رایەک لەسەر کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات / حەسەن ماوەرانی

پاش سالەها داواخوازی دۆست و لایەنگر و ڕووناکبیران لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئەنجامی کارتێکەریی ڕابوونەکانی یەکدەستی جەماوەری لە دژی کۆماری پەت و سیدارە لە ڕۆژهەڵات بە خۆشیەوە هەنگاوێکی ئەرێنی بەڵام ناتەواو لە لایەن ڕیکخراوەکانی، کۆمەڵەی شۆڕشگێری کوردستانی ئێران، حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستان، حیزبی دێمۆکراتی کوردستان و ڕیکخراوەی خەبات هەڵهێندرا.

ئەو هەنگاوە ئەرێنیە، چون تەنانەت یەکگرتنەوەی ئەو چەندلایەنەش هەر بە قازانجی نەتەوەی کوردە. ناتەواوە، چون بە بیانووی پڕ و پووچ چەند لایەن بەشداریان نەکردوە و یان ڕیگەی بەشداریکردنیان نەداونێ. ئەوەش دەبێتە لایەنی نەرێنێ کە ئێستاش و لەداهاتووشدا زیانی بۆ بزاڤی کورد لە ڕۆژهەڵات زیاترە لەوەیکە شرۆڤەی لەسەر دەکەن.
هەروەها عەیبێکی بەرچاوی ئەو دانیشتنە، هەوای دەسەڵاتداری پیاوساڵاریی لە حیزبەکاندابوو. لەکاتێکدا پتر لە نیوەی کۆمەڵانی کوردی رۆژهەڵات ژنانن و بە سەدان ژنی روناکبیر و خوێندەوار لە ناو حیزبەکوردستانیەکان و کەسایەتیە سەربەخۆکاندا هەیە، بەداخەوە ڕیکخراوەیەکی ئیسلامی تاقە ژنی کوردی وەک نوێنەر بەشدار کردبوو. کۆمەڵەکان و دێمۆکراتەکان سەرڕای هەبوونی کادری پێشکەوتووی بەرچاو لە نێو ژناندا، ئەو کارەیان نەکردبوو. ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵات بەشی بەرچاوی خەباتکارانن کە بە خێشکەیی ناکرێ چاویان لێ بنوقێنن و دەرگایان لەسەرداخەن.
هاودەنگی و هاوکاری ویستی گەلی کوردە لە ڕۆژهەڵات، یەکێتی ریزەکانی کورد و بەشداریی لە داهاتووی ئێرانی بەرەو تێکچوون بەیەک دەنگیی کورد، ئەرکی نیشتمانیە نەک ویستی حیزبی و بەشێک لە ئەرکی حیزبی.
لەڕاستیدا بە لەبەر چاونەگرتنی خەبات، ئەو یەکگرتنەوە وەک یەکگرتنەوەی فیفتی فیفتی باشور دەچێ. چما؟ چون نە دێمۆکراتەکان جیاوازیی بنەڕەتیی فیکری و بیروباوەڕی و مێژووییان هەیە و نە کۆمەڵەکان. واتا یەگرتنەوەکە کۆمەڵە و دێمۆکراتە و بەشداری ڕیکخراوەیەکی پچوکی وەک خەبات، ئەگەرچی باشە، بەڵام کارتێکەریەکی زۆری نابێ.
لەدەرەوەی بازنەی ئەو یەکگرتنەوەیدا، چەند لایەنی سیاسی بە کردەوە لە گۆڕەپانی خەباتدا هەن کە بریتین لە :
– کۆمەڵە رێکخراوی هەریمی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران،
ئەو ڕیکخراوە کە لەڕاستیدا تێکۆشانەکەی هەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەوێنی حیزبەکەیە و ناوی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، ناوی زل و دێی وێرانە، بە هۆی راوبۆچوونی خۆیان کە بەشێکی بەڕای من دروستە و بەشەکەی دیکەی بیانوویە کە بەشداریی خەبات دەکەنە بیانوو، ئامادە نەبوو بەشداری بکا و لەسەر تەلەویزیۆنەکەیان بەڕێز رەحمانی بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند کە هیچ بڕیارێکیان بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی داهاتوودا نەداوە.
– پژاک، ڕیکخراوی هاودەنگی پارتی کرێکارانی کوردستانی باکورە،
ئەو ڕیکخراوە بە بڕوای بەشێک لە سەرکردایەتی کۆمەڵە و دێمۆکرات بە کلکەی پ.ک.ک دادەنرێ و ئەوان ئامادە نین کە هاوپەیمانیی لەگەڵ بکەن. ئەوەش دیسان دەگەڕێتەوە لایەنی پاوانخوازی.
لەوانەیە کەسانێک بڵێن کە پژاک سەر بە پ.ک.ک.ایە. بەڵی ڕاستە. بەڵام هەم کوردستانیە و هەم ڕێکخراوەیەکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. تەنانەت حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانیش خۆی بە حیزبێکی کوردستانی دانانێ. بەڵام بانگ دەکرێ. بانگکردنەکەشی دروستە چون تەنیا لە کوردستان بە حیساب دێ. بەڵام پژاک کە ئێوە بە لقی پ.ک.ک ا ی دەزانن نابێ بەشدار بێ؟!!!
دەڵێن کە پ.ک.ک پێوەندیی لە گەڵ ئێران و هیلالی شیعە هەیە. ئەوەش تا رادەیەک ڕاستە! بەڵام حیزبەکانی کوردستانی لەسەریەک پێشینەی پێوەندیان بە داگیرکەرانی کوردستانەوە هەبووە. جیاوازی نێوانیان چەشنی پێوەندییەکەیان بووە. لەو بارەشەوە هەنگاوی ژێرانە ڕاکێشانی پژاکە بۆ بەرەیەکی نیشتمانی. ئەوەش دەتوانێ بەنۆرەی خۆی ببێتە هۆی دووری کردنی پ.ک.ک اش لە ئێران.
ئێمە چ بمانهەوێ و چ نەمانهەوێ ڕێکخراوەی پژاک هەیە و کار دەکا و خاوەنی ئەندام و لایەنگری چالاکی خۆی و هێزی چەکداری خۆیەتی. ئایا هاوکاری نەکردن لە پێناو ئامانجە هاوبەشەکان، ئەو ڕێکخراوە بەرەوە لەپێشگرتنی تەکرەوی و هژێمۆنیخوازی هان نادا؟ ئایا ئەوە گەرا خستنی چەشنێک دووبەرەکی کە لەداهاتوودا ببێتە هۆی پێکهەڵپڕژان لە نێوان کوردی رۆژهەڵاتدا نییە؟
لەتوێی دەخاڵی ڕاگەیەندراودا، چێکردنی ناوەندێکی بڕیاردان پەسند کراوە. سروشتیە کە بوونی پژاک و هەر ڕیکخراوەیەک لەو بەرەدا، پێڕەوی کردن لەو ناوەندەی بەسەردا فەرز دەکا. ئەوەش رێگری لە تەکرەوی و پێکهەڵپڕژانی کورد لە داهاتوودا دەکا. هەروەها قسە لە پێکهێنانی پارلمانی کورد لە دەروەی وڵات دەکرێ. ئایا دەکرێ چەند لایەن بەتەنێ پارلمانێک بۆ کورد پێک بهێنن و ئەویتر بەشداریی نەبێ؟
– پاک، پارتی ئازادی کوردستان یەکی دیکەیە لە لایەنەکانی بەشدار نەبوو.
ئەو پارتەش وەک پژاک لە پێوەندی پتەو لەگەڵ پارتی دێمۆکراتی کوردستان لە باشوردایە. دیارە کەس باسی نەکردوون و لە قسەکردنیشدا بە فەرامۆشیان سپاردوە. بەڵام ئەوانیش حیزبێکن بە پێشمەرگە و ئەندام و لایەنگری خۆیانەوە و تەنانەت فەرامۆش کردنیان، هەڵەیەکی ئاشکرایە.
– چوارەم لەبەرچاو نەگرتنی دەوری کەسایەتیەکانی کورد،
هەموومان دەزانین کە بەشێکی بەرفراوانی چالاکانی کورد کە لە پێشودا سەر بە حیزبەکان بوون و ئێستا وەک ڕووناکبیری سەربەخۆ چالاکی دەکەن. بە خۆشیەوە بەشێکی بەرچاوی کارناس و ڕووناکبیرانی کوردیش پێکدێنن کە لە هەموو ڕووداوەکان و چاڵاکیەکان دەوریان هەبووە. بەڵام لە پێکهێنانی ئەو بەرەیەدا هێچ باسێکیان لەسەر نییە.
لەو دە خاڵە ڕاگەیەندراوە کە کراوەتە پڵاتفۆرم،بەجێهێنانی بەشی زۆریان بەبێ بەشداریی ئەو بەشە لە کەسایەتیەکانی کورد، هەر ئەوەی لێ دێتەدەرێ کە لە مێدیا فەرمیەکانی ئەو حیزبانە بڵاو دەکرێتەوە. بە تایبەت دروست کردنی پارلمانی کوردی ڕۆژهەڵات و مێدیای یەکگرتوو و دانانی یاسایەک بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵات و تەنانەت دیاریکردنی بەرنامەیەکی هاوبەشیش بەبەشداری ئەو کەسانە دەوڵەمەندتر دەبێ و بە ڕێک و پێکی دەگونجێ.
– لایەنێکی دیکەی گرینگ بەشداریی ڕیکخراوەکانی سیاسی و کولتوری ژنانی ڕۆژهەڵاتە لە دەرەوەی وڵات. بەبەشداریی ئەو ڕێکخراوانە هەم باری پیاوسالاری کەمڕەنگ دەکرێ و هەم بواری کەڵک وەرگرتن لە بیری نوێ دەگونجێ.

ئەوانە چەند نوکتەیەکن کە بە ڕای من دەبێ ئەو بەڕێزانە کە سەرکردەی حیزبەکانن بیانخەنە بەرچاو و بە یەک دوو ڕستە بەسەریاندا تێنەپەڕن. با هەرلە ئێستاڕا شتێک بەرپا بکرێ کە بناخەی پتەوی هەبێ و لە نەخۆشیەکانی داهاتووی بزوتنەوەی کورد بمان پارێزێ.
حەسەن ماوەرانی
١٠.٠١.٢٠١٨

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …