چوار شه‌ممه‌ 20 ئه‌یلول 2017
ماڵەوە / وتار / گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان و ئێمەی ڕۆژهەڵاتی/د. کامران ئەمین‌ئاوە

گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان و ئێمەی ڕۆژهەڵاتی/د. کامران ئەمین‌ئاوە

بەپێی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی هەرێم و پشتیوانیی زۆرینەی حیزبەکانی باشووری کوردستان، ٢٥ی سپتامبری ٢٠١٧ وەکو ڕۆژی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان دیاری کراوە. بێ‌گوومان لە باشوور و دەرەوەی کوردستان ئەم ڕەوتە یار و نەیاری خۆی هەیە و بەچەشنی جیاواز ڕەنگدانەوە و کاردانەوەی بووە.
هەر وەک چاوەڕوانێش دەکرا، ئێران و تورکییە، بەپێی بەرژوەوندیی خۆیان و بە تایبەتی بە هۆی مەترسیی کاردانەوەی سەربەخۆیی باشووری کوردستان لە نێو کوردەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە بەرامبەر ئەم بریارە ڕاوەستاون و هەوڵی خۆیان بۆ پێشگرتن لەم هەنگاوە مێژووی‌یە دەدەن.
دەوڵەتی ناوەندیی عێراقیش کە نایهەوێ ئەم وڵاتە دوو لەت بکرێ، دژایەتیی خۆی لەگەڵ ئەم ڕەوتە ڕاگەیاندوە. بەپێی دیپلۆماسی و یاسای نێونەتەوەیی، دەوڵەتەکان بۆیان نیە پێش ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، پشتیوانیی خۆیان لەم چەشنە هەڵوێستانە ڕابگەیەنن.
پێش پێکهاتنی دەوڵەتی هەرێمی کوردستان، دەوڵەتە دراوسێ‌یەکانی کوردستان، دژی پێکهاتنی هەرێم بوون، بەڵام ڕاستی‌یەکانی ژیان و گۆڕانی بارودۆخی عێراق و ناوچە، ئەوانی ناچار کرد کە دان بەم ڕاستی‌یە دابنێن و تەنانەت هەوڵ بدەن پێوەندیی بازرگانی و سیاسی لەگەڵ بگرن. لەلایەکی دیکەوە، دەوڵەتی هەرێمی کوردستان پتر لە ٢٠ ساڵە بوونی هەیە و تەنیا ماوە قۆناخە فەرمی‌یەکەی بۆ گۆڕانی ستاتوسی خۆی ببڕێ و ببێتە وڵاتێکی نوێ و بچێتە نیو بنەماڵەی دەوڵەتەکانی جێهانەوە. لە ڕاستیشدا دەوڵەتی عێراق لەمێژە زۆرتر لەسەر لاپەڕەکانی یاسای بنەڕەتیی ئەم وڵاتەدا بوونی هەیە هەتا لەسەر عەرزی واقیع‌. ساڵیانی ساڵە کە بەشی عەڕەبی (بە سووننە و شیعەوە) و هەرێمی کوردستان وەکو دوو دەوڵەتی جیا دەجووڵێنەوە و پەتی پێوەندیان گەلێک لەرزۆکتر لەوەیە کە بیری لێ‌دەکرێتەوە.
لە باشووری کوردستان، بێجگە لە ڕەوتی گۆڕان و هێزێکی ئیسڵامی، دژایەتی‌یەکی بە هێز لەبەرامبەر گشتپرسی نەکراوە.
لەلایەن خەڵک و زۆرینەی حیزبەکانی باشووری کوردستان، پێشوازی لە ئیدەی گشتپرسی کراوە و دەکرێ ئەم بزاڤە وەکو ویستێكی مێژوویی‌ لەبەرچاو بگیرێ، تەنانەت ئەگەر ئەم ڕەوتە بەهەر هۆیەک سەرنەکەوێ، نەفسی کارەکە بۆ مێژووی کورد گەلێک پڕبایەخە. ئەم کارە دۆزی ڕزگاریخوازانەی کورد هەنگاوێک بەرەو پێش‌تر دەبا. پاش چەندین دەیە، ئەمڕۆ کورد لە بەشێک لە وڵاتە دابەشکراوەکەی بە جێگای خودموختاری، خودگەردانی، حوکمی زاتی و هتد، باس لە سەربەخۆیی دەکات و توانیویەتی بیروڕای جیهانیی بۆ ئەم پرسە ڕابکێشێ و ئەو فیکرەی بباتە نێو ڕەوانی کۆمەڵگای کوردی‌یەوە. ئەم ڕەوتە لە دواڕۆژدا کاردانەوەیەکی مێژوویی لەسەر بەشەکانی دیکەی کوردستانیش دەبێ.
ئەمڕۆ پرسی کورد و سەربەخۆیی، بۆتە پرسێکی نێونەتەوەیی‌ و بەشێکە لە هەواڵی ڕۆژانەی بیروڕای گشتیی جیهان. بە‌خۆشی‌یەوە زۆربەی حیزبە کوردستانی‌یەکانیش وەکو ئەرکێکی نەتەوەیی پشتگیری لەم ئیدەیە دەکەن، تەنانەت بەڕێز جەمیل بایك، هاوسەرۆكی “كۆما جڤاكێن كوردستان” ڕادەگەیێنێ کە “گشتپرسیی باشووری کوردستان ماڤێكی ڕه‌وای دیموكراسی‌یه‌ و نابێت هیچ کەسێک دژایەتی بکات”.
لە پێوەندی لەگەڵ بارودۆخی ئەمڕۆی باشوور کە بەرەو گشتپرسیی سەربەخۆیی دەڕوا بەردەوام ئەم پرسیارە دێتە گۆڕێ: بڵێی کێشە سیاسی و ئابووری‌یەکانی باشووری کوردستان کە بەردەوام لەلایەن دژبەرانی گشتپرسییەوە پێداگری لەسەردەکرێ، کۆسپێک بۆ گشتپرسی بێ و کوردی باشوور و حیزبە سەرکی‌یەکانی لەم قۆناخە مێژووی‌یە‌دا هەتا چارەسەرکردنی تەواوی کێشە نێوخۆی‌یەکان واز لە پێکهێنانی دەوڵەت و کیانی کورد بێنن؟
یاخود سەربەخۆیی دەکرێ وەکو قۆناخێکی تازە پێناسە بکرێ کە ئەرکەکانی بزووتنەوەی کورد دەخاتە ئاستێکی بەرزتر و کاتێک کورد سنوور، دەوڵەتی فەرمی و کیانی خۆی بە پێناسەیەکی جیهانی و نێونەتەوەییەوە هەبێ، بەپێی ململانێ حیزبی و چینەکانی نێو کۆمەڵگا دەتوانێ بەرەو چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوخۆیی بڕوا و بەپێی یاسا و هاوسەنگیی هێزەکان، دەستەڵات تووشی گۆڕانکاری بکات؟
لەم ڕەوتەدا، بێ‌گوومان ئەوەی بڕیاری کۆتایی دەدات، کوردی باشوورە و ئەگەر پرسی سەربەخۆیی بەپێی بیروباوەڕی ئەوانەی کە بە هۆگەلێک لەگەڵ پرسی گشتپرسی نین تەنیا ویستی یەک یا چەند حیزبی پاوانخواز بۆ چەواشەکاری، ڕاگرتنی دەسەڵات و بێ پێوەندی بە ویستی کوردی باشوور بێ، بێ‌گوومان دەبێ چاوەڕەوانی ئەوەی بین کە کوردی باشوور لەم گشتپرسییە‌دا بەشداری نەکات یان دەنگ بە سەربەخۆیی نەدات و خوازیاری مانەوەی لە چوارچێوەی عێراقدا بێ.
بەداخەوە کورد لە مێژووی خۆیدا زۆرجار بە هۆی کێشە نێوخۆی‌یەکان، دەرفەتی باشی لەدەست داوە، ئەگەر ئێمە وانەمان لە هەڵەکانی پێشوومان نەگرتبێ، ئەوە مافی وەچەکانی داهاتومانە کە بێ‌بەزەییانە دادوەری‌ی نەرێنی‌مان لەسەر بکەن. لەم پێوەندی‌یەدا پێویستە ئێمەی ڕۆژهەڵاتی لەم هەلومەرجە ئاڵۆزە مێژووی‌یەدا بیر لەسەر چەند خاڵێک بکەینەوە:
١. کێشە نێوخۆی‌یەکانی باشووری کوردستان وەکو کێشەی ئەم بەشە لەبەرچاو بگرین وئەم ڕاستی‌یە قەبووڵ کەین کە ئەو مافی خەڵکی باشوورە هەتا بەپێی بەرژوەندیی خۆی لەگەڵ دەسەڵات و حیزبەکانی خۆی هەڵسوکەوت بکات و بڕیار بۆ چارەنووسی خۆی بدات.
٢. لەهەر حاڵەتێکدا نەکەوینە نێو شەڕ و ململانێی هێزە سیاسی‌یەکانی دیکەی کوردستان. باشتر ئەوەیە سەرەڕای مافی ڕادەربڕین و هەبوونی هەڵوێست‌ سەبارەت بە تەواوی ڕووداوەکانی کوردستان و جیهان، هێز و وزەی خۆمان لەسەر دیتنەوەی نەخشە‌ڕێگایەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەیی‌مان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆبکەینەوە و فارس گوتەنی لە پێوەندی لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستان نەبینە “کاسەی گرمتر از ێ‌ش” و “دایە مهربانتر از مادر”. کوردستانی باشوور سەربەخۆ بێ یان نا، ئێمە وەکو کوردی ڕۆژهەڵات پێویستە سیاسەتی خۆمان نەبەستینەوە بە ڕەوش و بارودۆخی ئەم بەشەی کوردستان و بەپێی هەڵسەنگاندن و بەرژوەندیی خۆمان بەرەو پیری خەبات بۆ مسۆگەڕکردنی مافی نەتەوەیی‌مان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڕۆین.
٣. ڕەخنە‌گرتن لە سیاسەتەکانی دەسەڵاتی کوردستان لە پێوەندی لەگەڵ پێشێلکردنی ماڤی مرۆڤ، دێموکراسی، بارودۆخی کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارچێوەی هەرێم، هەروەها شێوەی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ ئێران، بە تایبەتی ئەگەر لە دژایەتی لەگەڵ بەرژوەندیی نەتەوەیی و بە زیانی ئێمە بێ و هتد، مافی بێ ئەملاوئەولای ئێمەیە، بەڵام ڕەخنەگرتنێک کە هاوڕێ لەگەڵ ڕێز و پێشنیار بێ، نەک بێ‌ڕێزی و ڕق‌هەڵگرتنێکی کوێر.

بابەتی هاوپۆل

کانون تجاوز جنسی/ آناهیتا اردوان

کارل مارکس در دست نوشته های اقتصادی- سیاسی سال 1844،می گوید:«موقعیت زنان در جوامع معیار …