خۆپیشاندانەکانی ئێران / ئاسۆس هه‌ردی‌

چەند رۆژێکە میدیاکانی جیهان‌و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش سەرقاڵی ئەو خۆپیشاندانەن کە چوار رۆژە ژمارەیەکی زۆر لەشارەکانی ئێران‌و تارانی پایتەختیشی گرتۆتەوە. خوێندنەوەی جۆراوجۆر بۆ ئەم خۆپیشاندانانە دەکرێت‌، کە هەوڵ دەدەم گرنگترینی ئاماژە بە ئەو خوێندنەوانە بکەم:

هەندێک چاودێرو تەنانەت بەشێکی زۆر لەلایەنگرانی رۆحانی (کە بەگشتی بە باڵی میانڕەو و ریفۆرمخواز ناسراون)، بە پیلانی توندڕەوەکانی ئێرانی دەزانن دژ بە حکومەتەکەی رۆحانی. بەڵگەشیان ئەوەیە ئەو م جووڵانەوە تازەو تاڕادەیەک چاوەڕواننەکراوە، لەشاری (مەشهەد)ی باکووری خۆرهەڵاتی ئێرانەوە دەستی پێکرد کە بە شارێکی کۆنەپارێزو بنکەیەکی بەهێزی باڵی توندڕەوی شیعە ئیسلامییە حکومڕانەکانی ئێران دەزانرێت. یەکێک لەدیارترین دروشمەکانی ئەو رۆژەی مەشهەدیش بریتی بوو لە “مرگ بر روحانی: بمرێ رۆحانی”!

لەبەرامبەریشدا هەندێک چاودێر بە راپەڕینێکی خۆڕسک‌و بەرەنجامی زوڵم‌و ستەمی ئەو سیستمە سیاسییە (کۆماری ئیسلامی)یەی دەزانن کە ماوەی نزیکەی ٤٠ ساڵە بە زەبری هێزو “پەت‌و سێدارە” خۆی بەسەر گەلانی ئێراندا سەپاندووەو ئەوەی پێی بڵێی ماف‌و ئازادی، بە خەڵکی ئێرانی رەوانابینێت. بەڵگەی ئەمانیش بڵاوبوونەوەی خۆپیشاندانەکانە بە شارەکانی سەرتاسەری ئێرانداو ئەو دروشمانەش کە راستەوخۆ دژی رژێمی کۆماری ئیسلامی لە زۆرێک لە خۆپیشاندانەکاندا بەرگوێ دەکەون، وەک: “مرگ بر دیکتاتور”، “استقلال ازادی، جمهوری ایرانی”، “اسلام رو پلە کردین، مردم رو ذلە کردین: ئیسلامتان کرد بە پەیژەو میللەتتان زەلیل کرد”… هتد. بەرزکردنەوەی هەندێ دروشمی وەک “رەزا شا” یان “ایران کە شاه ندارد، حساب کتاب ندارد: ئێران کە شای نەماوە، حساب‌و کیتابی نەماوە”، وەک نۆستالجیایەک‌و خەونی خەڵک بۆ گەڕانەوە بۆ حوکمی شای “عەلمانی” لێکدەدەنەوە. دیارە ئەمەی دواییان بۆتە مایەی ئەوەی لایەنگرانی حوکمی پاشایەتی لەئێران بە هی خۆیانی بزانن‌و وەک بەڵگەی پشتیوانی خەڵکی ئێران لە بنەماڵەی پەهلەوی نیشانی بدەن. بۆیە (فەرەح پەهلەوی) هاوسەری حەمەرەزاشای ئێران دوێنی پەیامێکی بۆ خەڵکی ئێران بڵاوکردەوەو پشتگیریی تەواوی لە “راپەڕێن”ەکە کرد.

هەندێک چاودێری تر بە “راپەڕینی برسییەکان”ی دەزانن‌و ئاماژە بۆ ئەم دروشمانەی خۆپیشاندەران دەکەن: “نە غزە نە لبنان، جانم فدای ایران: نە غەزەو نە لوبنان، گیانم بەفیدای ئێران”، “سوریە رو رها کن، بە مردمت نگا کن: دەست لە سوریا هەڵگرەو چاوت لە خەڵکەکەی خۆت بێت”، ملت گدایی میکند، اغا خدایی میکند: میللەت سواڵ دەکاو ئاغا خەریکی خودایە”…. هتد.

لەراستیدا یەکەمین جوگرافیای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکان‌و تەنانەت کاتەکەیشی جێگەی گومان‌و سەرنجە. هەندێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن ئەو کەسەی لەپشتی خۆپیشاندانەکانی مەشهەدەوە بووە، (ئەحمەد علم الهدی)یە کە (ئیمامی جومعە)ی مەشهەدو نوێنەری خامەنەیی-یە لە پارێزگای خۆراسان. جگە لەوەش علم الهدی خەزووری (ئیبراهیم رەئیسی)یە کە لە دوا هەڵبژاردنی ئێراندا، کاندیدی توندڕەوەکان بوو بۆ پۆستی سەرۆک کۆمارو لەبەرامبەر رۆحانیدا دۆڕاندی. تەنانەت دوێنێ هەواڵێک بڵاوکرایەوە کە گوایە (ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران) راپێچی لێکۆڵینەوەیان کردووەو لەسەر خۆپیشاندانەکەی مەشهەد سەرزەنشتیان کردووە، بەڵام ئەمڕۆ ئۆفیسی ناوبراو ئەو هەواڵەی بەدرۆ خستەوە.

جگە لەوەش، سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکەی مەشهەد لەسەروبەندی یادکردنەوەی سەرکوتکردنی “بزووتنەوەی سەوز”دا، بۆخۆی جێگەی سەرنجە. بزووتنەوەی سەوز ئەو جووڵانەوە جەماوەرییە فراوانە بوو کە دوابەدوای ئاشکراکردنی سەرکەوتنی کاندیدی توندڕەوەکان (ئەحمەدی نەژاد) لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی ٢٠٠٩دا دەستی پێکرد. سەدان هەزار کەس لەلایەنگرانی ریفۆرمخوازان لە تاران‌و شارە گەورەکانی تری ئێران بە دروشمی گشتگیری “کوا دەنگی من؟!” هاتنە سەر شەقامەکان‌و ناڕەزاییان لە هەڵبژاردنی ئەحمەدی نەژاد دەردەبڕی‌، ئەنجامی هەڵبژاردنەکەیان بە ناشەرعی‌ دەازنی، پێیان وابوو (میر حسەین موسەوی) براوە بووەو بە ساختەکاری دەنگەکان بۆ ئەحمەدی نەژاد نووسراون.

بۆیە ئەو بۆچوونە رێی تێدەچێت کە ئەوەی لە مەشهەد روویدا، پیلانێکی توندڕەوەکان بووبێت بۆ گوشارخستەنسەر رۆحانی‌و حکومەتەکەی‌و، هەڵبژاردنی کاتەکەشی پەیامێکی روون بێت بۆ ریفۆرمخوازەکان‌و بیەوێ پێیان بڵێ “بە دەردی بزووتنەوەی سەوزتان دەبەین”.

لەگەڵ ئەوەشداو تەنانەت ئەگەر خۆپیشاندانەکەی مەشهەد لە بنەڕەتدا پیلان‌و بەرنامەی توندڕەوەکان بووبێت دژی ریفۆرمخوازەکان، ئەوا رووداوەکانی دوای خۆپیشاندانەکەی مەشهەد وامان لێدەکەن خوێندنەوەکانی تریش بەهەند وەربگرین.
هیچ گومانێک لەوەدا نیە کە کۆماری ئیسلامی یەکێکە لە ناشرینترین رژێمەکانی ناوچەکە. ئەوەی لەسایەی ئەو رژێمەدا بوونی نیە، ئازادی‌و مافی هاوڵاتی بوونە. حوکمێکی مەزهەبییە کە جگە لەدەسەڵاتی ئاخوندو پیاوە مەزهەبییەکان‌و لەناو ئەوانیشدا نوخبەیەکی بچووکی توندڕەو، هیچ بوارێکی بۆ ئایدیاو مەزهەب‌و بیروباوەڕی تر نەهشێتۆتەوە. ئەوەی تەنانەت قسەیەکی جیاوازیش بکات، چارەنووسی زیندان‌و ئەشکەنجەو لەسێدارەدانە. هەرچی نەتەوەکانی تری ئێرانە، وەک کورد، عەرەب، بەلووچ، ئازەری… بەدرێژایی حوکمی مەلا شیعەکان جگە لە سەرکوتکردنی خوێناوی، هیچ چارەنووسێکی تریان نەبووەو نیە. بۆیە شتێکی چاوەڕوانکراوە ناڕازییەکانی ئێران، کە بەشی هەرە گەورەی گەلانی ئێران پێکدێنن، هەوڵ بدەن هەموو دەرفەتێک بقۆزنەوەو داخوازی‌و دروشمەکانیان بەرزبکەنەوە.
ئەوەی دۆخەکەی ئەوەندەی تر بارگاوی کردووە، هەلومەرجی خراپی گوزەرانی خەڵکە. ئێران بۆخۆی وڵاتێکی دەوڵەمەندە، بەڵام بەشی هەرەزۆری داهاتەکەی بۆ بەهێزکردنی سوپاو خۆچەکدارکردن‌وپیشەسازییە سەربازییکان دەڕوات. خەونی هێنانەکایەی “ئیمپراتۆرییەتی شیعەی ئێرانی!” لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستداو دەستێوەردانی لەکێشەکانی ناوچەکە (وەک سووریا، لوبنان، یەمەن، عێراق)، ئەوەندەی تر باری ئابووریی ئەو وڵاتری گران کردووەو ئەم دەستێوەردان‌و “خەونە گەورانە!”، لەسەر حسابی ژیانی هاوڵاتییانی ئاسایی کەوتووە. بۆیە بەشێکی گرنگی دروشمەکانیش ناڕەزایی دەربڕینە لەو سیاسەتە فراوانخوازییە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە هەرجەندە کۆماری ئیسلامی ئێران لەئاستی دەرەوەدا لەهەڵکشانێکی سیاسی‌و سەربازی گەورەدایە، بەڵام لەئاستی ناوخۆدا لەداخورانێکی بەردەوامدایە.

بەکورتی، هەرچییەک لەپشتی سەرهەڵدانی یەکەمین خۆپیشاندانەوە بووبێت، هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت کە بڵابوونەوەو بەردەوامبوونی بەرهەمی ئەو ناڕەزایی‌و بێزارییەیە کە لەناوەوەی ئەو وڵاتەدا ساڵانێک پەنگیخواردۆتەوەو بەردەوام لە دەرفەتێک دەگەڕیت کە تەعبیر لەخۆی بکات‌و وەک هەنگاوێک بەرەو گۆڕانکاری خۆی بەسەر واقیعی چەقبەستووی دەستکردی مەلاکاندا بسەپێنێت.

ئایا ئەم خۆپیشاندانە سەرکەوتوو دەبن‌و دەگەنە ئاستی راپەڕینێک وەک راپەڕینەکەی ساڵی ١٩٧٨-١٩٧٩ جێگە بە کۆماری ئیسلامی لێژدەکەن؟ ئەستەمە ئێستا بتوانین وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە. ئەوانەی چاودێریی بارودۆخی ئێران‌و هاوکێشە سیاسییەکانی دەکەن، پێیان وایە حکومەت جارێ بەهێزەو لەتوانایدا هەیە “ئەم جارەش” ناڕەزاییەکان سەرکوت بکات، بەڵام بێگومان لەسیاسەتدا هیچ شتێک مەحاڵ نیەو وەک چۆن لە سەرەتای شۆڕشی ئیسلامیدا کەم کەس پێشبینی ئەوەیان دەکرد خۆپیشاندانەکان بتوانن شای خاوەن سوپاو چەکی مۆدێرن لەدەسەڵات بخەن، لەمڕۆشدا کەس ناتوانێت بەدڵنیاییەوە رەمڵی شکست بۆ خۆپیشاندانەکان لێبدات. ئەوەی هیچ گومانێک هەڵناگرێت ئەوەیە، هەر دەسەڵاتێک پایەکانی خۆی لەسەرهێزو توندوتیژی دامەزراندبێت‌و لەپێناوی مانەوەیدا خەڵکی خۆی سەرکوت بکات، مەحاڵە تاسەر بتوانێت بەردەوام بێت.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …