یه‌ك شه‌ممه‌ 22 ته‌مموز 2018
ماڵەوە / کۆمەڵایەتی / رێگری لە نمایشکردنی تابلۆی کچە هونەرمەندێکی کورد نرخەکەی بەرزدەکاتەوە

رێگری لە نمایشکردنی تابلۆی کچە هونەرمەندێکی کورد نرخەکەی بەرزدەکاتەوە

تابلۆیەكی ئیرۆتیكی كە لەلایەن كچە شێوەكارێكەوە كێشراوە و لە پێشانگەیەكی شێوەكاریدا نمایش كرا، كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و بەشێك لە خوێندكارەكانی زانكۆ رێگرییان لە نمایشكردنی تابلۆكە كرد و دواتر لابرا، بەڵام ئەم رێگرییە بووە هۆی ئەوەی نرخی تابلۆكانی شێوەكارەكە بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەر زیاد بێت و بشخرێتە مەزادەوە.

شەریهان یونس خزر، تەمەن 21 ساڵ، خاوەنی تابلۆ رەتكراوەكە و خوێندكاری دوا قۆناغی بەشی شێوەكاریی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی كفری و دانیشتووی كەلارە، شەریهان لەبارەی پیشانگەكە و تابلۆكانی دەڵێت: “لە چەند رۆژی رابردوودا پێشانگایەكی هاوبەشی سەنتەری چالاكی گەنجانی كەلار لەناو زانكۆی گەرمیان كرایەوە، من لە پێشانگاكەدا جگە لە تابلۆی كچی بەر ئاوێنەكە، چوار تابلۆی دیكەشم نمایشكرد كە دوویان تابلۆی سرووشت و دووانیشیان كچ و كوڕێك بوون، بەڵام بەلامەوە سەیر بوو كە بەشێك لە خوێندكارەكان رێگریان لە نمایشكردنی تابلۆكە كرد و لابران، بەبیانووی ئەوەی تابلۆكان كێشە بۆ ئەخلاقی كۆمەڵگە دروست دەكەن”.

شەریهان هاندانی خێزان و هاوڕێكانی و پشتگیریی مامۆستاكەی لەبیرناكات و دەڵێت: “دوای ئەو پشتگیرییەی لە خێزانەكەمەوە بەدەستمهێنا، هەروەها كاتێك مامۆستای بەشەكەم پێشنیازی كارەكەی بۆ كردم، ئەم بوێریەم كرد و بەخۆشحاڵی و متمانەبەخۆبوونەوە قبوڵم كرد و تابلۆكەم كێشا”.

لەبارەی ئەو پەیام و ئامانجەی ویستوویەتی لەڕێگەی ئەو تابلۆیەوە بیگەیەنێت، شەریهان گوتی: “رووتبوونەوەی جەستە لە تابلۆیەكدا پێیدەگوترێت ئیرۆتیك، پەیامیشم لەم كارە جیاكردنەوەی تابلۆ بوو لە وێنەی سێكسی و ورووژێنەر، هەروەها دەست خستنە سەر ئەو برینانەی بەهۆی كۆمەڵگاوە رووبەڕووت دەبنەوە، راستە شەرم لە كۆمەڵگەی ئێمەدا هێشتا زۆر زاڵە، بەڵام متمانەبەخۆبوون وای لێكردم بەسەریدا زاڵ بم و پەنجەكانم شەرمیان بشكێت، خەونی منیش هەر بەرقەراربوونی جوانی و ئازادییە”.

دەشڵێت: “دڵخۆشم و پێموایە بە تابلۆیەك ئاستی رۆشنفكریی ناوەندێكی مەعریفیم خستووەتە ژێر پرسیارەوە”.

شەریهان خۆی كچێكی تاڕادەیەك باڵاپۆشە و لەچك لەسەر دەكات، بۆیە رەخنەی زۆری لێگیرا كە بۆ ئەم جۆرە تابلۆیانەی كێشاوە؟ لە وەڵامدا شەریهان دەڵێت “ئەم ستایلەی خۆم بە حیجاب نازانم، جگە لەوەش لە سەركردنی لەچك و ستایلی من، پەیوەست نین بە جۆری كاركردنمەوە، چونكە بەدەر لە ئیرۆتیك، چەندین كاری دیكە و جۆراوجۆرم هەبووە، ئەم تابلۆ ئیرۆتیكیەشم مانای ئەوە نییە من هەر كاری ئیرۆتیك دەكەم”.

كچە خوێندكارەكە پێشتریش تابلۆی ئیرۆتیكی كێشاوە، ئەو گوتی “ئەگەرچی رێگری لە كارەكەم كرا و رەخنەشم زۆر لێگیرا، بەڵام تائێستا هیچ هەڕەشەیەكم رووبەڕوو نەبووەتەوە، یەكەمجاریشم نییە كاری لەم شێوەیە بكەم، بەڵام یەكەمجار بوو كاردانەوەیەكی وەها بەدوای خۆیدا بهێنێت”.

دوای رێگری بەشێك لە خوێندكارەكان، وەك كاردانەوەیەك تابلۆكەی شەریهان خرایە مەزادەوە، لەبارەی ئەوەش شەریهان گوتی “دوای ئەوەی كڕیار بۆ تابلۆكە دروستبوو، خرایە مەزادەوە، ئەوانەی بەشدارییان لە مەزادەكە كردووە كەسانی عەلمانین، چونكە ئیسلامییەكان ئەم تابلۆیەیان پێ گونجاو نییە”. گوتیشی “تائێستا تابلۆكە 3600 دۆلاری پێدراوە، بەڵام هێشتا كات ماوە بۆ زیادكردنی دیكە و چاوەڕوان دەكەین بزانین كێ نرخی زیاتر دەدات بە تابلۆكە”.

بابەتی هاوپۆل

چالاکی مەدەنی کورد  لەشاری ســنە  دەستگیر کرا

یەکێک لە چالاکانی مەدەنی ناسراوی شاری سنە، دوایی بانکهێشت کردنی بۆ دادگا، دەستبەسەر کرا