی مرۆڤی سیاسی-کۆمەڵایەتی مۆقەدەس و رەها، بەس لە دەسەڵاتدار خۆی نەدەبینیەوە. پێغەمبەرەکانیش بۆ نارەزایەتی و رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ستەم، هەڵاواردن، وە لە سەروویانەوە ئەو ئایدیۆلۆژیەی کە دەسەڵاتدار نیازی پێ بوو تا کۆمەڵگە بچەوسێنیتەوە دەست بە دامێنی هەمان ئامراز دەبوون. پێغەمبەرەکان نارازیگەلێکی خوازیاری گۆڕانکاری بوون، بەڵام وەکوو مرۆڤی سادە نەیاندەتوانی رەوایی کۆمەڵایەتی-سیاسی بە دەست بێنن. بۆیە زمانیان ئەبوو بە زمانی خودا و وتەکانیان ئەبوو بە وتەکانی خودا، بۆ خۆشیان ئەبوون بە نێردراوی خودا، تا بەم شێوەیە لە دڵی کۆمەڵگەوە هەمان رۆڵی خودا-شا بگێڕن.

دیارە لە ناوچەیێک بەم پێشینەیە و خاوەن وەها ئەقڵانییەتێک، خەڵک چۆن بۆ سیاسەتمەدار و رێبەر دەڕوانن. سیاسەتمەدار ئەبێ مرۆڤێکی بێ هەڵە، هەمووشتزان و فیلسووف بێ. لەوانەیە ئێستا هیچ سیاسەتمدارێک خۆی بە نێردروای خودا نەزانێ. ئەمما لە حافێزەی مێژوویی رۆژهەڵاتی ناڤین و ئێمەی کورد وەک بەشێک لە خەڵکی رۆژهەڵاتی ناڤین کاریگەرییەکانی بەجێماون تا بە هەمان چاو سەیری رێبەرەکان بکات. خۆ بەبێ نیاز زانینی سیاسەتمەدارەکانمان لە راوێژ و راوێژکاریش بۆ هەمان حافێزەی مێژوویی دەگەڕێتەوە. سیاسەتمەدارەکانمان پێیان وایە راوێژ هی کەسی نەفام و گەمژەیە. بۆیە لە کۆمەڵگەی ئێمە نەویستنی راوێژ و راوێژکار نە تەنها خاڵی نێگاتیڤ نییە، بەڵکوو جێگەی شانازییە. لە وەها فەزایێکدایە کە رێبەری موقەدەسکراو و بێ هەڵە خۆی دەبێتە بارێکی گران بە سەر گەل و حیزب. ئەگەر چاوێک بخشێنینە سەر کۆمەڵگەی کوردی، ئەبینین کە هەر حیزبێک خۆی لە پشتی سیاسەتمدارێکدا حەشار داوە و رواڵەتێکی ئۆستوورەیی پێ بەخشیوە. تەنانەت ئەگەر حیزبێکیش وەها کەسایەیتییەکی نەبێ، هەوڵ ئەدات درۆستی بکات. ئەگەر بڕۆمە ناو زیانەکانی ئەم ئەقڵییەتە گەلەک لە بابەتەکە دوور ئەکەومە، بۆیە هەر ئەوەندە ئەڵێم کە رێبەری ئۆستوورە-مۆقەدەس لە داهاتووێکی کورت خۆی دەبێتە گەورەترین کۆسپ لە رێگەی سیاسەت، خەبات، نوێگەری و گەشەی جیلی نوێ. بە پێویستی ئەزانم دووبارەی بکەمەوە ئەوەی وترا بە هیچ شیوەیێک بە مانای بێڕیزی کردن بە سیاسەتمدار و سەرکردەکانی کورد نییە. هیچ شتێک خۆشەویستتر لە ژیان و گیان نییە کە تاک بە تاکی خەباتگێرانی کوردستان لە پێناو ئازادی کوردستان دەیبەخشن. بۆیە هەموویان جیگای رێز و پێزانینن.

هەروا کە ئاماژەم پێکرد احزاب کوردی لە قەیرانێکی گەورەدان لە پاڵ حیزبی دێمۆکرات، کۆمەڵەش پاش توانەوەی لە ناو کۆمۆنیستە فارسەکان، چیتر پێگەی حیزبەکەی پێش توانەوەی نەما، ئەگەرچی لەوانیش دابڕا. ئەگەر ئێمەی کورد خاوەنی دەوڵەتێکی کوردی بواین ئەمڕۆ خوێندوەمان بۆ ئەم رابردووە، بە شێوەیێکیتر دەبوو. ئەمما بە هۆی باروودۆخی هەنووکەیی کورد کە سەدان هەزاربارە کراوەتەوە، خوێندنەوی

خەسارناسانەی ئەم قە

یرانە کە ئێستا رۆژهەڵاتی کوردستان تێیدا گرفتارە نە هەر پێویستە، بەڵکوو ئەرکی سەرشانمانە. بەڵام ئەم خەسارناسییە ئەبێ چۆن بێ، لە کوێیەوە ئەبێ دەستپێبکرێ و چۆن ئەکرێ رێگەیێک بدۆزینەوە کە رۆژهەڵاتی کوردستان بتوانێ هەنگاو بەرەو سەرکەوتن هەڵێنێ؟ ئایا پێویستە هێز و توانای خۆمان بخەینە گەڕ بۆ ژیانەوی حیزبگەلێک کە ئەوە ماوەی دوو دەیەیە کەمپنشینن و لە قەیراندان و تەنانەت یەک رستەی نوێشیان بەرهەم نەهێناوە؟ ئەگەر نە، ئاڵتیڕناتیڤەکان کامانەن؟ ئایا پەکەکە یان بە واتایێکیتر پەژاک ئەتوانێ ئاڵتێرناتیڤ بێ؟ ئایا باشتر نییە ببینە باڵی درێژکراوی یەکێیەتی و پارتی لە رۆژهەڵات؟ ئیسلامی سیاسی چۆن؟ خۆ هەر نەبێ ئیسلامی سیاسی سونەگەری دژایەتی لەگەڵ دەسەڵاتێک دەکات کە لەسەر ئایدۆلۆژیای شیعەگەری دامەزراوە و بەشێک لە گەلی کورد لەم پارچەیەی کوردستان-یش سونین!!! ئایا ئەتوانین حیزبێکی نوێ درۆست بکەین و پشت لە هەموو ئەمانە بکەین؟ یان نە، با هەموومان دلخۆش بین و چاوەڕوان تا بەڵکوو رێفۆرمخوازانی کورد و فارس، ئێرانی خۆشەویستمان!!! بۆ بکەن بە بەهەشتی دێمۆکراسی و فێدراڵیزم!!! بە راستی ئەبێ لە کوێوە دەست پێبکەین. بۆ ئەوەی کە بتوانم وێنایێکی باشتر لە رۆژهەڵاتی کوردستان بنەخشیێنم و پاشان بچمە ناو وردە کارییەکانەوە، هێڵێک دەکێشمە نێوان هەموو خەباتگێڕان، چالاکڤانانی سیاسی و مەدەنی، مۆعتەرێزان و خوازیارانی گۆڕان لەم بەشەی کوردستان. ئەم هێڵە جیا کردنەوەیێک نییە بە پێی ئایدیۆلۆژیا یان جیاوازییە فیکرییەکان، بەڵکوو خەتێکی جۆگرافیاییە لە نێوان ئەوانەی کە لە دەرەوەی رۆژهەڵاتن و ئەوانەی کە لە ناوخۆی رۆژهەڵاتن. ئەگەرچی ئەمە خەتێکی جۆگرافیاییە، بەڵام بێگۆمان دوو هەڵسووکەوتی سیاسی و روانگەیی جیاوازی بە دوای خۆیدا هێناوە. ئەوانەی ناوخۆ، بە دوو دەستە دابەش دەکەم. یەکەم، هەموو ئەو کەسانەی، بە گشتی نووسەران، هونەرمەنەدان، شاعیران و چالاکڤانانی سیاسی و مەدەنی کە بە هیچ شێوەیێک تێکەڵاوی کایەکانی حکوومەت نەوگن. دووهەم، ئەوانەی کە لە ژێر ناوی رێفۆرمخوازی تێکەڵاوی حکوومەتن. ئەوانەش کە لە دەرەوەی رۆژهەڵاتن، بریتین لە حیزبە کوردییەکان بە گشتی، دێمۆکراتەکان، کۆمەڵەکان، کۆمەڵەی کۆمۆنیست، پاک و پەژاک. بە بڕوای نووسەر لە قۆناخی هەنووکەیی، تەئکید دەکەمەوە لە قۆناخی هەنووکەیی، تەنها حیزبی دێمۆکراتە کە ئەتوانێ خەباتی رۆژهەڵاتی کوردستان گەش بکاتەوە، هەموو حیزبەکان لە ژێر یەک ئاڵا کۆ بکاتەوە، وە هەموو هێزە بێلفێعل و بێلقوەکانی ناوخۆ و دەرەوەی رۆژهەڵات کۆدەنگ و یەک دەنگ بکات. هەرچەند نازانین کام حیزبی دێمۆکرات!!! هەر لە ئیستاوە دەزانم پرسیارێکی رەخنەگەرانە لەم شێوە ئاراستەی ئەم بۆچوونەم دەکرێ: ئایا حیزبێک کە خۆی نیازی بە ژیانەوەیە، ئەتوانێ عامڵی ژیاندنەوەی خەبات لە رۆژهەڵات بێ؟ با هەر لەم سەرەتاوە وەڵامی ئەم بۆچوونە بدەمەوە. جیا لە دێمۆکرات، تەنها حیزبێک کە ئەتوانێ ئەم کارە بکات پەژاکە. بەڵام هەموومان دەزانین کە پەژاک باڵێکی پەکەکە-یە، وە بێ رەزامەندی و چرای سەوزی پەکەکە هیچ هەنگاوێک هەڵناگرێ. هەمووشمان دەزانین کە پەکەکە لەم کاتەدا هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامییە و لانیکەم لەم قۆناخەدا هیچ بەرنامەیێکی وەکوو رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی نییە.

بۆیە باسم لە قۆناخی هەنووکەیی کرد، چۆن لەوانەیە ئەم هانی موونە یان هەمان مانگی هەنگوێنی پەکەکە و کۆماری ئیسلامی لە کات و ساتێکدا تەواو بێ، وە لەو کاتەدا پەژاک ئەبێتە دژبەرێکی گەورە بۆ ئێران. حیزبی پاکیش کە هەم لە ناو رۆژهەڵات پێگەی لە ئاستی احزاب نییە و هەمیش باڵی پارتییە. پارتیش ئەم حیزبەی بۆ رۆژی خۆی داناوە و قەت نایدات بە گژی ئێراندا. بەڵام لە هەمان کاتدا بە تایبەت لە پێوەندی لەگەڵ پەژاک، لەو باوەڕە نیم کە بە حیزبێکی رۆژهەڵاتییان نەزانین. چونکە جیا لەوەی کە ئەندامەکانییان رۆژهەڵاتین و لایەنگرێکی زۆریشیان لە ناوخۆی رۆژهەلات و تاراوگە هەیە، لە هەمان کاتیشدا ئەگەر بە رۆژهەڵاتییان نەزانین لە شرۆڤەی ئەقڵی کۆمەڵایەتی و سیاسی کورد و کاریگەرییەکانییان خراونەتە دەرەوە. پێویستە حیزبەکانی رۆژهەڵات وە لە سەرووشیانەوە حزب روانینی خۆی بۆ پەژاک بگۆڕێ؛ وە ئەگەر مانگی هەنگوینی ئێران و پەکەکە تەواو بوو بە باوەشێکی بازەوە پێشوازی لە پەژاک بکات بۆ بەشدار بوون لە خەبات. بە هەمان شێوەش ئەبێ پەژاک ئەوە بزانێ کە دەیان ساڵ دابەشبوونی کوردستان تایبەتمەندیگەلێکی لە هەر پارچەی کوردستان بە دواوە بووە، کە ئەقڵانی نییە پشت گوێ بخرێ. ئەگەر پەژاک ئەیەوێ بەشداریێکی چالاکانەی هەبێ و لە هەمان کاتدا بە جێگەی باشتر کردنی رەوتی خەبات زەربەی لێ نەدات و نەبێ بە کۆسپ، پێویستە ئەم تایبەتمەندیگەلە لە پێش چاو بگرێ. ئەبێ ئەوە بزانین کە پەژاک و پەکەکە و هند لە دایەرەی ئەو ئەقلانییەتەی کە پێشتر ئاماژەمان پێدا، دەگۆنجن. بە راستی کێشەی من لەگەڵ ئەوە

دا نییە کە پەکەکە، پەژاک یان هەر حیزبێکی کوردی بە

خائین بزانم یان ئەوەی کە ئەمانە خاک و گەلی کوردستانیان لاوە گرینگ نییە. بەڵکوو بە رای من ئەبێ هەموو کردارەکان لە ناو ئەقڵێکی سیاسی سەقەت بخوێندرێتەوە کە تا ئێستا کۆسپی بۆ سەرکەوتن پێکهێناوە و هەموو حیزبەکانی کوردستان لە هەر چوارپارچە لە دایەرەی هەمان ئەقڵانییەت دەسووڕنەوە. بە هەر حاڵ بە پێی ئەو هۆکارانەی کە ئاماژەم پێ کرد، تەنها حیزبێک لە قۆناخی هەنووکەییدا بتوانێ خەباتی رۆژهەڵات زیندوو بکاتەوە دێمۆکراتە. ئەگەرچی خودی ئەو حیزبە خراو جۆرێ نەخۆشە. احزاب کوردی ئەبێ ئەوە بزانن ئەگەر هەڵنەستێ بە زیندوو کردنەوەی خۆیان، شتێکی لێ ناگەڕێتەوە کە وەکوو جبهەی ملی فارسەکانیا لێ دێت؛ کە جەماعەتێکی پیر و پاتاڵ، کە لە نۆستالۆژیای سەردەمی مۆسەدیق ئەژین و بە هێچ شێوەیێک حازر نین قبووڵی بکەن جبهەکەیان وەک خۆیان پیر بووە و توانای جووڵانەوەی نەماوە. ئەم جەماعەتە بەس بەوە دڵخۆشن کە ساڵانە لە ژێر وێنەی مۆسەدێق کۆ ببنەوە و یادێ لە رابردوو تازە بکەنەوە و وێنەیێکیش بۆ یادگاری بگرن، وە بە ناوی جبهەی ملی بڵاوی بکەنەوە. بە راستی حیزبی دێمۆکرات پێگەیێکی باشی هەیە لە ناو رۆژهەلات و ئەگەر ئەندامەکانی ئەیانەوێ بەو ئاقارەدا نەڕۆن، باشترە هەنگاو هەڵێنن. بەڵام نە هەنگاوێک کە لە رووی بێهیوایی و یەئسەوە بێت. لەو باوەڕدام، هەستانەوەیێک لە رووی یەئەسەوە بێت، لە یەکەم هەنگاو شکستی خواردووە کە هیچ، بەڵکوو خۆی لە خۆیدا یانێ فی نەفسە شکستی خواردووە. بۆیە ئەبێ هەموو هەنگاوەکان لە رووی بەرنامەوە بێت و لەوپەڕی هیوا و ورەبەرزی. لێرەدا وتەیێکی نووسەران و سیاسەتمەدارانی فارس هەیە کە پێویستە ئاماژەیێکی پێ بدەم. فارسەکان لە باوەڕەدان کە هەر کات ناوەند لاواز بووبێ، نارەزایەتی قەومی سەر هەڵدەدات و ئێران تووشی قەیران دەبێت؛ بۆیە پێویستە ناوەند یان هەمان قەومی سوڵتە هەمیشە بەهێز بێت. بە رای من ئەم وتەیە هەم راستە و هەم ناڕاست. ناڕاستە چۆن لێکدانەوەی ئەوان بۆ نارەزایەتی نە کێشە سیاسییەکانی، بەڵکوو لاوازی ناوەندە. کە وایە ئەوە خۆدی ئەقوام نین کە نارازین بەڵکوو ئەوە قەیرانی ناوەندە کە ئەبێتە هۆی قەیران. بەڵام ئەوەی کە زۆر راستە و گرینگە و لەم وتەیە ئەبێ بە وردی بخوێندرێتەوە، چییە: بی توانایی کورد بۆ خۆڵقاندن و هەروەها، کەوتنە پێش رووداوەکان، بە شێوەیێک کە خۆی خۆڵقێنەری رووداو بێ نەک دوای رووداو بکەوێ و رووداو ئەو بخۆڵقێنێ. ئەوەی کە لە هەر قەیرانێک نارەزایەتی سەر هەڵدەدات، خۆی نیشاندەری ئەو واقعییەتەیە کە نارەزایەتی هەیە. بەڵام ئەوەی کە لە کاتی قەیرانی ناوەند سەرهەڵدەدات، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئێمەی کورد لە رۆژهەڵات توانای خوڵقاندنی رووداو و پێش رووداو کەوتنمان نییە. بۆیە ئەقڵی بیماری سیاسی کورد هەمیشە چاوەڕوانی قەیرانێکە کە خۆی تێدا بدۆزێتەوە. بە راستی سەیرە کە کورد هەمیشە چاوەڕوانی بووکی رووداوەکان بووگە. ئەمما ئەوە نازانن کە بووکی رووداو، چۆن دەسکردی خۆت نەبووە، روخساری خۆی لە ژێر تارایێکی رەنگین شاردۆتەوە، وە نزیک بوونەوە لێی دۆراندنە؛ هەروا کە لە رابردوودا بینیومانە. بۆیە نە لە رووی هەست و عاتفە، بەڵکوو بە ئەقڵ و پلان ئەبێ هانگاو هەڵێنین. حیزب ئەبێ زۆر هەستیارانە هەم خۆی لە قەیران رزگار بکات و هەم رۆژهەڵات؛ لە هەمان کاتیشدا خۆی خۆڵقێنەری رووداوەکان بێ تا رووداوەکان ملکەچی ئیرادەی ئەقڵی کوردی بن. بەڵام ئەگەر حیزبی دێمۆکرات بیەوەێ خۆی و رۆژهەڵات لەم قەیرانە رزگار بکات و لە هەمان کاتیشدا خۆڵقێنەر بێ، پێویستە قەیرانێ کە خۆی تێیدا گرفتارە بناسێ و لە هەمان کاتیشدا ئەویتر یان هەمان قەومی سوڵتە بە باشی بناسێ.

بابەتی هاوپۆل

پڕۆژەیەک بۆ سەد ساڵەی سیڤەر

دوای سەدەیەک لە مۆرکردنی پەیمانی سیڤەر، پێداچوونەوە بە ڕووداو و دەرکەوتەکانی ئەو سەد ساڵەو تێڕوانین …