سێ شه‌ممه‌ 23 نیسان 2024

پرۆژەیەک بۆ ژیانەوەی خەبات لە رۆژهەڵاتی کوردستان⁄زانیار عەزیزنژاد

بەشی یەکەم؛

لە کۆمەڵگەیەکی سەراپا حیزبی، ئاخافتنی کەسێکی ناحیزبی کە بەس کەڵکەڵکە نەتەوایەتییەکان پاڵی پێوە دەنێ کاتی خۆی تەرخان بکات بۆ دۆزینەوەی رێکار و رێگە چارەیێک لە راستای رێبازێک بۆ بووژاندنەوەی خەبات یان سەرکەوتنی خەبات، لەوانەیە نە تەنیا کڕیارێکی نەبێ، بەڵکوو بە چاوی گۆمانیشەوە سەیر بكرێ. بە داخەوە لەم کۆمەڵگەیەدا ئەمە تەنیا حیزب نییە کە بە دوای ئێنحساری حەقیقەتە؛ بە هەمان شێوە نووسەر و رووناکبیریشمان ئەگەر شتێک لە زاری خۆی نەیتە نەدەرەوە بێنرخی دەکات. لەم کۆمەڵگەیەدا ئەوەی گرینگە بێژەری وتەیە نەک حەقیقەت. بە هەر حاڵ ئەمەش نابێ ببێتە بیانوویێک بۆ خۆ دزینەوەمان لە ئەرکگەلێک کە لەم قۆناخە هەستیارە کە لە سەر شانمانە. نووسەر بە ئەرکی خۆی دەزانێ بۆ ژیاندنەوەی خەبات و سەرکەوتنی گەلەکەی ئەوەی وەکوو خۆم پێم دەکرێ هەستم بە ئەنجامی. جا ئەگەر ئەم نووسینە بتوانێ تەنانەت گۆشەیێک لە کێشە هەنووکەییەکانیشمان چارەسەر بکات مایەی خۆشحاڵییە.

ئەگەریش تەسەلۆبی حیزبی وا بکات کە پشت گوێ بخرێ، لانیکەم لای ویژدانی خۆمان شەرمەزار نابین. بۆیە هەڵدەستم بە نووسینی ئەم مانیفێستە و دەیخەمە بەر دەست ئەقڵ و ویژدانی حیزب و نووسەر و چالاکڤانانی کورد، بۆ هەستانەوەی خەبات لە رۆژهەڵات وەکوو ئەرکێکی نە تەنها نەتەوایەتی، بەڵکوو لە هەمان کاتدا وەکوو ئەرکێکی ئینسانی.

هەر کوردێکی ئازادیخواز پێی خۆشە ئەم پرژ و بڵاوییە و ئەم دگان لە یەک ریچ کردنەوە لە ناو کۆمەڵگەی کوردی تەواو بێت و پێکەوە بۆ ئازادی نیشتمانمان کار بکەین. ئەمما بە داخەوە تا ئێستا نە تەنها بە ئاکام نەگەیشتووە، کە چی خراپتریش بووگە و جۆرێ لە بێهیواییشی بە دواوە هێناوە. پێویست ناکات بە وردی بچمە ناو ئاکامەکانی شکستی ئەو جۆرە هەولانە کە پاڵنەرەکانی هەست و عاتفەیە. بەڵام بۆچی هەوڵی رێکخستنی لایەنە سیاسییەکان- جا لە هەر بەشێکی کوردستان بێت- لە لایەن دڵسۆزانی کوردستان بە ئەنجام ناگات؟ ئەمە هەر ئەو پرسیارەیە کە دڵسۆزانی کوردستان کاتێ دڵسۆزانە داوا دەکەن لایەنەکان چیتر دژایەتی یەک نەکەن و پێکەوە هاوکار بن، لە بەر چاو ناگرن. وڵامی ئەم پرسیارە لە دوو شتدا دەدۆزرێتەوە: یەکەم مێژوو؛ دووهەم ئەقڵی کوردی.

دیارە خۆدی ئەقڵی کوردی بەرهەمی مێژووە، بەڵام ئەو مێژووەی مەدی نەزەری منە و لێرەدا لە ئەقڵی کوردی جیام کردۆتەوە، مێژوویێکە کە گۆڕانکارییەکانی خۆی لە سەروی کوردەوە بە سەرماندا سەپاندووە و کردار و پەرچەکردارەکانی ئەقڵی سیاسی کوردی -کە خۆی بەرهەمی ئەقڵی کوردییە -لە قەواعدی کایەی سیاسی لە نێو کایەکەرەکانی ناوخۆی کۆمەڵگەی کوردی و دراوسێکانی کورد، کە کوردستان لە نێوانیاندا دابەش بووە مۆتەعەیەن دەکات.

بە واتایێکیتر پێویستە چۆنییەتی هەڵسووکەوتی ئەقڵی سیاسیی کوردی کە خۆی هەڵقوڵاوی ئەقڵی کوردییە، لەگەڵ گۆڕانکارییە مەعریفی و سیاسییەکان بخوێندرێتەوە؛ ئانجا باس لە کاری هاوبەش بکرێ. مەبەست لە ئەقڵی کوردی، ئەقڵانییەتێکە کە لە دوو رەهەند پێک دێت. یەکەم، ئەو رەهەندەی لە ئەقڵانییەت کە لە هەموو مرۆڤیکدا هەیە و هاوبەشە؛ وە دووهەم ئەو رەهەندەی کە بە درێژایی هەزاران ساڵ شکڵی گرتووە و ئەمڕۆکە هەڵسووکەتی مرۆڤیکی کورد لە هەموو جۆمگەکانی کایە کۆمەڵایەتییەکان و روانینی بۆ مەقولەی هەبوون بە گشتی تەعین دەکات. هەر ئەم رەهەندەی ئەقڵانییەتە کە لایف ستایڵ یان شێوازی ژیانی هەر نەتەویێک لە نەتەوەکانیتری جیا دەکاتەوە. مەبەست لە ئەقڵی سیاسی-یش رەنگدانەوەی(بازتاب) هەمان ئەقڵی کوردییە، بەڵام لە بواری سیاسەت بە هەموو رەهەندەکانییەوە. تێگەیشنی مرۆڤی کورد بۆ دەسەڵاتی خۆدی، بێگانە، خاک و نەتەوە، هاوکاری و تەعامۆڵی سیاسی، هێز، ئازادی، ئەخلاق و هتد. کە وایە ئێمە کاتێ لە ئەقڵی کوردی قسە دەکەین مەبەستمان مەقولەیێکی مەعرفەت ناسانە- هەستی ناسانەیە. بێگۆمان ئەوەی کە کۆمەڵگەی کوردی یان لانیکەم بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی کوردی هەمیشە بە دەستییەوە دەناڵێنێ و هەوڵ ئەدەن چارەسەرێکی بۆ بدۆزنەوە و بەڵام ناتوانن، نەخوێندنەوەی ئەم ئەقڵی کوردی-ەیە. بۆیە گومانم نییە هەر هەوڵێک بۆ رێکخستن و هاودەنگ کردن، یان هەمان شت کە دەڵێن ئاشتی نەتەوایەتی نایێتە ئاراوە مەگەر ئەوەی کە گٶڕانێک لە ئەقڵی سیاسی کوردی بکرێ. بە راستی بۆ خۆمانی لێ بکەین بە گێل، مەگەر هۆکاری دابەش بوونی حزبەکان بەس سەرکردەکانی ئەو حیزبە بوون.

ئەوەی بۆ من گرینگە شێوازی لایەنگەرانی هەر باڵەکە بوون. بە راستی ئایا ئەو هەڵسووکەتانە، -سەرقاڵتان ناکەم بە وردە کارییەکانی- نەتیجەی هەمان ئەقڵانییەت نییە کە پێشتر باسم کرد. بە هەر حاڵ ئێستا باسی ئاشتی نەتەوایەتیە دەکرێ، وە ئەندامان و لایەنگرانی حزبەکان بە هەمان شوور و شەعەف کە باسی جوداییان دەکرد، ئێستە خوازیاری یەکگرتنەوەن، دەناڵێنن کە سەرکردەکان گوێبیستیان نین. جا نازانم ئەو کات کە بەشێک لە سەرکردەکان هەوڵی جودا بوونەوە

یان دەدا و بەشێکیتریش هەوڵی رەوانە کردن، لە ژێر خوازیاری یان ئاهوناڵەی لایەنگرەکانییان بوو یا نە. باشە مەگەر مێژووی لادان هەر بۆ ئەمجارە دەگەڕێتەوە کە لایەنگرانی هەر دوو باڵ وا هەراسانن و ئاهوناڵە دەکەن. هێگڵ دەبێژێ هەر رووداوێکی مێژوویی دووجار روو ئەدات. بەڵام مارکس بە جوانی وتەکی هێگل تەکمێڵ دەکات و دەبێژێ، ئەوەی هێگڵ فەرامۆشی کردووە بەم وتەیە زیاد بکات ئەوەیە کە هەر رووداوێکی مێژوویی دووجار روو ئەدات، بەڵام جاری یەکەم بە شێوەی تراژدی و جاری دووهەم بە شێوەی کۆمێدی. بەڕاستی دابڕانی یەکەمی احزاب تراژێدی بوو، بەڵام دووهەمەکەی کۆمێدی. هەمیشە دەبێژن هەڵە بەشێکە لە ژیانی مرۆڤ. بە راستی گرینگ نییە کە هەڵە نەکەی چۆن هەڵە بەشێکە لە ژیان و تەنها کەسانێک هەڵە ناکەن کە کارێک ناکەن. گرینگ ئەوەیە کە هەڵەیێک دووپات و چەند پات نەکەیتەوە. چۆن ئیتر لەم حاڵەتدا هەڵەیێک نییە کە دووپاتت کردۆتەوە، بەڵکوو ئیتر حەماقەتە، حەماقەت. بە راستی بنەماکانی ئەم جۆرە هەڵسووکەوتانە چین؟ ئەگەر جیابوونەوە باش بوو، بۆ یەکیان گرتەوە و ئەگەریش خراپ بوو بۆ دووبارە جیا بوونەوە؟ رەنگە کەسانێ بێژن ئەوە شتێکی ئاساییە و لە سیاسەت ئەم شتانە روو ئەدات. لە وەڵام وەها تێگەیشتێک لە سیاسەت شتێکم نییە بڵێم جگە لەوەی کە بێژم: ئەویە ئەقڵی سیاسی کوردی. یەکێ لە تایبەتمەندییەکانی ئەقڵی سیاسی کوردی ئەوەیە کە شتەکان حەیسییەتی دەکاتەوە. هەروا کە پێشتر ئاماژەم پێکرد، ئەقڵی سیاسی رەنگدانەوەی(بازتاب) ئەقڵی کۆمەڵایەتییە. ئەگەر سەرنجتان دابێ دەبینن کە کۆمەڵگەی کوردی وەکوو کۆمەڵگەیێکی سونەتیی و نامۆدێڕن، بابەتەکان حەیسییەتی دەکاتەوە. لە کۆمەڵگەی کوردی کاتێ کەسێ بێژێ فڵانە شت نابێ، یان قبووڵم نییە، یان وا نییە و هتد، ئەوەندە لە سەری پێداگری دەکات کە بابەتەکە حەیسییەتی دەبێتەوە و ئیتر گەڕانەوە لە وتەکەی بەرامبەر دەبێ بە ئابڕوو چوون. بەڕاستی بۆ وای لێ دێت و بابەتەکان، -بە بابەتە سیاسییەکانیشەوە- بۆ حەیسییەتی دەکرن. ئەو کەسەی کە بابەتەکە حەیسییەتی دەکات، چۆن خۆی لە دڵی کۆمەڵگەکە پەروەردە بووگە بە باشی ئاکامی کشانەوەکی دەزانێ. چۆن ئەقڵی کۆمەڵایەتی بە وتەگەلێک دەیڕازێنێتەوە کە حەیای دەبات.

دەتوانین بە بەشێک لەم وتانە کە هەموومان رۆژانە دەیبیسین ئاماژە بکەین: ئاخرەکەی فڵانی دۆڕاندی؛ تۆ ئەمەتە ئەزانی بۆ هەر لە ئەوەڵەوە وات کرد؛ هەر لە ئەولەوە ئەمزانی کە دێیتە سەر قسەکەی من و هتد.

بابەت زۆر لەمانە قووڵتر دەبێ کاتێ سەرنج بدەین و ببینین لە دوای جیا بوونەوە کەسانێک کە لە هەر لایێک بیانەوەێ بڕۆن بۆ لایێکیتر چۆن سەیر دەکرێن. لەو لایە کە جیا دەبێتەوە وەکو خائین و لەم لایە کە دەگەڕێتەوە وەکو تۆبەکار. ئەمانەیە ئەو ئەقڵی کۆمەڵایەتی و سیاسییەی کورد کە باسم کرد؛ هەرچەند زۆر بە کورتی و هێشتا نەڕۆیشتوومەتە ناو بابەتی پێچیدەتر.

بە هەر حاڵ باسکردن لە ئاشتی نەتەوایەتی بە شێوەیێکی عاتیفی ناتوانێ کڕیارێکی یان سەرکەوتوو بێ. ئەگەر ئەمانەوێ بەڕاستی خەبات لە رۆژهەڵات بخەینەوە گەڕ ئەبێ خوێندنەوەیێکی وردبینانەی لێ بکەین، لە چۆنییەتیی یەکگرتنەوە تا دەگات بە هاوکاری نێوان حیزبەکان و پارچەکانیتری کوردستان. لەم مانیفێستەدا ئەمەوێ تا ئەو جێگەیە کە مۆمکێنە، رەهەندگەلێک بۆ ژیانەوەی خەبات لە رۆژهەڵات بخەمە بەردەست. بە تایبەت بە رەخنە گرتن لە چەمکی ئەقڵانییەتی سیاسیی کوردی. هیوادارم ئەم بابەتە رۆڵێکی هەبێ لە رزگار بوون لە باروودخی هەنووکەیی.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …