سێ شه‌ممه‌ 19 ئازار 2024

هەلومەرجی ئێستا و شەڕی چەکداریی؟ / د. کامران ئەمین‌ئاوە

یەکێک لە پرسە گرینگەکانی هەر ڕێکخراوەیەکی سیاسی هەڵبژاردنی شێوەی خەبات و بەکار هێنانی ئامرازی جۆراوجۆر بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیەتی. لەم ڕەوتەدا ناکرێ هیچ چەشنە شێوازێکی خەبات بە چەشنێکی ڕەها دیاریی بکرێ. بە پێی گۆڕانکاریی لە بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی چەشنە ڕێبازێکی سیاسی دەتوانێ جێ خۆی بە چەشنێکی دیکە بدات و حیزبێکی شۆڕشگێر پێویستە بزانێ چ کاتێک بە شێوەیەکی ڕادیکال و چ کاتێک بە چەشنێکی مەدەنی یاخود رفۆرمیستی چالاکی بکات. واتە شێوەی خەبات و تاکتیکەکانی دەتوانێ توشی جێگۆڕکێ ببێ، بەڵام ستراتژی و ئامانجی سەرەکی لە جێی خۆیدا دەمێنێ و بە پێی وەزعییەتی بابەتی و زەینی، حیزبێکی شۆڕشگێر تاکتیکەکانی خۆی دەستنیشان دەکات. یەکێک لە شێوەکانی خەبات، شەڕی چەکداریی‌یە، بەشێک لە حیزب و کەسایەتییەکانی کوردستان بایەخێکی زۆر بەم چەشنە چالاکی‌یە دەدەن و جاروبار هەر چەشنە ڕەخنە‌گرتنیش لە بەکارهێنانی ناوەختی ئەم شێوازە دەکەوێتە بەڕ ڕەخنە و گازندەیەکی بێ پسانەوە و بوختان و تاوانی ترسەنۆکی، ڕفۆرمیست،خۆبەدەستەوەدەر، جاش، خۆفرۆش، لادەر  و … وەپاڵ ئەوان دەدرێ.

لە یەک دوو ساڵی ڕابردوودا مەسەلەی دەستپێکردنەوەی شەڕی چەکداری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان[ئەگەر ناردنەوەی پێشمەرگە بۆ بوونی لە نێو وڵات وەکو دەستپێکی خەباتی چەکداری پێناسە بکرێ]، دروست یان نادروست بوونی ئەم جموجۆڵە یەکێک لە بابەتەکانی باس و لێکدانەوەی حیزب و کەسایەتییەکانی کوردستانی و ئێرانی لە تاراوگە، هەروەها نێوخۆی وڵات بووە. پاش چەندین ساڵ ڕاگرتنی شەڕی چەکداری، ناردنەوەی پێشمەرگە بۆ نێو خۆی وڵات و لە کەمین کەوتنی بەردەوام، گیران، و گیانبەختکردنی پێشمەرگەکان لە بۆسەکان و بەندیخانەکانی حکوومەتی ئیسڵامی، سەرنجی زۆر کەسی بەرەو ئەم  مەسەلەیە ڕاکێشاوە. بە تایبەت ئەم پرسیارە دێتە پێش ئەم جموجوڵانە و لە دەستدانی دەیان پێشمەرگەی فیداکار، ئەویش کاتێک بزووتنەوەیەکی بە هێزی مەدەنی لە نێو خۆی وڵات لە حاڵی گەشەسەندایە، بڵێی لە جێ خۆیدابێ و زەبر لە بزووتنەوەی کوردی ڕۆژهەڵات نەدات و نەبێتە هۆی میلیتاریزە کردن و سەرکوتی هێزە مەدەنی و پێشکەوتنخوازەکانی نێو وڵات؟ یان ناردنەوەی پێشمەرگە و بوونی ئەوان لە نێو خۆی وڵات، سەرەڕای قوربانیدان و تەواوی کێشە و سەختیەکانی ئەم کار و چالاکی‌یە، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی وڕەی خەڵک، و پاڵپشتێکی بە هێز بۆ جوڵانەوەی مەدەنی و ئاشتیخوازانەی نێو وڵات؟ئایا دەتوانێ وەکو ماتۆڕێکی چکۆڵە ببێتە هۆی جووڵاندنی خەڵک بۆ شۆڕش و وەڕێخستنی ماتۆری گەورەی بزووتنەوەی جەماوەری؟

لەم بابەتەدا تێدەکۆشین تیشک بخەینە سەر ئەم باسە و تا ڕادەیەک لایەنە ئەرێنی و نەرێنی‌یەکانی شی کەینەوە.

***

لە دوو سەدەی ڕابردوودا نەک لە کوردستان بەڵکوو لە بەشەکانی دیکەی ئێرانیش جموجوڵ و ڕاپەرینی چەکداری دیتراوە. بۆ وێنە: بەشداری هێزە چەکدارەکانی ئازەربایجان بە سەرۆکایەتی سەتارخان و باقرخان لە بزووتنەوەی مەشروتە(١٢٨٧-١٢٨٥)، پێکهاتنی هێزی نیزامی لە بزووتنەوەی جەنگەڵ و تەنانەت بەشداریی چەکدارە کوردەکان بە ڕێبەریی خاڵو قوربان لەم بزووتنەیەدا( ١٣٠٠-١٢٩٣)، پێکهاتنی هێزی فیدایی لە بزووتنەوەی ئازەربایجان بە ڕێبەریی فرقەی دێموکرات(٢٥-١٣٢٤)، ڕاپەرینی ئەفسەرانی خوراسان  بە ڕێبەریی سەرگورد عەلی ئەکبەری ئەسکەندانی و سەرهەنگ عەبدولرەزا ئازەر (گەلاوێژی ١٣٢٤)، بزووتنەوەی چریکیی(موجاهید و فیدایی) لە دەیەکانی ٤٠ و ٥٠ی هەتاویی سەدەی ڕابردوو، ڕاپەرینی ئەفسەرە شۆڕشگێرەکانی هێزی ئاسمانی لە شۆڕشی ڕێبەندانی ١٣٥٧ و پەیوەست بوونی خەڵک بەوان، بزووتنەوەی خەلکی عەرەب لە ئەهواز(جۆزەردانی ٥٨)، بزووتنەوەی خەڵکی موسڵمان لە تەورێز(ڕەشەمەی ٥٨)، ڕاپەرینی یەکیەتیی کومۆنیستەکانی ئێران لە ئامۆڵ(ڕێبەندانی ١٣٦٠)، تێرۆرەکانی گرووپی فورقان(١٣٥٨)  و بە تایبەتی موجاهیدینی خەڵک پاش ٣٠ی جۆزەردانی ١٣٦٠، هەروەها عەمەلیاتی “فروغ جاودان”ی موجاهیدین لە گەلاوێژی١٣٦٧ نموونەگەلێک لەم جموجوڵ و خەباتی چەکداریلە نێو هێزەکانی دیکەی ئێرانە.

شەڕی چەکداریی لە کوردستان بە تایبەتی بە هۆی تایبەتمەندیی جوغرافیایی ئەم وڵاتە وەکو کوێستانی بوون، هەبوونی کێو، جەنگەڵ، دۆڵ، وگەلییە باریک و پڕ پێچاوپێچەکانی، هەروەها کەش و هەوای وشک،بەرگریی بەردەوامی خەڵک لە بەرامبەر هێڕشی نەیارانی و هتدوەکو داب و نەرێتێکی کۆن و گەلێک پیرۆزی لێ هاتووە. مێژووی کورد بە تایبەتی لە سەدەی ٦ و ٧ی زایینییەوە هەتا ئێستا پڕ لە فیداکاری، خۆڕاگری،لەخۆبردوویی و پاڵەوانییەتیی ڕۆڵەکانی کورد لەبەرامبەر دوژمنانی ئەم گەلەیە. لە چەند سەدەی ڕابردوودا چەندین ڕاپەرینیچەکداری بەڕێوە چوون کە وەک نموونە دەکرێ ئاماژە بەوانە بکەین:راپەرینی بەدرخان لە بۆتان(١٨٣٤ ز)، ڕاپەرینی یەزدانشێڕ(ساڵەکانی ١٨٥٥-١٨٤٤ز)، ڕاپەرینی شێخ عوبێدوللای نەهری(١٨٨٠ی ز)، ڕاپەرینی سمایل ئاغای سمکۆ(١٣٠٩-١٢٩٩)، دامەزراندنی کۆماری کوردستان(١٣٢٤) بزووتنەوەی ساڵەکانی ٤٦ و ١٣٤٧ بە ڕێبەریی کومیتەی شۆڕشگێری حیزبی دێموکراتی کوردستان، خەباتی چەکداریی بە ڕێبەریی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە پاش هێرشی هێزەکانی سەرکوتکەری ئێران بۆ کوردستان لە ٢٨ی گەڵاوێژی ١٣٥٨ و هتد.

***

بێ‌گومان لە کۆمەڵگایەک کە ڕێژیمی سەرکوتکەر، ڕێ بە خەباتی مەدەنی نەدات وفەزای سیاسییقڕو قەپ بکرێ، بەکارهێنانی شێوەکانی توند و تیژیخەبات دەبێتە خاوەنی جێگە وپێگەیەکی تایبەت.سەرکەوتنی هەر چەشنە شێوەیەکی خەبات، ڕاپەرین و شۆڕشێک پێوەندیی بە زۆر فاکتەری نێوخۆیی، ناوچەیی و جیهانی، هەروەها بارودۆخی سیاسی نیوکۆمەڵگا، ئاستی ئاگایی نەتەوەیی و سیاسی، هاوسەنگی هێزەکانی دژبەر، ئاستی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی خەڵک و ‌خۆڕاگریی هێزەکانی ڕێژیمی سەرکوتکەر لە بەرامبەر بزووتنەوەی خەڵک و هتد هەیە.لە مێژووی ئێراندا بەشێکی بەرچاو لە ڕاپەرینەکان بە هۆی نەبوونی بارودۆخی پێویستی سیاسی و کۆمەڵایەتی، لاسەنگی هێزەکانی شۆڕشگێر و سەرکوتکەر ونەبوونی پشتیوانیی جەماوەر شکستیان هێناوە و نەیانتوانیوە گۆڕانکارییەکی سیاسی و ئەرێنی لە کۆمەڵگادا پێک بهێنن.حەرەکەتە خۆویست و سکتاریستیەکانی ڕۆشنبیرە ئازادیخوازەکانی ئێرانسەرەڕای ئاوێتە بوونیان لە گەڵلەخۆبردوویی و فیدارکارییەکی زۆر، نەیتوانیوە بزووتنەوەی ئەوان بە ئاکامبگەیەنێ،بەڵام هەر کات خەباتی چەکداریی لەسەر بەستێنی بزووتنەوەی جەماوەر شکڵی‌گرتبێ، ئەگەر بە ئامانجی خۆشی نەگەیشتبێ، کاریگەریەکی بە هێزی لەسەر ڕەوانی کۆمەلگا داناوە. سەرکەوتنی شۆڕشی ڕیبەندانی ٥٧ی هەتاوی بە شوێن ڕاپەرینی هومافەرەکان و پەیوەست بوونی ئەوان بەخەڵک ، گەیشتنی هێزە چەکدارەکانی سەتارخان و باقرخان بۆ تاران لە کاتی مەشروتە و کاریگەریی ئەوان لەسەرکەوتنی مەشروتەخوازەکان، پێوەندیی خۆڕاگریی و بەرگریی چەکداریی لە کوردستان لەگەڵ جەماوەری خەڵکی کورد سەرەرای پاشەکشە و شکستی نیزامیی هێزە کوردەکان، نموونەی بەرچاوی هاوئاهەنگیی بزووتنەوەی جەماوەری و خەباتی چەکدارییە. بەڵام ڕاپەرینی ئەفسەرانی خوراسان، بزووتنەوەی چریکی، ڕاپەرینی یەکیەتی کومۆنیستەکان لە ئامۆل، عەمەلیاتی “فروغ جاویدان” و هتد نموونەی بەرچاوی جموجۆلێکی خۆویستانە، سەرنەکەوتوو و ناهاوئاهەنگ لەگەڵ باردوخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگان‌و ئاکامەکەیان شەهیدبوون و گیرانی دەیان شۆڕشگێری ئازادیخواز بووە کە خوازیاری گۆڕانگاریی جیددی لە کۆمەڵگادا بوون.

بۆ گەیشتن بە ئاکامی سەرکەوتوانە و وەدیهێنانی بەرنامە و ئامانجەکانی هەر ڕێکخراوەیەک، پیویستە ئەم خاڵانە لەبەر چاو بگیرێن: مەبەست لە ئەنجامی ئەو کار و چاڵاکییەی کە دەیکەن چیە و چ نەخشە ڕێگایەکی شیاویان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان هەیە؟ ئایا کادری پێویست و پەروەردەکراو، ڕێبەرییەکی کارا و شیاو، ئامرازی پێویست و توانایی ئەم کارەیان هەیە و هێزی شۆڕشگێر توانیویەتی سازماندەیی پێویستی بۆ بکات؟ بە بوونی زەبر و زونگ و دەسەڵاتی ڕێژیمی دیکتاتۆر تا چ ڕادەیەک خەڵکی بەرەو پێری ئەم چەشنە خەباتە دێن و پشتیوانیی لێ دەکەن؟ ئایا نەخشە ڕێگاکە، قازانج و زیانەکانی ئەو حەرەکەتەی کە قەرارەلە ئاکامی ئەو خەباتە چەکدارییەدا وەڕی کەوێ، هەروەها ئیمکاناتی خەبات بە باشی هەڵسەنگێندراوە و دەرفەتەکانی پێویست بۆ پاشەکشەیەکی ڕێک‌و پێک و کەم خەسار یان بێ خەسار لێکدراوەتەوە؟ لەبیرمان نەچێ “لێپرسینەوە لە خەڵکی سەرکەوتوو ناکرێ” بەڵام خۆ ئەوانی تووشی شکست دێن، دەکەونە بەر ڕەخنە وگازندەی یاران و نەیاران و بە قەوڵێک “سەرکەوتن هەزاران باوکی هەیە و شکست هەتیو و بێ دایک و باوکە”.

بێ ئەوەی بمانەوێ باسی دروست یان نادروست بوونی شەڕی چەکداری بکەین پێویستە بە پێی ئاکامەکانی ئەم یەک دوو ساڵەی کە جموجوڵی چەکداری لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکردۆتەوە، دەستکەوتەکان و زیانەکانی هەڵسەنگێنین و بزانین چ کاریگەریەکی لەسەر گەشەسەندنی بزووتنەوەی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە و هەتا چ رادەیەک لە مەبەستەکانی نزیک بۆتەوە! بەم پێی پێویستە، ئێمە وڵامی ئەم پرسیارانە بدەینەوە:

١.‌ ئایا ئەم جموجوڵانە بوونەتە هۆی پاشەکشەکردنی دوژمن و نزیککردنەوەی ئێمە لە مەبەستەکانی خۆمان؟

٢.‌ لەم جموجوڵانەدا،خەساری گیانی و کوژراوی هێزەکانی سەرکوتکەر زۆرتر بووە یان ئی لایەنی پێشمەرگەکان؟ ئەو ئامارانەی کە لەبەر دەستن پیشانیان داوە کە بە دەیان پێشمەرگەی کورد بە هۆی لە کەمین کەوتن و گەمارۆدران، گیانی خۆیان بەخت کردوە و ئەگەر تەنانەت زەبرێکی زۆریش لە دوژمن درابێ بە پێی ئەوەی کە حکومەت هەزاران هێزی سەرکوتکەری هەیە،دەتوانێ بە هاسانی جێگەی کوژراوانی خۆی پڕکاتەوە، بەڵام بڵێی حیزبە کوردستانی‌یەکان بەم سادەییە بتوانن جێی ئەم گیانبەختکردوانە پڕ کەنەوە؟

٣.‌ ئایا چالاکیی پێشمەرگە و دەستکەوتەکانی ئەوندە بەرچاو بووە کە ببێتە هۆی بەرزکردنەوەی وڕەی خەڵک و پەیوەست بوونیان بە هێزی پێشمەرگە یان بە پێچەوانە لە کەمین کەوتنی بەردەوام،شەهیدبوون و گیرانی پێشمەرگەکان کاریگەریەکی نەرێنی لە سەر ڕەوانی کۆمەڵگایەک بووە کە شایەدی شکست و زەبرخواردنی بەردەوامی هێزێکە کە لە ڕابردوودا وەکو پاڵەوانی ڕزگارکەر پێناسە دەکرا؟

٤.‌ ئایا توانایی هێزی پێشمەرگە لەو ئاستەدا هەیە کە بتوانی ناوچەگەلێک ڕزگار بکات و دەستەڵاتی ئەو بەشە بە دەستەوە بگرێ و ڕاێگرێ؟

٥.‌ ئایا ئەم جموجۆلانە بوونەتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاگایی سیاسیی خەڵک و متمانەی زۆرتر بە حیزبە کوردستانیەکان؟

٦.‌ ئایا کاتێک حیزبە کوردستانی‌یەکان نەک ناوچەیەکی ئازادکراو بەڵکو پشت جەبهەیەکی جێ متمانە و ئیمکاناتی ماڵی و ڵۆجەستیکیشیان نی‌یە، تا چ رادەیەک ئەم کار و چاڵاکی‌یانە دەتوانێ بە قازانجی نەک بزووتنەوە، بەڵکوو خۆشیان تەواو بێ؟

٧. بڵێی کاتێک ئەم هەموو دەرفەتەمیدیاییە بۆ پێوەندیی گرتن لەگەڵ خەڵک لە ڕیگای ئینترنێت، تەلەویزیون وهتد هەیە، پێویست بێ تەنیا لەبەر پیشاندانی حزوری حیزبێک، گیانی پێشمەرگەکان بکەوێتە مەترسییەوە؟ بڵێی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانکە پانتاییەکەی دەگاتە ١٦٠ هەزار کیڵۆمیتری چوارگۆشە،بوونی جارو باری پێشمەرگە لە چەند گوندێکی کوردستان و زەبرخواردنی بەردەوامو گەیشتنی خەبەری شکست و سەرکووتکرانیان بە جەماوەر، ببێتە هۆی ڕاکێشانی خەڵک بۆ گۆڕەپانی خەبات و ورووژاندنی هەستی نەتەوەیی ئەوان؟

٨. کاتێک باردۆخی پێویست بۆ جووڵانەوی چەکداری ئامادە نی‌یە، ڕێژەی پێشمەرگە، و ئامرازی خەباتی نیزامیو تواناییەکان بۆشەڕێکی سەرکەوتوو بە هیچ جۆر بەرابەریی لەگەڵ ئیمکاناتی دوژمن ناکات، و باردۆخەکە گەلێک نابەرامبەرە، بڵێی دەس بۆ چەک بردن نەبێتە هۆی بردنی هێزی شۆڕشگێر بۆ نێو مەیدانێک کە ڕێژیمی دیکتاتۆر دەستی باڵای تێدا هەیە و بە هەبوونی تەواوی دەرفەتە سوپایی(نیزامی)یەکان،توانای سەرکوتکردنی یەکجاربەرزترە؟ئایا لەم حاڵەتەدا،ئەم جۆرە حەرەکەتە چەکدارییە نابێتە هۆی ئەوە نەک پێشمەرگەکان بەڵکوو خەڵکی ئاساییش تووشی چەرمەسەریی و ئازار و زیانێکی زۆر بن؟ و هتد.

 

 

ئاکامگیری:

حیزبێکی بەرپرس و بە ئەزموونی سیاسی، بە پێی هەڵسەنگاندنی بارودۆخ و وەزعیەتی سیاسیی کۆمەڵگا، هاوسەنگیی هێزەکانی دژبەر و چۆنیەتی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی جەماوەر دەبێ توانایی کەڵک وەرگرتنی شیاو و دروستی لە تەواوی شێوەکانی خەباتی ئاشتی‌خوازانە و ڕادیکال، واتە شەڕی چەکداریی و ڕاپەرین و هتد هەبێ و لە کاتی پێویستدا بتوانێ شێوازی دروستی خەبات وا هەڵبژێرێ کە بە کەمترین خەسار زۆرترین زەبر لە دوژمن بدات و لە مەبەست و ئاکامەکانی خۆێ نزیک بێتەوە. بێ‌گومان خەباتی چەکداریی پێویستی بە بیرێکی گەلێک وردتر و هەبوونی دەرفەتەکانی پێش و پاشی بەرەی شەڕ و بارودۆخێکی شیاو هەیە‌و تەنیا کاتێک لە جێی خۆیدایە کە بتوانێ لەسەر بەستێنی شۆڕشێکی جەماوەریی و لە کاتی پێویستدا بۆ چارەسەرکردنی یەکجاری بێتە ئاراوە. هێنانە مەیدانی هێزی پێشمەرگە لە کاتێکدا بارودۆخی پێویست تەیارنییە و هاوسەنگیی هێزەکانی شەڕ لە قازانجی هێزی سەرکوتکەردایە، چ لەباری نیزامی و چ  لەباری ڕووحی و ڕەوانیەوە بە زیانی هێزی شۆڕشگێر و خەڵک تەواو دەبێ. زەبرخواردنی بەردەوامی پێشمەرگە، گیران و شەهیدبوونیان چ لەباری ئینسانیی و چ لەباری کاریگەریی ڕەوانییەوە کۆمەڵگاو حیزب تووشی خەسار و کارەسات دەکات.

خەڵک حەقی خۆیانە ئەم پرسیارانە ئاراستەی ئەم چەشنە ڕێکخراوانە بکەن:هۆی چیە تەنیا پێشمەرگەیە کە بەردەوام دەکەوێتە کەمینی دوژمن و هیچ دەستکەوتێکی نیزامی و سیاسی نەسیبی هێزی پێشمەرگە نابێ؟ ئایا باشتر نییە حیزبەکانی کوردستانی زۆرتر بایەخ بە پەروەردەکردنی سیاسی و نیزامیی پێشمەرگە و ئامادەکردنیان بۆ ڕۆژێک بدەن کە بارودۆخی پێویست لە کۆمەڵگا پێک دێ و ئەوان بتوانن وەکو کادرێکی سیاسی بەشداری لە خەباتی جەماوەری‌دا بکەن. بڵێی باشتر نەبێ لەم بارودۆخەدا کە خەباتی مەدەنی لە حاڵی گەشەسەندایە هێزی خۆمان بۆ کۆکردنەوە و پەرەپێدان بە خەباتی ئاشتیخوازانەی کۆمەلایەتی، ئابووری، فەرهەنگی و سیاسی بخەینە گەڕ؟ مانگرتنی ٢١ی خەرمانان نموونەیەکی باش بوو لە خەباتی مەدەنی و جەماوەریی کوردستان و نیشانەی ئەو پەڕی وشیاریی و ئاگایی سیاسی کوردی ڕۆژهەڵاتە کە دەتوانێ نموونەیەک باش نەک بۆ تەواوی ئێران بەڵکوو بۆ تەواوی بەشەکانی دیکەی کوردستانیش بێ. حیزبێکی بە ئەزموون نابێ بە حەرەکەتێکی کاڵ و ناسەرکەوتووی نیزامیی خۆی، زەبر لە بزووتنەوەی لە حاڵی گەشەسەندنی خەڵک بدات و ڕێخۆشکەری سەرکوتی هێزە پێشکەوتنخوازەکانی نێو کۆمەڵگا و میلیتاریزە کردنی وڵاتبێ. لە لایەکی دیکەشەوەتێچووی ئەم چەشنە خەباتە رادیکالە،لەدەستدانی دەیان پێشمەرگەی ئازایە کە سەرمایەی ئەم کۆمەڵگایەن و دەتوانن لە داهاتوی کوردستاندا ئەگەر بە باشی پەروەردە بکرێن، نەخش و ڕۆڵێکی باش و چارەسازیان هەبێ! بێ‌گومان خەباتی سیاسی لە کۆمەڵگایەکی نادێموکراتیکدا هەمێشە لەگەڵ گرتن و ئەشکەنجە و شەهیدبوونی ئازادیخوازان ڕوبەروویە، بەڵام حیزبێکی سیاسی پێویستە زۆر ورد و بەرپرسانە لە گەڵ گیانی ئەندامەکانی خۆی و خەڵکی ئاسایی بجووڵێتەوە و شێوەیەک هەڵبژێرێ کە بە کەمترین خەسار بە زۆرترین ئاکام بگات!

ڕەزبەری ٢٠١٨

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …