سێ شه‌ممه‌ 19 ئازار 2024

شریف هی کێیە؟ / ئەسعەد دوروودی

گیانفیدایی شەریف باجوور و هاوڕێیانی، لە ڕۆژانی ڕابردوودا بابەتێکی گرینگی باس و قسەی چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کوردستان بووە. شەپۆلێکی بەرینی ڕێز و خۆشەویستی لە هەموو لایەک بەڕێکرا بۆ یاد و بیرەوەریی ئەو مرۆڤە خۆبەخش و فیداکارانە. من لەو بەشەدا شتێکی تازەم نییە بە ئەو هەموو قسە جوان و ڕێز و خۆشەویستییە کە لایەقیان بوو و بەحەق بۆیان نووسرا زیاد بکەم. گەرەکمە باسی شتێکی دیکە بکەم، پاش گیانبەختکردنی ئەو چوارچالاکە و ڕێککەوتنی شەپۆلێکی گەورەی ڕێز و خۆشەویستی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان حیزبە سیاسییەکانیچ وەکوو ئەرکی خۆیان (لەوانەیە بازێک کەس و لایەنیچ بۆ جێنەمان لە قافڵە) بەشداری ئەو ڕێزگرتنە بوون. خۆبەخاوەن کردن لە شەریفەکان و لە حەرەکەتە مەدەنییەکان و چالاکانی ناوخۆ و پشتیوانی کار و چالاکییان، نە شتێکی تازەیە و نە کەس دەتوانێ ئەو مافە لە کەس یان لایەنێک بسێنێتەوە. باسکردن لەوەش کە ئایا ناوبردنی شەریف وەکوو ئەندام یان لایەنگری حیزبێکی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە قازانج یان زەرەری چالاکانی ناوخۆ و ڕێکخراوەکەیان یان خەباتی گەلی کورد لەو بەشەی کوردستان بە گشتی دەبێ، قسەی لێکراوە. ئەوەی کەمتر باسکراوە ئەوەیە بۆ کەسێک یان لایەنێک خۆی بەتەنیا بە خاوەنی شەریف و شەریفەکان دەزانێ؟ بۆ کەس یان لایەنێکی دیکە هەوڵ دەدا بڵێ نە وانییە و شەریف هی ئەوان نییە؟ بۆ هەرکام لەوانەش دەکرێ دەیان بەڵگە و لێکدانەوەی هاودەنگ یان نەیار بهێنرێتەوە و دەیان نووسراوە بنووسرێت و سەدان تەحلیل بکرێ.

ئایا دەردەکە ئەوە نییە کە دوورکەوتنەوەی ڕێژەییمان لە خەباتی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وای کردووە ئامادەبین قوربانیی زۆر بدەین و تەنانەت ڕیسک بە خەباتی مەدەنییەوە بکەین بۆ ئەوەی ناومان دیارتر بێ؟

ئایا دەردەکە ئەوە نییە ئەگەر لایەنێک خاوەنی شەریفەکان بێ لایەنی دیکە خۆی بە پەراوێزکەوتوو دەزانێ و هەوڵ دەدا بەشێوەیەک ئەو پەراوێزکەوتنە قەرەبوو بکاتەوە؟

ئەگەر ڕوانینەکەمان ڕوانینێکی نەتەوەیی و بەرلەوەش ڕوانینێکی ئینسانیتر بێ لەوانەیە ئەو باسانەی زەروورەتیان نییە، نەیەنە پێش و، هێز و وزەمان بەفێڕۆ نەچێ و مەترسیچ بۆ خەباتی مەدەنی درووست نەبێ. ئەگەر وابڕوانینە مەسئەلەکە کە شەریفەکان هی هەموو ئەو خەڵکەن کە بۆ ژیانێکی ئینسانیتر و داهاتوویەکی باشتر بۆ گەلی کورد ــ و لە ڕوانینێکی بەرینتردا بۆ گشت مرۆڤ ــ هەوڵ دەدەن ئەو کات دەردەکەوێ شەریفەکان بەڕاستی هی کێن و کێ دەتوانێ شانازییان پێوە بکا. ئەو کات بایەخی ئەو گیانفیداییە زیاتر دەردەکەوێ و شەریفەکانی دیکەش بە ئاسوودەیی و پشتگەرمییەکی زیاتر درێژە بەچالاکییەکانیان دەدەن و خەڵکەکەش دڵنیادەبن شەڕی داهاتووی حیزبەکان لە کوردستان شەڕی بەش و هی منە و هی تۆیە نییە بەڵکوو شەڕی هەوڵ بۆ بەختەوەریی کۆمەڵگا و هەوڵ بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێ شیاوی مرۆڤی سەردەمە بۆ تاکەکانی کۆمەڵگایە.

شەریف و هاوڕێکانی گیانیان نایە پێناو کوژاندنەوەی ئەو ئاگرەی دارستانەکانی کوردستانی دەسووتاند، با ئێمەش هەوڵێکی زیاتر بۆ کوژاندنەوەی ئەو ئاگرە بدەین کە مەترسیی ئەوەی دەکرێ داهاتووی کوردستان بسووتێنێ.

سپتامبری ٢٠١٨ ستۆکهۆڵم

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …