دوو شه‌ممه‌ 18 ئازار 2024
مەریوان وریا قانع

کۆمەڵگای ئێرانی جارێکی دیکە دەجوڵێت / مه‌ریوان وریا قانیع

کە ساڵی ١٩٧٨ فەیلەسوفی فەرەنسیی میشێل فوکۆ چو بۆ ئێران بۆئەوەی کۆمەڵێک ڕیپۆرتاژ بۆ بۆ ڕۆژنامەیەکی ئیتالیی لەسەر دۆخی ئێران‌و شۆڕشەکەی بنوسێت، بەخوێنەرە ئەوروپییەکانی دەڵێت: لەھەرکەسێک دەپرسیت چیتان دەوێت، ھەمووان دەڵێن ”حکومەتی ئیسلامیی“. بەڵام کە زیاتر دەپرسیت‌و دەڵێی ئایا ماھیەتی ئەو حکومەتەو دەستورو دەزگاو شێوازی کارکردنی چین‌و چۆن دەبن؟ کەسێک نییە وەڵامەکەی بزانێت. فوکۆ پێیوابوو خەڵکی ئێران لەوکاتەدا داوای شتێکیان دەکرد کە نەیاندەزانی چییە، دەیانویست لەدونیایەک ڕزگاریان ببێت بەبێ ئەوەی بزانن بەرەو چ دونیایەکی تر دەڕۆن.

ئەگەرچی خومەینی ساڵانێک بو تێزێکی سەبارەت بە ”حوکمڕانی فەقیە“ گەشەپێدابو، بەڵام خەڵکانێکی ھێجگار کەم ئەم تێزەی خومەینیان دەناسیی‌و خوێندبوەوە. کە خومەینیش لەپاریسەوە ھاتووەو لەفڕۆکەخانەی تاران دابەزیی، زۆرانێک وێنەی ھاتنەوەی ئیمامی مەھدیان بۆی گەڕاندنەوەکەی ھەبو.
فوکۆ خۆی لەسەروبەندی شۆڕشی ئێرانیدا تێزەی ”سیاسەتی ڕۆحنایی“ Political spirituality دەھێنێتەپێشەوە بۆ باسکردن لەجۆرێک لەسیاسەت‌و حوکمڕانی ئەلتەرناتیڤ بۆئەوەی کەلە خۆرئاوادا ھەبوو. ئەوەی نووسینەکانی فوکۆ لەسەر شۆڕشی ئێرانی بخوێنێتەوە، بەئاشکرا ئیعجابی ئەم پیاوە بۆ ئەو تێکەڵبوونەوە گریمانکراوەی ”ڕۆحانیەت“و “سیاسەت“ بەیەکتری ھەستپێدەکات. بەڵام فوکۆ ھەرزوو کەوتە ڕەخنەکردنی کارو کردەوەکانی خومەینی‌و بێدەنگبوون لەم تێزە سیاسییەشی.

ئەمڕۆ لە ئێرانی دوای ٣٨ ساڵ کە حوکمڕانی ”جمھوری ئیسلامیی“دا، خەڵک لە زۆرێک لە شارەکانی ئێراندا، لەناویاندا شاری قوم و لەنزیک گۆڕەکەی خومەینییەوە، نەفرەت لە حکومەتی ئیسلامی و دەسەڵاتی پیاوانی دین دەکەن. نەک ھەر ئەمە بەشێک لە خۆپیشاندەران بە ئاشکرا خواستی گەڕاندنەوەی شا بۆ ئێران بەیان دەکەن.

”جمھوری ئیسلامیی“ لەم ماوە درێژەی حوکمڕانیدا بوارێکی ژیان لەو کۆمەڵگایەدا نەماوە تێکینەدات و گەندەڵیی و خراپەکاریی و ستمەگەریی تیا نەچەنێت. بەجۆرێک سەرجەمی ئەزموونەکە بووە بە یەکێک لە نموونە ھەرە ناشیرینەکانی حوکمڕانییکردن لە دونیادا. ئەم شەپۆلە لە خۆپیشاندان کە ئەمڕۆکە جارێکی تر بەشێکی گەورەی ئەو وڵاتەی گرتۆتەوە، بێزاریی و ەڕسی ئەو کۆمەڵگایە نیشانئەدات بە دەست ئەو حوکمڕانییە دینییە ستمەگەرەوە. ناوچەکە گیری بەدەستی شەپۆلێک لە ڕژێمی دەسەڵاتگەر و زۆرجار سوڵتانییەوە خواردوە کە ھەریەکێکیان بە شێوازێکی تایبەتیی بڕاستی لەبەر کۆمەڵگاکەی بڕیوە.

ھیوادارم ئەم بەدەنگھاتنەوە تازەیەی کۆمەڵگای ئێرانی، سەرەتایەکی نوێ بێت و بتوانێت پرۆسەی کۆمەڵێک گۆڕانکاری ڕاستەقینە بخاتەوە. گوناھە وڵاتێک خاوەنی رومی و حافز و شاملو و فەرۆخ بێت، خاوەنی ئەو ھەموو ڕۆشنبیر و ھونەرمەند و ئەکادیمییە گەورانە بێت کە بەدونیادا بڵاوبوونتەوە، کەچی کەسانی وەکو ئەحمەدی نەجات و ھاوشێوەکانی حوکمڕانیی بکەن.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …